داڕمانى هەرەمى مرۆڤ

من کوڕى گوندم، لەبیرم دێت دایکم بەیانیان و هەندێکجاریش ئێواران مەشکەى دەژەند، سێ پاى هەڵدەخست، رەنگە نەوەى تازە نەزانن سێ پا چیە: لەدارى هەنارى باخی شەم، باخێک لەچەمدا بێت و کەم خۆرى بەربکەوێت، کە لەبنیدا وەنەوشەى چاوتەڕ دەڕوێن، کاتێک کە بەناویاندا تێدەپەڕێت تەزوویەکى سارد بەلەشدا دێت، وەک ئەوەى ووزەى "ینن" کە لەزەویەوە دێت لەگەڵ وزەى "یانگ"ى خۆر کە لەئاسمانەوە دێت لەو ساتەدا لەناو جەستەى تۆدا بەیەک بگەن و جۆرێک لە بروسکەو تەزویەکى ڕاوەشێنەر هەست پێبکەیت.
PM:12:48:22/06/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
مرۆڤى رۆحانیی لەشێوازى دانیشتنەکانیدا یان بە شێوازى دانیشتنەکانى هەمیشە گوزارشت لەو بونیادە هەرەمییە دەکات کە ستراکچەرى جەستەى فیزیکی و نافیزیکی یان ئەثیرى ئەو پێکدەهێنن، کاتێکیش دەگاتە قۆناغى نەمانى بیر یان بیرکردنەوە ئەوەى لە تەصەوفدا پێی دەوترێت فەنابوون لەئەودا، یان نەمانى خود (ئیگۆ) کە چیدی ئەمە نامێنێت، واتە ئەوەى مرۆڤ دەگاتە ئەو ڕەوش یان حاڵەى کە دەستبەدارى خودی خۆى دەبێت لەپێناو ئەودا، دەگەڕێتەوە بۆ گشت و بۆ هەموو



دەسپێک

 درەختەکانى باخى شەم بۆ گەیشتن بە تیشکى خۆر بەشێوەیەکى ڕێک و بەرز هەڵدەچن و باڵا دەکەن، دایکم دەهات سێ لق دار هەنارى کەمێک ئەستورو رێک و بەهێزى ئەو باخەى دەهێنا، هەر سێ دارەکەى بەبڵاویى دەچەقاندو پاشان سەرى دارەکانى نزیک دەکردەوە لەیەکتر، وەک ئەوەى سەریان بخاتە کۆشى یەکترەوە، پاشان بەتوندی لەسەرەوە بەگوریس دەیبەستن و لقەکانى لەخوارەوە دەکردەوە، بەمەش شێوەی هەرەمێکیان پێدەهێنا.

من ئەوکات تەمەنم تەنها سێ بۆ چوار ساڵ بوو کە دایکم بەوشێوەیە سێ پاى هەڵدەبەست، کاتێکیش لێرەوەو لەم خوارەوە بەو بچوکیەى خۆمەوە سەیرى ئەو سێ پایەم دەکرد دایکم بونیادى نابوو وەک ئەوە وابوو سەیرى ستراکچەرێکی مەزن بکەم، ئەو کات تێنەدەگەیشتم تەنها پێکەوە بەستنى سەرى سێدار بەگوریسێک لەسەرەوەو پاشان لەخوارەوە یەکاڵاکردنەوەیان بۆچى ئەوەندە بۆ من جێی سەرسامی بوو.

تەکنیکى هەرەم لەئارکیۆلۆژیاى گەلاندا

- لەدێر زەمانەوە هیندیە سورەکان هەمان ئەم تەکنیکە سادەیەى "سێ پا" یان هەرەمیەیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەى خێوەت یان ماڵى خۆیان لێ دروست بکەن.

- میسرییە کۆنەکانى پێش زایینیش بۆ بونیادنانى ماڵى هەمیشەییان، واتە ژیانى ئەودونیاو ئەبەدییان، بە هەمانشێوەیە تەکنیکی سێگۆشە یان هەرەمیان بەکارهێناوە، چونکە ئەمەیان ڕاستترەو هەرەم لەهەر لایەکیەوە سەیرى بکەیت سێگۆشەیەک پێکدەهێنێت.

- هیندۆئەورپییەکان کاتێک روویان لەم ناوچەیە کردو لێرە لەکوردستان و ئێرانى ئێستاو هیندستانى کۆن جێگیربوون بونیادى بیروباوەڕێکی نوێیان دامەزراند(1)، ئەم بیروباوەڕە نوێیە دەرچوون بوو لەئایینى تەوتمیی گەلانى سەرەتایی(2) کە ئەمەیان گوزارشت لەو قۆناغە دەکات تێیدا ئاگایی مرۆڤ نزیک بوو لەئاگایی ئاژەڵ و دەرچوونیش لەو بیروباوەڕى تەوتمییە، قۆناغ یان وێستگەى جیابوونەوەى ئاگایی مرۆڤیش بووە لەئاگایی ئاژەڵیی، کە بەڕای من ئەم دەرچوون یان گواستنەوە بیروباوەڕییەش هیندۆئەورپییەکان ئەنجامیاندا، لەوێوە کە لە ئایینى تەوتمییەوە گواستیانەوە بۆ ئایینى نوێ هەرئەوەى دواتر زەردەشت کردییە بونیادو بنچینەى ئایینەکەى، کە بریتی بوون لە هەر سێ پایەى (بیرى چاک– وتەى چاک– کردارى چاک)، ئەم سێ پایەیە بوونە بونیادى ئەو ئایینەى کە لە چەند هەزار ساڵ پیش زایینەوەو هەتا ئێستاکە بمێنێتەوە.

لەئایینى زەردەشتیدا بڕوا وایە (کارو کردەوەى باش خوێی زەوییە، ئاکارى مرۆڤ تەنها بەوە ناناسرێتەوە کە چی دەڵێت، بەڵکو چۆن بیر دەکاتەوە و چی دەڵێت وە چی دەکات)
(3).

ئێستا لە (کییف) پایتەختى وڵاتى ئۆکرانیا کە جاران بەشێک بوو لەیەکێتى سۆڤیەت بزوتنەوەیەکى ڕۆحی جیهانى کۆمەڵایەتی هەیە بەناوى (ئاڵاترا-Allatra)(4)، ئەم بزوتنەوەیە دروشمەکەیان (بۆ کارى باش)ه، ئامانجیان بەکارهێنانى باشترین سیفەت و ئاکارەکانیانە بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگەى جیهانى، ئەم بزوتنەوەیە بڕواى وایە کە (هەموو شتەکان پشت بە مرۆڤەکان دەبەستن وهەرچى لەدەرەوە هەیە لە ڕەوشەکان لەجیهانى ناوەوەى مرۆڤەکانەوە سەرهەڵدەدات و پێدەگات) (5).

لێرەدا ئاماژەکردنم بە باوەڕى تەوتم بۆ دەستنیشانکردنى قۆناغى دابڕانى مرۆڤ بوو لە ئاگایی هاوبەشى (مرۆئاژەڵیی)و چوونە سەر ئەو باوەڕە نوێیە کە لەسەر هەر سێ پایەى (بیرى چاک– وتەى چاک– کارى چاک) بونیادنرا، کە دواتر بووە بنەماو ماکی ئایینى زەردەشتیی، دواتریش کاریگەرى لەسەر هەردوو ئایینى گاورو مەسیحی بەجێهیشت، بەوپێیەش ئایینى ئیسلام تەواوکەرو کامڵکەرى ئەو دوو ئایینەیە، ئەوا ئەمیش بەتەواوى دابڕاو سەربەخۆ نیە لەم بونیادە سێ پایەیەى ئایینى نوێی ئێرانی (هیندۆئەوروپی)، دەتوانین لەمێژووی ئیسلامیشدا (سەلمانى فارسی) (6) وەک ئەو ئەڵقە وونە دابنیین کە هەریەک لەئایینى کۆنى ئێرانى بەهەریەک لە مەسیحییەت و ئیسلامەوە بەستۆتەوە، سەلمانى فارسی ئەو هەسارە گەڕۆکە بوو کە خاڵەکانى سێگۆشەى هەر سێ ئایینى ئێرانی و مەسیحی و ئیسلامى بەیەکگەیاند.

(موحەممەد)ى پێغەمبەرى ئیسلامیش لەسەرەتاى بانگەوازەکەیەوە یەکەمجار بانگەشەى بۆ سێ بنەماو پایەى سەرەکی کرد کە بریتی بوون لە: یەکتاپەرستى (بیرى چاک)، نوێژکردن (وتەى چاک)، کە تێیدا سورەتى (الفاتحة) هەیە و کۆکەرەوەى هەموو وتەیەکى چاکە، هەروەها زەکات (کارى چاک)، ئەم سێ پایەیە جێگیرن و هیچ هەڵاوێردەیەک نایانگرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا هەردوو پایەى ڕۆژو حەجکردن، لە هەندێک ڕەوشدا هەڵاوێردەیان بۆ کراوە، ئەگەرچی ئەمانیش بنچینەیین، بەڵام سێ پایەکەى سەرەوە (یەکتاپەرستى، نوێژو زەکات) ئەمانە بەرایی و جێگیرن و، لەو سورەتە مەککەیانەدا فەرز کراون کە دەکەونە جوزئی (عم)ەوە، لە سورەتەکانى (العلق، المزمل، المدثر) (7).

بزوتنەوەى ئاڵاترا

ئەم رێکخراوە يان بزوتنەوەیە (بزوتنەوەى جیهانى کۆمەڵایەتی ALLATRA) لەسەرەوە ئاماژەمان بە دروشمەکەیان کرد، تا ئێستا لەکوردستان و تەنانەت لەجیهانى عەرەبیشدا نەناسراون، تازە بەتازەش هەندێک لە ڤیدیۆکانیان ژێرنوسی ئینگلیزیان بۆ دادەنرێت ئەگینا بەگشتى وتارو بڵاوکراوەکانیان بەزمانى ڕوسییە، واتە ئەگەرچى لەزۆرێک لەوڵاتاندا تاک و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان ئاگادارى سەرهەڵدانى ئەم بزوتنەوەیەن، بەڵام هێشتا وەک پێویست ناسراو نین، من لەرێگەى مامۆستایەکى ڕوسی(8) کە بەزمانى کوردی دەدەوێت، کەمێک ئاشناى ئەم بزوتنەوەیە بووم(9).

ئەم کۆمەڵەیە یان بزوتنەوەیە باوەڕیان سەبارەت بە مرۆڤ و بونیادەکەى و چارەنوسی و کامڵبوونى ڕۆحیی جۆرێک لەدۆنادون(10) لەخۆدەگرێت، بەڵام بەدەر لە مەسەلەى دۆنادۆن کە بابەتى باسی ئێمە نیە، مەبەستى من لێیان ئەوەیە ئەوان پێیان وایە مرۆڤ کاتێک لەدایک دەبێت تا رۆژى حەوتەمی جەستەى ئامادە نیە بۆ ئەوەى ڕۆحێکی تێبچێت، بەڵام هەرکە حەوتەم رۆژ تەواو دەکات (شەوى حەوتەم لەسەر هەشتەم رۆژ) ئیدى رۆح(11) دەچێتە ناو ئەو منداڵەوەو کەسێتی (personality) بۆ دروست دەبێت، هەروەها منداڵ لەو رۆژە بەدواوە ئاگایی پێدەگات، پێموایە لەئایینى ئیسلامیشدا بایەخ بە تەواوکردنى حەوت رۆژى منداڵ دراوە، کە لەو رۆژەدا ناودەنرێت و بانگ بەگوێیدا دەدرێت و هەروەها حەوتمیش(12) کە بۆى دەکرێت هەر لەم سۆنگەیەوەیە.

بزوتنەوەى ئاڵاترا بڕوایان وایە کاتێک مرۆڤ دواى حەوتەم رۆژى لەدایک بوونى کەسێتى بۆ دروست دەبێت، جگە لەوەى لایەنە رۆحیەکەى یەکانگیر دەبێت جەستەشی بەپێی سێکچی ئەو ووزەیەى کە هەیەتى و وەک مرۆڤ بەدەر لەهەر بونەوەرێکى تر، ئەوا هەردوو جەستەى فیزیکی و نافیزیکی پێکەوە بونیادێکى سێگۆشەیی یان هەرمیی دروست دەکەن، وەک ئەوەى مرۆڤێک بەشێوەیەکى ڕێک وەستابێت و دەستەکانى بەتەواوى و لەڕێکی شانى درێژکردبێت، واتە ئەگەر بتوانرێت هەردوو جەستەى فیزیکی و نافیزیکى مرۆڤ واتە لەگەڵ ئەو هالە(13) ى دەورى جەستەى فیزیکی داوە ببینرێت، ئەوا بونیادێکی هەرەمی دەبێت، بە بڕواى ئەوان مرۆڤ لەئێستادا لەم فۆرمەدا بەرجەستەیەو لەبنچینەدا بونیادێکی ئەندازەیی هەرمیی هەیە، ئەم بونیادەى مرۆڤیش دەکرێت دابڕمێت و دەکرێت بیشگۆڕێت بۆ ستراکچەرێکی تر کە شێوەیەکى تر وەردەگرێت ئەویش بریتیە لەشێوەی لاکێشەیەکى لەسەر لا وەستاوە (متوازي المستطيلات) کە دواتر باس لەمە دەکەین.

ئێمە باسی ئەو هەرەمەمان کرد کە ستراکچەری مرۆڤ لەئێستادا پێکدەهێنێت، بەڵام بزوتنەوەى ئاڵاترا سەبارەت بەم هەرەمە پێیان وایە ستراکچەرى فیزیکی و نافیزیکی مرۆڤ ستراکچەرێکی هەرمیی کامڵ نیە، بەڵکو لوتکەى ئەم هەرەمە یان قوچەکە قرتاوەو بە مەسافەى نزیکەى نیومەتر جیابۆتەوە لە بنکى هەرەمەکە، لەو مەسافەیەشدا دەکەوێتە نێوان قوچەک و بنکى هەرەمەکەوە، کارلێکێکی سەیر ڕوو دەدات، لەوێوە کە لە قوچەکى هەرەمەکەوە ئارشیفی رۆحیی و ئەزمونى ژیانى ڕابردوى مرۆڤ وەک دەوترێت (نامەى کردەوەکانى) وەک (پروشەى بەفر یان وەک نمەى شەونم یان وەک ئەو ژاکەى دەکەوێتە سەر گەڵاى داربەڕوو) (14) جارێکى تر لەشێوەى بیرۆکەکاندا دێنەوە ناو زەین و ئاگایی مرۆڤ و هەمان بوون و کەسێتی ژیانى پێشووى پێ دەبەخشنەوە، ئەوان پێیان وایە مرۆڤ لەناو دەیمومەیەکى لەم شێوەیەدایەو چارەنوسی لەدووبارەبوونەوەیەکى بەردەوامدا دەبێت لەنێوان مردن و سەرلەنوێ ژیانکردنەوەدا(15)، تا ئەو کاتەى یان لەرێگەى باشکردنى ئاکارو رەفتارەکانیەوە گۆڕانکارى بەسەر جەستەى نافیزیکیدا دێت، بیرەکانى ڕابردوى لەرێگەى لەبیرکردنى خۆى و دونیاوە، واتە زیاتر رۆحانی بوونەوە باڵا دەبێت، ئیترستراکچەرە هەرەمییەکە لەگەڵ لوتکەکەى یان قوچەکەکەى کە لێ جیابۆتەوە بەیەک دەگاتەوەو هەرەمەکە دەبێتەوە بەیەک پارچە، لەم دۆخەدا مرۆڤ بیرکردنەوەکانى و باکگراوندی ژیانى ڕابردوى سفر و بەتاڵ دەبێتەوەو، ستراکچەرى جەستەى لە شێوە هەرەمیەکەیەوە دەگۆڕێت بۆ لاکێشەییەکى لاتەریب کە لەسەر سوچێکى بەستونی وەستاوە، ئەمەش ستراکچەرو بونیادى کەسێک دەبێت کە چیدى مرۆڤێکی ئاسایی نیە بەمانا باوەکەى، بەڵکو ئەوەیە کە لەئایینى ئیسلامی خۆماندا ناودەبرێت بە وەلى (ئەوەلیا)، ئەم پلەو پایەش کەسانێکى کەم پێی دەگەن و ئیدى لە میحنەتى دونیایى بوون و مرۆڤ بوون رزگاریان دەبێت و، ئەمانە جارێکى تر ناچنە ناو ئەو پرۆسەیەوە کە لەسەرەوە باسمانکرد، واتە چوونەوە بۆ دۆخى مناڵى و وەرگرتنى فۆرم یان ستراکچەرە هەرەمییەکە، ئەمانە ڕزگاریان دەبێت و بۆ هەمیشەى لەچاڵى ژیان دەردەهێنرێنە دەرەوە، لە قورئانى پیرۆزیشدا سەبارەت بە ئەولیا خواى گەورە دەفەرمێت (أَلا إِنَّأَوْلِيَاءَاللَّهِلا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلا هُمْ يَحْزَنُونَ) (16).

حەکیم و دانا دێرینەکانى رۆژهەڵات و ئاسیاش زۆر بەباشى دەرکیان بەمە کردوە، کە ئەم فۆرمە هەرەمییەى مرۆڤیان لەکاتى تیڕامانەکانیاندا بەرجەستە کردوە، بڕوانە شێوازەکانى دانیشتنى بودا لەکاتى تێڕامانەکانیدا، یان ئەوانەى یۆگادا دەکەن چۆن لەکاتى تێڕاماندا دادەنیشن، کە قوچەکى ئەو هەرەمە بەرجەستە دەکەن باسمانکرد، ئەمەش ماناى وایە ئەمانە لەدۆخێکی جیاوازو باڵاتردا دەبن کاتێک بەوشێوەیە دادەنیشن و میدیتەیشن دەکەن، کە ئەوانەى لەم بوارەدا شارەزان، واتە لەبوارى یۆگاو رۆحانیەتى هیندیی لەوە تێدەگەن کە ئامانجى کۆتایی تێڕامان بریتیە لەسفرکردنەوەى بیرو ئەندێشەکان، تا گەیشتن بە قۆناغ یان ئاستى بەتاڵبوونەوە لەبیرەکان و دواتریش کرانەوەى مۆڵگەکانى وزە(چاکراکان)و گوشادبوونى کەناڵەکانى ئەو چاکرایانە تا گەیشتن بە (سامادەهی یان نێرڤانا) یان ئەوەى لە تەصەوف و رۆحانیەتی ئیسلامیدا پێی دەوترێت ڕۆشنبوونەوە (ئیشراق) (17)، لەحیکمەتی هیندیشدا ئەوەى پێی دەوترێت سامادەهی واتە کرانەوەى چاکراى حەوتەمی مرۆڤ کە دەکەوێتە تەوقە سەر یان شوێن مەڵاشوی مرۆڤ، واتە قوچەکى هەرەمەکەوە، مەڵاشوی مرۆڤیش بەبڕواى ئاڵاییتراکان بریتیە لە کڵاو رۆشنەى هامەشۆکردنى رۆحى مرۆڤ، واتە کەناڵى هاتن و چوونى رۆح، واتە مەڵاشوى مرۆڤ رێڕەوى تێهات و دەرهاتى هەموو ئەو شتانەیە کە چییەتى و ماهیەت بە مرۆڤ دەبەخشن یان لێی وەردەگرنەوە.

مرۆڤى رۆحانیی لەشێوازى دانیشتنەکانیدا یان بە شێوازى دانیشتنەکانى هەمیشە گوزارشت لەو بونیادە هەرەمییە دەکات کە ستراکچەرى جەستەى فیزیکی و نافیزیکی یان ئەثیرى ئەو پێکدەهێنن، کاتێکیش دەگاتە قۆناغى نەمانى بیر یان بیرکردنەوە ئەوەى لە تەصەوفدا پێی دەوترێت فەنابوون لەئەودا، یان نەمانى خود (ئیگۆ) کە چیدی ئەمە نامێنێت، واتە ئەوەى مرۆڤ دەگاتە ئەو ڕەوش یان حاڵەى کە دەستبەدارى خودی خۆى دەبێت لەپێناو ئەودا، دەگەڕێتەوە بۆ گشت و بۆ هەموو، چیتر جیایی و جودایی و دوانگیری نامێنێت، کە ئەمە لەهەمانکاتدا تێپەڕاندنى عیشقیشە بەو پێیەى عیشق لەسەر بنەماى دوانگیرى وەستاوە، بەو مانایەى پەیوەندی نێوان عاشق و مەعشوق کە لە عیشقدا خۆى دەنوێنێت کۆتایی دێت، عاشق خەڵوەتگەکەى بەجێدەهێڵێت، کاتێک من و تۆیی نامێنێت، بەڵکو هەر ئەو هەیە و ئەو، ئیدى شتێکیش نامێنێت بۆ ڕازو نیاز تا خێوەتى بۆ هەڵبدەیت، بەڵکو ئیدى ئەو دەبێتە هەموو شتێک، بۆیە عاشقی یان عاشق بوون لوتکەى رۆحانیەت نیە. لێرەدا مرۆڤ هەڵدەستێتە سەر پێ و خێوەت(18) و لەگەڵیشدا هەموو ستراکچەرو بونیادێکى هەرەمى دەپێچێتەوە، ئیدی ستراکچەرى هەرەمیی مرۆڤ دەگۆڕێت، مرۆڤ بوون دەگۆڕێت بۆ نەبوون یان هەر ئەو بوون یان باڵابوون.

ئەمەش وەرچەرخانێکی ئەرێنی و جەوهەریی لەمرۆڤدا دروست دەکات، دوابەدواى وەرچەرخانى شێوە یان سکێچی هەرمیی، گۆڕانکارییەک لە لایەنى رۆحی و هەم جەستەیی مرۆڤدا ڕوودات، مرۆڤ ئیدى دەچێتە دۆخێک بان مرۆڤییە، فۆرمێکى تەواو نوێ وەردەگرێت هەر ئەوەى کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد شێوە یان فۆرمێکی لاکێشە هاوبەرمبەرى لەسەر سوچێک وەستاو، یان شێوەى مرۆڤى مسوڵمان لەکاتى ناشتنیدا کە دەخرێتە سەرلایەک، یان ئەو شێوازەى کە بودا لەپەیکەرەکانیدا لەسەر لایەک ڕاکشاوەو قاچەکانى لەسەر یەک داناوە
(19).

ئەمە بریتیە لە چارەنوسی مرۆڤ کاتێک لەڕێگەى باڵابوون و ئەنجامدانى کارو کردەوەى باش و وتەى باش و بەهەند نەگرتنى دونیاو خاکەرایی و سادەیی و گرتنەبەرى سلوکیاتەوە بەباڵابوون و بان مرۆڤ بوون دەگات، ئەوەى خواى گەورە لەقورئاندا ئاماژەیان پێدەکات کە سەرفرازو رزگاربوون و خودا لێیان ڕازییەو ئەوانیش ڕازی و ئەرخەیانن.

لەبەرامبەر ئەم باڵابوونەى مرۆڤدا پێچەوانەکەى ئەمەش هەیە کە بریتیە لە گەشەکردن و پەرەسەندنێکی نەرێنیی (نێگەتیڤی) لە مرۆڤدا بەتەنها و لە مرۆڤایەتیدا بەگشتی. خواى گەورە لە سورەتى (التین) دا بە شێوازى سوێند ئاماژە بە هەنجیرو زەیتون دەدات، هەروەها ئەو شاخ و پێدەشتانەى کە درەخت و ڕوەکى جۆراوجۆریان تێدا دەڕوێت هەروەها ئەرخەیانى و بێترسی شارى مەککە، دەفەرمێت( مرۆڤمان لە ڕێکترین و جوانترین وێنەدا دروستکردوە، پاشان گێڕامانەوە بۆ لاوازى و نابوتی و خراپترین شێوەو تێکشکاو، پاشان بۆ ئاگر) (20)، هەڵبەتە هیچ کات ئەم ڕەوشە نەرێنییە کە مرۆڤ تێیدەکەوێت بەهۆى گەورە بوونى تەمەن و پیرییەوە نابێت، بە بەڵگەى ئەوەى سورەتەکە لە ئایەتى دواتردا هەڵاویردەى باوەڕداران و کارچاکانى لێدەکات کە ئەم ڕەوشەیان بەسەر نایەت. کەواتە ئەوەى لەم سورەتەدا ئاماژەى پێدەکرێت سەبارەت بە بەرەو خراپ چوونى رەوشى مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ بێباوەربوونى مرۆڤ و ئەنجامدانى کارو کردەوەى خراپ لەم جیهانەدا، ئیدى هەر کردەوەیەک ببێتە هۆى شێواندنى وزەى گەردونى کەبەشێوەیەکى هاوسەنگ لەم بوونەدا هەیە، لە خواردن و میوەکاندا (التین والزیتون، وەک نمونەى ئایەتەکە)، هەروەها لەرووەک گژوگیاو ژینگەى سروشتى چیاو دۆڵەکاندا( وطور سینین، ئایەتى دواتر سورەتەکە)، لە ئارامیو ئاسایش و دڵنیاییدا (البلد الامین، ئایەتى دواتر)، بە فەراهەمکردنى هەموو ئەمانە (وەک نمونەیەک لەگشت رەگەزە هاوشێوەکانى تر) ئێمە مرۆڤمان لە ڕێکترین فۆرم (هەرەمی) و جوانترین شێوە (جەستەى ئەثیرى) کە پڕە لە وزەو پرانا دروستکردوە، بەڵام پاشان (ثم) گیڕامانەوە بۆ خراپترین ڕەوش کە لاوازو بێ بەرگرى و بودەڵەو نابود دەبێت، بەهۆى ئەوەى کە بێباوەڕیان نواندو پاشان کارى خراپیان لەم دونیایەدا ئەنجامداو بوونە مایەى شێواندنى هاوسەنگى ئەو رەگەزانەى لەئایەتەکانى سەرەوەدا بە گوتەى سوێند باسکراون و ڕونمانکردەوە.

ئێمەى مرۆڤ لەئێستادا کە لەقۆناغى ئاوابوونداین یان ئەوەى کە لە ستراکچەرى هەرمیمانەوە دەگەڕێینەوە بۆ ستراکچەرى هیرەمیی، (الهَرَم والهِرَم)، نابودو لاوازو بودەڵە بێ هێزو بێ ووزە، شڵەژاو نیگەران، پڕ لەترس و دڵەڕاوکێ، خەمۆک و دەرون شێواو، بونیادو پەیکەرێکى لاوازو کوڕو سست، بەرگریمان نەماوەو ڤایرۆسەکان بەگیریان هێناوین و هەڕەشەى لەناوبردن و سڕینەوەمان لێدەکەن، ژیان ڕەنگی قیامەتی لێ نیشتووە، ئەو ڤایرۆسانەى کە ئەنجامى بەرەڵاکردنى وزەى نەرێنی مرۆڤەکانن، وزەى نەرێنى و شێواو دەتوانێت ڤایرۆس بخولقێنێت، بۆیە پێویست ناکات بەدواى سەرچاوەى ڤایرۆسەکاندا بگەڕێین، ژیان گەیشتووە بەدۆخێک لە نەرێنیی کە کارو کردەوەکانمان ڕەفتارە سەیرو نامۆ ترسناکەکانمان کە لەشێوەى وزەى شێواو و نەرێنیدا لەم بوونەدا بەرەڵایان دەکەین، تواناى خولقاندنى ڤایرۆسیان هەیە، هەڵبەتە هەر بەڕاستى مەبەستم لە خوڵقاندنە، نەک ئەوەى مەبەستم دەربرێنێکى ئەدەبی بێت بۆ حاڵەتەکە، من باوەڕم وایە هەموو شتێک بەخودی مرۆڤیشەوە بەپاڵنەرو کارلێک و بەرەڵاکردنى ووزە بۆ ناو ئەم بوونە دەخولقێن و بەرجەستە دەبن، هەموو شتێک دەرکەوتەو بەرجەستەبووى وزەیەى چۆڕبەستبووى خۆیەتى، ئێمە دەتوانین ئەم ژیانە لە رێگەى ووزەى ئەرێنی و هاوسەنگ و رێکەوە بە بەرپایی بهێڵینەوەو لەڕێگەى بەرەڵاکردنى ووزەى خراپ و نەرێنی و شێواویشەوە لەناویبەرین.

ڤایرۆسەکانى ئەنفلۆنزاى ئەسپ و بەراز و سارس و ئایدز و کۆرۆناو... هتد دێنە ناو ژیانى مرۆڤەوە، کە هەر مرۆڤ خۆى خولقاندونی، یان لەئەنجامى مامەڵەى نا دروست لەگەڵ یەکترو لەگەڵ ژینگەو لەگەڵ سروشت و لەگەڵ ئاژەڵەکان ڕوبەڕوى خۆی کردونەتەوە.

کارى خراپ وەک دەنگدانەوە وایە، هەر کارێکى خراپ مرۆڤ دەیکات، پەرچ دەبێتەوە لەم بوونەداو جارێکی تر بە بەهێزى دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەکەى و چەند جارەى کارە خراپەکە کاریگەرى خراپترى لێدەکەوێتەوە، مرۆڤ لەئێستادا کارى زۆر خراپ دەکات، لەوێوە کە خۆى لەدەستداوەو ژیانى لە کۆنترۆڵ دەرچووە، بۆتە مۆڵگەى وزە شێواو و نەرێنیەکان، ئازارى مرۆڤەکانى تر دەدات، دەستدرێژیان دەکاتە سەر، سەر ژن و منداڵ و سەر ئاژەڵ، دیاردەى هێمۆسێکشۆڵى و لیسبینسى و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ئاژەڵان ترسناکترین ئەو چەکانەن مرۆڤ دژ بە مرۆڤ بوونى خۆى و دژ بە مرۆڤایەتى بەکاریان دەهێنێت، چونکە ئەم کردەوانە دەبنە هۆى شێواندنى وزەى هاوسەنگی مرۆڤ، کە لەجەستەى مرۆڤدا بەشێوەیەکى هاوسەنگ مۆڵدراون، لەناو چاکرا سەرەکییەکان و چاکرا لاوەکییەکان و کەناڵەکانى ووزەو لق و پنت و خاڵەکانیداو و ئەمەش دەبێتە هۆى لاوازکردنى بەرگری لەش، مرۆڤ ئەمە نازانێت، دەگمەنن ئەو مرۆڤانەى لەم سەردەمەدا لەکاریگەرییە نەرێنییەکانى ئەم پەیوەندیانە تێدەگەن، مرۆڤ کاتێک بەهەر ڕێگەیەک لەڕێگەکان ئازارى هەر ڕەگەزێکى ئەم بوونە دەدات وەک ئەوە وایە بۆمبێکى ئەتۆمی بتەقێنێتەوە، چونکە بۆمبی ئەتۆمییش هەر بریتییە لە بەرەڵاکردنى ووزەیەکى ناڕێک و نا هاوسەنگى وێرانکەر، کاتێکیش کە وزەیەکى لەمشێوەیە بەرەڵا دەکرێت، دەبێتە هۆى شێوانێکی بنەڕەتیى یان بنچینەیی لەبووندا، بیرى خراپ و وتەى خراپ و کارى خراپ هەمان بۆمبێکی ئەتۆمی خراپن، بەڵام لەشێوەو فۆرمی جیاوازدا، مرۆڤ پێویستە لەوە تێبگات یان لەم پەیوەندییە تێبگات کە بەرەڵاکردنى وزەى خراپ دەبێتە هۆى دروستبوونى ئاگایی خراپ و ئاگایی خراپیش دەبێتە هۆى خولقاندنى کەس یان کەسێتی خراپ، ئەمە پەیوەندییەکى جەوهەرى و بەڵکو ئەزەلییە، مرۆڤ دەبێت لەم پەیوەندییانە تێبگات و هاوسەنگی بوونیان ڕابگرێت، ئەگینا لەناو دەچێت، مرۆڤ و مرۆڤایەتى ڕوو لەناوچوونە، ئەمە پەیوەندی بە بوونى تەنها ڤایرۆسێکەوە نیە، بەڵکو دەیان ڤایرۆسی تر بەڕێوەن لەئەنجامى خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ووزەکانى ژیان و لەگەڵ سروشتدا، بەرهەمهێنانى ئاگایی خراپ و پاشانیش کەسێتی خراپ و ئاکارى خراپ و ژیانى خراپ، هەموو ئەمانەش بەرهەمى دەستى خۆمانە، بۆیە لەبرى گەڕان بەدواى سەرچاوەى ڤایرۆسەکان و دۆزینەوەى ڤاکسنیەکان، با جارێکی تر بە دواى بونیادنانەوەى خۆمان و بەهێزکردنەوەى قەوارەو بەرگری خۆماندا بگەڕێین، ئەگینا نەک ژیان لەناودەچێت بەڵکو هەر خۆمان بۆ هەتاهەتایە لەناوى دەبەین.

پەراوێزەکان

[1] - عەبدوڵڵا موبلغی ئابادانى، میژووی ئایینى زەردەشت، وەرگیڕانى لەفارسیەوە وریا قانیع، سلێمانى 2002، ل 13-16.

2- ووشەیەکە بەهەموو بنچینەیەکى ئاژەڵی یان رووەکی دەوترێت، هەر هۆزێکی سەرەتایی وەک رەمزێک بەکاریان هێناوە بۆ خۆیان و کردویانەتە نازناوى هەموو تاکەکانى و پێیان وابووە بنچینەیان لەگەڵ ئەو ئاژەڵە ئاین رووەکەدا یەکێکە و پیرۆزیان کردوەو ئینتیمایان بۆى هەبووە. (الطوطمیة، أشهر الدیانات البدائیة، على عبد الواحد، https://www.marefa.org/.

3- عەبدولحەمید صالح (زرادشت)،الموسوعە العربیە، https://www.marefa.org/

4- ALLATRA: Good in Action.

5 - A. Novyka(Sensei. Book IV)

6- شخصیات قلقه فی الاسلام، عبدالرحمن بدوي، مكتبة النهضة المصرية، القاهرة، 1946.

7 - د. محمود ابراهیم الشربینی،المعراج بین الحقیقە والخیال، مکتبە المدبولى، ktab INC., 2008.

8 - ئەو خاتوونە بەڕێزە مامۆستا (لیدیا)یە، جگە لەوەى مامۆستاى زمانى ئینگلزییەو ساڵانێک لەزانکۆى سلێمانى وانەى زمانى ئینگلیزى بە خوێندکاران وتۆتەوە، هەروەها لەبەرئەوەى دەیان ساڵە لە کوردستان دەژی بەکوردییەکى شیرین قسە دەکات، بەوپێیەى پەیام و ڤیدیۆکانى بزوتنەوەى (ئاڵاترا) بەزمانى ڕوسین، هەندێکجار ئەو ڤیدیۆیانەى بۆ کردوم بەکوردی و بەوپێیەى من هیچ زمانى ڕوسی نازانم ئەوا هەر شتێک لەبارەى ئەو بزوتنەوەیە بزانم لەرێگەى ئەم بەڕێزەوە بووە.

9 -https://allatra.org/ar

10 - دۆنادۆن (التناسخReincarnation، بریتیە لە گواستنەوەى رۆح یان نەفسی مرۆیی لەکاتى جیابوونەوەى لەجەستە بۆ جەستەیەکى تر، واتە بوونى جەستە بە بەرگێک بۆ رۆحەکان کە خولى لەدواى خول لەیەکێکیانەوە دەگوازێتەوە بۆ یەکێکر تر، دەوترێت دۆنادۆن بوو واتە ڕۆحەکەى لەجەستەیەکەوە گواستیەوە بۆ جەستەیەکى تر، ئەنجامدەرى کردارەکەش بریتیە لە رۆح یان عەقڵى کارا وەک ئەرستۆ دەڵێت).

11- بەگشتى ئێمە لەزمانى کوردیدا رۆح و گیان بەهاوواتاى یەکتر دادەنێین و بەکاریان دەهێنین، بەڵام لەزمانەکانى تر وەک ڕوسی و ئینگلیزی ئەمە جیاکراوەتەوە بەوە پێیەى هەموو بونەوەرێک (گیان)تێدایە، بەڵام رۆح لەدواى رۆژى حەوتەمەوە دێتە ناو مرۆڤ.

12- لە پابەند بوون بەئادابە شەرعیەكانی منداڵ بونەوە لەبانگدان بەگوێی راستیدا و خوێندنی قامەت بەگوێی چەپیدا و تاشینی سەری لەرۆژی حەوتەمدا و هەڵبژاردنی ناوێكی جوان بۆی و ئەنجامدانی حەوتم بۆی( قوربانی كردن) دکتۆر عەلى قەرەداخی،(لە پێناو پەروەردەی نەوەیەكی چاكە خوازدا)،4ى ئابی 2018.

http://www.kurdiu.org/index.php/ku/opinion.

13- سەبارەت بە هالە (خەرمانە)ى مرۆڤ دەتوانیت سود لەم بابەتە ببینیت لەم لینکەدایە: https://aljaras.com/%D9%86%D8%B6%D8%A7%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AD%D9%85%D8%AF%D9%8A%D8%A9-%D9%83%D9%8A%D9%81-%D8%AA%D8%AA%D9%85%D8%B1%D9%86-%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%89-%D9%87%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%AC%D8%B3%D9%85%D9%83/

14 - ئەم نمونانە خۆم هێناومەتەوە بۆ نزیک کردنەوەى لە دیدى خوێنەرى کوردی ئەگینا، لەبنچینەدا بابەتەکە لەمە وردترە.

15- سەبارەت بەمە لەقورئانى پیرۆزدا ئایەتێک هەیە دەفەرمێت (كَيْفَ تَكْفُرُونَ بِاللَّهِ وَكُنْتُمْ أَمْوَاتًا فَأَحْيَاكُمْ ثُمَّ يُمِيتُكُمْ ثُمَّ يُحْيِيكُمْ ثُمَّ إِلَيْهِ تُرْجَعُونَ)،سورەتى البقرة ، ئایەتى :29)، ئەوەى لەم ئایەتە پیرۆزەدا مایەى سەرسامی منە ئەوەیە بەپێی ئەو بەیەکداهاتنەى کە بەوشێوەى (ثم) ڕێکى دەخات یەکەمجار دەفەرمێت ئێوە یەکەمجار مردوو بوون (لەعەدەمدا بوون)، پاشان خواى گەورە زیندویکردنەوەو پاشان دەتانمرێنێت و پاشانیش زیندوتان دەکاتەوە پاشان دەگەڕێنەوە بۆ لاى ئەو).

16- سورە تى یونس ئایەتى (62).

17 - ڕابەرى ئەم مەزهەبە ئيگۆر ميخائيلوفيتش دانيلوف، بۆ زانیارى زیاتر بڕوانە ئەم پەیجە(https://rgdn.info/en).

18-بۆیە لێرەدا ووشەى خێوەتم بەکارهێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ هەمان بونیادى سێگۆشەیی ئەمیش لەکاتى هەڵدانیدا.

19- https://manshoor.com/uploads/thumbs/4c0/x4c0331a50db99de6b159bbb938ab673e.jpg.pagespeed.ic.GhUTDCZ42v.webp

20 -http://quran.ksu.edu.sa/tafseer/tabary/sura95-aya5.html



ئه‌م بابه‌ته 190 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر