کاریگەرى دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکانى نۆێبوونەوەى نیوەی کۆنگریس لەسەر ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست

دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکانى نۆێبوونەوەى نیوەى دووەمى کۆنگریسی ئەمریکى کەلە ٦ ى تشرینى دووەمى ٢٠١٨ بەڕێوەچوو، بووە جێگاى مشتومڕى جیاواز کەتایبەتبوون بە کاریگەرییەکانى لەسەر سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ئەو هەڵبژاردنانە بووە هۆى بەدەست هێنانى ٢٢٥ کورسی ئەنجومەنى نوێنەران لەلایەن دیموکراتەکانەوە، کەدەکاتە ڕێژەى ٥١.٧% ى کورسییەکان، لەبەرامبەردا کۆمارییەکان ١٩٧ کورسیان بەدەست هێنا. لەناو ئەنجومەنى پیراندا کۆمارییەکان توانیان زۆرینە بەدەست بهێنن و٥١ کورسیان برد لەکاتێکدا کە دیموکراتەکان ٤٤ کورسیان بردەوە بەپێی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکان.
PM:04:59:12/11/2018
دۆسیە: نێودەوڵەتی
دیموکراتەکان ڕووبەڕووى لەمپەرى زۆر دەبنەوە لەدەرکردنى یاساکان چونکە دەرکردنى یاساکان پێویستى بەزۆرینەى کۆنگریس هەیە، ئەمەش مەحاڵە لەکاتى بوونى کۆمارییەکان


دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکانى نۆێبوونەوەى نیوەى دووەمى کۆنگریسی ئەمریکى کەلە ٦ ى تشرینى دووەمى ٢٠١٨ بەڕێوەچوو، بووە جێگاى مشتومڕى جیاواز کەتایبەتبوون بە کاریگەرییەکانى لەسەر سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ئەو هەڵبژاردنانە بووە هۆى بەدەست هێنانى ٢٢٥ کورسی ئەنجومەنى نوێنەران لەلایەن دیموکراتەکانەوە، کەدەکاتە ڕێژەى ٥١.٧% ى کورسییەکان، لەبەرامبەردا کۆمارییەکان ١٩٧ کورسیان بەدەست هێنا. لەناو ئەنجومەنى پیراندا کۆمارییەکان توانیان زۆرینە بەدەست بهێنن و٥١ کورسیان برد لەکاتێکدا کە دیموکراتەکان ٤٤ کورسیان بردەوە بەپێی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکان.

 

لەگەڵ ئەوەشدا کەپێشبینى ئەوە دەکرێت کەدیموکراتەکان کاریگەرییان لەسەر سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا هەبێت لە بوارەکانى مافی مرۆڤ، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانەکان، سەپاندنى سزا بەسەر ئێران، بەکارهێنانى هێزى سەربازى ئەمریکى لە ناوچەکەدا، هەروەها پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامییە سیاسییەکان لەم هەرێمەدا، بەڵام زۆرینەى دیموکراتەکان لە ئەنجومەنى نوێنەران ڕووبەڕووى چەند بەربەستێک دەبێتەوە لەگرنگترینیان: کۆمارییەکان خاوەنى زۆرینەن لە کۆنگریسدا، ئەو دەسەڵاتانەى کەسەرۆکى ئەمریکا هەیەتى لەبوارى بەڕێوەبردنى سیاسەتى دەرەوە، هەروەها بوونى دابەشبوونێکى قوڵ لەنێوخۆى پارتى دیموکراتدا کە بەدڵنیاییەوە کاریگەرى دەکاتە سەر تواناکانیان بۆ ئامادەکردنى چەندین پێشنیارى گونجاو بەمەبەستى بەربەرکانیکردنى سیاسەتەکانى "ترامپ".

 

جیاکەرەوەکانى "سیاسەتى دیموکراتەکان"

 

کۆنگریسی ئەمریکى لەڕێگاى هەردوو ئەنجومەنەکەیەوە چەندین شێوازى هەیە بۆ کاریگەرى کردنە سەر ئاڕاستەکانى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا بەتایبەتى لەڕێگاى دەرکردنى یاسا لەبوارەکانى: سەپاندنى سزاکان، پێشینەکانى یارمەتى دەرەکى، پەسەندکردنى ڕێککەوتننامەکان وپەیماننامەکان، دیاریکردنى میزانییەى سیاسەتى دەرەوە وبەرگرى، ڕەزامەندى دەربڕێن لەسەر فرۆشتنى چەک، هەروەها چاودێریکردنى جێبەجێکردنى سیاسەتى دەرەوە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە کەسەرۆک ترامپ سەرۆکایەتى دەکات. لەم چوارچێوەیەشدا، گرنگترین بابەتەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کەبەبوونى زۆرینەى دیموکراتەکان لەناو ئەنجومەنى نوێنەراندا کاریان تێدەکرێت بریتین لە:

 

یەکەم: گەڕانەوەى دۆسیەى مافەکانى مرۆڤ، بابەتەکانى مافی مرۆڤ بابەتى سەرەکى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا بوو لەماوەى سەرۆکایەتى "باراک ئۆباما" ى سەرۆکى پێشووى ئەمریکا. لەمەوە دیموکراتەکان دەتوانن هەوڵ بدەن بەمەبەستى بنبڕکردنى یارمەتیدانى هەندێک لە وڵاتان پاڵپشت بە بارودۆخى مافەکانى مرۆڤ لەو وڵاتانەدا.

 

لەکاتێکدا کە حکومەتى ئەمریکا بەسەرۆکایەتى "دۆنالد ترامپ" هەندێک لەمەرجەکانى لابردبوو، بەتایبەتى بەرامبەر بە هاوپەیمانە ستراتیجییەکانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەهۆى پاشەکشەى پێگەى مافی مرۆڤ لە سیاسەتى دەرەوەدا لەبەرامبەر جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەکان، هەروەها باڵادەستى سیاسەتى سەفتەجەکان لە سیاسەتى "ترامپ"دا. بەڵام چاوەڕێدەکرێت کەبوونى زۆرینەى دیموکراتەکان لەناو ئەنجومەنى نوێنەراندا ببێتە هۆى گەڕانەوەى گرنگى بە دۆسیەکانى مافی مرۆڤ، هەروەها گرێدانەوەى ئەو دۆسیانە بە یارمەتییەکانى ئەمریکا، بەتایبەتى کەژمارەیەک لەکەسایەتییە نزیکەکانى " ئۆباما" وەک " تۆم مالیۆنیسکى" لە پارتى دیموکراتى لەسەر وویلایەتى نیۆجێرسی بووە ئەندامى کۆنگریسی ئەمەریکى، هەروەها کە ئەو پێشتر چەندین پۆستى یاسایی هەبووە وئەندامى ڕێکخراوى "هیومان ڕایتس ۆچ' ەو پێشتر یاریدەدەری وەزیرى دەرەوەى ئەمریکابووە بۆ دۆسیەکانى مافەکانى مرۆڤ و کرێکاران لەماوەى ساڵانى ٢٠١٤ تا ٢٠١٧.

 

دووەم: بڵاوەپێکردنەوەى هێزى سەربازى ئەمریکى، دیموکراتەکان دژى بوونى سەربازى ئەمەریکیین لە یەمەندا، هەروەها پێشتر چەند ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەران کۆنووسێکیان دژ بە فراوانبوونى ئۆپەراسیۆنەکانى سوپاى ئەمریکا لەیەمەن پێشکەش کردووە کە ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەپێی بەڵگەنامەى "ڕێگەدان بەبەکارهێنانى هێزى سەربازى"Authorization to use Military Force" ئەنجام دەدەن کە ئەو ڕێگەدانە دراوە بە سەرۆکى ئەمریکا دواى هێرشەکانى یانزەى سێپتێمبەر بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگریسی ئەمریکى بەمەبەستى پاراستنى ئاسایشی ئەمریکا، ئەندامە دیموکراتەکان پێیان وایە کەبارودۆخى یەمەن مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نییە، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى کەهێرشەکانى ئەمریکا لەیەمەن پێچەوانەى دەستور بێت، لەم چوارچێوەیەشدا "ئیلیۆت ئینگل" ى نوێنەرى دیموکراتەکان، کە چاوەڕێ دەکرێت سەرۆکایەتى لیژنەى کاروبارى دەرەکى بکات لەئەنجومەنى نوێنەران، ڕایگەیاند کەهەوڵى ئەوە دەدەن کەهەموارى ئەو دەسەڵاتە بکەنەوە بەتایبەتى پاش ئەوەى کەماوەى ١٥ ساڵە ئەو بابەتە هەموار نەکراوەتەوە.

 

سێیەم : سنووردارکردنى سزاکانى سەر ئێران، دۆنالد ترامپ بەر لە هەڵبژاردنەکان هەر زوو بڕیاریدا کە دووەم گەورەترین گورزى سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێت بەتایبەتى کەتەواو ئاگادارى بۆچوونى دیموکراتەکان بوو سەبارەت بەوسزایانە، هەروەها پێشبینى دەکرێت کە دیموکراتەکان سەرکەوتوو نەبن لەدەرکردنى یاسایەک بەمەبەستى لابردنى سزاکانى سەر ئێران، چونکە یاسایەکى لەو شێوەیە پێویستى بەهەماهەنگى کۆمارییەکان ودیموکراتەکان هەیە لەکۆنگریسدا، ئەوەش ئەوەیە کەپێشبینى ناکرێت، بەڵام پێشبینى دەکرێت کە دیموکراتەکان بەربگرن لە سەپاندنى سزاى زیاتر بەسەر ئێراندا لەلایەن "ترامپ" ەوە، بەتایبەتى کە دیموکراتەکان پێیان وایە کە ترامپ بووە بەهۆى لەناوبردنى ئەو هەوڵانەى کە پێشتر داویانە بەمەبەستى گەیشتن بە ڕێکەوتننامەى ئەتۆمى لەسەردەمى "ئۆباما" دا.

 

ئەم ئاڕاستەیە بەهێز دەبێت بەهۆى بوونى چەندین داخوازى بەمەبەستى پاراستنى پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا وئەورووپا، بەتایبەتى کەئەو پەیوەندییانە بەهۆى سزاکانەوە کەلێنیان تێکەوت، چونکە ژمارەیەکى زۆر لەئەوروپییەکان – لەنێویاندا فەرەنسا وئەڵمانیا – پێیان وایە کە سزاکان زیانى گەیاندووە بەبەرژەوەندییەکانیان، لەم چوارچێوەیەدا وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا لە مانگى حوزەیرانى ٢٠١٨ ڕایگەیاند کە پێویستە سیستەمێکى دارایی سەربەخۆ لەئەمریکا دابمەزرێت بەمەبەستى دەربازگردنى ڕێککەوتنى ئەتۆمى تاوەکو ئەو بابەتە لەژێر هەژمونى سیستەمى " سوەیفت" دەربهێنین کە بەتەواى دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵى ئەمریکاوە، هەروەها "برۆنۆ ماییر" ى وەزیرى دارایی فەرەنسی ڕیگەیاند کەپێویستە ئامڕازێکى دارایی سەربەخۆ هەبێت بەمەبەستى بەرگرتن لەکاریگەرییە نەرێنییەکانى سزا ئەمریکییەکان کەبەردەوام پەنای بۆ دەبەن ودواهەمینیان سزاکانى سەر ئێران بوو.

 

 

هەروەها دیموکراتەکان چاودێرى ئەو میزانییە دەکەن کەلەلایەن کۆنگریسەوە پەسەند دەکرێت، لەناو ئەوەشدا میزانییەى تەرخانکراو بۆ "نوسینگەى بەرگرتن لەتیرۆر و هەواڵگرى دارایی" کە تایبەتە بەچاودێریکردنى مامەڵە بازرگانییەکان لەگەڵ ئێراندا، ئەمەو پێشبینى دەکرێت کەئەو نوسینگەیە پێویستى بە نزیکەى ١٦٠ ملیۆن دۆلار هەبێت – بەپێى بۆچوونى هەندێک لە شرۆڤەکاران – ئەوەش لەچوارچێوەى زیادبوونى بەندەکانى سزائابورییەکاندا دێت، بەڵام پێشبینى ناکرێت کە ئەم بابەتە لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەئاسانى تێبپەڕێت.

چوارهەم: بژاردە دژبەیەکەکان سەبارەت بەسیاسەتەکانى ئیسرائیل، ناتوانین بڵێن کە جیاوازییەکى قووڵ لەنێوان دیموکراتەکان وکۆمارییەکاندا هەیە سەبارەت بە کێشەى فەلەستین، هەروەها هەڵوێستیان بەرامبەر بەئیسرائیل، بۆ نمونە ئۆباما کەسەرۆکێکى دیموکراتەکان بووە هەڵوێستێکى توندى بەرامبەر بە ئیسرائیل نەنواندووە، هەروەها لەماوەى سەرۆکایەتیکردنیدا هیچ ناڕەزایەتییەکى دەرنەبڕێوە بەرامبەر بەسپۆنسەرکردنى سیستەمى گومەزى ئاسنین کەلەبەرژەوەندى ئیسرائیل بوو، بەڵام چاوەڕێدەکرێت کە ئاڕاستەیەکى ئەوپەڕى ڕاستڕەوانە لەناو پارتى دیموکراتەکاندا دروست ببێت سەبارەت بەسەرەکۆنەکردنى سیاسەتەکانى نیشتەجێبوونى ئیسرائیلی، بەتایبەتى کەژمارەیەک زۆر لەنوێنەران لەگەنجەکانن.

 

پێدەچێت کە دیموکراتەکان گرنگی زیاتر بدەن بەدۆسیەى ڕاگرتنى یارمەتدانى "ئۆنروا"، بەتایبەتى کەئەم دۆسیەیە زیاتر ڕەهەندێکى مرۆیی هەیە وەک لەوەى سیاسی بێت، ئەمەش پێدەچێت ئەو دەروازەیە بێت کەهەندێک لە نوێنەرە دیموکراتەکان دەیکەنەوە بەمەبەستى پابەندبوونیان بەو بەڵێنانەى کە لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا پەیمانیان بەدەنگدەرانیان دابوو بەتایبەتى کەئەم دەروازەیە ڕەهەندێکى مرۆیی هەیە زیاتر لەوەى ڕەهەندێکى سیاسی هەبێت، وەک، "ڕەشیدە تەییب" ى بەڕەچەڵەک فەلەستینى، هەروەها "ئیلهان عومەر"  لەسەر ویلایەتى "مینیسوتا"، لەم چوارچێوەیەدا دەتوانرێت بوترێت کە ئیسرائیل هەوڵەکانى چڕکردبۆوە پێش سەرکەوتنى دیموکراتەکان چونکە ئەوان لایەنگرى "چارەسەرى دوو دەوڵەتن" بۆ کۆتای هێنان بە ململانێى ئیسرائیل – فەلەستین، هەروەها وەک سیناریۆیەک بۆ ئەگەرى دەرنەچوونەوەى "ترامپ" بۆ ماوەیەکى نوێی سەرۆکایەتى لە ٢٠٢٠ دا.

 

پێنجەم: پەیوەندییەکان لەگەڵ گروپە ئیسلامییە سیاسییەکان، لەکاتى پڕۆسەى دەنگداندا، ڕێکخراوى "ئەنجومەنى پەیوەندییەکانى ئەمەریکا وئیسلامییەکان" کەپەیوەندییەکى بەهێزى هەیە بە گروپی ئیخوان موسلیمین پاڵپشتى دیموکراتییەکانیان دەکرد، لەم چوارچێوەیەدا چەندین نامیلکەیان لە وویلایەتەکانى ئەمریکا دابەشکرد کەپاڵپشتى پارتى دیموکراتییەکانیان دەکرد، هەروەها پاڵپشتى موسوڵمانەکانى ناو پارتى دیموکراتییەکانیان دەکرد، لەگەڵ ئەمانەشدا ڕێکخراوەکە لە پێگە کۆمەڵایەتییەکاندا هاشتاکێگیان بە ناوى #my-muslim-vote بڵاوکردەوە.

 

پێدەچێت کەدەرچوونى دیموکراتییەکان بەدەستهێنانى زۆرینەى ئەنجومەنى نوێنەران هۆکارێک بێت بۆ بەرگرتن لەتۆمارکردنى ناوى گروپی ئیخوان موسلیمین لە لیستى تیرۆردا لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، هەروەها لەوانە ببێتە هۆکارێک بۆ زیندوو کردنەوەى لۆبی دامەزراوە ئیسلامییەکانى سەر بەڕێکخراوەکانى ئیخوان موسلیمین، بەتایبەتى کەئەم لۆبییە خاوەنى تۆڕێکى پەیوەندییە بەکەسایەتییەکانى ناو پارتى دیموکراتى.

 

بەربەستەکانى بەردەم سەرکەوتنى دیموکراتەکان

 

ناتوانرێت دەرئەنجامێکى یەکلاکەرەوە سەبارەت بەسیاسەتى دیموکراتەکان لەبوارى دەرەکیدا دیاری بکرێت، چونکە ئەمە پێویستى بە چاودێریکردنى کردار وئاڕاستەى سیاسەتیانە لەکۆنگریسدا بەمەبەستى دیاریکردنى تواناى پێچ لێدان وئاماژەکانى ئەو سیاسەتە دەرەکییەى کە پەسەندى دەکەن، دیموکراتەکان لەم بوارەدا خاوەنى پڕۆژەیەکى ڕوون نین، بەڵکو پشت بەو بابەتانە دەبەستن کە ناویان لێناوە " هەڵەکانى ترامپ". لەم چوارچێوەیەدا "لیندسی گراهام" ى ناسراوترین سیناتۆرى کۆمارییەکان دەڵێت کە"دیموکراتەکان باشنین لەبوارى مامەڵەکردنیان لە سیاسەتى دەرەوەدا، هەروەها بۆچونێکى ڕونیان نییە سەبارەت بە سیاسەتى دەرەوە، ئەوان ترامبیان خۆش ناوێت، بەڵام ئایا ئەو چارەسەرانە چین کە پێشنیارى دەکەن، جا لە دۆسیەى ئەفغانستان بێت، یان دۆسیەى سوریا، ئایا ئەو چارەسەرانە چین کەپێشنیارى دەکەن لەبوارى مامەڵە کردن لەگەڵ ئێراندا، ئەمانە ئەو بابەتانەن کەگفتوگۆ لەبارەیەوە ناکەن".

 

هەروەها ئەگەر لەکاتێکدا کە بەربەست دروستبکەن لەبەرامبەر هەموو بڕیارەکانى سەرۆک "دۆنالد ترامپ" ئەوە پێدەچێت ئەم هەڵوێستانە بە بارى ئەرێنى بشکێتەوە بۆ سەرۆک، چونکە لەوکاتەدا دەست دەکات بە بانگەشەکردن بۆ ئەو بابەتە، ئاماژە بەوە دەدات کە لایەنێک هەیە بەربەست دروست دەکات لەبەرامبەر جێبەجێکرنى سیاسەتەکانى، ئەمەش دەبێتە هۆى ڕاکێشانى سۆزى کۆمەڵگاى بەلاى خۆیدا، هەروەها ترامپ بەو شێوەیە دەتوانێت ئەوانە بەدوژمى بینراو لەناوخۆدا ناوبەرێت ودەتوانێت بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ تۆمەتیان ئاڕاستە بکات.

 

هەروەها بونى کەشێک کە فشارەکان دەخاتە سەر ترامپ لەوانەیە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەى ناوبراو خێرابکات لەکۆتایی هێنان بەچەند دۆسیەیەکى کراوە، وەک شەڕى سوریا، هەروەها چەند دۆسیەیەکى دیکەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەتایبەتى کەتائێستا ترامپ ئەگەرى ئەوەى هەیە کە بۆ خولێکى دیکە سەرۆکایەتى هەڵببژێردرێتەوە، ئەمەش واى لێدەکات کەجوڵە ناوخۆیی ودەرەکییەکانى چڕ بکاتەوە بەمەبەستى پارێزگاریکردن لەپێگەکەى لە کۆشکى سپى، هەروەها کۆتایی هێنان بەو دۆسیانەى کەدەکرێت دیموکراتەکان لەو ڕێگایەوە ناوى سەرۆک ترامپ بزڕێنن.

 

لە لایەکى دیکەوە پارتى دیموکراتى چەند باڵێکى هەیە ولەم نێوەندەدا سێ باڵى سەرەکى بەرچاو دەکەون؛ باڵى "بێرنى ساندەر"، وباڵى "ئۆباما" و باڵى "کلینتۆن"، ئەمەش بۆتە هۆى لاوازبوونى پارتەکەو پەرتەوازەیی وتارەکانى، چونکە تاوەکو ئێستا کەسایەتییەکى کاریزما لەناو پارتەکەدا دروست نەبووە، هەروەها هیچ بەرنامەیەکى دیکەى بێجگە لەدژایەتیکردنى هەڕەشەکانى ترامپ نەخراوەتە ڕوو.

 

لەکۆتایدا، دیموکراتەکان ڕووبەڕووى لەمپەرى زۆر دەبنەوە لەدەرکردنى یاساکان چونکە دەرکردنى یاساکان پێویستى بەزۆرینەى کۆنگریس هەیە، ئەمەش مەحاڵە لەکاتى بوونى کۆمارییەکان، بۆیە لەباشترین بارودۆخدا دیموکراتەکان تەنیا دەتوانن یاساکان لەکاربخەن، یان بەتوندى ڕەخنەى لێبگرن، یان پێشنیارى یاسایەکى دیکە بکەن، هەروەها ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو ماوەیەى کەترامپ تیایدا دەیتوانى بڕیار دەربکات بەبێ بوونى هیچ ناڕەزایەتییەک کۆتایی پێهات.

 

سەرچاوە:

https://futureuae.com/ar-AE/Mainpage/Item/4327



ئه‌م بابه‌ته 776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر