نەریت و سیاسەت لەكۆمەڵگای كوردیدا

نەریتە کۆمەڵایەتییەکان ئەو دابونەریت و یاسا و رێسایانەیە ژیان و ژینی کۆمەڵگا و بوونی کۆمەڵگایەکی هەر لە هاتنەدنیاوە تاکوو گەشەکردن و کایە و شەڕکردن و هاوسەرێتی و مردن، پێ جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆچنە و سۆنگەی ئەم نەریتگەلەوە ئیش و پیشەکان ڕادەپەڕێنرێت.
PM:12:31:16/06/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
لەكۆمەڵگەی كوردستاندا، نەریتە كۆمەڵایەتییەكان چۆن سیاسەت بەرهەمدێنن؟ نەخشی ئەو نەریتانە لەنێو فەزای سیاسەتدا تا چ ڕادەیەك قوول و بەرجەستەیە؟



سەرەتا

نەریتە کۆمەڵایەتییەکان ئەو دابونەریت و یاسا و رێسایانەیە ژیان و ژینی کۆمەڵگا و بوونی کۆمەڵگایەکی هەر لە هاتنەدنیاوە تاکوو گەشەکردن و کایە و شەڕکردن و هاوسەرێتی و مردن، پێ جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆچنە و سۆنگەی ئەم نەریتگەلەوە ئیش و پیشەکان ڕادەپەڕێنرێت.

یەکێک لە نەریتە زەقەکانی پێکهاتی گشتیی کۆمەڵگای کوردی، فیۆداڵیزم و خۆهەڵاواردنێک بووە کە جۆرێک لە ئیریستۆکراتییەتی کۆمەڵایەتی و پێگەی ئوستوورەیی لە ناو کۆمەڵگا لە قۆناغێکی مێژووی ئێمەدا گرتۆتە خۆی و ئەم شێوازە لە بوونی کورد لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا لە ڕێگەی باوەڕ بە دانسقەبوون و دەسەڵاتیان بە سەر موڵک و ماڵ و زەوی و ڕایەتدا خۆی مانیفێست کردووە، خودی پێکهاتی فیۆداڵیی و فۆرمی خانخانی و عەشیرەت و عێلپەرەستی نیشانە و ئاماژەیەکە بە کۆنبوونی ئەم نەریتە و گەڕاندنەوەیەتی بۆ جۆرێک لە هاوکێشەی تابۆیی و پیرۆزتەوەر کە ڕەسەنایەتی بە خوێن و خێڵ دەدات و هەمیشە هێڵێکی جیاکاریی لە نێوان خۆی و ئەوانی تردا دادەنێت.

خوش آمدی... بۆ ڕوونكردنەوەی مەبەست

ورده‌کاریی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ به‌ چاوخشاندنێکی خێرا به‌ سه‌ر ڕۆمانی "خوش آمدی...!" نووسه‌ر و وه‌رگێڕی کوردی فارسینووس، ئیبراهیمی یوونسی ده‌خه‌مه‌ ڕوو.

لێره‌دا بۆیه‌ که‌ڵک له‌ فاکتهێنانەوەی ئەدەبی واتە ڕۆمان‌ وه‌رده‌گرم چوون پێم وایه‌ زۆر لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ن که‌ پێویستیان به‌ فاکتهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌ کە وەکوو لایەنی کەمتر دیار و ناسراو پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە. ئه‌م تێگەیشتن و ڕێگەبڕینه‌ له‌ دوو پانتای ئه‌ده‌ب و مێژوودا ده‌پۆڕێت و چ شتێک له‌ ڕۆمانێکی مێژوویی باشتره‌ که‌ کۆمه‌ڵگا و ئه‌دگار و ئاکاره‌کانی گێڕابێته‌وه‌؟

ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی نه‌ریتگەرا باس ده‌کات؛‌ فیۆداڵیزم! ده‌سه‌ڵاتی خانخانێتی! بوونەوەری سەرەوەی هەرەمەکە کە ناوی خان بێت وەک ئەوەی کە ڕۆمانی بە خێرهاتی...!1 بە وردی باسی دەکات، تایبەتمەندییەکی خۆبینانە و لەخۆدەرچووانەی دانسقەی تێدا بووه‌ و ئەم تایبەتمەندییەش بە شێوەی وشیارانە زۆرتر بۆ ئەو مەبەستە بووە کە لەوانی دی جیا و هەڵبژاردە و تایبەتی بکاتەوە، ئەم سیستەمە تەنانەت ئەگەرچی لە دوای هاتنی ئایینی ئیسلامیش هەر پێکهات و دەسەڵاتی لەسەرپێ و ئامادە بووە و لانیکەم وەکوو ئەو ڕۆڵ و دەورەی خۆی بۆ خۆی دایدەنا و لاشی پەسەند بوو، بوونەوەری سەرەوەی هەرەم لەم گێڕانەویەدا هەر بە هۆ و بە ئاڕاستەی ئەو جیاکارییەشدا نوێژەکانی بە تەواوەتی نەدەکرد، ئەوەش لە حاڵێکدا بووە کە کەلتووریشی بەزۆری! ئایینی و ئیسلامی بووە، تێڕوانینی فیۆداڵی بۆ ئایین و ڕێوڕەسم و تاعەتە دینییەکان هەر لە هەناوی سیستەمی خانخانی و پێوەندیی لەگەڵ رایەتدا پێناسە کراوە.

نووسەر لە زمانی یەکێک لە کەسایەتییەکانی ڕۆمانەکەوە دەڵێت: "بەنی ئایەمێک کە گەرد و وردیلەیەکی بێ نرخ و بایەخ زیاتر نییە، خۆی بە تەوەر و خولێنکەی گەردوون و کائینات دادەنێت، و من بۆیە لە نوێژکردن خۆشم دێ چوونکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم گەردیلە چرووک و هیچە بو چرکەساتێکیش بووە لە ترۆپک و بەرزاییەکانی لە "خۆ"باییبوون و لووتبەرزی بێتە خوارەوە و بڕێک لە گەڵ ڕاستیی و حەقیقەتی بوونی خۆی ئاشنا بێت و تەنانەت ئەگەریش ئەو هەستی دابەزین و لەخۆدەربازبوونەش داینەگرێت، هەر ترس و دڵەڕاوکێیەک دەکەوێتە گیانییەوە پەیوەست بەم پرسیارەی کە داخۆ منیش ئەوەندە گەردیلەیی و سووچ و چرووک بم کە "ئەوانی"دی؟"2


ئەمە نەریتێکی کۆمەڵایەتی بووە کە فۆرمێکی پێوەندیی ئابووری و ئەخلاقیشی دەستنیشان دەکرد و لە گەڵ دەسەڵاتی سیاسیش تێکەڵ بووە و تەنانەت بگرە ئەو هێڵە جیاکارییە کۆمەڵایەتیانەی کە "بەزۆریی"! دایاندەنا و لە سۆنگەیەوە هەژموونی و تایبەتبوون و پیرۆزیی خۆیان تێدا بەرجەستە دەکردەوە، کەلەبەر و کوناڕۆشنا3ی دابینکردنی دەسەڵاتی سیاسیشیان بووە.

ئەمە لە لایەک کە ئێمە لەگەڵ هێزێکدا بەرەوڕووین کە پێگەی دەرەمرۆیی و دەرەکۆمەڵایەتی و میتافیزیکی بۆ خۆی دادەنێت و خوێنی خۆی وەکوو "چەشن" و لە ڕووی دانسقەیی وێنە وەکوو خوێنی سیاوەش وێنا دەکەت کە گەر ڕژا قەت کۆ نابێتەوه‌ و تەنانەت گەر دڵۆپێکیش بێت چوونکوو ئەم خوێنە دانسقە و جیاوازە و قودسییە
.

قبوڵكردنی سیستەمی میتافیزیكی 

لەئالییەکی دن چەسپاندن و بڕەویی ئایینی ئیسلام و ئامادەگی کۆمەڵگای کوردیی بۆ قبووڵکردنی سیستەمێکی میتافیزیکی نوێ چەشنێکیتری لە مەندی و وەستایی و یەقینی داسەپاند. ئەگەرچی ویل دۆرانت لە شوێنێکدا دەڵێ: هیچ کولتوورێک بەگوڕ و زەخت و هێرشی کولتوور و شارستانییەتی دەرەوەی خۆی لەناو ناچێت و داناڕزێت، بەڵکوو پێش لە هەموو شتێک ئەم کەلتوور و سیستەمە خۆی لە ناوەڕا دادەڕزێت و بەرەوە هەڵوەشاویی دەچێت و ئامادەی ئاوابوون دەبێت.

مەبەستم ئەمەیە ئەم وتەیە یاسا و بنەمایەکی نەگۆڕ و هەمیشەیی نییە، واتە دەکرا و دەشیا کولتووری کوردیی لە گەڵ جووتبوون تەکی کولتووری عەرەبی-ئیسلامی ڕەهەندی گەشە و کرانەوە لە خۆیدا ببینێتەوە، چونکوو بەهەر حاڵ لە ڕووبەڕووبوونەی ئەو دوو کولتوور و دونیایەدا وەکوو پێکهات دۆخێکی دیالیکتیکی ئامادە بووە، واتە "ڕۆڵگێڕ و بکەری تێز" و "بکەری ئانتى تێز" ئامادە بووگن، بەڵام ئەوەی کە تەنها ڕۆڵەکەی وەکوو ئەگەرێکی کردەوەیی مایەوە و لەهەمبەر تێزەکە واق وڕما و داکەوت ئەو کەلتوورە واتە کولتووری"کوردیی" بوو کە ئانتی تێز و پەرچەکرداری لێ نەخێزا و نەوەشاوە.

بۆیە میتافیزیکێکی تر بە تەواوی هێز و وزەی بانسرووشتی و ئاسمانییەوە ڕژایە نێو میتافیزیکی فیۆداڵیانەی کوردییەوە و ئەمە ئەو پێکهاتە سەیر و پێناسەنەکردەیەی درووست کرد کە دەکرێ ناوی لێ بنێین میتافیزیکی "ئاویتاری" یان تێکەڵ واتە دوو یا چەن میتافیزیکی دینی یان ئایدیالیستی دەڕژێنە ناو یەکدییەوە و پێکهاتێک دەسازێنن کە جەمسەرە میتافیزیکییەکانی هەر دوولا تێیدا دەجەنگن بۆ تاقانەبوون و تاکمانەوەی "یەکیان" و تەنها سووتەمەنیی و سووتەمەڕۆی ئەم جەنگەش وزە و توانستی عه‌قڵ و ڕەخنە و گومان و پرسیار و بڕیارە، شتێک کە ڕوونە ئەمەیە وێرانی و کاولکارییەک کە لە نێوان ئەم دوو هێزەدا دێتە ئاراوە ئاکام و کاریگەریی خۆی لە سەر نەریت و فۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بە جێ دێڵێت.

بۆیە ناوبردەی بە جەنگ و کاولکاری دەکەم چونکە هیچ کام لەم دوو هێز و لایەنە لەخۆگر و هەڵگری شیمانە و بڕشتی ڕەخنەکاری، گومانسازیی و پرسیارئافرێنییان تێدا نییە تاکوو بکەوێتە دانوستان و ئاڵشت و ڕاگۆڕینەوەوە، هەر بۆیەش لە قەوارەی جەنگی ڕاستەقینەی بەرهەست و توندوتیژییەکی ڕێکخراو و قورمیشکراو تا ئەمڕۆش دەنگی تەقەی فیشەکەکان و زرینگەی شمشێرە سواخدراوەکانیان بە یەقین دێت و ئەم دۆخەش بەرهەمهاتووی ئەو تێکەڵکاریی و جووتبوونەیە کە بوون و دەرکەوتەیەکیشی هەبێت دەڵەمە و دژواز و "کۆمیتراژیک" دەنوێنێت، دەقاودەق بە شێوەی ئەو کەسایەتییە کە لەزمانی یەکەم کەسی تاکەوە لە "بەخێرهاتیی...!"کە وەکوو ئاماژەم پێدا خانێکە بەناوی ڕۆستەم کە بە هۆی باوەڕی بە ڕەسەنایەتی و خوێنپیرۆزیی و ڕەگەزپاکیی خۆیەوە قەت مەودا و "بڕیار"ی شووکردنی کچەکەی لە گەڵ "بۆرە پیاو"ێک بە ناوی خەسرەو کە خەڵکی بانەیە، نادات.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆستەم بەگ(خان) خەڵکی باکووری کوردستانە و خەسرەو لاوێکی عاشقە و خەڵکی بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ڕۆستەم بەگ دوای ڕووخان و نسکۆی شۆڕشی ئارارات لە باکووری کوردوستان بە ڕێبەرایەتی ئیحسان نووری پاشا، لە دەست هێزەکانی تورک هەڵدێت و ڕوو دەکاتە کوردستانی ئێران.

وەک نووسەر دەیگێڕێتەوە بەهۆی ئەوەی کە هەر هەمان سیستەمی فیۆداڵی و خانخانێتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش زاڵە، لە بەر دەروازەی هەر شارێک خانێک بە سووروسات و دەسوپێوەندی شکۆمەندی خانایەتییانەی خۆیەوە ڕاوەستاوە بۆ داوەتکردن و ڕێزلێنان لە هاوخوێن و هاوڕەگەزی خۆی کە "خان" بێت.

ئەگەرچی وا دەردەکەوێت و دەخوێنرێتەوە و تا ئێستەش دەگێڕدرێتەوە کە ئەمە تەنها سۆز و حەزێکی کوردانە و کوردایەتییەکی کلاسیک بووە! بەڵام سەرچاوەکەی ئەم ڕۆحە هاوبەشە فیۆداڵییە بووە! ڕۆستەم خان وەکوو بوونەوەرێکی هەستەوەر و ئیزۆتێریک(باطن گرا)ە واتە زۆرتر بەهەست و نیگاوە ڕووبەرووی دونیا دەبێتەوە و شیکاری و لێکدانەوەیەکی وای بۆ ڕووداو و دیاردەکان نییە، هۆگری بە سرووشت و مۆسیقای فولکلۆری کوردی بە تایبەت حەیران و لاوژە و قەتار4 هەیە، تەنانەت سترانبێژێک بە ناوی پیرۆتی لە گەڵ دایە و جارناجارێک کە لە ئەوقبوون و ڕوانین لە کێو و ترۆپکی چیاکان وەکوو هێمای جەنگ و حەماسەت تێر دەبێت بە پیرۆت دەڵێ: "ئادەی بخوێنە".

ئەمە لایەنێکی کەسایەتی مرۆڤی ناو میتافیزیکێکی ئاویتارییە، بەڵام لایەنی دیکە و دژبەری لایەنی سەرەوە کە ڕۆمانەکە دەیگێڕێتەوە ئەوەیە کە دوای ئەوەی کە لە شاری بانەدا نیشتەجێ دەبن، ڕۆسەم خان بەو هەموو سۆز و عەشق و حەماسەتەوە کە هەیەتی(و ئەمە لە خۆشەویستی بۆ مەقام وبەیتە کوردییەکاندا ڕوونە) و تەنانەت خۆشی لە ڕێگەی عەشقەوە لەگەڵ دایە خانم واتە دایکی نەرگس(کە خەسرەو خۆشی دەوێت) ژیانی پێکەوە ناوە، بەڵام کاتێک نەرگس و خەسرەو شەیدا و عاشقی یەکدی دەبن و لە ڕووی تیۆریکەوە دەرفەتێک دێتە ئاراوە بۆ گومانکردن و بەرەو پرسیار بردنی سیستەم و بڕیاری فیۆداڵانە، بەرگریی و پەرچدانەوەیەکی توندی لەڕادەبەدەر دژیان پیشان دەدات و تەنانەت پیلان بۆ خەسرەو داده‌نێت، خەسرەوێک کە ڕۆشتۆتە پێشوازی بنەماڵەی ئاوارە و ئاوارتەی خانەوە و لەسەر سنوور بە ناو چەندەها کەندەڵان و وشکەچۆم و کوێرەڕێ، بۆ نەکەوتنەداوی سەربازانی ئاتاتورک هێناویانیەتە ناو شاری بانە.

لەو پیلانەدا خەسرەو گیان دەردەبات بەڵام کوڕە دراوسێیەکیان پێوە دەبێت و دوای ماوەیەک کە قسە و قسەڵۆکی زۆر دەخرێتە دووی نەرگس و خەسرە و ڕۆستەم خان، هەروەها بە هۆی زەختێک کە سیستەمی فیۆداڵی "باوکسالارانە"ی بنەماڵەی ڕۆستەم خان واتە باوکی نەرگس دەیخەنە سەر نەرگس، کچە خۆی دەرمانخوارد دەکات و تیا دەچێت و پاش ئەم ڕووداوە بەرەبەرە ڕۆستەم و دایەخان بەرەو هەڵوەشان و داڕزانێکی دەروونی و ڕۆحیی دەڕۆن و ڕۆستەم بە تەواوی شێت دەبێت و هەموو سامان و بوونی مادیی و مەعنەوی خۆیان لە کیس دەدەن و هێرشگەلی جۆراوجۆر دەکرێتە سەریان و... و ڕوو دەکەنە شوێنێکی نادیار لای پارێزگای کرمان
.

ونكردی زەمان

تا ئەم وێستگەیە کە ڕەنگە بە جۆرێک دواوێستگەش نەبێت لە ڕۆمانەکەدا بوونەوەر و بکەری ناو سیستەمی میتافیزیکی ئاماژەپێدراو دوو تایبەتمەندی نێگەتیڤ و چارەنووسکوژ و ڕەش وەردەگرێت؛ شێتییەک کە سەر لە وڕێنە و تێکچوونی یادەوەری(ونکردنی زەمان) دەدات و غوربەتێک کە ئەمان تێیدا بۆ خەڵکی کرمان "ئەویدی"ن، بەڵام ئەمان خۆیان نازانن چین و پێگەیان چۆنە تا بیر لەوانی دی بکەنەوە! واتە پێوەندی نێوان ڕۆستەم خان وەکوو خودێکی نەریتیی کوردی لە گەڵ ئەویدییەکی گەورە کە فارس و کرمانییەکان بن درووست نابێت وەکوو ئەو پێوەندییەی پێشوو کە سیستەمی خانخانێتی لەگەڵ رایەتەکانی خۆی درووست دەکرد بۆیە لە هەمبەر ئەویدیی گەورە شکست دەهێنێت و دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خودە نەرێتییە ئەگەرچی بە هەندێ گۆڕانکاریی و توانەوەوە، لە دواجار کوڕە گەنجێکی بانەیی کە لە دەزگای "دادوەری" کرماندا ئیش دەکات بە سەریان دەکاتەوە و کچەکەی نەرگس کە ئێستە سمتی پڕە و مەمکی قۆرت و دەنگی ناسک! خوازبێنی دەکات و دەبێتە دەرگایەکی تۆزێک ڕێزمەندانەتر لە پێشوو بۆ دەرچوونی ڕۆستەم بێ "خان" و مان لە بەرزەخ و ڕۆشتن بەرەو نادیار یان دۆزەخ! ێک کە دۆخی هەنووکەی تێدا درێژە پێ بدات!

باوكسالاری و خانخانێتی

وەک لەم گێڕانەوەیەدا تا ڕادەیەک ڕوونم کردەوە نەریتە کۆمەڵایەتی و کەلتووریەکانی کورد وەکوو باوکسالاری و خانخانێتی کە دەسەڵاتێکی شکۆمەند و پیرۆز و فیۆداڵیانەی لێ شین بۆتەوە، لە گەڵ میتافیزیکی ئیسلامی - عەرەبیدا بە شەڕ دێت و بە هۆی نەهاتنە ئارای سەنتێز و بەرئەنجامێکی ڕوون و واقیعی و ئاوه‌زمه‌ندانه‌، چۆڵەوانییەک لە داروپەردووی ڕووخاو کە "با" تێیدا کرژی کڵافە کردووە و ڕایدەژەنێت لە بەر دەممانە کە عەشقی نەرگس و خودی نەرگس دەکوژن چوونکوو خوێنی نەرگسیان بەلاوە پیرۆزە و لەم سەریشەوە ئیسلامیان قبووڵ نەکردووە و نوێژ بە تەواوەتی ناکەن چوونکوو ڕەسەنایەتیان نابێ لەکیس بدەن، بۆیە وەکوو دەرکەوتەیەکی هێمایینی ئەم کردەوەیە نەرگس لە بانە بە جێ دێڵن و لەو ماڵەی کە بەکرێ گرتبوویان، لەنهۆمی سەرەوەدا دەینێژن و ئەرکی سەردانیکردن و پاسەوانییەکەی دەدەنە دەست ژنەقەرەجێک، دواتر ژنە چ گێڕانەوەگەل و چ دیرۆکگەل و چ ئووستوورەگەلێک لە گڵکۆی نەرگس ناهۆنێتەوە! لە گڵکۆی عاشقێکەوە دەبێتە نەزەرگە و قسنە کۆنێک کە فریشتەکان و خزری زیندوو بەسەری دەکەنەوە و ژنە قەرەجیش لەم پێشانگا ئەفسووناوییەی کە ڕێکی خستووە پارە و دەسکەوت و حەوجەگەلێکی زۆر بەری دەکەوێت
!

بەرهەمهێنانەوەی ماناكای پیرۆزی

ئەمەش وەکوو ئاماژەیەکە بۆ درێژبوونەوە و بەرهەمهاتنەوەی ماناکانی پیرۆزیی تاقم و توێژێک لە ژێر ناوی خان و خێڵ و فیۆداڵ کە لە گەڵ ڕەهەندێکی ئوستوورەیی بە ناوی مردن تێکەڵ بووە و گێڕانەوەی لە ناو سیستەمێکی مانایی دیکەدا بەردەوام دەبێت و ئەمجارە لە نهۆمی سەرەوەیە بە هەندێ گۆڕانکارییەوە، ئایا گۆڕانکارییەکە ئەرێنی و پێشکەوتووانەیە؟ ئایا سیستەمی خانخانی بەهۆی دیتنەوەی کوڕەی بانەیی کە لە ناو دەزگای دادوەریدا ئیش ئەکات و بنەماڵەی ڕۆستەم خان و گەڕاندنەوەی ڕێز و هاوسەرگیری لەگەڵ کچەکەی نەرگس درێژ دەبێتەوە؟ یان نا ئەوە بەشی سەرەوەی هەرەمەکەی کە کەوتووەتە شوێنێکی دوورەدەست و هیوای هەستانەوەی ڵی ناکرێت؟ یان نەرگس و مەزارەکەی لە بانە دەبن بە سیستەمێکی مانایی و میتافیزیکی بۆ لەبندانی زیاتری خانخانێتی؟ نەرگسێک کە بە خۆشەویستیی بۆ بۆرەپیاوێک یەکەمین گورزی لە سیستەمەکەی باوکی دا! یان نا دەبێت بە بەرهەمهێنانەوەی ڕۆحێکی بەرگری و جوانیپەرستی لەناو خەڵکی ئاسایی و ڕایەت دژی دۆخی زاڵ و سەپاو؟.

په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان:

1 و 2-خوش امدی،ابراهیم یونسی،ل316و317و318 ساڵی1381

3- وشەیەکی دێهاتەکانی دەڤەری کرماشان کونارۆشنا=کونا رۆچنە=کڵاورۆچنە

4-بەیت و کۆڵەکەی سەرەکی مۆسیقای کوردیی کە وەگێڕیی عەشق و هیجران و جەنگ وحەماسەت دەکات.



ئه‌م بابه‌ته 234 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر