پاشه‌كشه‌ی میدیایی داعش

له‌ساته‌وه‌ختی ده‌ركه‌وتنیه‌وه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی ڕووداوه‌كان، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هه‌وڵی ته‌واوی دا بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌ میدیاییه‌كانی بباته‌ ئاستێكی ته‌واو جیاوازه‌وه‌. ئه‌ویش له‌ڕێی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌و گرته‌ ڤیدیۆ و فیلمی كوالێتی به‌رزه‌وه‌. مه‌به‌ست له‌م كاره‌یش ئه‌وه‌بوو په‌یامی تۆقێنه‌ری خۆی بڵاوبكاته‌وه‌و، هه‌زاران هه‌زار كه‌سیش بۆ ڕیزه‌كانی خۆی ڕابكێشێت. به‌گوێره‌ی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی كه‌ "بی.بی.سی.مۆنیتۆرینگ" پێی هه‌ستاوه‌، له‌ئێستادا میدیای داعش له‌ سه‌رده‌می پاشه‌كشه‌دا ده‌ژی، چونكه‌ به‌هه‌رمه‌ میدیاییه‌كانی به‌ته‌واوی كه‌م بوونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌دوای كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی شاری ڕه‌قه‌ له‌سوریا له‌وكاته‌وه‌ ڕه‌قه‌ له‌ده‌ستی داعش ده‌رهێنراوه‌، به‌رهه‌می میدیایی ئه‌و گروپه‌ له‌ 29 بابه‌تی ڕۆژانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ ته‌نها 10 بابه‌ت.
PM:12:23:11/10/2018
دۆسیە: تیرۆرناسی
میدیاكانی داعش چۆن و بۆچی داڕووخان؟ بۆچی میدیاكانی داعش نه‌یانتوانی به‌رده‌وام بن؟



مه‌نهه‌جیه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌

به‌درێژایی ساڵی ڕابردوو، ده‌زگای "بی.بی.سی.مۆنیتۆرینگ" چاودێری میدیاكانی داعشی كرد، به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌رنامانه‌ی كه‌له‌ "ئاژانسی ناشیر"ی سه‌ربه‌و گروپه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌و ئاژانسه‌ش، ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵه‌ له‌"تیلیگرام"داو، كاری سه‌ره‌كییان  بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و مادانه‌یه‌ كه‌ ده‌بنه‌ ڕیكلام بۆ ئه‌و گروپه‌.

ده‌ستگای ڕادیۆی به‌ریتانیا له‌ماوه‌ی 11/2016 تاكو 11/2017 چاودێری چڕی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی داعشیان كرد، به‌جۆرێك ته‌واوی ماده‌كانی نێو ئه‌و ئاژانسانه‌ی داعشیان ئه‌رشیف كرد، ئینجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داعش نه‌ریتی وابوو كه‌ له‌سه‌ر یه‌ك ڕووداو چه‌ند وێنه‌یه‌كی جیاجیای بڵاوده‌كرده‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ستگا به‌ریتانییه‌كه‌ش، هه‌ر چه‌ند وێنه‌یه‌كی به‌یه‌ك وێنه‌ ئه‌ژماركردووه‌.

 

كه‌وتنی ڕه‌قه‌

به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه‌، له‌دوای كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی ڕه‌قه‌، ئیتر داعش نه‌یتوانیوه‌ به‌ته‌واوی جێی خۆی بگرێته‌وه‌، هه‌ر یه‌ك ڕۆژ دوای ڕزگاركردنی ڕه‌قه‌، واته‌ له‌ 18/10/2017دا، میدیاكانی داعش په‌كیان كه‌وت، چونكه‌ له‌و ڕۆژه‌دا ته‌نها توانییان 4 ماده‌ی میدیایی بڵاوبكه‌نه‌وه‌. كه‌واته‌ به‌ڕاده‌یه‌ك ماده‌ میدیاییه‌كانیان كه‌می كرد، كه‌ نمونه‌ی نه‌بوو.

دوای چه‌ند ڕۆژێك له‌كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی ڕه‌قه‌، داعش توانی تاڕاده‌یه‌ك چالاكییه‌كانی ده‌ستپێبكاته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا زۆر كه‌متره‌ له‌و ڕێژه‌یه‌ی كه‌ پێشتر بڵاویان ده‌كرده‌وه‌، واته‌ 29 بابه‌تی میدیایی له‌ڕۆژێكدا.

بۆنمونه‌: داعش له‌ 22/11/2017دا، ته‌نها سێ ماده‌ی میدیایی بڵاوكرده‌وه‌، به‌درێژایی 24 كاتژمێریش هیچ بابه‌تێكی له‌ ئه‌پلیكه‌یشنی تیلیگرامی خۆیدا بڵاونه‌كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش درێژترین ماوه‌یه‌، پێوانه‌ به‌ماوه‌كانی پێشتر كه‌داعش هیچ بابه‌تێكی بڵاونه‌كردبێته‌وه‌.

هه‌موو ئه‌م داتایانه‌ش به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌نته‌ری كاری میدیای داعش له‌ شاری ڕه‌قه‌ بووه‌، بۆیه‌ كاتێك هێزه‌ كوردییه‌كان ئه‌و شاره‌ ڕزگارده‌كه‌ن، ئیتر تواناكانی داعش په‌كیان ده‌كه‌وێت.

پاشه‌كشه‌ی هه‌موو ئامرازه‌ میدیاییه‌كانی داعش

ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ هه‌موو ئامرازه‌ میدیاییه‌كانی گروپه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌، بۆنمونه‌:مانگی پێشتر ئاژانسی ئه‌عماق 421 ماده‌ی بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام دوای كۆنترۆڵكردنی ڕه‌قه‌ واته‌ له‌مانگی 10/2017دا، ته‌نها 193 بابه‌تی بڵاوكرده‌وه‌. بۆگرته‌ ڤیدیۆییه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌، له‌مانگی ئه‌یلولدا 52 گرته‌ی بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام له‌مانگی 10/2017دا ته‌نها 11 گرته‌ی بڵاوكرده‌وه‌.

هه‌موو ده‌زگا میدیاییه‌كانی داعش له‌ناوچه‌كه‌دا، توشی پاشه‌كشه‌بوون، له‌هه‌مان ماوه‌ی زه‌مه‌نیدا، ژماره‌ی لێدوانی به‌رپرسه‌كانی ئه‌و گروپه‌، له‌ 138 بۆ 52 لێدوان. ژماره‌ی وێنه‌كانیشیان له‌ 175 وێنه‌وه‌ دابه‌زی بۆ 81 وێنه‌، گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانیش له‌ 15 گرته‌وه‌ دابه‌زین بۆ 4 دانه‌. بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی نیشانه‌ی پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی داعشه‌، چونكه‌ ئه‌و گروپه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌ تیرۆریستی و تۆقێنه‌ره‌كانی به‌ته‌واوی پشتی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی ده‌به‌ست.

ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ به‌دوو ئامرازی گرنگ و سه‌ره‌كی تری داعشه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، ئه‌وانیش: ڕادیۆی به‌یان، گۆڤاری ڕۆمیه‌. له‌مانگی 10/2017دا، گۆڤاری ڕۆمیه‌ كه‌به‌ زمانی ئینگلیزی و 10 زمانی تر بڵاوده‌كرایه‌وه‌، دوای یه‌كساڵ له‌ده‌رچوونی ڕاگیرا، گۆڤاره‌كه‌ له‌مانگی ئه‌یلول 2016دا ده‌ستی به‌وه‌شان كردبوو. دوای ئه‌و به‌رواره‌ش ئیتر بڵاونه‌كرایه‌وه‌.

له‌هه‌مان كاتدا، ڕادیۆی به‌یانیش كه‌ به‌به‌شێكی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مه‌ میدیاییه‌كانی داعش داده‌نرا و، له‌مانگی 4/2015ه‌وه‌ ده‌ستی به‌په‌خش كردبوو، له‌دوای ڕزگاركردنی ڕه‌قه‌ به‌شێوه‌ی بچڕبچڕ په‌خشی ده‌كرد، له‌دوای 25/10/2017 به‌ته‌واوی له‌په‌خش ڕاوه‌ستا. ئه‌گه‌رچی ڕادیۆكه‌ له‌مانگی 11 ده‌ستی به‌په‌خش كرده‌وه‌ له‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه‌، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ له‌دوای 10 ڕۆژ په‌خشه‌كه‌ی بچڕانی تێكه‌وته‌وه‌.

خشته‌ی به‌رهه‌مه‌ میدیاییه‌كانی داعش له‌ 10/2016ه‌وه‌ تاكو 10/2017 جگه‌له‌ ئاژانسی ئه‌عماق

له‌مانگی 11شدا كه‌له‌سه‌ر ئینته‌رنێت په‌خشی ده‌ستپێكرد، ڕادیۆی به‌یان هیچی بڵاونه‌كرده‌وه‌، جگه‌له‌ به‌رنامه‌یه‌ك كه‌پێشتر ڕیكۆرد كرابوو. مانای وایه‌ ئه‌و گروپه‌ نه‌یتوانیوه‌ په‌خشی ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێبكاته‌وه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌دوای 20ی هه‌مان مانگه‌وه‌، لینكی ڕادیۆكه‌ له‌سه‌ر ئینته‌رنێت كارناكات.

سه‌ره‌تای پاشه‌كشه‌

ئه‌گه‌رچی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ڕه‌قه‌ به‌هۆكاری پاشه‌كشه‌ی میدیایی داعش داده‌نرێت، به‌ڵام داتاكانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ده‌یسه‌لمێنن كه‌ ڕه‌وتی كاری میدیایی ئه‌م گروپه‌ له‌دوای ڕزگاركردنه‌وه‌ی موسڵ دووچاری ته‌نگه‌ڵانی سه‌خت بوو، به‌جۆرێك بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ میدیاییه‌كانیان دابه‌زی بۆ كه‌متر له‌ 20 بابه‌ت. ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌نه‌و پێش ئه‌و به‌رواره‌ نه‌دیتراوه‌.

داتاكان ئاماژه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی، شتێكی نامۆ نیه‌ كه‌ده‌بینین پرۆسێسی میدیایی داعش پشت ده‌به‌ستێت به‌ هه‌ردوو بنكه‌ی موسڵ و ڕه‌قه‌. جێگه‌ی وه‌بیر هێنانه‌وه‌شه‌، كه‌ له‌ده‌ستدانی موسڵ وڕه‌قه‌، بووبه‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ له‌چه‌ندین بنكه‌ی تر له‌عێراق و سوریا دوور بخرێته‌وه‌.وه‌ك ته‌له‌عفه‌ر و حه‌ویجه‌ و دێره‌زور،  ئیدی هیچ گومانێكی تێدانیه‌ كه‌ شكسته‌ یه‌كله‌دوای یه‌كه‌كانی گروپه‌كه‌، كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر توانای میدیایی گروپه‌كه‌ دروستكردووه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ میدیاییانه‌ی كه‌پڕوپاگه‌نده‌یان تێداده‌كرا بۆ شێوازی ژیانی خه‌ڵك له‌ناوچه‌كانی ژێر ڕكێفی داعشدا، به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت ئیتر نه‌بینران، ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوان كراوه‌، چونكه‌ داعش زۆربه‌ی زه‌وییه‌كانی ژێر ڕكێفی له‌ ده‌ستداوه‌و، چوه‌ته‌ باری جه‌نگه‌وه‌. ته‌نانه‌ت به‌رله‌كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ڕه‌قه‌ش، نیشانه‌كانی پاشه‌كشه‌ی میدیایی داعش به‌ڕوونی ده‌ركه‌وتن.

 

به‌رهه‌می میدیایی مانگانه‌ی ئاژانسی ئه‌عماق له‌11/2016ه‌وه‌ تاكو 11/2017


له‌ڕۆژی 2/10ه‌وه‌ به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی  ئه‌و گروپه‌ دابه‌زی بۆ ته‌نها 17 بابه‌ت.دواتریش ئه‌و ڕێژه‌یه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆمارنه‌كردووه‌.


ژماره‌كان چیمان پێده‌ڵێن؟

به‌چاوپۆشین له‌حاڵه‌ته‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ یان دابه‌زینی ژماره‌ی به‌رهه‌مه‌ میدیاییه‌كان، كه‌وادیاره‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌زیانه‌كانی گروپه‌كه‌وه‌ هه‌بێت له‌سه‌ر زه‌وی، له‌ماوه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا، هیچ میتۆدێكی ئاشكرای به‌رهه‌مه‌ میدیاییه‌كانی داعش تۆمارنه‌كراوه‌،  ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ك جاران به‌دیسپلین نه‌كراون.

له‌ڕاستیدا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ چالاكییه‌ میدیاییه‌كانی گروپه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سیستماتیزه‌كراو پێشكه‌ش بكرێن، به‌تایبه‌تی له‌دوای چه‌ند هێرشێك كه‌له‌شاره‌كانی ڕۆژئاوادا ئه‌نجام دران. به‌ڵام داتاكانی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ ده‌سه‌لمێنن و، ده‌ری ده‌خه‌ن كه‌ به‌رهه‌مه‌ میدیاییه‌كانی ئه‌و گروپه‌ شانبه‌شانی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان ئاماده‌گییان نه‌بوو.

بۆنمونه‌ باهێرشه‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش له‌ به‌ریتانیا وه‌ربگرین، ئه‌وه‌بوو له‌دوای هێرشه‌كانی سه‌ر"وستمنسته‌ر" و "مانچسته‌ر" و" پردی له‌نده‌ن" بڕی ماده‌ی به‌رهه‌مهاتووی میدیایی ئه‌و گروپه‌ دابه‌زی بۆ بڕی 5 بۆ 10 ماده‌، ئه‌وه‌ش له‌دوای لێدوانی به‌رپرسه‌كانی ئه‌و گروپه‌ كه‌ ئۆباڵی هێرشه‌كانیان له‌ ئه‌ستۆگرت.

ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ ڕێكخراوانه‌یه‌ كه‌له‌ 1015و 2016دا ئه‌نجام ده‌دران، وه‌ك هێرشه‌كانی پاریس له‌13/11/2015 و ته‌قینه‌وه‌كانی برۆكسل له‌ 22/3/2016، چونكه‌ له‌و دوو هێرشه‌دا، زنجیره‌یه‌ك گرته‌ ڤیدیۆیی كه‌ ژماره‌یان گه‌یشته‌ 12 گرته‌، ڕوماڵی هێرشه‌كانیان پێكرا، سه‌رجه‌م گرته‌كانیش له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌می هێرشه‌كاندا بڵاوكرانه‌وه‌.

 

دواتر چی؟

سه‌رباری ئه‌وه‌ی ڕۆژله‌دوای ڕۆژ به‌رهه‌می میدیایی داعش ڕووله‌شكست و پاشه‌كشه‌یه‌، به‌ڵام به‌ته‌واوی بنه‌بڕ نه‌بووه‌. ئه‌گه‌رچی به‌به‌راورد به‌و ڕێكخراوه‌ی كه‌ جموجوڵ و زیندوومانه‌وه‌ی به‌ چالاكییه‌ میدیاییه‌كانی ده‌پێورێت، به‌ڵام ده‌ستگرتن به‌و ڕیتمه‌كاره‌ی میدیاوه‌، مه‌سه‌له‌یه‌كی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌یه‌ بۆ ماركه‌ بازرگانییه‌كانی و بۆمانه‌وه‌یشی.

له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ئارادانیه‌ كه به‌م نزیكانه‌ ‌ڕێكخراوه‌كه‌ بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاسته‌كانی پێشووتری له‌ به‌رهه‌مهێنانی میدیاییدا، به‌ڵام له‌ده‌ستدانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌رزه‌وی، هانی گروپه‌كه‌ ئه‌دات ئاماده‌گییه‌كی به‌هێز له‌ئینته‌رنێتدا بۆخۆی مسۆگه‌ر بكات، ئه‌مه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی و پارێزگاری كردن له‌ئه‌ندام و هه‌واداره‌كانی، به‌ڵكو بۆ پاراستنی ماركه‌ بازرگانییه‌كه‌ی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا.

له‌ڕاستیدا مێژووی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان پشتیوانی ئه‌م بیردۆزه‌ ده‌كات، ده‌بینین له‌دوای 2007 داعش له‌عێراق شكستێكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وت به‌هۆی ئه‌وه‌ی هۆزه‌ سونییه‌كان به‌پشتیوانی ئه‌مریكا ده‌ستیان كرد به‌قه‌ڵاچۆكردنی گروپه‌ جیهادییه‌كان، ئه‌وه‌ش بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌ جیهادییه‌كان به‌ته‌واوی شپرزببن و ببنه‌ گروپی بچوكی لێكدابڕاوی لۆكاڵی، به‌ڵام چالاكییه‌كانیان له‌ئینته‌رنێتدا به‌رده‌وام بوو. هه‌موو هه‌وڵێكیدا بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌لۆگۆكه‌ی بكات، تاكو دووباره‌ توانی له‌ 2013 دروست ببێته‌وه‌و، له‌ 2014 خه‌لافه‌ت ڕابگه‌یه‌نێت.

https://monitoring.bbc.co.uk/productlc1dnnj2k



ئه‌م بابه‌ته 1135 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر