ماناكانی داڕوخانی نرخی نەوتی ئەمریكی بۆخوار سفر

ئەگەرچی گەورە بەرهەمهێنەرەكانی نەوت "ئۆپیك پڵەس" بڕیاریاندا لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە بڕی بەرهەم كەم بكەنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە نەوتی خاوی تەكساسی ئەمریكی لەكۆتایی ڕۆژی 20/4/2020 56$ نرخی خۆی لەدەستدا واتە بەڕێژەی 306% نرخی دابەزی
PM:02:22:21/04/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی
داڕوخانی نرخی نەوت بۆ خوار سفر$ بەچ مانایەك دێت؟ ئایا نیشانەی قەیرانێكی گەورەی ئابورییە؟ یان بەم زوانە كۆتایی دێت؟

بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

كرۆكی كێشەكە

ئەگەرچی گەورە بەرهەمهێنەرەكانی نەوت "ئۆپیك پڵەس" بڕیاریاندا لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە بڕی بەرهەم كەم بكەنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە نەوتی خاوی تەكساسی ئەمریكی لەكۆتایی ڕۆژی 20/4/2020 56$ نرخی خۆی لەدەستدا واتە بەڕێژەی 306% نرخی دابەزی و بۆ یەكەمجار لەمێژوودا نرخەكەی گەشتە خوار سفر.

هاوكات نەوتی خاوی برێنت دابەزی بۆ 25.57$ بۆیەك بوشكە نەوت. ئەوەش یەكەمجارە لەمێژووی بازاڕی نەوتدا بەوجۆرە دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.

بەگوتەی " ئەحمەد نەعێمی" پسپۆڕی بواری نەوت لەلێدوان بۆ "جەزیرە" دەڵێت: " لەماوی كەمتر لە یەك هەفتەدا نزیكەی 19 ملیۆن بوشكە نەوت لە ئۆكلاهۆما خەزنكران، هاوكات بڕێكی یەكجار زۆر نەوت لەناو كەشتییەكاندایە و هێشتا نەفرۆشراون، بەگوێرەی داتاكان 160 ملیۆن بوشكە نەوت لە سەر پشتی كەشتیە زەبەلاحەكانی گواستنەوەی نەوتدان".

ڕۆژی 20/4/2020 بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو نرخی نەوتی خاوی تەكساسی ئەمریكی بۆ خوار سفر دابەزی، ئەوەش یەكەمجارە لەمێژوودا نرخی ئاڵتونی ڕەش بگاتە ئەو ڕادەیە، بەجۆرێك بە 37.63 دۆلار لەژێر سفرەوە فرۆشرا!.

ڕای شارەزایان

بەگوێرەی پسپۆڕان، ئەوە یەكەمجارە نەوت بگاتە ئەو داڕوخانە، هۆكاری ئەم حاڵەتەش دەگێڕنەوە بۆ نەمان یان كەمبوونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی نەوت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە. هاوكات یەدەگی نەوتی ئەمریكاش و كۆگاكانی هەڵگرتنی نەوت لەپڕبوونی تەواو نزیك بوونەتەوە.

"محەمەد سلێمان" پسپۆڕی نەوت، لە لێدوان بۆ تەلەفزیۆنی "حوڕە"ی ئەمریكی دەڵێت: دوو هۆكار بۆ دابەزینی نرخی نەوت لەئارادان، یەكەمیان كاتییە، بریتییە لە كۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستەكانی نەوتی تەكساس كە ڕۆژی سێ شەممە 21/4/2020 كۆتاییان دێت.

بەڕای پسپۆڕان و شارەزایانی بواری نەوت، كەمبوونەوەی وادەی گرێبەستەكان، بووەتە هاندەری ئەوەی خاوەنەكانیان بەهەر نرخێك بێت، گرێبەستەكان بفرۆشن، چونكە نایانەوێت نەوتە خاوەكە وەربگرن. بۆیە بەنرخێكی زۆر كەم و تەنانەت بە نرخی خوار سفر دۆلاریش گرێبەستەكانیان فرۆشت.

بەگوتەی "محەمەد سەید" ئەندازیاری كوەیتی بواری نەوت، گرێبەستە پاشخراوەكانی نەوت دابەش دەبن بۆ: گرێبەستی خێرا، گرێبەستی دوورمەودا، گرێبەستی كورت مەودا. نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساس بەگوێرەی گرێبەستی جۆری كورت مەودا دەرفرۆشرێت.

ئەو پسپۆڕە هەروەها دەڵێت: " داڕوخانی نرخی گرێبەستەكانی مانگی ئایار، پەیوەستە بەوەی ئەو وەبەرهێنانەی لەمانگی 1و 2و 3 دا نەوتی خاوی تەكساسیان كڕیوە، شوێنیان نیە نەوتە خاوەكەی تێدا هەڵبگرن. بۆیە لەپاش ڕاوەستانی جوڵەی كڕین و فرۆشتنی نەوت. بڕیاریاندا نرخەكان بسوتێنن و خۆیان لەهەموو گرێبەستەكان ڕزگار بكەن".

"ئەنەس حاجی" پسپۆڕێكی تری بواری نەوت دەڵێت: " وەبەرهێنەكان بڕیاریاندا خۆیان لە گرێبەستەكان ڕزگاربكەن، بەهۆی ئەوەی لایەنی سێیەم نەبوو نەوتەكەیان لێ بكڕێتەوە، ئەوەش بەهۆی كەمی كاتەوە بوو".

ئەو پسپۆڕە سعودییە هەروەها دەڵێت: " ئەوانەی كاتیان لەبەردەمدا نامێنێت، هەمیشە نەوتەكە وەردەگرن لەبری ئاڵووێركردن، بەڵام ئەمجارەیان چونكە كۆگای هەڵگرتنیان نەبوو، كارەسات بوو بۆیان".

نەمانی خواست

هۆكاری دووەمی ئەو داڕمانە بریتییە لە نەمان یان كەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت، هەروەها هەبوونی بڕێكی یەكجار زۆری نەوت لە كۆگاكاندا.

جگە لەو هۆكارە تەكنیكییانە، هەموومان دەزانین بازاڕی نەوت لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا 65% ی نرخی خۆی لەدەستدا، چاوەڕوانیش دەكرێت بەهای زیاتر بێتە خوارەوە، چونكە لەئاستی جیهاندا خواست لەسەر بەكارهێنانی نەوت كەم بووەتەوە. هەموو ئەوانەش بەهۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەكۆرۆنا و ڕاوەستانی چالاكییە ئابورییەكانەوەیە.

ئەگەرچی"ئۆپیك پڵەس" بڕیاریدا نەوتی بەرهەمهێنراو بۆ ئاستێكی باش دابەزێنێت و ڕۆژانە 9.7 ملیۆن بوشكە كەم بكاتەوە، بەڵام هێشتا ئەو بڕەش كەمە و بازاڕ لێوان لێوە لەنەوت.

"ئەنەس حاجی" پسپۆڕێ سعودی دەڵێت: " قەیرانی نەوتی تەكساس كاتییە و ڕۆژی 21/3/2020 تەواو دەبێت، چونكە ئیدی گرێبەستەكانی مانگی حوزەیران دەست پێدەكەن بەنرخی 20$ بۆیەك بوشكە نەوت. ئەوەش نرخێكی گونجاوە لەكاتی ئەم قەیرانەدا".

لێكەوتەكانی ئەم قەیرانە چی دەبن؟

بەڕای شارەزایان، ئەگەرچی نرخی خاوی ڕۆژئاوای تەكساس گەشتۆتە ڕادەی كارەسات، بەڵام ئەم كێشەیە تەنها ئەو جۆرە گرێبەستە دەگرێتەوەو،ناگاتە سنوری نەوتی خاوی برێنت.

چونكە سەرباری ئەوەی ئەم جۆرەش لەكاتی تەسویەكردنی گرێبەستەكانی تەكساسدا نزیكەی 7%ی نرخی خۆی لەدەستدا، بەڵام هێشتا نرخەكەی لەسەروی 26$ بۆیەك بوشكە ماوەتەوە. ئەوەش بەپێچەوانەی ڕۆژئاوای تەكساسەوە كەبەخێرایی هاڕەی كرد.

پسپۆڕان پێیان وایە تاكە ڕێگەچارە بۆ گەڕانەوەی نرخی نەوت بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، بریتییە لە دەستكردنەوە بە چالاكییە ئابورییەكان و كۆتایی هێنان بەڕێكارەكانی خۆپاراستن لەكۆرۆنا، بەوە خواست لەسەر نەوت بەرز دەبێتەوە.

جێگەی وەبیر هێنانەوەیە، لەدوای ئەوەی وڵاتان دەستیان بەجێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپاراستن لەكۆرۆنا كرد، نرخی نەوت بەرەو دابەزین چوو. هاوكات بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوت، سعودیە و ڕوسیا، دەستیان كردە شەڕێكی گەورەی نرخ، بازاڕیان خنكاند بە نەوتێكی زۆر، ئەوەش هۆكارێكی تری دابەزینی نرخی نەوتە.

بەڕاس "ئەنەس حاجی" ئاسەوار و لێكەوتەكانی داڕوخانی نرخی نەوتی تەكساس، لەسەر ئەمریكای باكور ڕەنگدەداتەوە، نەك لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، چونكە پرۆسەی نرخدانان و فرۆششتنی نەوت بەشێوەی بازنەی هەرێمایەتیی و ناوچەییە".

بەڵام "محەمەد سەید" پسپۆڕی كوەیتی، ڕایەكی پێچەوانەی هەیە و دەڵێت: " لەژێڕ كاریگەری دەرونی قەیرانەكەدا، دەوڵەتێكی وەكو كوەیت نرخی نەوتی خۆی هێنایە خوارەوەو بە 16 دۆلار دەیفرۆشێت!".

شارەزایان چاوەڕوان دەكەن نرخی نەوتی كەنداو، بەتایبەتی كوەیتیش هاڕە بكات، لەكاتێكدا بازاڕەكانی ئاسیا پڕ دەبن لە نەوت و كۆگاكان جێگای هەڵگرتنی نەوتی تریان نابێت، بەتایبەتی لەژاپۆن و چین و كۆریای باشور".



ئه‌م بابه‌ته 472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر