ڕووانگەیەکی مێژوویی بۆ مەسەلەی کورد لە ئێراق (2)

١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ ئێراق، سەرەتا ئومێدی زۆر ھەبوو بەوەی ئەم شۆڕەشە شۆڕشی گشت گەڵانی ئێراقە و کوردیش یەکێک دەبێت لەو نەتەوانەی بێبەش نابێت لە مافە ڕەواکانی.
PM:09:13:04/02/2022
دۆسیە: نیشتمانسازی





دووەم؛ سەردەمی کۆماری (١٩٥٨ – ٢٠٠٠٣)
 
شۆڕشی ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨کەبەسەرکردایەتی زەعیم "عه‌بدولکه‌ریم قاسم" بەرپاکرا، ئێراق لە ژێردەسەلاتی پاشایەتی و ھەژموونی بریتانیا ڕزگاری بوو و لەسیستمی پاشایەتییەوە گۆڕا بوو بە سیستمێکی کۆماری، شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ کە وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ ئێراق، سەرەتا ئومێدی زۆر ھەبوو بەوەی ئەم شۆڕەشە شۆڕشی گشت گەڵانی ئێراقە و ھەموو گەڵانی ئێراق لە سایەی ئەم شۆڕشە بە مافە ڕەواکانیان دەگەن، کوردیش یەکێک دەبێت لەو نەتەوانەی کە بێبەش نابێت لە مافە ڕەواکانی خۆی لە ژێرسایەی ڕژیمی کۆماری، لەم بارەوە زەعیم "عه‌بداوکه‌ریم قاسم" زۆر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت لە دەستوور ئاماژە بکرێت بەوەی کە نەتەوەیی کورد و عەرەب پێکھاتەی دەوڵەت پێکدێنن، ئەگەر چی ئەمە سەرەتایەکی باش بوو، بەڵام ئەمەش بەکردەوە نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە، تەنھا بۆ ماوەیەکی کاتی کورد لە ئێراق لە ژێر سایەی شۆڕشی ١٤ی تمموزی ١٩٥٨ لە دەربەدەری ڕزگاری بوو، وەکو گەڕانەوەی "بارزانی نەمر" و پێشمەرگەکانی لە ئاوارەیی یەکێتی سۆڤییەتدا و ڕێگەدان کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاشکرا کارو چاڵاکی خۆی ئەنجامبدات، ھەروەھا لەبواری ڕۆشنبیری و ئەدەبیشدا کۆمەلێک گۆڕانکاری ھاتنە کایەوە، بەڵام بەھۆی ھەبوونی ھەندێک کەسایەتی لەناو سەرکردایەتی شۆڕش بەتایبەت "بەعسییەکان"و لاوازی سەرکردایەتی شۆڕش نەیانھێشت کورد ببێتە شەریکێکی ڕاستەقینە لە دەسەڵات، بۆیە دوای چەند ساڵێک ھەموو کردارەکان پێچەوانە بوونەوە، کورد لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ دوای ئەوەی حکومەتی ئێراقی لە بەلێنەکانی خۆی کە دایبوو بە کورد پاشگەز بوویەوە بزاڤی رشزگاریخوازی کورد لەباشووری کوردستان دەستی کرد بە ھەڵگیرسانی شۆرش، ئەم شۆڕشە، بە شۆڕشی ئەیلووک ناسرا، دوای دوو ساڵ لە٨ی شووباتی ١٩٦٣ بەکودەتایەک شۆڕشی ١٤ی تەمموزیان ئیفلاسکرد و سەردەمی کودەتای سەربازی لە ئێراق دەستی پێکرد، بەعسییەکان پێگەیان لە ئێراقدا قایم کرد، حیزبی بەعسیش دانی بەھیچ نەتەوەیەک جگە لەنەتەوەی عەرەب نەدەنا لە چوارچێوەی ئێراق، بەمەش دۆخەکە ھێندەی تر بەرەو ئاڵۆزی ڕۆیشت، کوردیش دوای ئەوەی شۆڕشی پەرپاکرد تووانی کاریگەری بکاتە سەر حکومەتی ئێراق، شۆرشی لە ناوڕاستی شەستەکانی چەندینجار حکومەتی بەعسییەکانی لە ئێراق ناچار دەکرد کە دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەی کورد ئەنجامبدەن، کەچی ھەمیشە حکومەتی ناوەندی ئێراق مەبەستی ئەوە نەبووە کە کێشەکانی لەگەڵ نەتەوەیی کورد چارەسەر بکات، بەڵکو ھەمیشە ویستوویەتی لۆژیکی خۆی بسەپێنێت بەسەر تەواوی پێکھاتە جیاوازەکان لە ئێراق، بەڵام کورد ھیچ ئامادە نەبوو متمانەی تەواو بە حکومەتی بەعسییەکان بکات، لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان دەیزانی حکومەتی ئێراق دەگەرێت بەدوای دەرفەت بۆ شۆڕش کوردی بتوێنێتەوە لە پێناو بەدیھێنانی مەرام و ئامانجە تاک لایەنەکانی خۆی، دوای ئەوەی لە ١٩٦٨ حیزبی بەعس بەتەواوەتی دەسەڵاتی گرتە دەست لەعێراق کەتا ٢٠٠٣ بەردەوام بوو. دوای دوو ساڵ حکومەتی ئێراقی بەناچاری لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد گەیشتە ڕێککەوتن، لە ١١ی ئازای ١٩٧٠، ئەم ڕێککەوتنە لە کۆمەلێک خاڵ پێکھاتبوو، لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە دانان بەوەی کە باشووری کوردستان بکرێتە ھەرێمی ئۆتۆنۆمی لە ئێراق، ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لەو بەشەی کوردستان، سەرەڕایی ئەوەی ئەم بارودۆخەی لە ئاکامی ڕێککەوتنامەی ١١ی ئازار ھاتەوە کایەو کاریگەری ئەرێنی کردە پارچەکانی تری کوردستانیش، بە پێی خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنامەکە دەبوایە حکومەتی ئێراقی لەماوەی چوار ساڵی داھاتوو تەواوی بەندەکانی ڕێککەوتنامەکە جێبەجێ بکات، کەچی بە پێچەوانەوە ھەر لەسەرەتاوە حکومەت نیازی باش نەبوو، لە ماوەی چوار ساڵ چەندین ڕووداو ڕوویاندان، کە کاریگەرییان کردە سەر ڕێککەوتنامەکە، وەکو ھەوڵی تیرۆرکردنی "بارزانی نەمر" و ھێرش کردنە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەشاری موسڵ و ھەوڵی تیرۆرکردنی "ئیدریس بارزانی"، ئەمانە ئاماژەیەک بوون بەوەی کە حکومەتی ئێراق نیازی باش نییە و نایەوێت ئیەم ڕێککەوتانەمەیە جێبەجێ بکات، پاش ئەوەی گرژی دروستبوو، بارودۆخە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو شەڕ دەڕۆیشت، ئەمەش وای کورد متمانەی بە حکومەتی ئێراق نەمێنێت و ڕوو بکاتە شۆڕشی چەکداری، ئەوەی چاوەڕوان نەکراو بوو لەو ماوەیەدا ئەوەبوو کە حکومەتی ئێراقی لەگەڵ ئێران ڕێککەوت لە ٦ی ئازاری ١٩٧٥، ئەم ڕێککەوتنە شای ئێران ھەموو ھاوکارییەکانی بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی باشووری كوردستان ڕاگرت، بەمەش بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی تووشی نسکۆیەکی گەورە بوو.

لەم ماوەیەدا؛ چەندین پارتی سیاسی دیکە ھاتنە دامەزراندن لەدیارترینیان یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٩ بارودۆخ لە ئێران و ئێراق گۆڕانکاریی بەسەر داھات، لە ئێران ڕژێمی ڕووخێنرا و کۆماری ئیسلامی ئێران دروستکرا لە ڕێگەی شۆڕشەوە، لە ئێراقیش سەدام حوسێن، حەسەن بەکری ناچار کرد واز لە سەرکردایەتی شۆڕش بێنێت، ئیدی دۆخەکە کەوتە ئاستێک کە شەڕ لە نێوان ھەردوو دەستی پێکرد، کە ماوەی ھەشت ساڵی خایاند، لەم ماوەیەدا  و دانوساندن و کفتوگۆی نێوان بەعس و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجامدرا، وەک گفتووگۆکانی ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٨٤بۆ ١٩٨٨، بەڵام ھەموو ئەمانە تەنھا بۆ ئەوەبووە کە کورد بێ دەنگ بکرێت و ھیچ ئاکامێکی لە بواری واقیعییەوە لێ بەدی نەھات،  بگرە حکوومەتی ئێراقی لەماوەی نێوان ساڵنی ١٩٨٠ و ١٩٨٨پرۆسەیەکی دڕاندانەی لە کوردستانی باشوور ئەنجامدا بەناوی پرۆسەی ئەنفاڵ، ھەروەھا لە ١٦ی ئازای ١٩٨٨ چەکی کێمیای بەرامبەر بە کورد بەکارھێنا لەشاری ھەلەبجە، سەڕەڕای سووتاندنی لەناوبردنی ھەزارەھا گووند لە کوردستانی باشوور، ئەم کردەوە دڕندانەی حکومەتی بەعسییەکان لە ئێراق بەڕامبەر بە نەتەوەی کورد، ئەوەی پشت ڕاست کردەوە کە لە ناخەوە بەعسییەکان باوەڕیان بەوە نەبووە جگە لە نەتەوەی عەرەب ھیچ نەتەوەیەکی تر لە ئێراق بوونی ھەبێت، بەم شێوەیە دەکرێت حکومەتی ئێراق لەسەردەمی بەعسییەکان بە خراپترین شێوە مامەلەی لەگەڵ کورد کردووە، ھەر لە تەعریب و تەھجیر و تەبعیس و تەرحلیل تادەگاتە پرۆسەی ئەنفاڵ و کووشتنی بەکۆمەڵ و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و بێ سەروشوێن کردنی کورد لە ئێراق.

گومانی تێدا نییە لە ژێر سایەی ھەلومەرجێکی ئاوەھا نالەبار و نابەرامبەردا کوردیش لەسەر مافی خۆی دێتە گۆ و بەجواب دێت و داوای مافەکانی خۆی دەکات، ھەرکاتێکیش ھیچ ڕێگەیەکی ھێمنانەیان بۆ نەھێشتبێتەوە، بەناچاری پەنای بردۆتە بەر زەبرو زەنگ و شۆڕش، ئەوەش مافێکی سەرەتایی و سرووشتی ھەموو نەتەوە و گەل و تاقم و دەستەیەکی زولم لێکراوە لەسەرتاسەری دونیا، ھەر ئەم زوڵمەش بووە پاڵی بەگەلی کوردەوە ناوە ڕاپەڕێ و شۆڕش بکات، ھەر ئەمەش وای کردووە لەوەتەی دەوڵەتی ئێراق دروستکراوە، کورد لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاری دابێت، لەگەڵ دەسەڵات و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق. سەرەڕای ھەموو ئەو شێوازە ستەمکارەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق لە ھەمبەر پرسی کورد کردوویەتی، ناکرێت مەسەلەی ناوخۆی کورد لە ئێراق، کە پەیوەندی یەکگرتووی یەک ھەلوێستی و یەک دەنگی کورد، کاریگەری زۆری بەسەر دۆزی کورد ھەبووە لە ئێراق، لەلایەک و ھەروەھا کاریگەری سیاسەتی نێودەوڵەتیش یەکێک بووە لە ھۆکارە نێگەتیڤەکانی دۆزی کورد لە ئێراق، کەبەردەوام پەیوەندی لەنێوان بەرژەوەندی دەوڵەتە زڵھێزەکان و دۆزی کورد پەیوەندییەکی پێچەوانە بووە نەک پەیوەندییەکی ڕاستەوانە.

دوای ھەشت ساڵ شەڕ کردن لە نێوان ده‌وڵەتی ئێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەئەنجام شەڕەکە کۆتایی پێھات کە ئەم شەڕە بە شەڕی یەکەمی کەنداو ناسراوە، بەڵام کۆتایی پێ ھاتنی شەڕ نەبووە ھۆی ئەوەی کە حکومەتی ئێراقی سیاسەتێکی ئەقلانی لە پێش بگرێت، لەلایەکی تریشەوە ئێراق لەشەڕی ھەشت ساڵەی تووشی داڕمان و زیانێکی زۆر ھاتبوو، بۆ شاردنەوەی حەقیقەتی بارودۆخی ناوخۆیی ئێراق دەست بە ھەڕەشەکردن کرد لەسەر کوەیت، دوای ماوەیەکی بەھێزێکی سەربازی زۆرەوە داخڵی سنووری دەوڵەتی کوەیت بوو و داگیریکرد، ئەمە بووە ھۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا ھێرشێکی گەورە بکەنە سەر سووپای ئێراق لە کوەیت، ئەمە جەنگە بەجەنگی گەردەلوولی بیابان یان جەنگی ڕزگار کردنی کوەیت ناسرا کە لە ساڵی ١٩٩٠ بوو، بۆ ئەوەی کوەیت لە ژێر دەسەڵاتی سووپای ئێراق ڕزگار بکەن، لەم کاتەدا بەرەی کوردستانی کە پێکھاتبوو لە حیزب و لایەنە سیاسیە کوردییەکانی باشووری کوردستان کەوتە خۆ ئامادەکردن بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە کە دەوڵەتی بەرەو ڕووی ببوویەوە، بەجۆرێک کە ئێراق لە بارودۆخێکی سیاسی و سەربازی زۆر شلۆق دابوو، لەبەر ئەوەی ھاوپەیمانان سووپا زەبەڵاحەکەی ڕژێمی بەعسیان تێکشکاندبوو لە کوەیت، بەرەی کوردستانی ئامادەکاری تەواوی کردبوو بۆ ئەوەی خەڵکی باشووری کوردستان ھەڵسنەوە لەبەرامبەر ڕژێمی بەعس لە کوردستان، ئەوەبوو لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ یەکەم بلێسەی ڕاپەڕین و بەگژداچوونەوەی خەڵکی باشووری کوردستان لە بەرامبەر دام و دەزگاکانی حکومەتی ئێراقی دەستی پێکرد، لەماوەیەکی کەمدا توانرا تەواوی خاکی باشووری کوردستان پاک بکرێتەوە لە دام و دەزگا سەرگوتکەرەوەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حوسێن، ئەمە وەرچەخانێکی گەورە بوو لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، ھاوکات لەگەڵ ڕاپەڕێنەکەی باشووری کوردستان خەڵکی باشوری ئێراق ڕاپەڕینیان دەستپێکرد لەدژی حکومەتی بەعسییەکان لە ئێراق، بەڵام حکومەت کەوتە وێزەی خەڵک و ڕاپەڕینی لەباشوری وڵات سەرکوت کرد، کاتیک حکومەتی ئێراقی ویتسی لە باشوری کوردستانیش بەرەنگاری خەڵک بێتەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی لەبارەی باشووری کوردستان دەرکرد بەمەبەستی دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین (No Fly Zone)، ئەم بڕیارە بە بڕیاری (٦٨٨)ی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناسراوە، ڕاپەڕین دەستکەوتی گەورەی گەلی کوردە لە باشووری کوردستان بەجۆرێک کە ڕاپەڕین فاکتەری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی حیزب و لایەنە کوردستان حکومەت و پەرلەمان لە باشووری کوردستان دروستبکەن، لەھەمان کاتدا بوونی بۆشایەکی سیاسی و ئیداری لە ئاکامی وەدەرنانی دام و دەزگاکانی حکومەتی ئێراقی فاکتەرێکی تر بووو بۆ ئەوەی لە باشووری کوردستان دام و دەزگای ئیداری خۆجێی دروست بکرێن،  ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دروست کردنی ناوچەی دژە فڕین لە باشووری کوردستان گۆڕانێکی مەزن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و چۆنییەتی دەست وەردان لەکاروباری ناوخۆی دەوڵەتان لەکاتی تەنگژە جۆراجۆرەکان، بەم شێوەیە سەروەری دەوڵەتان لەو کاتەوە نەبووە ڕێگر لە دەست وەردانی دەرەکی لەکاتی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتان لەبەرامبەر گەڵ و نەتەوە جیاوازەکان، بەم شێوەیە لەدوای جەنگی ئازاد کردنی کوەیت و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لەدژی حکومەتی بەعس باشووری کوردستان بەشێوەیەکی ئیداری جیاواز لە ئێراق کاروباری خۆی بەرێوەبردووە، بەجۆرێک کە ھیچ کات لەماوەی دوای نێوان ھەردوو جەنگی دووەم و سێیەمی کەنداو باشووری کوردستان نەگەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی بەڵکو کارەکانی خۆی بەڕێوەبردووە، بەمەش بوو بە دیفکاتۆ و ئەمری واقیع بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەجیاواز لە دەوڵەتی ئێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.


ئه‌م بابه‌ته 278 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر