ئایا کۆرۆنا خۆری ترەمپ ئاوا دەکات؟

کۆرۆنا ئەرکی ترەمپ-ی سەختتر کردووە لە ڕازیکردنی دەنگدەری ئەمریکیدا، بەتایبەت ئەوانەی کە سەربەخۆن و هەڵوێستیان مایەی هەڵبەزو دابەزە لە دەنگداندا
PM:08:14:18/04/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی
ترەمپ دەزانێت کە فاکتەری کات گرنگ و یەکلاکەرەوەیە، چونکە هەتا قەیرانەکە درێژە بکێشێت و کاریگەرییەکانی قووڵتر بن، حاڵی ئەویش خراپتر دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

زۆر کەس لە ناوەوەو دەرەوەی ئەمریکا ئەو پرسیارە دەکەن کە ئایا پەتای کۆرۆنا کاریگەری دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوودا؟ ئاخۆ شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە لەلایەن سەرۆک دۆناڵد ترەمپ-ەوە کاریگەریی دەبێت لەسەر چانسی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ناوبراو؟

فاکتەری کات
لە ئێستادا باسکردنی کاریگەریی پەتای کۆرۆنا لەسەر هەڵبژاردنەکان، کارێکی بەتاڵە. مشتومڕی ڕاستەقینە لەم هاوینەوە دەستپێدەکات تا ڕۆژی هەڵبژاردن و تەنانەت دواتریش. کەواتە هێشتا نازانرێت ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کۆرۆنا چی دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. هەموو شتەکان بەندن لەسەر ئەو ماوەیەی کە ژیانی تێدا ئاسایی دەبێتەوە، هەروەها قووڵیی کاریگەرییە ئابوورییەکانی پەتاکەو شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە لەلایەن سەرۆک ترەمپ و مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانیدا. 

سەرباری ئەو پێدراوانەی سەرەوەش، هێشتا هەموو ئەگەرەکان کراوەن. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا تا هاوین بەردەوام بێت، بەدڵنیاییەوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر هەڵوێستی دەنگدەران. هەر ئەوەشە هۆکاری پەلەپڕوزێی ترەمپ بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان و زامنکردنی دەستپێکردنەوەی جووڵەی ئابووری لە سەرەتای ئایاری ئەمساڵەوە. ترەمپ دەزانێت کە فاکتەری کات گرنگ و یەکلاکەرەوەیە، چونکە هەتا قەیرانەکە درێژە بکێشێت و کاریگەرییەکانی قووڵتر بن، حاڵی خراپتر دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا.  

ڕێگریی ویلایەتەکان
خواستی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا، خۆی دەکێشێت بە ڕای پێچەوانەی حاکمەکانی ویلایەتەکان، چونکە ئەوان پێیان وایە کە نابێت مێژوویەک بۆ ئەو مەبەستە دیاری بکرێت، بەڵکو پێویستە ئەو پرسە بخرێتە ژێر دەستی پسپۆران لەسەر بنەمای داتا و زانیاری. ئەم هەڵوێستە بە دڵی سەرۆک نیە، بۆیە بەپەلە ڕایگەیاند بە تەنها خۆی ماف و دەسەڵاتی ڕەهای هەیە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو مەسەلەیە. هەر بەهۆی ئەو قسانەوە بوو کە (ئەندرۆ کۆمۆ) حاکمی ویلایەتی نیویۆرک لە دیدارێکیدا لەگەڵ (سی.ئێن.ئێن) وەڵامی ترەمپ-ی دایەوەو وتی: "باری نائاسایی نیشتمانی ناتکات بە پادشا". 

بێگومان پێدەچێت ئەم ناکۆکییە ببێتە مایەی سەرهەڵدانی قەیرانێکی سیاسی و دەستووری، بەو پێیەی دەستووری ئەمریکا لەم ڕووەوە هەندێک مافی داوەتە ویلایەتەکان. هەروەک هێشتا نازانرێت کە سەرۆک چۆن بڕیارەکەی جێبەجێ دەکات لەحاڵێکدا ئەگەر حاکمەکانی ویلایەتەکان سووربن لەسەر هەڵوێستی خۆیان.  

وەک هەنگاوێکی پێشوەختە، حەوت حاکمی ویلایەتەکانی باکووری خۆرهەڵاتی ئەمریکا هاوپەیمانییەکیان ڕاگەیاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو تاووتوێکردنی پلانەکانەکان و وادەی دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان. پێشتریش سێ ویلایەتی کەناری خۆرئاوای ئەمریکا هەنگاوێکی لەو جۆرەیان هەڵێناوە.
 
وێنەیەکی ناڕۆشن
بابەتێکی گرنگی تر ئەوەیە کە تائێستا خاڵی بەهێزی سەرەکیی تۆمارەکەی ترەمپ، سەرکەوتنە ئابوورییەکانی ئەمریکا بوو لەماوەی ڕابردوودا، بەتایبەت دابەزینی ڕێژەی بێکاری بۆ نزمترین ئاست. پەتای کۆرۆنا ئەو وێنەیەی تەواو هەڵگێڕایەوە. 

ئێستا پێشبینیی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ ئابووریی جیهان، ناڕۆشنە. لە نوێترین هۆشداریدا، سندووقەکە پێشبینی داکشانی ئابووریی جیهانی کردووە بە ڕێژەی ٠٣٪. ئەوەش دەبێتە خراپترین پێشهاتی لەو چەشنە لەوەتەی داکشانە گەورەکەی ساڵی ١٩٢٩وە. دژیەکییەکە لەوەدایە کە تا چەند مانگێک لەمەوبەریش سندووقەکە پێشبینی دەکرد لەساڵی ٢٠٢٠دا گەشەی ئابووریی جیهان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣.٣٪ زیادبکات.

هەر بۆ بەراورد: لەماوەی داکشانە ئابورییەکەی ساڵانی ٢٠٠٨و ٢٠٠٩دا ڕێژەکە کەمتر لە ٠١٪ کەمی کرد، کەواتە ئێمە ئێستا لەبەردەم قەیرانێکی ئابووریی گەورەو ترسناکداین.    

لەوەش زیاتر، سندووقەکە پێشبینی دەکات ڕێژەی داکشانەکە ببێتە دوو هێندە لە حاڵێکدا ئەگەر شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ئەمساڵدا سەرهەڵبداتەوە، چونکە لەگەڵیدا پێشبینییەکانی جووڵەی ئابووری بۆ باری ئاسایی خۆی، پووچەڵ دەبنەوە. 

ئێستا شارەزایانی ئابووری سەرگەرمی مشتومڕن لەبارەی ئەوەی کە زیانە ئابوورییەکانی دوای پەتای کۆرۆنا هەروا بەئاسانی نابڕێنەوە، بەتایبەت ئەگەر نیگەرانی خەڵک بەردەوام بێت بەرامبەر تووشبوون بە ڤایرۆسەکە. بۆیە قوتاربوون لە شوێنەوارەکانی ئەو داکشانە چاوەڕوانکراوە، ساڵانێکی دورودرێژی دەوێت. 

ئەگەر (خوێ) بۆگەنی کرد؟!
بە گوزارشتێکی دیکە، ئەگەر ئێستا زوو بێت بۆ پێشبینیکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سایەی لێکەوتەکانی کۆرۆنادا، ئەوا ئاماژە سەرەتاییەکان لە بەرژەوەندیی ترەمپ-دا نین، یان لانیکەم کۆرۆنا ئەرکی ئەوی سەختتر کردووە لە ڕازیکردنی دەنگدەری ئەمریکیدا، بەتایبەت ئەوانەی کە لایەنگری حزب نین یان سەربەخۆن، هەڵوێستی ئەوانەش مایەی هەڵبەزو دابەزە لە دەنگداندا. 

ئەم بەشەی دەنگدەران گرنگەو ململانێکە لەسەر ئەم خەڵکەیە، چونکە بەشە زۆرەکەی جەماوەری کۆماری لە هەموو حاڵێکدا دەنگ دەداتە ترەمپ، هەروەها بەشی زۆری دەنگدەری دیموکراتیش دەنگ دەداتە جۆ بایدن. لەم نێوەندەدا قایلکردنی دەنگدەرانی سەربەخۆ، بەتایبەت لە سەروبەندی قەیرانەکاندا، هەمیشە لە ئەرکە سەختەکانی هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی ئەمریکی بووە.   

ئەو ئابوورییەی کە زامنی سەرەکیی هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بوو، ڕەنگە ئەم جارەیان ئاستەنگی گەورەی بەردەمی بێت. هەرچی لێدوان و پڕوپاگەندە دژیەکەکانی سەرۆکە لە سەروبەندی قەیرانی کۆرۆنادا –سەرباری ئەوەی کە هەندێکیان شەرمهێن و هەندێکیان زیانبەخشن- خەڵکی ئەمریکا لەگەڵیدا ڕاهاتوون و بەهۆی باری گرانی ژیان و کاروباری ڕۆژانەوە، لە کۆتایی ڕۆژەکەشدا زۆربەی خەڵک بیریان دەچێتەوە. بەڵام ئەگەر خوێیەکە بۆگەن بکات، سوێرکردن بە چی دەبێت؟ 

و/ سیڤەر
ژێدەر/ Alhurra.com


ئه‌م بابه‌ته 442 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر