لە دۆڵی جافەتی تا بادینان، لە بیرەوەریی ئەنفالی بادیناندا

بە درێژایی سەت ساڵ تەمەنی دەوڵەتی عێراق، جگە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی، کورد هیچ خۆشیێکی لەم دەوڵەتەی کە بە زۆر پارچەیەک لە کوردستانی پێوە لکێنرا، لە خۆی نەدی.
PM:05:04:24/08/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
ئەنفال پڕۆژەیەک نەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕش، بەڵکوو لە بنەڕەتدا بۆ سڕینەوەی هەمووگەلی کورد بوو.


نزیک بە سەد ساڵی ڕابردوو، کورد لە سایەی حوکمڕانە یەک لە دوا یەکەکانی ئەم دەوڵەتەدا، بەشی تەنیا گرتن و کوشتن و ڕاوەدوونان بووە. 

بەعەرەبکردن، وێرانکردنی گوند و ئاواییەکان، کوێرکردنەوەی کانی و ڕووبارەکان، وێرانکردن و شێواندنی ژینگە و ژیانی کوردستان، ڕاگواستنی خەڵکی خاوەن ماڵ لەسەر زێدی خۆیان، گرتن و ئەشکەنجەدانیان، بەشێکی دانەبڕاو بوون لە سیاسەتی حوکمڕانەکان بەرامبەر بە کورد، ئەمەش تەنیا لەپێناو سڕینەوەی شووناسی نەتەوەیی کورد و تواندنەوەی لە بۆتەی نەتەوەی سەردەستدا، لووتکەی ئەو سیاسەتە دوژمنکارییەش، کۆمەڵکوژی و جینۆسایدکردن، کیمیاییبارانکردن و ئەنفالکردن بوو.

ئەنفال کە ترۆپکی دڕندەیی بەعس بوو، پڕۆژەیەک نەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕش، وەک ئەوەی دەگوترێ گوایە بەعس بەم سیاسەتەی ویستوویەتی (سەرچاوەی ئاو لە ماسی - شۆڕش - بگرێتەوە)، بەڵکوو لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەک بوو بۆ سڕینەوەی کورد لەسەر نەخشەی بوون و بەرەنگاری و مانەوە.

واتە ئەنفال بەشێکی گرنگی ناو ئەو نەخشەیەی قڕکردنی خەڵک و وێرانکردنی کوردستان بوو، کە بەعس بە بەرنامەیەکی پێشوەختە و پلان بۆ داڕێژراو کاری لەسەر کردبوو، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەوەبوو سەربازییە چڕەکانی بۆ جینۆسایدکردنی کورد و وێرانکردنی کوردستان لە مانگی ئاداری 1987 دەست پێ کرد و تا ساڵی 1989 بەردەوام بوون.

شاڵاوە شوومەکانی ئەنفال، کە 6 مانگ و 11 ڕۆژیان خایاند، بە هەشت قۆناغ ئەنجام دران. قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە جافایەتی لە 23ی شوبات دەستی پێ کرد و دوا قۆناغیش لە بادینان و لە 6ی ئەیلوول کۆتایی هات. لەو هەڵمەتە هۆڤیانەدا لە تەک خاپوورکردنی گوند و ئاواییەکان، دەیان هەزار هاووڵاتیی سڤیلی لە منداڵ و پیر و گەنج بە ژن و پیاوەوە گرت و زیندەبەچاڵکردن.

ڕاستیەکەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد، هیچ پەیوەندیێکی بە جەنگی عێراق و ئێرانەوە نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لە سیاسەت و ستراتیژی بەعس بۆ پاکتاوکردنی نەژادیی کورد، بۆیە دەبینین شاڵاوەکانی ئەنفال لە ماوەی جەنگەکەدا و دوای وەستانی جەنگەکەش هەر بەردەوام بوو. بەجۆرێک شەش قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە کاتی جەنگەکە و قۆناغەکانی 7 و 8 کە لە بادینان بوون، دوای جەنگ جێبەجێی کردن.

ئەنفالی بادینان کە لە ٢٥ی ئاب دەستی پێ کرد و ٦ی ئەیلوول کۆتایی پێ هات، بە درێژایی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و قووڵایی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، دەڤەرەکەی کردە ئامانج و ئاواییەکانی بناری زنجیرە چیاکانی (گارە، مەتین، بێخێر، شیرین، پێرس) و گوندەکانی دەوروبەری ڕووبارەکانی خابوور و زێی گەورە کەوتنە بەر ئەم شاڵاوە بەدناوە.

بەپێی زانیاری و ئامارەکان، لەو پرۆسەی جینۆسایدکردنی کورددا کە فەیلەقی 5ی سوپای عێراق و یەکە سەربازییەکانی سەر بەو فەیلەقە و ژمارەیەک فەوجی جاشەکان بەشدار بوون، نزیکەی 700 گوند لە سنووری قەزاکانی (زاخۆ، شێخان، ئامێدی، ئاکرێ، سێمێل و قەزای ناوەندیی سەر بە پارێزگای دهۆک) وێران کران و جگە لە شەهید و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکان، نزیکەی 14 هەزار هاووڵاتیی سڤیل ئەنفال کران، کە سەرەتا هەموو خەڵکەکە لە قەڵای نزارکێ کۆکرانەوە و دواتر گواسترانەوە بیابانەکانی باشووری عێراق و لەوێ زیندەبەچاڵ و گۆڕغەریب کران.

لە ئەنفالکردنی بادیناندا وێڕای هێرشی سەربازیی پاڵپشت بە هێزی ئاسمانی و تۆپخانە و تانک، هاوکات تیاشیدا چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتیانی سڤیل بەکار هێنرا و لەو شاڵاوەدا جگە لە کوردی موسڵمان و ئێزدی، خەڵکێکی زۆری مەسیحیی دەڤەرەکە ئەنفال کران و مزگەوت و کڵیسا و پەرستگای ئێزدییەکان، کە سەتان ساڵ بوو دیواریان بەیەکەوە بوو، خاپوور کران و داروپەردووەکەیان تێکەڵی یەکتر کرا.

بەداخەوە، ئەوەتا دوای ڕووخانی بەعسیش، هێشتا هەمان عەقڵییەت هێشتا لە عێراقدا هەر ماوە، کە ئەگەر نەشتوانێ وەک جاران و بەبەرچاوی دونیا کورد قڕ بکات، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدات، هەموو فشارێک دەکات، دەست بۆ هەموو شێواز و میکانیزمێک دەبات، بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە کورد بکاتەوە پاشکۆ و شوێنکەوتە و گوێڕایەڵ و ئەو دەسکەوت و ئەزموونەی بەری خوێنی ڕووبارێک خوێنی شەهید و ئەنفالکراو و جینۆسایدکراوە، لە مانا و بەهاکانی بەتاڵ بکاتەوە.

بۆیە لەم ڕۆژەدا کە یادی ئەم کارەساتە شوومە، ئەم کۆمەڵکوژی و جینۆسایدە دەکەینەوە، پێویستە ئەنفال بکەینە بەشێک لە هۆشیاری نێوکۆیی کۆمەڵگە و مێشک و هزر و ئاگایی ڕۆڵەکانی ئێستا و نەوەکانی ئاییندەمانی پێ زاخاو بدەین، یان وەک ئەوەی (نێچیرڤان بارزانی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان) لە میانی وتاری کردنەوەی کۆنگرەی (بەجیهانناساندنی جینۆسایدکردنی کورد - 26 و 27 کانوونی دووەمی 2008) گوتی: "زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەوە تێبگەن، کەوا بۆچوون و هەڵوێستەکانی ئەمڕۆمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، لە مێژووی خۆمانەوە شێوە وەردەگرن... بۆیەشە سیاسەتی تاوانکارانەی جینۆسایدکردنمان بە زیندوویی لەگەڵماندا دەژی، بووەتە بەشێک لە ئەدەبیاتمان، بەشێک لە کولتوور و سیاسەتمان و ناتوانین وازی لێ بهێنین.

بەکورتی، بووەتە بەشێک لە هەموو ئەو شتانەی کە ئێستا و ئاییندە بیریان لێ دەکەینەوە، یان ئەنجامیان دەدەین".

دواجار، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ و لە بەرامبەر ئەو مەترسی و هەرەشانەی هێشتا لەسەر کورد هەن، پێویست دەکات ئەنفال بکەینە وانە و پەندێکی گرنگ بۆ ئاشتەوایی سیاسی و یەکخستنەوەی گوتاری کوردستانی و یەکڕیزیی ناوخۆیی، بۆ ئەوەی رووبەڕووی پێشهات و ئالنگارییەکانی بەردەممان ببینەوە.

هاوکات ڕۆڵە و نەوەکانمان لەسەر ئەو ڕاستییە مێژووییە پەروەردە و گۆش بکەین، کە بەبێ بوونی سەروەریی نەتەوەیی و شکۆی نیشمانی، بوون و بەردەوامیمان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەدایە.



ئه‌م بابه‌ته 431 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر