لەوانەیە عێراق هەرگیز نەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی

لە سەرەتای ئەمساڵدا، هیوای زۆر هەبوو لەنێو چینی گەنجە چالاکەکانی بواری سیاسی بەوەی کە شکستەکە لە بەرژەوەندیی ناڕەزایەتییەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو گڕ دەسەنێتەوە و کۆمەڵێکی زۆری خەڵک دێنێتەوە سەر شەقامی شارەکانی عێراق.
PM:09:44:04/12/2020
دۆسیە: شیکار
مانگی ئۆکتۆبەرهات و بەسەر چوو، ناڕەزایەتیی بەرفراوانیش بەرپا نەبوو.



مەیدانی تەحریر لە بەغدا، ئەو مەیدانەی ڕۆژانێک مۆڵگەی ناڕەزایەتییەکان بوو، لە خێمەکان پاك کرایەوە و بۆ یەکەم جار دوای ساڵێک، بەڕووی هاتوچۆدا کرایەوە.

بەلای هەندێکەوە، ئەوە بە واتای خامۆشبوونی "شۆڕشی ئۆکتۆبەر" دێت، کە تێیدا کەسانی گەنج، بە مەبەستی داواکردنی مافەکانیان و چاکسازیی گشتگیر لە سیستەمی سیاسی، تەواوی مەیدانەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیان داگیر کردبوو. 

وێڕای ئەوەش، هێشتا گەلێ زووە حوکمی "مردن"ـی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی عێڕاقی بدرێت. سەرکوتکردنی توندوتیژانەی و تیرۆرکردنی دڕندانەی ناڕەزایان لەوانەیە سەرکەوتوو بووبێت لەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی کۆمەڵانی خەڵک لە شەقامەکان دوور بخاتەوە، بەڵام داگیرکردنەوەی مەیدانی تەحریر و سەرهەڵدانەوەی تەوژمی شۆڕشگێڕانە تەنها لەسەر تێپەڕبوونی کات وەستاوە. 

شۆڕشی ئۆکتۆبەر 

هەرچەندە لایەنی کەم لەدوای ساڵی 2011ـەوە ناڕەزایەتیی بەرفراوان ناوە ناوە بەرپا بووە، بەڵام ئەوەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019 جیا دەکاتەوە تەنیا قەبارەیان نیە کە زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتیی عێراقی بە بەردەوامی لە مانگەکانی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەردا دەڕژانە سەر شەقامەکان - بەڵکو یەکبوونی داخوازییە سەرەکییەکانە. 

گەل تەنیا داخوازیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، دامەزراندن و کۆتایهێنان بە گەندەڵی نەبوو، هاوشێوەی داخوازیی ناڕەزایەتییەکانی پێشوو. بەڵکو داخوازیی چاکسازیی بنەڕەتیی گشتگیری سیستەمی حوکمڕانییان دەکرد - هەڵوەشانەوەی بەشبەشێنەی تایەفی، کە پۆستەکانی حکومەت لەسەر بنەمای پەیوەستبوونە ئایینی و نەژادییەکان دابەش دەکات و لەلایەن زۆرێکەوە بە سەرچاوەی گەندەڵیی بەسیستەم و، بنیاتنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سیکۆلاری یەکگرتوو دادەنرێت. 

مەیدانی تەحریر، خولگەیەکی فەرامۆشکراو لەنێو جەرگەی شاری بەغدا، بووە ناوەندی سیمبولیی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە. چالاکوانان لە ساڵی 2015ـەوە ناوە ناوە لەو مەیدانە ناڕەزایەتییان دەردەبڕی، بەڵام لە 25ـی ساڵی 2019ـدا، توانیان کۆنترۆڵی مەیدانەکە بگرنە دەست و بۆ ماوەی ساڵێک لەژێر دەستی خۆیانی بهێڵنەوە. 

لەماوەی ئەم ساڵەدا، ناوچەکانی ناوەوە و دەوروبەری مەیدانی تەحریریان بەتەواوی خاوێن کردەوە، وێنەی خۆپیشاندەرە مردووەکانیان لەسەر دیوارەکان کێشا و خواردن و خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانیی و تەندروستییەکانیان دابین کرد. بەم شێوەیە، خۆپیشاندەران "نیمچە دەوڵەت"ـێکیان بنیات نا کە ڕۆژانێک دژایەتیی سەرجەم ئەو شتانەیان دەکرد عێراق لەدوای ساڵی 2003ـەوە ببوو و، تێڕوانینێکی نوێیان پێشکەش کرد لەوەی دەکرێ عێراق ببێت بە چی. 

لاوازیی حکومەت 

لە کاردانەوەی ئەو هەواڵەی کە مەیدانی تەحریر چۆڵ کراوە، موستەفا کازمیی سەرۆک وەزیران پەنای بردە بەر سۆشیال میدیا تا سوپاسی خۆپیشاندەران بکات بۆ "هاوئاهەنگی"ـیان لە چۆڵکردنی مەیدانەکە و ڕێگەدان بە بەرقەراربوونەوەی دۆخی "ئاسایی". لێ خۆ دەبێت مرۆڤ لەو "دۆخی ئاسایی"ـە بپرسێت کە سەرۆک وەزیران لە پێشهاتەکانی هەنووکەدا باسی لێوە دەکات. 

بەر لە بەرپابوونی ناڕەزایەتییەکان دۆخی عێراق بەهیچ شێوەیەک ئاسایی نەبوو، چونکە وڵاتەکە دووچاری کۆمەڵێک قەیرانی پێکەوە بەستراو ببوویەوە. شاری بەغدای پایتەخت  لە ساڵی 2018ـدا لە خوارەوەی ڕیزبەندیی ئەو شارانە بوو شایستە بێت بۆ ژیان. ئەوەش پەیوەندیی زۆری بە دزینی گەورە و زۆری بودجەکانی ئاوەدانکردنەوەوە هەبوو کە ڕێگر بوو لە بنیاتنانەوەی ئەو ژێرخان و شوێنی نیشتەجێبوونانەی لە هێرشەکەی ساڵی 2003 و جەنگە تایەفییە ناوخۆییە یەک بەدوای یەکەکاندا زیانیان بەرکەوتبوو و خاپوور کرابوون. 

گەندەڵییش ڕێگری لە حکومەتی عێراقی کرد لەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابین بکات، لەنێویاندا کارەبا و ئاوی پاک، ئەوەیش لە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکان لەڕووی سەرچاوەوە. لە شاری بەسڕە لە باشووری عێراق، پیسبوونی سەرچاوەی سەرەکیی ئاو "شەتولعەرەب"، لە ساڵی 2018ـدا بووە هۆی ئەوەی لایەنی کەم 118,000 کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێن. جگە لەوەش، شارەکە لە هاوینی ئەمساڵدا، هاوشان لەگەڵ باقیی شارەکانی تری عێراق، بەهۆی بەرزی لە ڕادە بەدەری پلەکانی گەرماوە کوژانەوەی بیست و چوار کاتژمێریی کارەبای بەخۆوە بینی. 

بەربەرەکانێی نێوان ئەو بەرپرسانەی بەدوای فراوانکردنی هەژموون و خۆ دەوڵەمەندکردنن لەدوای ساڵی 2015ـوە حکومەتی عێراقی لاواز کردووە. بۆ نموونە، لە ساڵی 2019ـدا، عەلا عەلوان، وەزیری تەندروستی، لەماوەی شەش مانگدا دوو جار نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد و، باسی خراپ ئیدارەدان و کاری بە هەڕەشە و زۆرەملێی لەنێو وەزارەتی تەندروستییەکدا کرد کە بەهۆی گەندەڵییەوە وێران کرابوو. 

لاوازیی حکومەت و خراپ ئیدارەدان وایکردووە ئابووریی عێراق شڕ و وڕ ببێت و بەتەواوی پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت، کە بەهۆی داڕمانی نرخەکانی نەوتەوە لە ساڵانی ڕابردوودا کەم بۆتەوە. ئەوەش ڕەخساندنی هەلی کاری سنووردار کردووە، کە بەدیاریکراوی کاریگەریی لەسەر چینی گەنجان دروست کردووە، هەندێکیش ڕێژەی بێکاری بە %46 دەخەمڵێنن. پەتای کۆڤید 19 دۆخەکەی تەنیا خراپتر کردووە، وایکردووە 4 ملیۆن و 500 هەزار عێراقی لە مەترسی دابەزین بۆ خوار هێڵی هەژارییەوە بن.

دۆخی ئەمنییش لە عێراقی زۆر نائاسایی بووە، زۆر بە ئاستەم لە هەڕەشەی لەناکاو دەرکەوتووی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا (داعش) ڕزگاری بوو. 
حاڵی حازریش وڵاتەکە بەدەست کۆمەڵێک میلیشیای چەکدارەوە دەناڵێنێت کە سەرجەمیان لەژێر چەتری هێزێک بەناوی هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کۆبوونەتەوە، بەشێکیشیان بەردەوامن لە ئیفلیجکردنی هەوڵەکانی حکومەت لە کۆنترۆڵکردنی دەزگا ئەمنییەکان. 

ئەم گروپانە باڵی سیاسییان هەیە کە بەشدارییان کرد لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 2018 و ئێستا نوێنەرایەتییان لەنێو پەرلەمان هەیە، واتە دەسەڵاتی یاسادانانیان هەیە. فشاری بەردەوامی ئەم گروپانە بووە هۆی لەسەرکار لادانی ئەفسەری گشتی عبدالوهاب السعدی، سەرۆکی هێزەکانی دژەتیرۆر - هەنگاوێک کە بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر. 

خۆپێشاندەران ئەو گروپە چەکدارانەیان بەوەش تۆمەتبار کرد کە لەپشت هێرشە توندوتیژەکانی سەر ناڕەزایەتیی و گردبوونەوەکانی بەغدا و پارێزگاکانی باشوورن. لەدوای بەرپابوونی خۆپێشاندانەکانەوە نزیکەی 700 کوژراون و 30,000 کەس بریندار بوون. هیچ یەکێک لە خێزانەکانی ئەم قوربانییانە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ "دۆخی ئاسایی"، لەکاتێکدا داخوازییەکانیان بۆ دادپەروەری بێ بەدەمەوە چوون دەمێننەوە. 
 
چاکسازییە شکستخواردووەکان 

کازمی هاتە سەر حوکم و بەڵێنی چاکسازیی دا بەڵام تا ئێستا چاکسازییەکی کەمی کردووە. کۆڵەکەی سەرەکی پلانی چاکسازییەکەی بریتی بوو لە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و دانانی بەرواری هەڵبژاردنی پێشوەختە، کە بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە داخوازییەکانی خۆپێشاندەرانە. 

لەڕاستیدا یاسای هەڵبژاردن هەموار کرایەوە بەڵام بە شێوازێک نا کە بەشێوەیەکی ڕاستەقینە ڕێگە بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد خۆش بکات. دەستەبژێرە سیاسییەکان بەردەوام دەستکاریی دەکەن بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان و زامنکردنی ئەوەی ئەوەندەی بتوانن کورسیی ببەنەوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا. 

بۆیە هەرچەندە لەوانەیە حکومەت بتوانێت ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بەڕێوە ببات، بەڵام سەرانی خۆپیشاندەران و بەربژێرە سەربەخۆکان ناتوانن ململانێی پارتە چەسپاوەکان بکەن و هیچ نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە لەنێو هۆڵی پەرلەمان بەدەست بهێنن. بگرە لەڕاستیدا، هەندێکیان ناچار بوون عێراق جێبهێڵن بەهۆی ئەوەی هەڵمەتی تیرۆر و تۆقاندن لەژێر حوکمی کازمیدا پەرەی سەندووە. 

جگە لەوەش، هەرچەندە لەوانەیە وا دەربکەوێت کە پارتگەلێکی نوێی سیاسی سەریان هەڵدابێت، بەڵام ڕوانینێکی نزیکتر لە لایەنگرییان و سەرچاوەی داراییان پەیوەندییان لەگەڵ ئەندامانی دەستەبژێری هەنووکەی سیاسی نیشان دەدات. نموونەیەکی ئەمەش نوێکردنەوەی ڕەوتی حیکمە بوو لەلایەن عەممار حەکیم و سەرهەڵدانی کۆمەڵێک گروپی گەنجانی سەر بە ڕەوتەکەین کە بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی خۆپیشاندەرەکان دەکەن. 

دووەم کۆڵەکەی سەرەکی پلانی چاکسازییەکەی حکومەت ئابورییە. لەم دواییانەدا عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق پلانێکی بڵاو کردەوە کە زنجیرەیەک ئامانجی بەرزی لەخۆ گرتبوو کە دەبوو بهێنرێنە دی ئەگەر عێراق نیازی زاڵبوون بەسەر قەیرانی هەنووکەی دارایی هەبێت. پێنج چاکسازییە سەرەکییە بریتی بوون لە زامنکردنی سەقامگیریی دارایی، فراوانکردنی ڕەخساندنی هەلی کار، فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بەرەوپێشبردنی حوکمڕانیی و جێبەجێکردنی گۆڕانکارییە تەشریعییەکان. 

بەڵام، نەخشەڕێگاکە هیچ پلانێکی تۆکمە لەبارەی شێوازی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەوە ناخاتە بەردەست و بە ئەگەرێکی زۆرەوە وا پێدەچێت داڕمانی نرخەکانی نەوت حکومەت دەستەوەستان بکات لە ئاست پێدانی مووچەی چوار ملیۆن و نیو فەرمانبەری کەرتە حکومییەکەی. 

هەرچەندە عێڕاقییەکان دەزانن کە چاکسازیی کاتی پێویستە، بەڵام بەسەربردنی 17 ساڵ لە پێدانی هەلی بێسنوور بە دەستەبژێرە سیاسییەکە، لایەنی کەم دەیانەوێت ئیرادەی سیاسی بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیی و کردار ببینن کە ئاماژە بە گۆڕانکاریی بکات. بەڵام ئەوەش لەئێستادا بەرچاو ناکەوێت. 

بەم هۆیەوە، پێشبینیکردنی ئەوەی توڕەیی ڕای گشتی نابێتە هۆی بەرپابوونی شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایەتی کارێکی گەمژانەیە. لە پێشووشدا، ناڕەزایەتی لە دەرەوەی بەغدای پایتەخت سەری هەڵداوە. 
 
بۆ نموونە، هەمان ئەو ڕۆژەی مەیدانی تەحریر بەڕووی هاتوچۆدا کرایەوە لە بەغدا، سەدان خۆپێشاندەر توانیان بگەنە مەیدانی 'البهاریە' لە شاری بەسڕە، وێڕای ئەوەی بە... و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کرایە سەر و خێمەکانیان سوتێنران. 

هاوشان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی بەسڕە، ناڕەزایەتیی لە مەیدانی ناسڕیەش لە شاری سەماوە لە پارێزگای موسەننا بەڕێوەچوو. ئەمە تەنیا ئاماژە نییە بەوەی ناڕەزایەتییەکانی عێراق زۆریان ماوە کۆتاییان بێت، بەڵکو ئاماژەشە بەوەی پێویستە تیشک بخرێتە سەر باشوور، کە لە مێژوودا شادەماری ناڕەزایەتییەکانی دژی حکومەت بووە لە عێراقدا. 

سەرەنجام، شۆڕشی ئۆکتۆبەر وایکرد عێڕاقییەکان بۆ یەکەمجار وێنای وڵاتێک دوور لە بەشبەشێنەی تایەفی بکەن. وەک ئەوەی مرۆڤناسی کۆچکردووی ئەمریکی دەڵێت، ناڕەزایەتییەکان دەتوانن "چوارچێوە هەنووکەییەکان بشکێنن بەمەبەستی دروستکردنی ئاسۆی نوێی ئەگەر، ئەوەش کردارێکە کە دواتر ڕێگا بە بنیاتنانەوەی ڕیشەیی وێناکردنی کۆمەڵایەتیی دەدات". ئەم "کردار"ـە ئەنجامی لایەنی کەم نۆ ساڵ ڕێکخستنی خۆپیشاندانە لە عێراق، کە دووبارە و دووبارە سەرکوتکراون تەنیا بۆ ئەوەی هەر جارێک بەهێزتر و ڕژدتر سەرهەڵبدەنەوە. وێڕای هەموو ئەمانە، شۆڕش پێشهاتێکی مەترسیدار نییە، بەڵکو، شۆڕش پڕۆسەیەکی ڕا گۆڕینەوەیە کە بە سەرلەنوێ وێناکردنەوەی جیهان دەست پێدەکات.

حەیدەر شاکری: مەشقەوەری بواری گەشەپێدان و شرۆڤەکاری کاروباری عێراق.

تایف ئەلخوداری: یاریدەدەری توێژینەوە لە سەنتەری LSE ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا.


ئه‌م بابه‌ته 195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر