بەغداد لە ئەبو جەعفەری مەنسورەوە تا مستەفا کازمی!

(المنصور) دووەم خەليفەی عەباسی بوو، لە ساڵی ٧٦٢ز شاری بەغدادی دروست کرد کە بووە پايتەختی دەوڵەتی عەباسی. لەو رۆژەوە بەغداد تا ئەمرۆ ناوەندی توندوتيژی وکووشتن و نائاراميە.
PM:08:59:30/04/2020
دۆسیە: عیراقناسی
هەر لایەنێکی کوردی پێی وابێت نزيکبوونەوە لە بەغدا، یا بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە بەغداوە بەدی دێت،یا ئايندەی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەکرێت باشتر بێت بۆ کورد.

ڕەنج نەوزاد
نوسەر و توێژەر

کورد و وەهمی بەغداد

(المنصور) دووەم خەليفەی عەباسی بوو، لە ساڵی ٧٦٢ز شاری بەغدادی دروست کرد کە بووە پايتەختی دەوڵەتی عەباسی. لەو رۆژەوە بەغداد تا ئەمرۆ ناوەندی توندوتيژی وکووشتن و نائاراميە.

بەغدا لەسەردەمی عەباسییەكاندا

بەغداد لە سەردەمی عەباسييەکان لەگەڵ ئەوەی بە ناوەندی زانست وئەدەب وفکر ناسراوە، بەڵام هاوکات کووشتن وتوندوتيژی وسەرپەڕاندن لە لوتکەدا بووە وسيفەتێکی دياری بەغداد بووە لە کاتی عەباسييەکان.

خەليفە مەنسور لەگەڵ دەستبەکاربوونی دەست دەکات بە تيرۆرکردنی کەسە نزيکەکانی خۆی کە سەرکردایەتی عەباسيەکانيان کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەمەوييەکاندا، پاشان کوڕەکەی مەنسور کە ناوی مەهدی بوو دەبێتە خەليفەی موسوڵمانن، لێرەوە دەزگایەک دادەنرێت بۆ کووشتنی هەر کەسێک کە بە دڵی خەليفە نييە، ئەويش بە پرۆسەی پاکتاوکردنی (الزنادقة) ناسراوە، کە گوایە کۆمەڵگایان لە کەسانی بێ دين وخەراپکار پاکردوەتەوە، بەڵام لە ڕاستيدا پرۆسەیەکی سياسی بووە بۆ پاکتاوکردنی هەر کەسێک کە خەليفە بە باشی نەزانيوە.

هەروەها لە سەردەمی خەليفەکانی وەک (المأمون والمعتصم والواثق) کە زیاد لە ٣٠ ساڵ فەرمانڕەوایی دەکەن، بە هۆی پرسی (خلق القران) کە ئایا قورئان دروستکراوە یا نا، ژمارەیەکی زۆری مرۆڤيان کووشت وئازاردا وزيندان کرد، ئەوەی بيوتایە قورئان دروستکراو نييە، لە سەردەمی ئەو ٣ خەليفەیە ئەوا سزا دەدرا ولە کار دووردەخرایەوە ویا لە ملی دەدرا ویا زيندان دەکرا.

بەغدا مەڵبەندی چەوساندنەوە

هەر چوار مەزهەبە سەرەکيەکەی ئيسلام (حەنەفی،مالکی،شافعی،حەنبەلی) ڕابەرەکانيان لە کاتی حوکمی عەباسيەکاندا ئازاردراون وئيهانە کراون وزيندان کراون، ئيمام (ابو حنيفة النعمان) ڕابەری مەزهەبی حەنەفی لە زيندانی عەباسييەکان مرد.

زیاد لە ١٠ خەليفەی عەباسييەکان کوژراون، زۆربەشيان بە دەستی برا وکوڕ ودارودەستەکانی خۆیان، ئەمەش نيشانەی نا ئارامی وفەوزایەکی سياسی گەورە بووە لە سەردەمی حوکمی عەباسيەکان.

جگە لە کووشتنی چەندين شاعير ورۆشنبير وپياوی ئاينی بە ئەمری خەليفە، هەروەها تاوانە گەورەکانی عەباسيەکان دژی ڕاپەرينی نەتەوە وگرووپە کۆمەڵايەتیيەکانی ئەو کات دژی دەسەڵاتی ستەمکار وگەندەڵی عەباسيەکان، بۆ نموونە کۆمەڵکوژی (الزط) ساڵی ٨٣٣ز کۆمەڵکوژی (الزنج) نێوان ساڵانی ٨٧٠-٨٨٣ز.یاخود پارچە پارچەکردنی مرۆڤ بۆ ١٤ پارچەو سزای کوێرکردنی چاو و زيندەبەچاڵکردنی مرۆڤ.

هەموو ئەمانە شێوازێکی باوی سزادان وکووشتن وسياسەتی عەباسييەکان بووە بەرامبەر بە نەيارەکانيان، کە زۆر کات ڕوويداوە ئەو نەيارانە شاعير وئيمام ورۆشنبيری ئەو سەردەمە بوونە. هەموو ئەم تاوان وستەمکاری وخوێن ڕشتنە یا لە بەغدا ئەنجامدراون یا لە بەغداوە بڕياری لەسەر دراوە. ئەمە لە کاتێکدا ئەو سەردەمە بە گەشترين سەردەمی مێژووی بەغدا دادەنرێت!

بەغدا و مەغۆل

لە ساڵی ١٢٥٨ مەغۆلەکان بەغداد داگير دەکەن وکاولی دەکەن، هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکات کاتێک مەغۆلەکان بەغدا داگير دەکەن ئەوا بە هۆی ئەو ژمارە زۆری تەرمی مردووی خەڵکی بەغداد، مەغۆلەکان ناچار دەبن شارەکە بەجێ بهێڵن لەبەر بۆنی تەرمە کەوتوەکانی سەر شەقامەکانی بەغدا وپيسبوونی هەوای بەغدا بە هۆی بۆگەن بوونی ئەو هەموو تەرمە!

دوای مەغۆلەکان، بەغداد لە سەدەی ١٥ەوە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هەردوو هۆزی وەحشی تورکمانی قەرەقوينلۆ وئاق قوينلۆ کە ئەمانيش بە شێوەیەکی خوێناوی وستەمکاری حوکم دەکەن.

لە سەدەی ١٦ەوە بەغداد دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ وململانێی خوێناوی نێوان هەردوو ئيمبراتۆریەتی سەفەوی وعوسمانی، بۆ ماوەی چەن سەدەیەک بەغداد دەبێتە گۆرەپانی کووشتن وجەنگ وفەوزا ونا ئارامی.

ململانێی سەفەوی و عوسمانی

هەر بۆ نموونە لە ١٦٢٣ لە ئەنجامی گەمارۆی سەفەوييەکان بۆ سەر بەغداد، دۆخێکی نا لەباری وا دروست دەبێت لە ناو بەغدا کە خواردن وکەرەستەی ژیان نامێنێت وبە ناچاری خەڵکی بەغدا دەست دەکەن بە خواردنی گۆشتی سەگ وگۆشتی مردوو لە پێناو مانەوە، پاشان سەفەوييەکان دەچنە ناو بەغدا ودەيکەن بە گۆمێک لە خوێن، ئەوە دووەمجار بوو سەفەوييەکان بەغدا داگير بکەن.

پاشان لە ساڵی ١٦٣٨ عوسمانيەکان بەغدا داگير دەکەن وسەفەوييەکان دەردەکەن، لەو ساڵەدا نزيکەی ٣٠ هەزار کەس کوژرا لە ناو بەغدا، بە فەرمانی سوڵتان موراد لە کاتی شەڕی عوسمانی وسەفەوی نزيکەی هەزار ديل لە ملياندرا لە ناو بەغدا.ئەوەش جاری دووەم بوو عوسمانيەکان بەغدا داگير بکەن.

لە نێوان ساڵانی ١٧٤٩-١٨٣١ بەغداد دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی مەماليکەکان، کە بە شێوەیەکی فەرمی لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بوون، بەڵام لە ڕووی واقعيەوە زیاتر سەربەخۆ بوون. لەم سەردەمە بەغداد لە دۆخی کووشتن ونائارامی وقەيران وتاڵانيەکی بەردەوامە. نزيکەی ١٠ والی بەغداد کە لە مەماليکەکان بوون دەکوژرێن. هەروەها بەردەوام شەڕی خێل وهۆزە عيراقيەکان بەرامبەر بە دەسەڵات ولە نێوان خۆياندا بەغدادی کردبووە شارێکی نا ئارام وخوێناوی.

خوێناویترین ساڵی بەغدا

بۆ نموونە لە ساڵی ١٨٣١ کە کە بە یەکێک لە خوێناويترين وترسناکترين ساڵ دادەنرێت لە مێژووی بەغدا، بە هۆی بڵاوبوونەوەی تاعون لە شارەکە وهەر وەها هێرشی سوپای عوسمانيەکان بۆ سەر بەغداد بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی مەماليکەکان، بە پێی هەندێ سەرچاوەکان لەو ساڵەدا سێ بەشی دانيشتوانی بەغداد دەمرن ولەناو دەچن! لاشەی مردوو هەموو کۆڵان وشەقامێکی بەغداد دەگرێتەوە وسەگ بەردەبێتە تەرمی مردووەکان لەسەر شەقامەکانی بەغدا. هەر لەو ساڵەشدا عوسمانيەکان کۆمەڵکۆژی مەماليکەکان دەکەن لە بەغداد وهەموو ناوچەکە، لە کاتێکدا مەماليکەکان سەر بە عوسمانيەکان بوون وسودی گەورەیان گەياند بە عوسمانييەکان لە ڕووی سەربازی وئيدارييەوە.

لە دوای نەمانی دەسەڵاتی مەماليکەکان وگرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن عوسمانيەکانەوە، بەغداد هەر بەردەوام بوو لە نا ئارامی وقەيران وتاڵانی وبڵاوبوونەوەی نەخۆشی کووشندە. لە ساڵی ١٨٤٦ نەخۆشی کۆليرا بەغدا هەراسان دەکات ونزيکەی ٤ هەزار کەس لە دانيشتوانی بەغدا دەکوژێت، ئەمەش وەک زۆربەی کات هاوکات بوو بە دەستپێکردنی تاڵانی ودزی لە ناو بەغدا لە لایەن بەشێک لە خەڵکی بەغداوە. لە نيوەی دووەمی سەدەی ١٩ تا داگيرکردنی بەغداد لە لایەن بەريتانيەوە لە ساڵی ١٩١٧ دياردەی بەرتيل ودزی وتاڵانی ومرۆڤ کووشتن لە لوتکەدا بوو لە ناو بەغدا.

 

بەغدا لەسەردەمی بەریتانیدا

ساڵی ١٩١٧ بەريتانيا بەغداد داگير دەکات، پێش هاتنی سوپای بەريتانی بۆ بەغدا وبەسرە، خەڵکی بەغدا بە گشتی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پشتگيری عوسمانيەکان دەکەن لە دژی بەريتانيا، چونکە عوسمانيەکان برایانن لە ڕووی دينەوە، بەڵام هەر کە بەريتانيا نزيک بووەوە لە بەغداد، خەڵکی بەغدا بە گشتی هەڵگەڕانەوە لە عوسمانيەکان وکەوتنە پشتگيری بەريتانيا، خەڵکێکی زۆريش لە بەغدا دەستيان کرد بە دزين وتاڵانی دوکان وبازارەکانی بەغدا ودەزگاکانی حکومەت، تا وای لێ هات بەشێک لە خەڵکی داوایان لە سوپای بەريتانی کرد بە زووترين کات بێنە ناو بەغدا و کۆتایی بەو دياردەی دزين وتاڵانيە بهێنن، هەر بۆیە بەشێک لە خەڵکی بەغدا لە پێشوازی سوپای بەريتانی لە کاتی هاتنيان بۆ ناو بەغدا وەستابوون وبەخێرهاتنی ئەو سوپایەیان دەکرد بۆ داگير کردنی شارەکەيان وکۆتایی هێنان بەو دزی وفەرهودەی کە لە لایەن بەشێکی تری خەڵکی شارەکەیانەوە ئەنجامدەدرا!.

دزی دیارترین خەسڵەتی بەغداییەكان

لە مێژووی بەغدا یەکێ لەو دياردانەی کە زۆر باووبووە، بريتی بووە لە دياردەی دزی وتاڵانچێتی وچەتەگەرایەتی، زۆربەی کات لە ناو گروپە کۆمەڵایەتيەکانی بەغداد، یەکێک لە گروپە هەرە ديار وناسراوەکان، بريتی بووە لە شەقاوە وچەتە ودزەکان. ئەم گروپە لە خەڵکی بەغدا زۆربەی کات قەيران وشەڕ ونائارامی وبڵاوبوونەوەی نەخۆشيان وەک هەلێک بەکارهێناوە بۆ دەستکردن بە دزين وتاڵانی لە ناو شاری بەغدا. هەر بۆ نموونە، لە ساڵی ١٨٣١ کاتێک تاعون لە بەغدا بڵاودەبێتەوە، بەشێک لە خەڵکی بەغدا دەست دەکەن بە دزين وبڕينی ماڵان ودوکان وبازار... تا ئەو ڕادەیەیی ژمارەیەکی زۆریان لە کاتی دزين وتاڵانی خۆشيان بوونە قوربانی تاعونەکە ومردن. وەک چۆن ئاماژەمان بەو دياردەیەدا لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە بەغدا ١٨٤٦ وهەر وەها کاتی داگيرکردنی بەغداد لە لایەن بەريتانيەوە لە ١٩١٧.

ئەم دياردانە بێ شومار لە مێژووی بەغداد دوبارە بووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٣ کاتی ڕووخانی سەدام ديسانەوە لە عيراق وبەغدا دزينی شتومەکی گشتی زۆر بە ڕوونی ڕوويدا. ئەم دياردەیە یەکێکە لە سيفەتە ديارەکانی کۆمەڵگە وخەڵکی بەغداد بە درێژاییی مێژووی ئەو شارە. ئەم دياردەیە ڕەگ وڕيشەی دەگەرێتەوە بۆ کولتوری خێل وهۆزە عەرەبيەکان.

لە ساڵی ١٩٢١ بەريتانيا شتێکی ناشرين وشکسخواردوو دروست دەکات بە ناوی دەوڵەتی عيراق، ئەم شارە خوێناویيە (بغداد) دەکاتە پايتەختی ئەو دەوڵەتە وبەغداد دەبێتەوە بە ناوەندی بڕيار ودەسەڵاتی سياسی.

سەردەمی پاشایەتی

لە نێوان ساڵانی ١٩٢١-١٩٥٨ کە سەردەمی پاشایەتيە لە عيراق، بەغداد ديسانەوە بە درێژایی ئەو ماوەیە ناوەندێکی سياسی وکۆمەڵایەتی نا ئارام وپڕ لە کێشە وقەيران وکودەتایە. بۆ نموونە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٦-١٩٤١ حەوت کودەتای سەربازی وسپی ئەنجامدەرێت. لە ماوەی حوکمی پاشایەتی لە عيراق، لە کۆی ١٦ خولی پەرلەمانی تەنها یەک دانەی توانيویەتی ٤ ساڵی خولی خۆی تەواو بکات، ئەوەش بە چەندين کێشەوە!.

هەڵوەشاندنەوە وشکستی حکومەت یەکێکە لە سيما ديارەکانی حوکمی پاشایەتی بۆ نموونە نوری سەعيد بە تەنها ١٤ جار لە ماوەی جياواز بووەتە سەرۆک حکومەت، کابينەی چواردەهەمی حکومەتی عيراق تەنها یەک رۆژ بەردەوام بووە! لەو ماوەیەدا عيراق ٣ پاشا یەک لە دوای یەک حوکميان کردوە، فەيسەلی یەکەم ومەليک غازی هەردووکی گومان دەکرێت کوژرابن، سێهەميان فەيسەلی دووەمە کە بە کودەتای ١٩٥٨ کورژا. نوری سەعيديش لەسەر شەقامەکانی بەغدا پارچەپارچە کرا. جگە لەوەی لە ساڵی ١٩٣٣ حکومەتی عيراق هەزاران ئاشووری کۆمەڵکوژ وئاوارە کرد.

ئەو چەن نموونەیە ئەوە دەسەلمێنێت بەغداد کە ناوەندی بڕياری عيراق بووە، نوقم بووە لە نا سەقامگيری وتوندوتيژی ونا ديموکراسی.

 

لە ساڵی ١٩٥٨ لە رێگەی کودەتایەکی عەسکەريەوە عيراق دەبێتە کۆماری، هەر دوای ماوەیەکی کەم سەرۆکی کودەتاکە دەستدەکات بە کووشتن وگرتنی هاورێکانی ولەناوبردنی ئۆپۆزسيون، لە سەردەمی حوکمی قاسم، شيوعيەکان کە نزيک بوون لێی، ئەو لایەنەی شيوعی نەبوایە سزا دەرا ودوور دەخرایەوە یا دەکوژرا.پاشان قاسم ئازاری خودی شيوعيەکانيشی دا. لەو سەردەمە ديسانەوە بەغدا ناوەندێکی ستەمکاری و نا ديموکراسی بوو، بە هەموو شێوەیەک ڕای جياوازی تيايدا قەدەغە بوو.

كۆدەتای بەعسییەكان

ساڵی ١٩٦٣ بەعسيەكان بە کودەتا دێنە سەر حوکم بەڵام دوای ماوەیەکی کەم ناسيوناليستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف کودەتایەکی تر دەکەن بەسەر بەعسيەکاندا وخۆیان دەسەڵات دەگرنە دەست.ئينجا بەغدا دەبێتە ناوەندێکی ستەمکاری ناسيوناليزم، ئەوەی شيوعی بوو زيندان کرا وئازار درا یا کوژرا. هەر وەها ئەوەی ناسيوناليست نەبوو ژیانی لە مەترسی بوو. عەبدولکەريم قاسميش وەک زۆر سەرۆکی تر، هەر لە بەغدا کوژرا بە فەرمانی هاورێ دێرينەکەی خۆی عەبدولسەلام. پاشان خودی عەبدولسەلاميش لە ڕووداوێکی تەمومژاوی دەکوژرێت.

 

ساڵی ١٩٦٨ بەعسيەکان بە کودەتایەکی تر دەسەڵات دەگرنە دەست، ئيتر بەغدا دەبێتە ناوەندێکی ستەمکاری بەعسی، ئۆپۆزسيۆن وڕای جياواز بە گشتی باجەکەی کووشتن بوو. ساڵی ١٩٧٩ تا ٢٠٠٣ بەغدا دەبێتە ناوەندێکی تۆقێنەری سەدامی بەعسی، ئەمجارە نەک ئەوەی شيوعی یا بەعسی یا ناسيوناليست نەبێت دەکوژرێت لە عيراق، بەڵکو ئەوەی سەدامی نەبێت دەکوژرێت تەنانەت بەعسيەکانيش ئەوەی سەدامی نەبێت دەکوژرێت.

دوای 2003

پاش ٢٠٠٣ حوکمی ديکتاتۆری دەروخێت، بەڵام وەک مێژووی بەغدا وعيراق پێمان دەڵێت، ئەگەر ستەمکاری وديکتاتۆری نەما، ئەوا نا سەقامگيری وفەوزا شوێنی دەگرێتەوە. لە ٢٠٠٣ەوە تا ئەمرۆ بەغدا ناوەندی فەوزا وگەندەڵی ونا سەقامگيریيە تا ئەو ڕادەیەیی یەکێکە لە ترسناکترين پايتەختەکانی جيهان، ئەگەر یەکەم ترسناکترين نەبێت بۆ ژیانی مرۆڤ.

بەغدا لە سەردەمی ئەبو جەعفەری مەنسورەوە تا سەردەمی کازمی ودواتريش، لەو مێژووە درێژە هيچ سەردەمێک نەبووە ئەو شارە ناوەندێکی ديموکراسی وسەقامگير بێت، لەو کاتەی ناوەندێکی زاستی وپێشکەوتوو بووە، لەو کاتەی ناوەندێکی نەزانی ودواکەوتوویی بووە، بەڵام لە یەک سيفەتدا هاوبەش بووە، ئەويش نا ديموکراسی وخوێن ڕشتن وستەمکاری ونا سەقامگيری ونا یاسایی وترسناکی.

بەغدا و وەهمی كورد

هەر لایەنێکی کوردی پێی وابێت نزيکبوونەوە لە بەغدا، یا بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە بەغداوە بەدی دێت،یا ئايندەی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەکرێت باشتر بێت بۆ کورد. ئەوە لوتکەی گەمژێتی وبێ ئاگاییەتی لە مێژوو وسروشت و عەقليەتی ئەوانەی کە لە بەغدا دەسەڵاتدارن. هەر گۆڕانکارييەک لە بەغدا ڕووبدات، هەر کەس ولایەنێک لە بەغدا حوکم بکات ئیتر مالکی بێت یا سەدام یا کازمی.ئەوا بەغدا ناوەندێکی نا ديموکراسی ونا سەقامگيرە وهيچی لێ سەوز نابێت بۆ کورد.

هيچ ئاماژەیەکيش نييە بەوەی لە ئايندەیەکی نزيک بەغدا ببێتە ناوەندێکی ديموکراسی وشەفاف، ئەگەر حوکمەتی داهاتوو ئەو خۆپێشاندەرانەش دروستی بکەن وبەرێوەی بەرن، ئەوا ئەگەر لە حکومەتەکەی مالکی وعەبادی خەراپتر نەبن بۆ کورد باشتر نابن، هەر چەن هەندێ هوتاف وگوتاری خۆپێشاندەران هەیە، نەک لە مالکی وعەبادیەوە نزیکن، بەڵکو زیاتر سەداميە.

بەغدا وعيراق بە کۆمەڵێک قەيران وکێشەی قووڵەوە دەناڵێنێت، بە درێژایی چەندين سەدە، هيچ کام لەو قەيران وکێشانە چارەسەر نەکراون وهيچ پلانێکش نييە بۆ چارەسەرکردنی، ئەوەی شارەزای مێژووی عيراق وبەغدا بێت، دەزانێت ڕەگی قەيرانی عيراق، لە تاکی عيراقيدایە، لە ئەخلاق وکولتوری عيراقييە، کە هيچ کام لەوانە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە. سەدام وئەو خۆپێشاندەرانە هەمان ئەخلاق وکولتور وفکر وکەسایەتيان هەیە.

کورد ئەگەر مەبەستی ديموکراسی وژیانێکی شايستە و مافەکانی خۆی بێت، ئەوا دەبێت یەکەم هەوڵی دوورکەوتنەوە بێت لە بەغداد، نەک نزيکبوونەوە و تەسليم بوون بە ترسناکترين ونا ديموکراسيترين ناوەندی سياسی لە مێژوودا.

ئەمە جگە لەوەی بە درێژایی دروستبوونی ئەوەی پێی دەڵێن دەوڵەتی عيراق، هەموو بڕيارێکی دژ بە کوردی باشور وجينوسايدکردنی و چەوساندنەوەی لە بەغداوە دەرچووە. لە ئايندەشدا، بەغداد جگە لەو بڕياڕانە، خوازياری هيچ بڕيارێکی تر نييە سەبارەت بە کورد. بەغداد نەک بەرامبەر بە کورد، بەڵکو بەرامبەر بە خەڵکی بەغداد وعيراقيش ناتوانێت ديموکراسی بێت و بە توندوتيژی وهێزەوە ڕەفتار نەکات. ناکرێت شارێک هەموو مێژووی نوقم بێت لە توندوتيژی وستەمکاری ونا سەقامگيری، داوای ئەوەی لێ بکرێت ديموکراسی بێت بەرامبەر بە کورد وبێ کێشە موووچەی کورد بدات!لە کاتێکدا لە نەستی بەغداد کورد بريتييە لە نەيار ودوژمن و تێکدەر وئينفيساڵی.

 



ئه‌م بابه‌ته 1352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر