ڕۆڵی‌ ڕیكلامی‌ سیاسی‌ له‌هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن

پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌رۆژگاری‌ ئه‌مڕۆدا یه‌كێكه‌ له‌گرنگترین و پڕ بایه‌خترین پرۆسه‌ سیاسییه‌كان له‌بواری‌ دیموكراتی‌ و مه‌ده‌نییه‌ت و ده‌ستا و ده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌لاَت.
PM:01:15:16/09/2021
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا





"ده‌ستپێك"


پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌رۆژگاری‌ ئه‌مڕۆدا یه‌كێكه‌ له‌گرنگترین و پڕ بایه‌خترین پرۆسه‌ سیاسییه‌كان له‌بواری‌ دیموكراتی‌ و مه‌ده‌نییه‌ت و ده‌ستا و ده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌لاَت، به‌شێوه‌یه‌ی‌ ئاشتییانه‌ و پاراستنی‌ یه‌كڕیزی‌ نیشتیمانی‌ و، پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتییانه‌ له‌نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و رێكخراو و پارت و قه‌واره‌ سیاسییه‌كاندا. له‌هه‌مان كاتدا؛ گوزارشته‌ له‌لایه‌نی‌ پراكتیكی‌ فره‌لایه‌نی‌ سیاسی‌ (پلورالیزم) و ڕێزگرتن له‌مافی‌ خۆپالاَوتن و ده‌نگدان و مافی‌ هه‌ڵبژاردن و به‌شداریكردنی‌ جه‌ماوه‌ر له‌پرۆسه‌ی‌ بڕیاری‌ سیاسی‌ و  گوێگرتن له‌ رای‌ جه‌ماوه‌ر له‌ڕێگه‌ی‌ پاڵێوراو و كاندیده‌كانیانه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان. له‌سه‌رده‌می‌ هاوچه‌رخدا، چه‌ندان ناوه‌ند و په‌یمانگا و ڕێكخراوی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ له‌جیهان دا هه‌یه‌ بۆ بایه‌خپێدان به‌بواری‌ هه‌ڵبژاردن و پێوانه‌كردنی‌ رای‌ گشتی‌ و له‌نزیكه‌وه‌ چاودێریكردنی‌ ره‌وشی‌ سیاسی‌ و پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ولاَت و ناوچه‌ و هه‌رێمه‌كانی‌ جیهان. بێگومان ڕاگه‌یاندنیش چ وه‌كو زانست و چ وه‌كو ناوه‌ندی‌ ئه‌كادیمی‌، گرنگی‌ و بایه‌خی‌ ته‌واو ده‌دات به‌ خوێندن و لێتوێژینه‌وه‌ له‌پرۆسه‌ سیاسییه‌كان و زانینی‌ رای‌ گشتیی‌ جه‌ماوه‌ر، له‌سه‌ر پرس و بابه‌ته‌ سیاسییه‌كان له‌نێویشیاندا پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ك. هه‌روه‌ها سوود وه‌رگرتنی‌ دامه‌زراوه‌، پارت و لیست و قه‌واره‌ سیاسییه‌كانیش، له‌زانستی‌ راگه‌یاندن و،  هونه‌ر (ژانر) و كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ سیاسی‌، له‌هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ بانگه‌شه‌ی‌ سیاسیی‌ و هه‌ڵبژاردن  و به‌رێوه‌بردنی‌ (ادارة الحملات الانتخابیة) دا له‌لایه‌كی‌ دیكه‌. 

 

"چه‌مكی‌ ریكلامی‌ سیاسی‌ (مفهوم الاعلان السیاسی)  (Advertising political (The notion of  " بریتیه‌ له‌و جۆره‌ ریكلامه‌ی‌  په‌یوه‌سته‌ به‌بره‌ودان به‌بیرۆكه‌ و پرس و بابه‌ته‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌بواری‌ كێبڕكێی‌ سیاسی‌ و بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و پاراستنی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و یه‌كریزی‌ نیشتیمانی‌ و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ تووندوتیژی‌ و دژه‌تیرۆر و...هتد.


"ریكلام وه‌كو  به‌شێك له‌بره‌وپێدان به‌بانگه‌شه‌ی‌ سیاسی‌"


 له‌سه‌ره‌تادا ریكلام، به‌شێك بووه‌ له‌پرۆسه‌ی‌ بره‌وپێدان (الترویج promotion) به‌كالاَ و شمه‌كه‌ بازرگانییه‌كان و، فه‌لسه‌فه‌ و مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ وه‌كو چالاكییه‌ك، ناساندن و ساغكردنه‌وه‌ و خستنه‌ بازاڕ (التسویق Marketing  )ی‌ به‌رهه‌مه‌ بازرگانییه‌كان و، چالاككردنی‌ كه‌رتی‌ بازرگانی‌ و كێبڕكێی‌  ئابووری‌ و بازرگانی‌ بووه‌ له‌نێوان كۆمپانیا بازرگانییه‌كاندا، به‌لام له‌دونیای‌ ئه‌مڕوماندا ریكلام چۆته‌ سه‌رجه‌م بوار و كایه‌كانی‌ ژیانی‌ سیاسی‌، كۆمه‌لاَیه‌تی‌، ڕۆشنبیری‌ و هونه‌ری‌ و...هتده‌وه‌. بۆ نموونه‌؛ له‌بازاڕی‌ بازرگانیدا، ریكلام به‌مه‌به‌ستی‌ كێبڕكێیه‌ له‌نێوان كالاَ و به‌رهه‌می‌ جیاواز، به‌ مۆدێل و ڕه‌نگ و شێوه‌ و ستایلی‌ جیاواز  له‌نێوان كۆمپانیا و لۆگۆی‌ بازرگانی‌ جیاواز، بۆ ناساندن و ئاشناكردنی‌ جه‌ماوه‌ر و گه‌رمكردنی‌ بازاڕ  و پڕفرۆشكردنی‌ به‌رهه‌مه‌ جیاوازه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ناو و ناوبانگی‌ كۆمپانیاكان و جوانكردنی‌ ڕووی‌ خوَیان و به‌رهه‌مه‌كانیان، هه‌روه‌ك له‌ بازاڕی‌ سیاسه‌ت و بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنیشدا، ریكلامی‌ سیاسی‌ بۆ كاندیدی‌ جیاواز و لیست و قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ جیاواز و ئه‌جێندا و، به‌رنامه‌ و درووشم و لۆگۆی‌  سیاسی‌ جیاواز و، ده‌موچاو و ڕووخساری‌ جیاواز بۆ گه‌رمكردنی‌ بازاڕی‌ سیاسی‌ و كێبڕكێی‌ سیاسی‌ و كاریگه‌ری درووستكردن له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر و به‌ده‌ستهێنانی‌ زۆرترین ده‌نگ و كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان و سه‌ركه‌وتن له‌ پرۆسه‌ و بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن دا و، ته‌رخانكردن و خه‌رجكردنی‌ بوودجه‌ و گوژمه‌ی‌ زۆر و گه‌وره‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.    


"ریكلامی‌ سیاسی‌ وه‌كو موَدێلێكی‌ پرۆسه‌ی‌ په‌یوه‌ندییكردنی‌ سیاسی‌"

 

ریكلام په‌یامێكی‌ سیاسیه‌ و به‌شێكه‌ له‌پرۆسه‌ی‌ په‌یوه‌ندیكردنی‌ سیاسی‌ ، ده‌كرێت به‌م شێوه‌یه‌ روونی‌ بكه‌ینه‌وه‌:-
 

1- نێره‌ر  یان سه‌رچاوه‌ی‌ په‌یامی‌ سیاسی‌؛ (المرسل او مصدر الرسالة السیاسیة )  (Sender or source of a political message ) بریتیه‌ له‌نێره‌ری‌ په‌یامی‌ سیاسی‌ (ریكلامی‌ سیاسی‌ ) كه‌خۆی‌ له‌پارت و ریكخراوه‌ سیاسیه‌كان یان حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیدا ده‌بینێته‌وه‌ .


2- به‌رهه‌م یان په‌یامی‌ سیاسی‌؛ (المنتوج  السیاسی‌ او الرسالة السیاسیة) (The political product or a political message) بریتیه‌ له‌و په‌یامه‌ سیاسیانه‌ی‌، كه‌له‌لایه‌ن حكومه‌ت و پارت و قه‌واره‌سیاسیه‌كانه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌پرس و بابه‌ته‌ سیاسیه‌كان له‌كات و شوێن و كه‌ناڵی‌ جیاوازه‌وه‌، ئاراسته‌ی‌ جه‌ماوه‌ر ده‌كرێت. ره‌نگدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی‌ سیاسیانه‌یه‌ بۆ رووداو و گۆرانكاری و پرس و بابه‌ته‌ سیاسییه‌كان،  له‌ فه‌لسه‌فه‌ و ئایدۆلۆژیای‌ سیاسیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌.


3- كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ سیاسی‌؛ (قنوات الاعلام السیاسیة) (The political media or political media channels ) بریتین له‌سه‌رجه‌م هۆیه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ سیاسی‌ وه‌ك (رۆژنامه‌، گۆڤار ،ته‌له‌فزیۆن، ئێزگه‌ ،ئینته‌رنێت و...هتد ) له‌وێوه‌ پارت ولایه‌نه‌ سیاسیه‌كان (ده‌سه‌لاَتی‌ سیاسی‌ ) په‌یامی‌ خۆی‌ ئاراستی‌ چین و توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات.


4- جه‌ماوه‌ری‌ سیاسی‌؛ (الجمهور السیاسی) (The political audience)  سه‌جه‌م چین و توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گرێته‌وه‌ یان ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرانی‌ پارت و قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسی‌ ده‌گرێته‌وه‌، رۆژانه‌ له‌ رێگه‌ی‌ كه‌ناڵه‌جیاوازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ سیاسیه‌وه‌ په‌یام و به‌رنامه‌ی‌ سیاسی‌ حزبێكی‌ دیاریكراویان پێَََََده‌گات.  به‌مه‌به‌ستی‌ كاركردنه‌سه‌ر بیرو راو هه‌ست و هه‌ڵوێستی‌ سیاسیان. 


5- وه‌ڵامدانه‌وه‌:  (التغذیة الراجعة) ((Feed back فیدباك له‌پرۆسه‌ی‌ ڕیكلامی‌ سیاسی‌ و په‌یوه‌ندییكردنی‌ سیاسیدا، بریتیه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ بڕواپێكردن ‌و متمانه‌ به‌خشین به‌پاڵێوراو ‌و لیسته‌ سیاسیه‌ جیاوازه‌كان ‌و، ئه‌نجامدانی‌ ڕه‌فتار وه‌كو ده‌نگدان به‌پاڵێوراوێكی‌ دیاریكراو له‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا و سه‌رخستنی‌ قه‌واره‌ و لیستێكی‌ سیاسیی‌ دیاریكراو. 


به‌شیوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ هه‌موو په‌یامێكی‌ سیاسی‌ سێ‌ ڕه‌هه‌ندی‌ هه‌یه‌:-


یه‌كه‌م؛ ریشه‌ و قوڵی‌ په‌یامی‌ سیاسی‌، (جذور وعمق الرسالة السیاسیة)  (Depth of a political message) بریتییه‌ له‌و فه‌لسه‌فه‌ و پاشخانه‌ سیاسییه‌ی‌، له‌پشتی‌ دارشتن و ئاراسته‌كردنی‌ بیرۆكه‌ و ئه‌جیندا و په‌یامه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌یه‌ یاخود له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌. پاشان گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌و رێگه‌ و شێواز و ئه‌لته‌رناتیڤ (به‌دیل)ه‌ سیاسییه‌ جێگرانه‌ی‌ بۆمامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرس و بابه‌ته‌ سیاسیه‌كاندا.


دووه‌م؛ پانتایی‌ په‌یامی‌ سیاسی‌ (عرض الرسالة السیاسیة)  (The width of a political message)ئه‌و مه‌ودا جوگرافی‌ و جه‌ماوه‌رییه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌خودی‌ په‌یامه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ تێدا په‌خش و بڵاوده‌كرێته‌وه‌ ، وه‌كو شار و ناوچه‌ و چین و توێژه‌ جیاوه‌زه‌كانی‌ كوَمه‌ڵگه‌. 


سێیه‌م؛ ئاراسته‌ی‌ سیاسیی‌ په‌یام، (الاتجاه السیاسی للرسالة) (The political trends of a message)، بریتیه‌ له‌شێوازی‌ مامه‌ڵه‌ كردن و ره‌وتی‌ سیاسی‌ پارت و لایه‌نێك بۆ چۆنیه‌تی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرس و بابه‌تێكی‌ سیاسیدا، له‌رێگه‌ی‌ پێشكه‌شكردنی‌ به‌رنامه‌ یان ئه‌جێندایه‌كی‌ سیاسی دیاریكراوه‌وه‌ یاخود گوتاری‌ سیاسیه‌وه‌. 


"ریكلامی‌ سیاسی‌ وه‌كو به‌شێك له‌پرۆسه‌ی‌ گۆڕینی‌ هزرو ڕه‌فتاری‌ سیاسی‌"


هه‌موو ره‌فتاره‌كانی‌ مرۆڤ له‌سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر ئاستی‌ گرووپه‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و سیاسییه‌كان، بیرۆكه‌یه‌ و، دواتر ره‌وایه‌تی‌ پێ‌ ده‌درێت و پاساوی‌ بۆ ده‌هێنرێته‌وه‌ و، وه‌كو ڕه‌فتاری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و سیاسی‌ ئه‌نجامده‌ده‌رێت، وه‌كو تووندوتیژی‌ خێزانی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و سیاسی‌ و تیرۆر و پاكتاوی‌ ره‌گه‌زی‌ و ئیتنی‌، بۆیه‌ ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی‌ گرتنه‌به‌ری‌ میتۆدی‌ شیكاری‌ و زانستییانه‌وه‌ شیكردنه‌وه‌ بۆ پاشخان و ڕه‌گ و ڕیشه‌ی‌ ئه‌و دیارده‌ و  گرفتانه‌ بكرێت و، هه‌ڵمه‌تی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ هوَشیارنه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ چین و توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بۆ ئه‌نجامبدرێت به‌ ئاقاری‌ چاره‌سه‌ر و كۆنترۆڵكردن و، دواتر بنه‌بڕكردنی‌. 



"ریكلامی‌ سیاسی‌ و كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر سایكۆلۆژیای‌ جه‌ماوه‌ر"


ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی‌ تێگه‌یشتن له‌ چه‌مكی‌ (AIDA Concept) باری‌ سایكۆلۆژیای‌ جه‌ماوه‌ر بخوێنینه‌وه‌. چه‌مكی‌ (AIDA)  كورتكراوه‌ی‌ هه‌رچوار ڕه‌گه‌زی‌ (Attention) سه‌رنج ڕاكێشان ،(Interest) بایه‌خپێدان، (Desire) ئاره‌زووكردن و (Action) ئه‌نجامدانی‌ ڕه‌فتار. بریتیه‌ له‌مۆدیلێكی‌ تایبه‌تی‌، خۆی‌ له‌هێڵه‌ گشتییه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ بره‌ودانی‌ سیاسیدا ده‌بینێته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌یشتن به‌ئامانجه‌كانی‌ پرۆسه‌كه‌، كه‌خۆی‌ له‌چه‌ند زاراوه‌یه‌كدا ده‌بینێته‌وه‌، له‌رێگه‌ی‌ قۆناغبه‌ندی‌ بۆخوێندنه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ سایكۆلۆژی‌ جه‌ماوه‌ر، كه‌له‌شێوه‌ی‌ په‌یامێكی‌ سیاسی دا نمایش ده‌كرێت.

شێوازی‌ كاریگه‌ری‌ ریكلامی‌ سیاسی‌ له‌سه‌ر ده‌روون و هزری‌ جه‌ماوه‌ر، به‌م شێوه‌یه‌ی‌ لای‌ خواره‌وه‌ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌؛

1-(Attention) سه‌رنج ڕاكێشان.  

له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا سه‌رنجڕاكێشانی‌ جه‌ماوه‌ره‌ بۆ ناوه‌رۆكی‌ ئه‌و په‌یامه‌ سیاسییه‌ی‌، كه‌ ریكلامی‌ بوَ ده‌كرێت له‌لایه‌ن پرت و قه‌واره‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ وه‌كو كاندید و ئه‌نجیندا و به‌رنامه‌ی‌ سیاسییان بۆ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و حكومه‌تی‌ ئایینده‌. 


2- (Interest) بایه‌خپێدان.

گرنگیدان به‌ناوه‌رۆكی‌ په‌یامه‌ سیاسییه‌كه‌، كه‌ خۆی‌ له‌خودی‌ ریكلامه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌بینێته‌وه‌.


3- (Desire) ئاره‌زووكردن و متمانه‌ پێكردن. 

ئاره‌زووكردن بۆ پشتگیریكردنی‌ كاندید و قه‌واره‌ و لیستێكی‌ سیاسیی‌ دیاریكراوی‌ به‌شدار له‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن دا، له‌ڕێگه‌ی‌ كاریگه‌ری‌ درووستكردن له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر و دواتر متمانه‌كردن به‌و لیست و قه‌واره‌ سیاسییه‌. 


4- (Action) ئه‌نجامدانی‌ ڕه‌فتار.  

به‌شدارییكردنی‌ كارا و چالاك له‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵًبژاردن دا له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌ و، چوون بوَ بنكه‌ و سندووقه‌كانی‌ ده‌نگدان . پاشان ده‌نگدان به‌ كاندید و لیست و قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ دیاریكراو، كه‌ درووشم و به‌رنامه‌كانی‌ یه‌كانگیره‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و خواست و ویسته‌كانی‌ ده‌نگده‌رێكی‌ دیاریكراودا. 


"بنه‌ماكانی‌ ئیتیكی‌ ڕیكلامكردن له‌بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا"


1-نابێت وێنه‌ی‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌ریكلامدا به‌بێ‌ پرس و ئاگاداری‌ خۆی بلاَوبكرێته‌وه‌.

2-نابێت مناڵ له‌ڕیكلام و هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا به‌كاربهێنرێت.

3-نابێت له‌ڕیكلامدا ناوی‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك بزڕێنرێت و له‌كه‌دار بكرێت.

4-نابێت له‌ڕیكلامدا هه‌وڵی‌ چه‌واشه‌كاری‌ و فریودان و ساخته‌كاری‌ بدرێت و زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ بگه‌یه‌نرێت.

5-پێویسته‌ لۆگۆی‌ پارت و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌كاتی‌ په‌خش و بلاَوكردنه‌وه‌ی‌ ڕیكلامدا له‌گه‌ڵی‌ هه‌بێت و، له‌هه‌مان كاتدا لۆگۆی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ لاببرێت و تێكه‌ڵ نه‌كرێت.
 

6-خۆدوورگرتن له‌به‌كارهێنانی‌ زمانی‌ زبر و جنێو و وشه‌ی‌ نه‌شیاو دژ به‌كاندید و پارت و لیست و قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی‌ ڕكابه‌ر له‌بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا.


"ئه‌رك و ڕۆڵی‌ ڕیكلام له‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا"


1- ناساندنی‌ كه‌سێتیی كاندید و پاڵێوراوان به‌جه‌ماوه‌ری‌ ده‌نگده‌ر.

2- بره‌وپێدان به‌ كارنامه‌ و به‌رنامه‌ی‌ پارت و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا.

3- چالاكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و گه‌رموگوڕكردنی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ڕێگه‌ی‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی‌ دروشمه‌كانی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌وه‌.

4- دروستكردنی‌ ڕۆحی‌ كێبڕكێ‌ له‌نێوان كاندیدی‌ حیزب و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان. هه‌روه‌ها  هاندان و جۆش و خرۆشپێدانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ده‌نگده‌ر بۆپشتیوانی لێكردنیان.

5- ڕێنماییكردن و هوشیاركردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگده‌ران له‌چۆنێتی‌ ده‌نگدان و به‌شدارییكردن له‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا. 



"سه‌رچاوه‌كان"

1-
 عبدالسلام ابو قحف، هندسة الإعلان والعلاقات العامة ، القاهرة، مطبعة الإشعاع الفنية، 2001.

2- عبدالسلام ابو قحف ود.طارق طه أحمد، هندسة الإعلان والإعلان الإلكتروني ،القاهرة، الدار الجامعية, 2006.

3- صالح خليل أبو إصبع  ،الإتصال والإعلام في المجتمعات المعاصرة، عمان، الطبعة الرابعة، دار مجدلاوي للنشر والتوزيع ،2004.

4- راسم محمد الجمال وخيرت معوض عياد ، إدارة العلاقات العامة .. المدخل الإستراتيجي، القاهرة، الدار المصرية اللبنانية،2005.

5- راسم محمد الجمال وخيرت معوض عياد ،التسويق السياسي والإعلام – الإصلاح السياسي في مصر ،القاهرة، الدار المصرية اللبنانية ،2005.

6- د.محمد منير حجاب ، إدارة الحملات الإنتخابية – طريقك للفوز في الإنتخابات ،القاهرة، دار الفجر للنشر والتوزيع ،2007.

7- د. مي العبدالله سنو ، الإتصال والديمقراطية ،بيروت، دار النهضة العربية ،2005.

8- د.حميد الطائي ود.أحمد شاكر العسكري ، الإتصالات التسويقية المتكاملة – مدخل استراتيجي،عمان، دار اليازوري العلمية للنشر والتوزيع ،2009 .

9- د.حسين عبدالجبار ، إتجاهات الإعلام الحديث والمعاصر، عمان، دار أسامة ،2009.

10- د.فاطمة حسين عواد ، الإتصال والإعلام التسويقي، عمان ، دار أسامة للنشر والتوزيع ، 2010.

11- د.عاطف عدلي العبد ، التخطيط الإعلامي : الأسس النظرية والنماذج التطبيقية، القاهرة ، الدار العربية للنشر والتوزيع، 2009 .

12- د.ربحي مصطفى عليان و د.عدنان محمود الطوباسي، الإتصال والعلاقات العامة، عمان، دار صفاء للنشر والتوزيع، 2005.

13- د.زينب ليث ، الإعلان السياسي في الحملات الإنتخابية ، مجلة تواصل ،العدد السابع عشر،أيلول/2007.

14- د.كريم مشط الموسوي، الحملات الإنتخابية في مجلس النواب العراقي الدائم لعام 2005 ، اطروحة دكتوراه غير منشورة والمقدمة الى مجلس كلية الإعلام / جامعة بغداد ، 2007 .




ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر