ڕەزا شای کوڕ لە نێوان وەهمی دیموکراسی و پاشایەتیدا

ڕەزاشای یەکەم وەکوو باواگەورەی باوەڕی بە ناوەندگەرێتی و دەسەڵاتخوازییەک هەیە کە یەک نەتەوەی سەردەست سەرپشک و پێشەنگی حوکمڕانی و دەسەڵات بێت ئەویش فارسە.
PM:11:30:14/06/2022
دۆسیە: شیکار




لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای ڕووداوی میترۆپۆلی ئابادان لە پارێزگای ئەهواز و کوژران و بەژێرەوەبوونی چەندین کەس بەهۆی بێ پلانی و بێبەرنامەیی و کەلێن و درزی گەورە لە بەڕێوەبەرایتی بیناسازی لە حکوومەتی ئێراندا ناڕەزایەتییەکان دەستیان پێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا بۆ چەندین شوێن و شار و شارۆچکەی دیکە پەرەی سەند و بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ڕوانگەی گشتی و سۆنگەی جەماوەرەوە وەک کەمتەرخەمیی دەسەڵات لە پرۆژەکانیدا وێنا کرا و بەرپرسانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەم ڕووداوەی بە شێوەی جیاواز جیاواز هێنایە سەر خەت و گوڕوتینێکی دیکەی دا بەو ناڕەزایەتییانەی کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لەوانە گەندەڵی و هەڵاوسانی ئابووری و گرانی و...  لە کۆمەڵگای ئێرانیدا کەڵەکە بووبوو.

جیاواز لەوەی کە لە ڕووداوانی وەهادا کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دێنە سەر شانۆی میدیاکان و بۆ ڕەواندنەوەی ناڕەزایەتییەکان و ئەو کارەساتانەی کە لە ڕاستیشدا بەهۆی کەمتەرخەمی و لێنەهاتوویی لە بەڕێوەبەرایەتی و حوکمڕانیدا دێنە ئاراوە، دەنگی ئۆپۆزیسیۆنیشی بەرز کردووەتەوە و هاتوونەتە سەر خەت. ئەگەرچی لەم ناڕەزایەتییانە کۆمەڵێک دروشم دژی حکوومەت و بەرپرسانی گەورە و بچووکی کۆماری ئیسلامی دەدران بەڵام هەندێ لە دروشمەکان پشتگیری لە ڕەزاشا یەکەمین پاشای نیزامی پاشایەتیی پەهلەوی بوو کە لە ژێر ناوی ((ڕەزا شا، ڕۆحت شاد)) بیسترا، ئەگەر بە ئینساف و بە ویژدانەوە چاو لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئێران بکەین ئەوا بەشێک لە دروشمەکان هەڵگری ئاماژەن بۆ ڕەزاشا و سیلسیلەی پەهلەوی بەڵام ئەمە بە مانای پەسەندکردنی سیستەمی پاشایەتی و بە تایبەتی بنەماڵەی پەهلەوی نایەت ئەوەندەی ئاماژەن بۆ نەبوونی ئاڵتەناتیڤ و جێگرەوەیەکی بەهێزی سیاسی نیو ئەوەندە ئاماژە بۆ هەڵبژاردنی هەمان سیستەم لە ناڕەزایەتیی و بشێوییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا نییە و لەم نێوانەشدا نابێ ڕۆڵی میدیا و پڕوپاگەندە لە شانۆکەدا نەدیو بگرین، ئەو میدیا زەبەلاحانەی کە ئەم پلەن و دیمەنە لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان زەق دەکەنەوە بریتین لە (ئێران ئینتەرنەشناڵ) بی بی سی فارسی، ئیندیپێندێنتی فارسی، ڕادوێ فەردا، دەنگی ئەمریکا و...ن، ئەمەش لە ڕاستیدا بەرنامە و پرۆژەیەک نەبووە کە ئێستە پێی هەستابن بەڵکوو ساڵانێکە لە ناو ئاوەها دیسکۆرس و گوتارێکدا ئیش دەکەن و خۆیان بۆ ڕۆژانی ئاوەها مەڵاس داوە کە ئاڕاستەی ناڕەزایەتییەکان بەرەو یەک لایەن و ڕەهەند ببەنە پێشەوە و پێناسەی بکەن.

ئەوەی ئاگادارییەکی ڕۆژنامەنووسانەی ئاسایی لە سەر هەلومەرج و ڕووداوەکانی ئێران هەبێت و تەنانەت چاودێرێکی ئاسایی ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی ئێران بێت دەزانێت کە ناڕەزایەتییەکان یەک سەرچاوە و ئاخێزگەیان نییە و هەر کامەیان و بەپێی هەر شار و ناوچەیەک دەلالەت و ئاماژەی خۆیان وەردەگرن. لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا ئەگەر تێڕوانینێکی کۆمەڵناسانەی واقیعبینانەمان هەبێت ئەوا سەرەکیترین شت کە دەبێ لەبەرچاوی بگرین و پێش هەر خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و خۆبەخاوەنکردنێکی هەر شەپۆلێکی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکی سیاسی و چینایەتی و ئیتنیکی دەبێ دانی پێدا بنێین ئەمەیە کە ئەو جوگرافیایەی کە ناوی ئێرانە پێکهاتێکی موزائیکی و فرەڕەنگی ئیتنیکی و کەلتووری و زمانیی هەیە و ئەمە نەک لە ڕووی دیموگرافی و حەشامەت و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە بەڵکوو لە ڕووی دەرکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی و مێژووییەکانیشەوە سەلماوە و حاشاهەڵنەگرە.

بۆیە ئەو شانۆ میدیاییەی کە فۆکۆس و پێداگریی لەسەر یەک ڕەهەندی کۆمەڵگای ئێرانی و یەک دروشمی ناو ناڕەزایەتییەکانە هەر لە ئێستەوە خەریکی خۆڵکردنە چاوی خەڵک و خۆبەخاوەنکردنی ناڕەزایەتیگەلێکە کە نەتەوەخواز و کرێکار و مامۆستا و قوتابی و سیکولار و دیموکراسیخواز و ڕۆشنبیران و ئەوانەی جیاواز بیر دەکەنەوە لە کۆی پێکهاتە کەلتووری و سیاسییەکە و تەنانەت ئایینییەکانیش دەگرێتەوە و دەیەوێت هەموو ئەمانە نەدیو بگرێت، بۆیە لەم شانۆیەدا دەبێ زۆر ئاگاداری ڕۆڵی میدیا زەبەلاحە ئێرانچییەکان و لایەنگەلی پشتەوەی ئەم پلانە بین کە پێناچێت لە دەرەوەی بازنەی پلانی هێزگەلی کۆلۆنیاڵ و چەوسێنەر و داپڵۆسێنەریش بن. ئەمجارەیان و بەم ڕووداوەی شاری ئابادان کە لە ناڕەزایەتییەکاندا ئەم دروشمە بەرز کرایەوە(ڕەزا شا، ڕۆحت شاد) لە لایەن میدیاکانی سەر بە ئێرانچێتییەکان و ئێرانشاری زەق کرایەوە و هەموو کێشە ئابووری و سیاسی و کەلتووری و ئیتنیکییەکانی بە گەڕانەوەی سیستەمێکی پاشایەتی لە خەیاڵی خۆیدا چارەسەر دەکرد، گەرچی بە ڕواڵەت کوڕەزای ڕەزاخانی میرپەنج واتە ڕەزا شای بنیاتنەری دەوڵەتی پەهلەوی یەکەم دەڵێت کە باوەڕی بە ڕای گەلی ئێران و دیموکراسی هەیە بەڵام بە شێوەی فەرمی بەناوی "شازادە ڕەزا پەهلەوی" هاتووەتە ناو پانتاکەوە و چەندین ساڵە لە دەرکەوتنە کەم و کورتەکانیدا هەر بەم ناوەوە  خۆی و هەڵوێست و بیروڕاکانی لەمەڕ ئێران دەربڕیوە.

ئەو لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لێدوانێکدا کە نێزیکەی چل دەقە زیاتری خایاند و دواتر بە پرسیار و وەڵامی ڕۆژنامەنووسانێکی هەڵبژێردراوی دیاریکراو ڕۆشت بۆ سەرووی کاژێرێک لە سەر زۆر بابەت بە شێوەی وردەکارانە قسەی کرد. ئەو لە بەشێک لە قسەکانیدا دەڵێت "ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەڕوات...ئێستا گەورەترین ئۆپۆزیسیۆن و ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوە ئێوە نەتەوەی ئێرانن." لە ڕاستیدا ئەم قسانەی ڕەزاشای کوڕی حەمەڕەزای پەهلەوی هیچ جیاوازییەکی نییە لە دەلالەتە فاشیستی و خۆپەرستانەکانی ئێرانچێکانی ناوخۆی ئێران کە بە دەیان نموونەیان دەمامکیان لێ هەڵمالڕاوە و ڕوخساریان بۆ ئێمە وەک کورد دەرکەوتووە بە تایبەت لە کاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، ئەو بەشێوەی ورد ناڵێت ئێران کوێیە و چییە بەڵام بە تاکتیکێکی دیسکۆرسیڤ دەڵێت ئێران هەمان پێناسەی هەیە کە ڕژێمەکانی پێشتر لە کۆماری ئیسلامی واتە دوو سەردەمی باواگەورەی واتە ڕەزا شای پەهلەوی لە سەردەمی دەوڵەتی یەکەمی پەهلەوی و باوکی واتە حەمەڕەزا شای باوکی لە سەردەمی پەهلەوی دووهەم پێناسە کراوە دواتر بە شێوەیەکی سەیر و سەرسووڕهێنەر قسەکانی دەلالەت لە وەهمی پێگەی جەماوەری و پەسەندزانینی سیستەمی پاشایەتییەک دەکەن کە بە دڵنیاییەوە تەنها وەکوو نۆستالۆژییەک لای ڕێژەیەکی کەم لە خەڵکی ئەو جوگرافیایەی ناوی نراوە ئێران ماوەتەوە. 
 
ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زیاتر و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئێران و پێکهاتی سیاسیی داهاتووی ئێران مانیفێست دەکات و دەڵێت"خاڵی جێگەی سەرنج لە ناڕەزایەتییەکانی یەک مانگی ڕابردوودا ئەمە بووە کە لوڕ و بەختیاری و عەرەب و فارس هاوشانی یەک و لە پاڵ یەک وەستان و تووڕەیی و نەفرەتی خۆیان لە هەمبەر دوژمنی هاوبەشیاندا دەربڕی" ئەگەرچی ئەم دەربڕینانەی وەکوو کراوەیی و جیاوازنواندنێک لە ئەدەبیات و ئاخاوتن و دیسکۆرسی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەبینرێت بەڵام لە بەشی دوایی قسەکانیدا ئەم ڕستانە زیاتر دەلالەتی ڕاستەقینەیان ڕوون دەبێتەوە و لەو حاڵەتی داننان بە کەمینە و نەتەوەکان دەردەچێ و ڕاستەوخۆ بە ئەدەبیات و ئاخاوتنێک دێتە گۆ کە تەنها و تەنها دەلالەت لە سەر دوو ئاڕاستەی مانایی دەکەن. یەکەم ئەوەی کە ئەم کەسایەتییە کە لە وەهمی کاریزمابووندا و بە گەمارۆی هەندێ هێزی ئێرانچی و شکستخواردووی ناوخۆ و چەپڵە و شانتاژی میدیایی هەندێ میدیای ئاڕاستە دیاردا باوەڕی کردووە کە دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر تەختی پاشایەتی، تەنانەت ئەگەر وەکوو خۆیان دەڵێن "سەڵتەنەتی مەشرووتە" واتە (پاشایەتییەکی مەرجدار)یش بێت.

واتە لەم سۆنگەیەوە ڕەزاشای نەوەی ڕەزاشای یەکەم وەکوو باواگەورەی باوەڕی بە ناوەندگەرێتی و دەسەڵاتخوازییەک هەیە کە یەک نەتەوەی سەردەست سەرپشک و پێشەنگی حوکمڕانی و دەسەڵات بێت ئەویش فارسە. ئاڕاستەی دووهەمی ئەم دەربڕینە دەلالەت لە جەهل و نەزانینێک دەکات کە دیسکۆرس و گوتاری ئەو لە واقیعی ئێستای ئێران و پێکهاتە فرە نەتەوە و فرە ڕەنگەکەی دوور و دابڕاوە کە دەشێت هۆکارەکەی هەمان وەهمی کاریزمابوون و پەسەندبوونی جەماوەری بێت کە بە چەپڵە و چەقەنەلیدانی هەندێ هێز و لایەنی ئایدۆلۆژیک و نۆستالۆژیکی دەوروبەری بێت واتە ئەم دوو ئاڕاستە و حاڵەتە یەکتر بەهێز دەکەن. لە هەر دوو ئاڕاستە و حاڵەتەکەدا کارەساتی گەورە خۆی حەشار داوە. بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەم لێکدانەوەیە و ئەم تێڕوانینە و بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی تێڕوانینی ڕەزاشای کوڕ لەبارەی نەتەوەکانی ئێران با بەشی دیکەی قسەکانی بگێڕمەوە. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "داوا لە سەرۆک خێڵ و هۆزە گەورەکانی تایفەکانی ئێران لە لوڕ و بەختیاری و کورد و بەلووچ تاکوو عەرەب و قەشقایی و تورک و تورکەمەن دەکەم بۆ پشتیوانی لە خەڵکانێک کە بوێرانە دێنە سەر شەقامەکان پەیامی یەکگرتن و یەکڕێزی هەڵگرن".

وەکوو دەبینین لەو بەشەی کە باسی ناڕەزایەتییەکان دەکات هیچ پاشگرێک بۆ لوڕ و بەختیاری و فارس بەکار نابات چونکە (فارس) لەوێدا هاتووە بەڵام لە دەربڕینی دووهەمیاندا بە سەرۆک هێز و خێڵ و عێل باسی کورد و لوڕ و... دەکات و هیچیشیان نابووێرێت، ئەمە دووفاقێتییە لە بەکاربردنی دەستەواژەکاندا لە ڕاستیدا پێش هەر شتێک فێڵ و کایەیەکی زمانی و دیسکۆرسیڤە کە بەو شێوەیە ڕەزا شا هەم دەیەوێت کۆمەڵە پانئێرانیست و ئێرانچێتییەکانی دەوروبەری خۆی پێ بێدەنگ بکات و هەمیش ئەمە بڵێت کە دانی بە هەموو دانیشتوانی ناو جوگرافیای ئێراندا هێناوە بەڵام چ داننانێک؟؟ داننانێک کە تەنها و تەنها لە تێگەیشتنێک هەڵدەخێزێت کە خوێندنەوەی بۆ کۆمەڵگا و پێکهاتی کۆمەڵایەتی هی سەد ساڵ پێش ئێستایە و لە جەهلێکەوە هەڵدەخێزێت کە لەسەرەوە تیشکم خستە سەری یان نا دەگەڕێتەوە بۆ هەمان سیاسەتی پەهلەوییەکانی پێشوو واتە ناوەندگەرێتی و نکۆڵیکردنی کەمینە و نەتەوەکانی دیکە. دژوازییەکانی ئەم دیسکۆرسە کاتێک دەردەکەوێت کە باسی دیموکراسی دەکات و داکۆکی لە مافی هەموو ئێرانییەکان دەکات وەکوو بڵێی پێش ئەو ڕژێمەکانی پێشوی تاران باسیان نەکردبێت! ئەو ڕەخنە لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی دەگرێت کە باوەڕی بە نەتەوە نییە و بە "ئومەت" هەیە و لە حاڵێکدا خۆیشی بە هەمان پێکهات ئایدۆلۆژیاکەی ئاڕاستە دەکات و دەیخاتە ڕوو، ئومەت هەموو باوەڕدارانی ئایینێکی دیاریکراو دەگرێتەوە و نەتەوەش بەم پێناسەیەی ئەو هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە ئێراندا دەژین و لە ژێر یەک ئاڵا و یەک کەلتوور و زماندا دەژین کە ئەویش فارسییە! ئەم شانۆ پێکەنیناوی و بە ڕواڵەت جیدییەی ڕەزا شا دەرخەری وەهمی ئەوە بۆ پێگەی خۆی و سیستەمێکی پاشایەتی و فامی هەلپەرەستانە و خۆخوازانەیەتی بۆ دیموکراسی!

خەڵکی دانیشتووی جوگرافیای ئێران لە ماوەی دەیان ساڵ خەباتی مەدەنی و ڕۆشنگەری و وشیاریدا دەزانن پاشایەتی و دیموکراسی وەکوو جنۆکە و بیسمیل وان و هەر جۆرە تێکەڵکردن و خستنەڕووی ئاوەها پرۆژە و ئەڵتەرناتیڤێک جگە لە تڕکەڵەک و تراویلکە هیچی دیکە نییە! تراویلکەیەک کە وڕێنە و خەون و ڕێشکە و پێشکەکانی نادیارە!



ئه‌م بابه‌ته 253 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر