پێکهاتە و پێناسەکانی دەوڵەت

پێناسەی دەوڵەت (state) لە زانستی سیاسیدا بە واتای پێکهاتە و کۆمەڵە خەڵکێکە کە لەناو خاک و نیشتمانێکی دیاریکراو و هاوبەشدا دەژین و خاوەنی حکوومەتێکن
PM:07:11:29/08/2019
دۆسیە: دەوڵەت سازی
لە گفتوگۆ ئاسایی و ڕۆژانەکاندا، واتای دەوڵەت کارکردی جۆراوجۆری هەیە، زۆرێک لە نووسەران چەمکەکانی "دەوڵەت و حکوومەت" بە یەک واتا بەکار دەهێنن.


پیشەکی:

پێناسەی دەوڵەت (state) لە زانستی سیاسیدا بە واتای پێکهاتە و کۆمەڵە خەڵکێکە کە لەناو خاک و نیشتمانێکی دیاریکراو و هاوبەشدا دەژین و خاوەنی حکوومەتێکن کە دەپەرژێتە سەر ئیدارە و جێبەجێکردنی یاسا. دەوڵەت لەژێر دەسەڵاتی نەتەوەیەک، یان چەند نەتەوەی جیاوازدا دایە کە، سەربەخۆیی و سەربەستییان گەرەنتی دەکات. دیارە واتای دەوڵەت بە شێوازی دیکەش بەکار دەهێنرێت. هەندێک لە نووسەران "دەوڵەت و حکوومەت" بە یەک واتا بەکار دەهێنن و لە زمانی ئاسایی و ڕەشۆکیی جەماوەر میدیاکاندا هەروەک باوە دەوڵەت بە واتای دەسەڵاتی جێبەجێکار، یان ئەنجومەنی وەزیرانە، کە ئەک پێناسە لە واتای وشەی دەوڵەت، تەنیا ئاماژە بە بەشێک لە حکوومەت دەکات. هەندێ جاریش دەوڵەت بریتییە لە هەندێ دامەزراوەی مەدەنی، ئیداری و مەزهەبی.

وشە سەرەکییەکان:

دەوڵەت، حکوومەت، دەوڵەت - نەتەوە، دەوڵەت - شار، پۆلیس، دەوڵەتی پاشایەتی، دەوڵەتی ڕەها، گرێبەستی کۆمەڵایەتی، زانستی سیاسی.

دەوڵەت چییە؟

وەڵامدانەوە بەم پرسیارە کە ئاخۆ "دەوڵەت چییە؟" بۆ ئەو پرسە دەگەڕێتەوە کە لە بنەڕەتدا واتا و پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ چەمکەکانی دیکەی وەک "سەروەری، حکوومەت، کۆمەڵگە، کۆمەڵ و جەماوەر" چۆنە؟  بۆیە لەسەر بنەمای جۆرەکانی پەیوەندی و پێناسەیەک کە لە چەمکانە دەکرێت، واتا و پێناسەی جۆراوجۆر لە ستراکتۆری دەوڵەت خراوەتە ڕوو.

لە گفتوگۆ ئاسایی و ڕۆژانەکاندا، واتای دەوڵەت کارکردی جۆراوجۆری هەیە، زۆرێک لە نووسەران چەمکەکانی "دەوڵەت و حکوومەت" بە یەک واتا بەکار دەهێنن. بە واتایەکی دیکە لە کۆمەڵێک لە پێناسەکاندا دەوڵەت هاوواتا و هاوشانی حکوومەت بەکار دەهێنرێت و هەندێ کاتیش پێناسەی دیاریکراو و بە یەکێک لە توخمەکانی حکوومەت دێتە ئەژمار. بۆیە لەو کۆمەڵە پێناسانەی کە لەبارەی واتاکانی دەوڵەت خراونەتە ڕوو بریتین لە:

١ - پێناسەی یاسایی:
دەوڵەت یەکەیەکە کە خەسڵەتەکانی کۆمەڵ و جەماوەر، حکوومەت، نیشتمان و سەروەریی هەبێت.

٢ – پێناسەی فەلسەفی:
دەوڵەت هەڵگری ئامانجێکی سەرەکییە، لەم پێناسەیەدا لەگەڵ چەمکگەلێکی وەک تایبەتمەندیی زەرووری کامڵی دەڵەت، ئامانجی گونجاو، دەوڵەتی شایستە، یان دەوڵەتی کامڵ بەرەوڕووین. لەبارەی فەلسەفییەوە لەناو ستراکتۆری دەوڵەتدا سێ مەکتەبی فکری هەیە:
 
أ:
دەوڵەت بۆ ڕەخساندنی هاوئاهەنگیی نێوان بەشە جیاواز و زەروورییەکانی کۆمەڵگە دامەزراوە.

ب:
دەوڵەت دەرەنجامی کۆمەڵێک "گریبەستی کۆمەڵایەتی"یە.

ج:
دەوڵەت لە ئەنجامی خەباتی نێوان هێز و پێکهاتە دژبەرەکانی کۆمەڵگە بەدی هاتووە.

٣- پێناسەی سیاسی:
دەوڵەتەکان لەسەر جەوهەری پێناسەی ڕەهای فەیلەسووفەکان بنیات نەنراون، بەڵکوو پشتیان بەو واقیعانە بەستووە کەلە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوودا بەدی دێن. لەم پێناسەیەدا دەگوترێ کە، کۆمەڵگە لە پێکهاتە ساکارەکانییەوە بگرە هەتا پێکهاتە ئاڵۆزەکانی، لەسەر بنەمای گۆڕانکاریی سیستەمەکان گەشەیان کردووە.

بە واتایەکی دیکە دەکرێ دوو جۆر پێناسە لە پێکهاتەی دەوڵەت بخەینە ڕوو، دەوڵەت تایبەت و دەوڵەتی گشتی. دەوڵەت لە زمان و ئەدەبیاتی جەماوەردا بە واتای "لێژنەی دەوڵەت"، "کابیبە"، یان "پێکهاتە و دامودەزگا دەوڵەتییەکان"ە. بەڵام واتای دەوڵەت لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵگری واتایەکی قووڵ و فراوانترە لەوەی کە باسی کرا. دەوڵەت، بریتییە لە گەورەترین دامەزراوەی کۆمەڵێک مرۆڤ کە تێیدا دەسەڵات و وزەی سیاسی دەکەوێتە گەڕ کە بە باڵاترین پێگەی دەسەڵات دەناسرێت.

ئەم چەمکە لەلای شارەزایانی سیاسەت بەمجۆرە پێناسە کراوە: "دەوڵەت بریتییە لە کۆمەڵێک خەڵک کەلە نیشتمانێکی دیاریکراودا نیشتەجێن و خاوەنی حکوومەتێکن کە سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی کاروباری دامودەزگاکان و جێبەجێکردنی یاساکانە، خەڵک بەهۆی ئەو دەوڵەتەوە خاوەنی سەروەریی نیشتمانین کەلە ڕێگەی جەوهەری حاکم و دەسەڵاتی باڵاوە لە هێرشی ناوخۆیی و دەرەکی پارێزراون".

مێژووی سەرهەڵدانی دەوڵەت:

دیاریکردنی کات و سەردەمی سەرهەڵدانی دەوڵەت لە دووتوێی مێژووی مرۆڤایەتیدا نەختێ دژوارە و ناکرێ مێژوویەکی ڕوونی بۆ دەستنیشان بکەین، بەڵام دیارە لە ڕەوتی گەشەکردنیدا کۆمەلێک هۆکار دەوریان هەبووە.

بەڕای یەکێک لە بیرمەندان، دەوڵەت هاوچەشنی دامەزراوە کۆمەلایەتییەکانی دیکە بە شێوەیەکی نادیار، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک فاکت و هەلومەرجی جۆراوجۆر بەدی هاتووە کە ناکرێ هیچ دابەشکارییەکی نەگۆڕ لە نێوان شێوازە بنەماییەکانی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا بکرێت کە خودی دەوڵەت نین، بەڵکوو بەشێک لە قەوارەی دەوڵەتن.

هەندێک دەوڵەت – شاری یۆنانی بە یەکەم قەوارەی دەوڵەت لە ئەرووپا دادەنێن کە دەکرێ هەندێ تایبەتمەندیی هاوبەش لە نێوان ئەو قەوارە و پێکهاتەی دەوڵەتی مۆدێرندا دەستنیشان بکەین. هەندێکیش لەو باوەڕە دان مێژووی سەرهەڵدانی "دەوڵەت – شار" بۆ نزیکەی ٥٠٠ هەتا ٨٠٠ ساڵ بەرلە زایین دەگەرێتەوە.

دەوڵەت – شارەکان لە ئەنجامی یەکگرتن و کۆبوونەوەی بنەماڵە و هۆزەکان لەناو قەڵاکان هاتوونەتەدی. چەمکی دەوڵەت هەتا سەدەی شازدەیەم واتای سیاسیی وەرنەگرتووە.  

یەکەم جار کە چەمکی دەوڵەت لە باسە زانستییەکاندا بەکار هێنراوە، دەیگێڕنەە بۆ ماکیاڤێلی (١٥٢٧- ١٤٦٩). بۆ یۆنانییەکان ئەم چەمکە نەناسراو بوو، ئەوان لەباتی هێنانی ناوی دەوڵەت دەستەواژەی (پۆلیس)یان بەکار دەهێنا کە دەکرێ بە شێوازی "شار – دەوڵەت" بیناسێنین.

سەرهەڵدانی دەوڵەت – شار دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥٠٠ هەتا ٨٠٠ ساڵ بەرلە زایین. چەمکی دەوڵەت لە بەشێکی بەربڵاوی ئەورووپای سەدەکانی ناوەڕاستیشدا هەر نەبووە. لەو ماوەیەدا، بابەتی بیرۆکەی سیاسیی ئیمپراتۆر و حکوومەتی شازادەکان باو بووە. 

لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست، بەرەبەرە واتای دەوڵەت جێگەی گرت کە جیالە بنەما، کرۆکی سەرەکیی، واتای سروشتیی دەسەڵاتی ڕەها و سادەی دەوڵەت جێگیر کرا.

پێهاتەکانی پێکهێنەری دەوڵەت:

دەوڵەت وەک گرنگترین دەورگێڕی سیاسی لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە چوار توخمی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە "خەڵک، نیشتمان، خاک و سەروەری و دەسەڵات". لێرەدا و لە بواری گرنگی و ڕۆڵیان لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەپەرژێینە سەر هەرکام لەو پێکهاتانە:


١- خەڵک:
چەندایەتی و چۆنایەتیی خەڵک لە بواری ‌هقووقییەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە پێکهێنانی دەوڵەتدا نییە، بۆ وێنە ئێستا دەوڵەتێکی بچووکی وەکوو "برۆنئی" دانیشتوانەکەی ٢١٨٠٠ کەسە و دەوڵەتێکی گەورەی وەک چین زیاتر لە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە. هەڵبەتە لەگەڵ ئەوەی توخمی دەسەڵات و هێز بێتە مەیدانی ململانێی دەوڵەت و سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە، کەمی و زۆریی خەڵک ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە گەیشتن بە ئامانجەکان و دیاریکردنی بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکاندا هەیە. هەرچەند پێکهاتەی نەوەکان و دانیشتوانی وڵات وریاتر، یەکدەنگ و پێکەوە تەبا بن و بەردوو بن لە ململانێی ناوخۆیی، دەوڵەت دەسەڵاتی زۆرتری بۆ مانۆڕ و یاریی سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە.   

٢ – نیشتمان:
لەباری یاساوە پانتایی نیشتمان، مەرج نییە بۆ پێکهێنانی دەوڵەت، بە لەونێک ئەمڕۆکە نیشتمانێکی وەک "مووریس" کە پانتایی چوار گۆشەی ٢٠٤٥ مەترە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێکی وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە زیاتر لە ٩ ملیۆن کیلۆمەتری چوار گۆشەیە، لە بواری ناوهێنانیان وەک دەوڵەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. بەڵام لە مەیدانی سیاسەت پەیوەندیی نێودەوڵەتی  لە بیاڤی ستراتیژیی دەسەڵات و دەوڵەتەکاندا چەندایەتی و چۆنایەتیی فاکتەری نیشتمانیش وەک هۆکاری دانیشتوان گرنگیی زۆری هەیە. لە چوارچێوەی ڕۆڵی دەوڵەت وەک ئەکتەری بەهێزی سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، توخمی نیشتمان و وڵات لە بواری پێگەی و هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیک، پانتایی، هەڵەوتەی جوگرافی و هەندەسی، پێگەی ئابووری، دۆخی سروشتی، هەلومەرجی ناوچەیی، سنوورەکان و چەند مەرجی دیکە لەبەرچاو دەگیرێن. 

٣ – حکوومەت:
هەرچەند قەوارە و شێوازی کارکردنی حکوومەت لە ناوەرۆکی یاسایی دروستکردنی دەوڵەوتدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە، کاتێک باس لە دەسەڵاتی دەوڵەت، ڕێکخستن و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوە و ڕەفتار و سیاسەتی کاریی دەوڵەتێک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکرێت، بێگومان قەوارەی حکوومەت لە دابینکردنی ویست و بەرژەوەندییەکانیشدا کاریگەریی لەسەر سیاسەتی نیودەوڵەتی هەیە و دەوری کارا دەگێڕێت. حکوومەت بەپێی کارکرد، ئایدۆلۆژیا و پێکهاتە بەسەر چەندین شێوازی جیاجیادا دابەش دەبن.

٤- سەروەری:
  ئەم توخمەی دەوڵەتیان زۆر جار بە واتای دەسەڵات و هێزی باڵا بەکار هێناوە و هەندێ جاریش وەک دەسەڵاتی حکوومەت بەکار هێنراوە، بە لەونێک کە وەک دەسەڵاتی ڕەها و نەگۆڕ و بێ مەرج لێکیان داوەتەوە. هەر لەم ڕوانگەوە لە چوارچێوەی سیستەمی نێودەوڵەتیدا "سەروەری" بە واتای چەمکی "سەربەخۆیی"، هەروەها لە بواری سیستەمی ناوخۆیشدا بە واتای "ئازادی" لێک دراوەتەوە. 

بەرەبەرە و هاوکات لەگەڵ گەشەی یاسای نێودەوڵەتییەکان و جێگیربوونی هاوپەیوەندیی نێوان یەکە سیاسییەکان هاوکارییان پێکەوە، سەروەری ئیدی واتای کلاسیک و کۆنی خۆی لەدەست داوە و زانا و شارەزایانی زانستی سیاسی لێکدانەوە و واتای زۆریان بۆ داڕشتووە.

تیۆرەکانی دەوڵەت:

١- تیۆریی دەوڵەتی ڕەها:
ئەم تیۆرە دەستەواژەکانی خۆی لە چەمکی سەروەری وەرگرتووە، دەوڵەتی ڕەها هەروەک باس کرا حکوومەتێکی بێ ڕێوشوێن و فرەیی خواز، یان هەندێ جار سەرکوتکەر و پێشێلکاری بنەما یاساییەکان کە جەوهەری هێزەکەی بوون، نەبووە. لایەنگرانی دەوڵەتی ڕەها لەو باوەڕەدا بوون نە پەرلەمان و نە هیچ سەرچاوەیەکی تر مافی پەسەندکردنی یاسا، یان چاودێریی بەسەر یاساکاندا نییە. بە گشتی، دەسەڵات کرۆکی سەرەکەیی تیۆریی دەوڵەتی ڕەها بووە، ئەم شێوازە لە دەوڵەت لە سەدەی شازدەیەمدا باو بووە.

٢- تیۆریی پاشایەتی:
تیۆریی مەجداری پاشایەتیی دەوڵەت، بەرهەمی سەدەی هەژدایەمە، هەرچەندە پێشینەی زۆرێک لە پێکهاتە و ناوەرۆکی بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. تایبەتمەندیی سەرەکیی تیۆریی دەوڵەتی پاشایەتی ئەوەیە بە پلەی یەکەم ئەم تیۆرە لە چوارچێوەی بەربەست و مەرج و کۆت و بەند دایە. ئەوەی لە تیۆریی دەوڵەتی پاشایەتیدا لەلایەک هەمەچەشن‌کردن و لە ئەنجامدا بەربەست و قۆرخکردنی دەسەڵاتە. جەختی تیۆریی دەوڵەتی پاشایەتی نەتەنیا لەسەر جەوهەری ڕاستەقینەی دەوڵەت، بەڵکوو پێداگرییە لەسەر ئەو ڕێکار و مەرجانەی کە بەسەر چالاکیی یاساکانی پاشا و دەسەڵاتداراندا چاودێری دەکەن.

ڕیشەکانی دەوڵەتی پاشایەتی دەوڵەتی پاشایەتی بۆ شەش دەورەی مێژوویی دەگەڕێتەوە:

یەکەم: ئەندێشەکانی یۆنانی و ڕۆمی و بەتایبەت ئەندێشەکانی یاسای ڕۆمی.
دووەم: ئەندێشەکانی سەردەمی فیۆدالیزم.
سێیەم: بزووتنەوەی ئەنجومەنی سەدەی سازدەیەم لە کڵێسای کاتۆلیک.
چوارەم: تیۆریی دەوڵەتی پاشایەتیی نووسەرانی فەرەنسی وەک سیسل.
پێنجەم: مشتومڕە مەزهەبی و سیاسییەکانی کاتی بزووتنەوەی ڕیفۆرمی دینی. شەشەم: مشومڕە ئاڵۆزەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆیی بەریتانیا لەبارەی دەسەڵاتی پاشایەتیی مەرجدار و هاوبەش.

٣ - تیۆریی ئەخلاقیی دەوڵەت:
  لەباری مێژووییەوە، ئەم ڕوانگەیە لە دووتوێی دەقی فەلسەفەی ئادیالیستیی ئەڵمانیا سەریهەڵدا و پاش شۆڕشی فەرەنسا بە جوانی خۆی دەرخست و دواتر کاریگەرییەکی زۆری لەسەر قەوارەی فکر و هزری نەریتی و کلاسیکی ئەوروپا دانا. گرنگترین نوێنەر و داڕێژەری ئەم ڕوانگەیە هیگڵ (١٨٣١- ١٧٧٠)ە. هیگڵ لەو باوەڕەدا بووە کە داهاتووی پێشبینیکراو، ژیان و گەشەی مرۆڤایەتی لە داهاتوودا دەبێتە کرۆکەی دەوڵەتەکان. دەوڵەت لە ئەندێشەکانی هیگڵدا یەکەیەکە لە گەشەی گووران (تکامل)ی ڕۆح، هەر بۆیە هەڵگری مانا و گرنگییەکی بایەخدارانە و مێژووییە.

٤- تیۆریی چینایەتیی دەوڵەت:
ئەم تیۆرە سەرەتاییترین لێکدانەوەی مۆدێرنە لەبارەی دەوڵەتەوە کەلە نووسراوە و بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە زانستی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخدا زۆر پەرەیان سەندووە. ئەم تیۆرە تیۆریی "مارکس و ئینگلس" و سەرچاوە هزری و فکرییەکەی بۆ ئەو دوو بیرمەندە دەگەڕێتەوە. واتای سەرەکیی چین، بنەمای سەرەکیی لێکدانەوەی جیاوازی مارکسیستییە لەبارەی دەوڵەتەوە. دەوڵەت وەک جەوهەر، یان قەوارە و کرۆکی پەیوەندییە چینایەتییەکان لەقەڵم دەدرێت. لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە چینێکی تایبەت، سەرلەبەری دەزگای دەوڵەت بە قازانجی ویست و بەرژەنەوەندییەکانی خۆی ڕادەپەڕینێت. هەڵبەت دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە چەمکی چین و توێژ لە بەرهەمەکانی مارکس و ئێنگلسدا تاڕادەیەک ناڕوون و لێڵە.

سەرچاوەکان:

١. شجاعی زند، علی‌رضا؛ مشروعیت دینی و اقتدار سیاسی دین؛ تهران، تبیان، چاپ اول، ١٣٧٦، ص ٤٣.
٢. وینسنت، اندرو؛ نظریه‌های دولت؛ ترجمه‌ی حسین بشریه، تهران، نشر نی، چاپ اول، ١٣٧٦، ص ٥٧.
٣. عالم، عبدالرحمان؛ بنیادهای علم سیاست، تهران، نشر نی، چاپ سیزدهم، ١٣٨٤، ص ١٣٦.
٤. جمالی، حسین؛ تاریخ و اصول روابط بین‌الملل، تهران، نشر نمایندگی ولی فقیه در سپاه، چاپ اول، ١٣٨٠، ص٢٣٦.
٥. عالم، عبدالرحمان؛ پیشین، ص ١٦٣.
٦. همان؛ ص ٢٠٩.
٧. رامین عەلی، چەند تێڕامانێک لە حکوومەتی هەڵبژێردراو، وەرگێڕانی شەریف فەلاح، دەزگای توێژینەوەی موکریانی – هەولێر ٢٠١٤.



        

    



ئه‌م بابه‌ته 194 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر