پێنج نەخشە کە ڕوانینتان بۆ جیهان دەگۆڕن

قوتابخانە دەوڵەتییەکانی بۆستۆن بەم زووانە ڕایانگەیاندووە لەمە بەدوا ئەو نەخشە جیهانییانە بەکار دێنن کە بە پێی پڕۆجێکشنی پیتێرز بێت.
PM:03:20:20/06/2022
دۆسیە: شیکار




قوتابخانە دەوڵەتییەکانی بۆستۆن بەم زووانە ڕایانگەیاندووە لەمە بەدوا ئەو نەخشە جیهانییانە بەکار دێنن کە بە پێی پڕۆجێکشنی پیتێرز بێت. ئەم بابەتە وادیارە لە مێژووی قوتابخانە دەوڵەتییەکانی ئەمریکا بێ وێنەیە. بۆچی؟ چونکە ئەم پرۆجێکشنە ئەندازەی(size) ڕێژەیی وڵاتە جیاجیاکان ڕاست و ورد نیشان دەدات. ئەم میتۆدە لە نەخشە کێشانەوەی جیهان، سەرەڕای ئەوەی کە شێوەی  Shapesوڵاتان دەگۆڕێت، خۆ لە گەورە نیشاندانی وڵاتانی پێشکەوتووی ئەورووپا و ئەمریکای باکوور و بچووک نیشاندانی وڵاتانی کەمتر پەرەگرتووی ئاسیا، ئەفریقیا و ئەمریکای باشوور دوور دەگرێت. 

ئەمە ئەو ڕووداوەیە کە پرۆجێکشنی زیاتر ناسراو و بەکارهێناراوی مێرکاتۆر خۆی لێ نابوێرێت لە نزیکی جەمسەرەکان زەویی گەورەتر و لە نزیکی هێڵی ئۆستۆوا زەویی بچووکتر نیشان دەدات. هەر بۆیە، باکووری جیهانیی پەرەگرتوو لەوەی کە بەڕاستی هەیە، گەورەتر دەردەکەوێت و ناوچە ئۆستۆواییەکان کە بە زۆریی کەمتر پەرەگرتوون  بچووکتر دیارن. ئەم بابەتە بە تایبەت لەو ڕووەوە کێشە دەنێتەوە کە یەکەم نەخشە مێرکاتۆرییەکانی جیهان لە سەر دەستی کۆلۆنیالیستە ئەورووپییەکان ئامادە کراون. 

هۆکاری ئەم کێشەیه‌ چییە؟ بە دەڕبڕینی سادە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە جیهان گۆییە و نەخشەکانیش تەختن flat. ئەمە لای خۆتان وێنا بکەن کە نەخشەی جیهانتان لە سەر پێستی پرتەقاڵ کێشابێتەوە و ئەو کات پێستەکە ساخ و تەواو بە دەستەوە بگرن و بتانهەوێ تەخت دایبنێن. ئەستەمە نەدرێت. بەڵام گریمان بکەن بتوانن پێستەکە ڕابکێشن. کە ئەم کارە دەکەن ئەو نەخشەی لە سەر پێستەکە کێشراوەتەوە، شێوەی دەگۆڕێت. 

گۆڕانی شێوەی ئەم نەخشانە زۆر بەرچاوە. پرۆجێکشنە جیاجیاکانیش هەریەک بە جۆرێک شێوەی نەخشەکان دەگۆڕن. پڕۆجێکشێنی مێرکاتۆر، گرینلاند گەورەتر لە ئەفریقیا نیشان دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەفریقیا ١٤ ئەوەندەی گرینلاندە. ئەم پڕۆجێکشنە، ئەندازەی شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان (و بە پێی بەڵگاندنی هەندێ کەس، گرنگیی ئەم ناوچانە) لە لای بینەر و بەردەنگ دەگۆڕێت. کەواتە ئەم تەوەرە تەنها کێشەی نەخشەکێشەکان نییە، بەڵکوو مەسەلەیەکی سیاسییە. 

گرردۆس مێرکاتۆر، نەخشەکێشی سەردەمی ڕێنێسانس، ئەم پڕۆجێکشنەی بۆ پاراستنی درووستی شێوەی وڵاتان داهێنا بۆ ئەوەی بۆ ژماردن و حیسێب‌کردنی دەرەجەکانی قیبلەنما کاری پێ بکرێت. گەر دەریاوانێکی سەدەی شازدەهەم بن، دەرەجەی ورد و درووستی قیبلەنما زۆر بەلاتانەوە گرنگ دەبێت. بەڵام گەر نەخشەیەکتان دەوێ کە وێنەیەکی باشتر لە ئەندازەی ڕێژەیی وشکانییەکانی جیهان بەدەستەوە بدات، شتێک بەکەڵکتان دێ کە شێوەکان دەگۆڕێت بەڵام ڕووبەرەکان دەپارێزێت، بۆ نموونە پرۆجێکشنی پیتێرز.

جیاوازیی نێوان پڕۆجێکشنی پیتێرز و مێرکاتۆر نیشانی دەدات کە گۆڕانی جۆری کێشانەوەی نەخشە تا چەند گرنگە. لێرەدا باسی چوار جۆر نەخشەی دیکەش دەکەین کە هەریەکیان هەڵگری مانایەکی سیاسیی تایبەتە.

باشوورباڵا: باکوور دەکەوێتە لای سەرەوە. ڕاستە! بەڵام تەنها بە پێی گرێبەست. هیچ هۆکارێکی زانستیی لە ئارادا نییە کە بڵێ دەبێ باکوور باڵاتر لە باشوور بێت. بەم چەشنە ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاوا یان هەر ڕووگەیەکی دیکە لە قیبلەنماکە لە سەرەوە بگرین. بەرئاوەژوو کردنی وشیارانەی ڕووگەیەک کە نەخشەکانی جیهان لە سەر ئەو بنەما دەكێشن، لە ڕووی سیاسییەوە کاریگەرییەکی هەیە هاوشێوەی بەکارهێنانی پڕۆجێکشنی پیتێرز: لە سەرەوە دانانی ژمارەیەکی زیاتر لە وڵاتانی لە حاڵی گەشە و پەرە کە زیاتر لە نیوەگۆی هەژارتری باشوورن و بەم چەشنە، گرنگی زیاتردان بەم وڵاتانە. 

بەڵام لە هەندێ لە یەکەم نەخشە ناسراوەکانی جیهاندا، باشوور لە خۆڕا لە سەرەوە دانراوە. بۆ نموونە ساڵی ١١٥٤ (شەریف ئیدریسی)‌ جوغڕافیزانی عەرەب، لە کتێبەکەیدا، (نزهه‌ المشتاق فی اختراق اڵافاق) کتێبی (ڕۆجاری) نەخشەیەکی باشوورباڵای لە ئەورووپا، ئاسیا و ئەفریقای باکووری کێشایەوە. لەم نەخشەدا، دەتوانین نیمچە دوورگەی عەرەبستان لە ناوەنددا ببینین، هەڵبەت لەباتیی ئەوەی کە ڕوو لە خوارەوە بێت (کە وێنەیەکی ئاشنایە) ڕووی لە سەرەوە کردووە. 

ئارام ناوەند: یەکێکی دی لە عورف و نەریتەکان لە نەخشەکانی جیهاندا ئەوەیە کە ناوەندەکەیان هێڵی نیوەڕۆ(نصف النهار) یان درێژە هێڵی سیفر دەرەجە (ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوا) بێت. بەڵام ئەم بابەتە بە تەواویی لەخۆڕا و هۆکارەکەشی تەنها لە بەر هەڵکەوتنی رەسەدخانەی سەڵتەنەتیی لە گرینەویچی لەندەنە. ئەنجامەکەی بۆتە ئەوەی کە ئەورووپا کەوتۆتە ناوەندی نەخشەی باو و ناسراوی جیهانەوە (ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەفریقیاش هەر بەم شێوە هەڵکەوتووە). ئەمەش پێرسپێکتیڤێکی کەم تا زۆر کۆلۆنیالیستی نیشان دەدات.

لەو نەخشە ناسراوەدا کە هێڵی نیوەڕۆ کەوتۆتە ناوەڕاستییەوە، بە سادەیی سووچەکانی نەخشەکە دەخەنە خوارەوەی ناوەندی ئوقیانووسی ئارامەوە بۆ ئەوەی هیچ کیشوەرێک دوو پارچە نەبێت. بەڵام ئەو نەخشانەش کە ناوەندەکەیان ئوقیانووسی ئارام بێت، بە باشیی کار دەکات، چونکە سووچەکانی نەخشەکە بە ئاسانی لە ناوەندی ئوقیانووسی  ئاتلانتیکەوە (ئەتڵەس) دێنە خوارەوە. ئەم کارە پێگەیەکی بەرچاوتر بە ئاسیای ڕۆژهەڵات دەبەخشێ و ئەورووپا بەرەو پەڕاوێزی نەخشەکە پاڵ دەنێت.  زۆرێک لە وڵاتانی ئوقیانووسییە و ئاسیا نەخشەکانی ئارام‌ ناوەند بەکار دێنن (نەخشەکانی ئەمریکا ناوەندیش کاری خۆیان دەکەن، بەڵام خراپییەکەیان دوو پارچە بوونی ئاسیا لە دوو لای نەخشەکەیە). 

هەر ئەم ڕوانگە هێڵی‌نێوەڕۆمیحوەرە بۆ جیهانە کە جۆری ئاماژەی ئێمە بۆ شوێنە جیاجیاکانی جیهان دیاریی دەکات. بۆ نموونە "ڕۆژهەڵاتی دوور" ئاماژەیە بۆ دوور بوون لە گرینویچی لەندەن. بینینی نەخشەیەک کە ئەورووپا کەوتۆتە لای دەستە چەپیەوە و ئەمریکاش لای دەستە ڕاست هەڵکەوتووە لەگەڵ ئەوەی چاوەڕێی دەکەین، یەک ناگرێتەوە، ئەمە بە ئەندازەی هەر قاشێكی دڵخوازی دیکە کە لە جیهانی بکەینەوە، درووستە بە هەر چەشنە جیهانە گۆییە. 

پڕۆجێکشنی وێنەی جەمسەری سەرەوە: لە هەموو ئەو پڕۆجێکشنانەی تا ئێستا ناومان هێناوە، کیشوەرێک دەخەنە ناوەڕاستی نەخشەکەوە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە کیشوەرەکانی دیکە بەرچاوتر و دیارتر دەربکەوێت. یەک لە ئاڵترناتیڤەکانی ئەم میتۆدە ئەوەیە کە جەمسەری باکوور بخەینە ناوەڕاستی نەخشەکەوە. بینینی زەوی لە بەرجەوەنی جەمسەرییەوە بە شێوەیەکی سەیر و سەمەرە توانستی دۆزینەوەی پێگەمان تێدا لە ناو دەبات و دەبێتە هۆی سەرلێشێوان. لەم گۆشەنیگایه‌وە، وێڕای ئەو چەمینەوە و لارییەی کە گۆی زەویی هەیەتی، نیوەگۆی باشوور لە چاو ون دەبێت، چون هاوکات تەنها دەتوانین یەک نیوەگۆ ببینین. 

بەڵام لە پڕۆجێکشنی جەمسەرمیحوەری‌باکوور، نیوەگۆی باشووریش وێنە کێشراوە کە لە ئەنجامدا جەمسەری باشوور شێوەی دۆناتێکی وەرگرتووە کە دەوراندەوری نەخشە بازنەییەکەی پێک هێناوە. ئەم بابەتە لاوازیی ئەم پڕۆجێکشنە دەخاتە ڕوو، چونکوو هەم ڕووبەر و هەم شێوەی وشکانییەکان دەگۆڕێت. بەڵام مەوداکان لە جەمسەری باکوور لە هەموو لایەوەکە درووستە. تەنها ئەو شوێنانە کە لە ناوەند دوورترە، لە میحوەری ڕۆژهەڵات  ڕۆژئاوادا گەورەتر دەبێتەوە. 

لە سەر ئاڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر ئەم پڕۆجێكشنی وێنەی جەمسەری ‌سەرەوە نەخشێنراوە. لە یەکەم ئاڵای ئەم ڕێکخراوەدا کە ساڵێ  ١٩٤٥ نەخشێنرا، ئەمریکای باکور بەرچاوتر و دیارتر بوو (کە هێڵی درێژیی ٩٠ دەرەجەی ڕۆژئاوایی بەرەو سەرەوە دەکێشرایەوە). ساڵێک دواتر، نەخشەیەکی دیکەیان بۆ ئاڵاکە خستەڕوو کە شێوازێكی بێ‌لایەنتری هەبوو، بەم شێوەیه‌ کە تێیدا هێڵی مێژووی نێونەتەوەیی (١٨٠ دەرەجەی ڕۆژهەڵات، لە ناوەڕاستی ئوقیانووسی ئارام) ڕوو لە سەرەوەیە. ئەم نەخشە لە پانیی ٦٠ دەرەجەی باشوور دەوەستێت، واتا جەمسەری باشوور تێیدا بەدیار ناکەوێت. 

نەخشەنیگارەکان Cartograms: ڕێگایەکی دیکە بۆ نمایش کردنی جیهان نیشاندانی ئەندازەی وڵاتان بە ڕێژەی ئەو ئەندیکاتۆرە کلیدییانەیە کە سەرنجی جوغڕافیزانەکان ڕادەکێشێت لەوانە حەشیمەت، ژینگە و پەرەگرتوویی. هەروەک چاوەڕوان دەکرێ، لە نەخشەی جیهانیی GDP (بەرهەمهێنانی تێکڕایی نیشتمانی) ئەمریکای باکوور و ئەورووپا لە هەمووان بەرچاوترن، لە حاڵێکدا کە کەم تا زۆر هیچ ئاسەوارێک لە ئەفریقیا بەدی ناکرێت. لە نەخشەنیگارەی حەشیمەتدا هیندستان و چین لە هەمووان دیارترن و ئەندۆنیزیا لە ئۆسترالیای دراوسێی زۆر گەورەتر نیشان دراوە. بەڵام ڕەنگە نەخشەی بەشداریی دەنگدەران لەمانەش سەرنجڕاکێشتر بێت، نەخشەیەک کە تێیدا ئابوورییە ڕوو لە گەشەکان گەورەتر و ئەمریکای باکوور بچووکتر لەو شتەیە کە زۆربەی خەڵک ڕەنگە وێنای دەکەن. 

هەنووکە زیاتر لە هەر کات و ساتێکی دیکە پێویستمان بەوە هەیە کە جیهان لە گۆشەنیگا جۆراوجۆرەکانەوە ببینین. هیچ گۆشەیەک لە گۆشەکەی دی درووستتر نییە، بەڵکوو تەنها جیاوازن لە یەکدی. 

سەرچاوە:

Five maps that will change how you see the world

نووسین: دۆناڵد هۆستۆن

وەرگێڕان: چنوور فەتحی



ئه‌م بابه‌ته 162 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر