(دیپلۆماسییەتی لوتکە)

دیپلۆماسییەتی لوتکە: دیاردەیەکی نوێ وهاوچەرخی دیپلۆماسییە، بەهۆی بوونی پەیوەندیی ئاڵۆز وتێکچڕژاوی ئاوێتەی خێرا گۆڕاو، لەنێوان کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان.
PM:02:01:10/06/2022
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا




کۆمەڵگەیی مرۆڤایەتی هەر لە بوونەوە، دۆخی ململانێ و شەڕ و ناکۆکی بەخۆیەوە دیوە، بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو ئاریشانە پەنا بۆهێزو توندوتیژیی و چەک براوە، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات و گۆڕانکارییە خێرا و جۆراوجۆرەکان بەهۆی شۆڕشیی پیشەسازی و تەکنەلۆژی، هەروەها پەرەسەندنی ئامڕازەکانی( زانیاریی، گواستنەوە و گەیاندن) وای پێویستکرد کە پەنا بۆ ڕێگەچارەی ئاشتییانە ببرێت بۆ چارەسەریی کێشەو ململانێکان. 

فراوانبوونی بەرژەوەندییەکان، بووە هۆی سەرهەڵدانیی کێشەی نوێ، لەبوارەکانی (سنوور، ئاو، نەوت، مافی مرۆڤ، ژینگە، تیرۆر،کۆچ وپەنابەران)هتد..، ئەمەش هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا بیر لە میکانیزمی نوێ بکەنەوە بۆ کۆنتڕۆڵ و ڕێکخستنی ئەم کێشانە. بۆ ئەمەش لەڕێی دروستکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر.

قۆناغی نوێی ئەم دیپلۆماسییەتەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەستنی پەیماننامەی ئاشتیی وێستڤالیا لەساڵی 1648، وەک یەکەم ڕێکەوتننامەی دیپلۆماسی. ئەوەی ڕۆڵی هەبوو لە پێشخستنی ئەم پەیوەندییە دیبلۆماسییانە، بەستنی کۆنگرەکان و دامەزراندنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، کەبوونە فاکتەر و زەمینەیی پەرەسەندنیی ئەم پەیوەندییانە، وەک ئامڕازێکی سەردەمییانە لەخاوکردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکان.

دیپلۆماسییەتی لوتکە: دیاردەیەکی نوێ وهاوچەرخی دیپلۆماسییە، بەهۆی بوونی پەیوەندیی ئاڵۆز وتێکچڕژاوی ئاوێتەی خێرا گۆڕاو، لەنێوان کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. لەڕووی زمانەوانییەوە، دیپلۆماسی، بەواتای بڕیاری نێوان دوولایەن، کەلەبنەڕەتدا، وشەیەکی یۆنانییە، بەواتای(بەڵگەنامەیەکی پێچراوه‌) دێت، کەلەنێوان پاشاکاندا دەردەچوو. لوتکەش بەواتای(شوێنگەیەکی هەرە بڵند).

(کولسکی) دیپلۆماسییەتی لوتکە وادەناسێنێت کە"بریتییە لەو کۆنگرانەی سەرۆک دەوڵەت وسەرۆک حکومەتەکان لەنێوان خۆیان دەیبەستن، کەتیایدا چەندین بڕیاریی گرنگیی سیاسی دەردەچێت، بۆ خزمەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان"

دیارترین کۆبوونەوەکانی لوتکە:-

٭کۆنگرەی ڤیەننا، ساڵی 1815، کە پاش شکستی ناپلیۆن بەسترا، بووە هۆی دانانی بناغەی سیستمیی تازەی نێودەوڵەتی، بەرەو ئاشتەوایی لەئەوروپا.

٭ پاش جەنگیی جیهانیی یەکەم، بەڵێننامەی چوارقۆڵی(بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا) لەساڵی 1933، کە بووە هۆی سازدانی چەندین کۆبوونەوە ودیداری نێوان (هیتلەر و مۆسۆلینی) و (هیتلەر و تشمبرلین) ی سەرۆک وەزیرانیی بەریتانیا، کە ڕێککەوتننامەی میونخ ی لێکەوتەوە، ساڵی 1938.

٭دیدارو کۆبوونەوەکانیی نێوان(فرانکلین ڕۆزفیلت) سەرۆکی ئەمریکا  و(چەرچل)سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا. ساڵی 1950 بۆیەکەمجار(وینستۆن چەرچل) چەمکی (دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی) هێنایە ناو فەرهەنگیی سیاسیی وپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. 

٭کۆنگرەی چوار جەمسەریی نێوان(ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤییەت، بەریتانیا و فەرەنسا) لە ساڵی 1955لە جنێڤ.

٭کۆنگرەی (کامب دیڤد)ساڵی 1959، لەنێوان (خرۆشۆف) سەرۆکی پێشووی سۆڤیەت وسەرۆکی ئەمریکا(ئایزنهاور).

لەئێستاشدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان گەشەیەکیی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بەهۆی پێکەوەگرێدان وپێکداچوونی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان، لەپێناو خاوکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەریی ئەو مژارانەی جێی ناکۆکیی لایەنەکانن پەنای بۆ دەبرێت.

کۆنگرەکانیی لوتکە وجۆرەکانی:

*کۆنگرە لوتکەییە گشتییەکان: له‌م جۆرە کۆنگرانەدا سەرۆکی وڵاتان بەشداردەبن، نمونە: ئەو کۆنگره لوتکەییانەی نەتەوە یەکگرتووەکان گرێیان دەدەن، تایبەت بەو پرسانەی لای جیهان گرنگن

* کۆنگرە لوتکەییە هەرێمییەکان: تایبەت بەو سەرۆک وڵاتانەی دەکەونە سنورێکی دیاریکراوەو یان پەیوەندیی نەتەوەیی، ئایینی کۆیان دەکاتەوە.

٭ کۆنگرە لوتکەییە کیشوەرییەکان: ئەم جۆرەیان گرنگیی بە کیشوەرێکی دیاریکراو دەدات، سەرۆکی ئەو وڵاتانە ئامادەی دەبن کە لە سنوری یەک کیشوەرن، لەوانە: یەکێتیی ئەوروپا، یەکێتیی ئەفریقا.

٭ کۆنگرە تایبەتمەندەکان: ئەو کۆنگرانەن کەلەنێوان سەرۆکی وڵاتان دەبەسترێت، کە بەرژەوەندییان تایبەتە دژی دەوڵەتێکی تر.

٭کۆنگرە لوتکەییە هونەرییەکان: ئەم کۆنگرانەش لەنێوان سەرۆکی وڵاتان دەبەسترێت، تایبەت بە دەرهێنانی نەوت، ئاسن، گازی سروشتی، خەڵۆز، وەک ئۆپیک. 

٭کۆنگرە لوتکەییە سەربازییەکان: وەک کۆنگرەی دەوڵەتانی ناتۆ.

لەئێستاشدا، چەندین لقی تری ئەم کۆنگرانە بوونیان هەیە، وەک کۆنگرەکانی دیپلۆماسیی، مافی مرۆڤ، ژینگە، ئاشتی، کۆنگرەیی ئابووری(داڤۆس).

بەهۆی گرنگیی و بایەخی دیپلۆماسییەتی لوتکە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، و چارەسەرکردنی گرفت و ناکۆکییەکان و هێنانەکایەی ئاشتیی، وای لەسەرۆکی وڵاتان کرد بەپیر ئەو هەنگاو و ئامڕازانەوە بچن، کە وەک نەرمەهێزێک سوودی لێوەردەگرن لەپێناو گەیشتن بە ستراتیژ و ئامانجەکانییان. لەئەنجامی هاتنەناوەوەی ڕەگەزی نوێ بۆ ناو کایەی نێودەوڵەتیی وەک: بابەتی وزە، کەشوهەوا، پیسبوونی ژینگە.

بۆیە پەنابردنە بەر دانوستان ولێکتێگەیشتن تاکە بژاردەیە لەبەردەم سەرۆک و سیاسییە باڵاکانی جیهان. لەلایەکی تر کاریگەریی ڕای گشتیی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر سیاسەتی دەرەوە، لەم چوارچێوەیەشدا دیپلۆماسییەتی لوتکە هەستا بە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو داخوازییانەدا.

دکتۆر(سامر کامل) باس لەو فاکتەرانە دەکات کە بوونەتە هۆی پێشخستنیی دیپلۆماسییەتی لوتکە.

٭پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامڕازەکانیی(گواستنەوەوگەیاندن)کە زەمینەی ڕەخساندووە لەنێوان سەرۆک دەوڵەتەکان، تابتوانن بەئاسانی و خێرایی هاتوچۆ بکەن و دیدار سازبدەن.
 
٭گەشەکردنی پیشەسازیی و فراوانبوونی بازرگانی دەرەکی و ڕۆڵی کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان، لەسایەی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و(gatt) لە ساڵی1948، سەرەڕای دۆزینەوەی(چەکی ناوەکی) وڕۆڵی لەدروستکردنیی ناکۆکییەکان، ئەمەش وڵاتانی زیاتر ناچارکرد لەپێناو خۆ پارێزیی لە زیانەکانی ئەم چەکانە، لەلایەکی تر گۆڕانکاریی لەسیستمی نێودەوڵەتی و ئاڵوگۆڕە جیهانییەکان، لەسەدەی بیست ویەک بوونی ئەمریکا به تاکە جەمسەری جیهان، هەژموون وباڵادەستی بەسەر وڵاتانی تری جیهان.

* گەشەکردنی هۆشیاریی گەلان، هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، دۆخەکەیان گەیاند بە  ئاڵۆزبوون و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان، درک کردن بەوەی کە شەڕو پێکدادن ناتوانێت چارەسەریی ئەم ئاڵۆزیانە بکات، بەڵکو زیاتری دەکات، بۆیە دانوستان وگفتوگۆ تاکە بژاردەن لەسەردەمی ئێستادا.

٭دەرکەوتنیی ڕێکخراوە نێودەوڵەییەکان، نمونەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان یەکێتیی ئەوروپا...

دکتۆر(فازل زەکی)، لەکتێبی(دیپلۆماسییەت لەجیهانی گۆڕاودا) کۆمەڵێک تایبەتمەندیی دەخاتەڕوو کەهاوکارن بۆ بەهێزبوونی دیپلۆماسییەت، پێی وایە کە" ئازادبوونی زیاتری سەرکردەکان، کاریگەریی ڕای گشتیی لەبارەی دانوستان و گفتوگۆ. بەستنی ڕێککەوتننامە وپەیماننامەکان، ئەنجامدانی کۆنگرەکان بەو خێراییە و دیدارەکانی سەرۆکی وڵاتان، زیاتر پەیوەندی دۆستانە بونیاد دەنێت.

دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە کۆنگرەکانی لوتکە گرنگیی و بایەخی ئێجگار زۆریان هەیە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی، هونەرێکە، سەرۆکەکان پەنای بۆ دەبەن. بەڵام سەرنج وخاڵی لاواز سەبارەت بەم دیدارە لوتکەییانە ئەوەیە کە: زۆرێک لەو کۆنگرانە دەستکەوتێکی ئەوتۆیان لێ بەدەستنایەت، بۆ نمونە کۆنگرە لوتکەییە عەرەبییەکان، کە زۆر جار شکستییان هێناوە لەو ئامانجانەی کۆنگرەکەیان بۆ بەستووە. بۆیە هەندێک لەو کۆنگرانەی ناگەن بە دەرئەنجامی باش، دۆخێک لە ترس ونائومێدیی و نیگەرانیی لای ڕای گشتی دروست دەکات، یاخود دەبێتە هۆی گرژیی زیاتر و یەکتر تۆمەتبارکردن لەنێوان وڵاتانی بەشداربوو بۆ خستنە ئەستۆی بەرپرسیارێتیی وکەموکوڕییەکان..


سەرچاوەکان/
 

الدبلوماسیة في عالم متغیر- د. فاضل زكي..

الدبلوماسیة المعاصرة  واستراتیجیة ادارة المفاوضات – د. ثامر كامل محمد

ڕۆڵی دیپلۆماسییەتی لوتکە لە یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکان _ یونس تەڵعەت دەباغ...




ئه‌م بابه‌ته 290 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر