پاش کۆرۆنا، جەنگی ئەتۆمی یان پەرتبوون!

لەحاڵێکدا ئەگەر دۆخەکە بەرەو جەنگێکی وێرانکەری ئەتۆمی نەڕوات، ئەوا لانیکەم جیهان ڕووبەڕووی پەرتبون و دابەشبوونێکی گەورەی ئابووری و سیاسی دەبێتەوە.
PM:10:49:30/04/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی
دوور نیە لەمەودوا تاکە دەوڵەتێک ببێتە سەرداری هەموو ناوچەکان و لەبەرامبەر ئەوانی تردا نوێنەرایەتی و خاوەندارییان بکات

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

بەهۆی ڕێگەنەدان بە چین لەلایەن زلهێزەکانەوە بۆ ئەوەی ببێتە جەمسەرێکی بەهێزو خاوەن نفووز لەسەر ئاستی جیهان، لەحاڵێکدا ئەگەر دۆخەکە بەرەو جەنگێکی وێرانکەری ئەتۆمی نەڕوات، ئەوا لانیکەم جیهان بەرەو پەرتبون و دابەشبوونێکی گەورەی ئابووری و سیاسی دەبێتەوە.

لە پەیپەرێکدا بە ناونیشانی "کۆرۆنا و کێبرکێی نوێبووەوەی جیۆستراتیجی: ئایا پەتاکە شەڕێکی ئەتۆمی هەڵدەگیرسێنێت؟"، سەنتەری ستراتیجیک بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، ئاماژە بەوە دەکات کە تۆمەتبارکردنی چین بە دروستکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هێشتا گریمانەیەو هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەری لەپشتەوە نیە، بەتایبەت کە تائێستا گریمانەکە لاوازە لەبارەی ئەوەی کە ڤایرۆسەکە لەنێو تاقیگەکاندا بەرهەم هێنرابێت، جگە لەوەش بۆچوونی نیمچە دروست ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە لە ژینگەیەکی سروشتییەوە سەری هەڵداوە. بۆیە تا ئەو کاتەی ڕاستییەکان ڕوون دەبنەوە، چین ئەوەندە خاڵی بەهێزی هەیە کە ئەمریکا وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ تەماشای ئەو وڵاتە بکات.  

هەڵکشانی چین
تا ساڵی ٢٠١٨، خەرجی سەربازیی چین گەیشتە نزیکەی ٢٥٠ ملیار دۆلار، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠٠٨ بڕەکە تەنها ٨٦.٣ ملیار دۆلار بوو. واتە لەماوەی ١٠ ساڵدا ١٦٠ ملیار دۆلاری زیادکردووە بۆ خزمەتی خەرجی سەربازی. 

لەپاڵ ئەو خەرجییە زۆرەدا، چین ڕەفتارێکی زبرتری نواندووە لە هەندێک هەڵوێستدا، وەکو: دروستکردنی چەند دورگەیەکی سەربازیی دەستکرد لە دەریای باشووری چین، کردنەوەی یەکەم بنکەی سەربازی چینی لە جیبۆتی لە ئابی ٢٠١٧ بەمەبەستی پاراستنی هێڵەکانی دەریاوانی بۆ کەشتییەکانی.  

هەروەک تێبینی دەکرێت، لەم ساڵانەی دواییدا، چین هەڵوێستی ڕاشکاوانەی هەبووە لەبارەی ململانێ گەرمەکانی زیاتر لە ناوچەیەکی جیهاندا، وەک ئەوەی کە زیاد لە جارێک هاوڕێ لەگەڵ ڕوسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش یەکدەنگ بووە. ئەوەش مانای دەستهەڵگرتنی بووە لەو بێلایەنییە سیاسییەی کە جاران پەیڕەوی دەکرد بۆ ئەوەی زیاتر خۆی تەرخان بکات بۆ گەشەو پەلکێشانی ئابووری لە سیستمی نێودەولەتیدا. 

چین تەنها بە گەشەپێدانی ئابوورییەکەیەوە نەوەستاوە، بەڵکو بەردەوام کاری کردووە بۆ پەرەپێدانی جبەخانە ئەتۆمییەکەی، بە چەکی تاکتیکیشەوە. لەنێوان سێپتەمبەری ٢٠١٤و دیسەمبەری٢٠١٧دا چین نزیکەی ٢٠٠ تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی تاکتیکیی کورت مەودای لە دەریای باشووری چین ئەنجام داوە، واتە بۆ هەر مانگێک تاقیکردنەوەیەک!

شکستی ڕێکەوتنەکان
پەیپەرەکە ئاماژەی بەوە داوە کە کشانەوەی ئەمریکا لە "پەیماننامەی چەکی ئەتۆمیی مەودا ناوەند" کە دیسەمبەری١٩٨٧ لەگەڵ روسیا ئیمزای کردووە، هەڕەشەیە بۆ سەر چارەنووسی ڕێکەوتنی "ستارت-٣" کە لە ئەپریلی٢٠١٠دا لەنێوان ئەمریکاو ڕوسیا ئیمزاکراو لە ساڵی ٢٠٢١دا کۆتایی دێت. چاوەڕوان ناکرێت ئەو ڕێکەوتنە نوێ بکرێتەوە ئەگەر واشنتۆن خواستە ئاسایشییە ئەتۆمییەکانی بەدەست نەهێنێت، ئەو خواستانەش پەیوەست نین بە لایەنی ڕوسی، بەڵکو پەیوەستن بە چین کە ئەمریکا خوازیارە پەلکێشی بکات بەرەو ئیمزاکردنی کۆمەڵێک ڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەوێوە جڵەوی چەکە ئەتۆمییەکانی چین بکات لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە.  

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان لەزاری (کریستۆڤەر جۆنسۆن) کارمەندی پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکاوە، باس لەوە دەکەن کە کشانەوە لە ڕێکەوتنەکە پەیوەندیی هەیە بە بارگرژییەکانی دەریای باشووری چینەوە. بەردەوامبوونی چین لەسەر پەرەپێدانی جبەخانە تاکتیکییەکانی لەو ناوچەیە، وا لە ئەمریکا دەکات هەست بکات پابەندبوونی بە ڕێکەوتنێکی لەو جۆرە دەبێتە مایەی دواکەوتنی لە پەرەپێدانی توانای ئەتۆمیی هاوشێوە، ئەوەش بە کارێکی مەترسیدار دەزانێت. 

جۆنسۆن پێی وایە توانایی سەربازیی ئەمریکا وای لێدەکات بگاتە ناوجەرگەی خاکی چین، ئەوەش بایەخێکی ئێکجار گەورەی هەیە. خۆ ئەگەر ئەمریکا توانای لێدانی بنکە مووشەکییە دژە کەشتییەکانی نەبێت لەکاتێکدا خۆی لەنێو خاکی چیندا بێت، ئەوا هەموو توانا سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا تەنها بریتی دەبێت لە بنکە سەربازییەکانی لە ژاپۆن، ڕەوانەکردنی کەشتییە جەنگییەکانیشی بۆ کەناراوەکانی نزیک چین، ڕیسکێکە کە دەرەنجامەکەی زامنکراو نابێت.  

ڕێگای ئاوریشمی تەندروستی
پەیپەرەکەی (سەنتەری ستراتیجیک بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی) تێبینی ئەوەی کردووە کە دەستپێشخەرییەکەی (شی جین پینگ) سەرۆکی چین لە ساڵی ٢٠١٣دا بە ناونیشانی "ڕێگای ئاوریشم"، لەباریدایە لە چەند ڕەهەندێکی ئابووریی پەتییەوە بگۆڕێت بۆ ڕەهەندگەلێکی پەیوەست بە جێگیربوونی سەربازی. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە هەڵسەنگاندێکی دوورودرێژدا لەساڵی ٢٠١٨، هۆشداریی داوە کە "ڕێگای ئاوریشم" لەبارە بۆ هەڵگرتنی ڕەهەندی سەربازی لەحاڵێکدا ئەگەر چین بتوانێت لەڕووی سەربازییەوە جێپێی خۆی قایم بکات بەدرێژایی هێڵەکانی بازرگانیی و زامنکردنی توانا دەریاوانییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی. 

لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی کۆرۆنا لە خۆرئاوا، چین بەخێرایی کەوتە وەبەرهێنانی دیپلۆماسی بە شێوازێکی پراگماتیکی بەئامانجی درەوشاندنەوەی وێنەی خۆی لەبەردەم وڵاتانی جیهاندا. دەستی هاوکاریی بۆ زۆر وڵاتی ئەوروپی درێژکرد، وەک ئیتاڵیا کە کادری تەندروستی و شارەزای لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنا لە (ووهان)ی کانگای کۆرۆناوە ڕەوانەی ئەو وڵاتە کرد. سەرۆکی چین ئەم هەنگاوەی وەک بەشێک لە بناغەی "ڕێگای ئاوریشمی تەندروستی" وەسفکرد، بەتایبەت کە ڕۆما یەکەم پایتەختی کۆمەڵە ئابوورییە حەوت وڵاتییەکەیە کە لە ئازاری٢٠١٩دا چوونە پاڵ "پشتێنەو ڕێگا"، ئەوەش بووە مایەی نیگەرانییەکی بەرفراوانی ئەمریکی و ئەوروپایی.   

فاکتەری گۆڕێن
پێدەچێت ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتە فاکتەرێکی سیاسی و ئابووری و مایەی گۆڕانی چۆنایەتی و جەوهەری لە ستراکچەری سیستمی جیهانیداو هێزەکانیشی بەسەردا دابەش ببێت. هەروەک خەریکە تەوزیف دەکرێت بۆ ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی هێز لەنێوان یاریکەرە سیاسییەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و نوێنەرەکانیان لە دەسەڵاتی سیاسیی ناوخۆو ئاستی ئیقلیمیدا، هەروەها لەڕێی هەڵسەنگاندنی ڕادەی لەباریی هاوپەیمانییە دارایی و دامەزراوەییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا جیهانییەدا.

وەک ئابووریناسی ڕووس (ڤالنتین کاتاسونۆڤ) دەڵێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەوە هاتووە جەنگی ئابووریی نێوان هەردوو دەستەبژێری پیشەسازی و ئابووریی ئەمریکا ئاڵۆزتر بکات: "هەر بۆیە ڕێگاکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕێگایەکی درێژ دەبێت ئەگەر بیەوێت یەدەگی فیدراڵی بەدووربگرێت لە دیمەنە گشتییەکەی ناوەندی بڕیارسازیی ئەمریکا، چونکە ناتوانێت سەرکێشیی بە پێگەی دۆلار بکات لە ئابووریی جیهانیدا، بەتایبەت کە بە ئارامترین پەناگەی وەبەرهێنان دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان". 

لێرەوە ئەو باوەڕە دروست دەبێت کە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەستی هەڵگرتبێت لە بیرۆکەی دابەزاندنی نرخی دۆلار بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی کە وڵاتی پێدا دەڕوات، لەکاتێکدا بەهای دۆلار بەرزرتر دەبێتەوە لەچاو دراوەکانی دیکەدا، سەرباری کەمکردنەوەی نرخی سوودەکان بۆ نێوان (سفرو ٠.٢٥) بۆ هاوکاریکردن لە بەرەنگاربوونەوەی ئاسەوارە ئابوورییە سەختەکانی پەتاکە. 

ناکۆکیی کەڵەکەبووی ئەوروپا
لەوەتەی دامەزراندنیەوە تائیستا، یەکێتی ئەوروپا ڕووبەڕووی مەزنترین ئاڵنگاری بووەتەوە. میدیای جیهانی باس لە بێباکی جیهانی نوێ دەکات کە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی کۆرۆناوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، زیاتریش بەهۆی ڕیکارەکانی برۆکسل و مامەلەکردنی لەگەڵ پەتاکەدا. بە وتەی (پاوڵۆ جینتلینی) کۆمیسیاری ئابووری لە یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی ئەوروپا پێویستیان بە ١.٦٣ تریلیۆن دۆلارە بۆ هەڵکردن لەگەڵ پەتاکەو لێکەوتەکانیدا. ئەوەش پرسیارێک دەوروژێنێت دەربارەی لۆژیکی دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بەسەر وڵاتانی زیانلێکەوتوودا، بەتایبەت دوای پێشبینی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ داکشانی ئابووریی ناوچەی یۆرۆ بە ڕێژەی ٧.٥ لە سەد، بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی "بەرگریی ئابووری"ی لەنێوان وڵاتانی یەکێتییەکەدا.  

پەرتبوون و دابەشبوون
توێژینەوەکە گەیشتووە بەو دەرەنجامەی: لە سایەی ڕێگەنەدانی چین لەلایەن زلهێزەکانەوە بۆ ئەوەی ببێتە جەمسەرێکی بەهێزو خاوەن نفووز لەسەر ئاستی جیهان، لەحاڵێکدا ئەگەر دۆخەکە بەرەو جەنگێکی وێرانکەری ئەتۆمی نەڕوات، ئەوا لانیکەم جیهان ڕووبەڕووی پەرتبون و دابەشبوونێکی گەورەی ئابووری و سیاسی دەبێتەوە. بەو پێیەی تاکە دەوڵەتێک دەبێتە سەرداری هەموو ناوچەکان و لەبەرامبەر ئەوانی تردا نوێنەرایەتی و خاوەندارییان دەکات. 

لەگەڵ هەموو ئەو پێدراوانەشدا، جارێ هیچ ڕوونادات، تا دوای ئاشکرابوونی لایەنی سەرکەوتووی ململانێی دەستەبژێری ئەمریکا لەلایەک و، دوای ڕۆشنبوونەوەی چارەنووسی یەکێتی ئەوروپا کە ئێستا بەهۆی توندیی ڕەخنەکان بەرامبەر گوتاری برۆکسل، لەبەردەم هەڕەشەی داڕوخاندایە. 

هەموو ئەمانە مایەی هەڵوەستەو حیساب بۆکردنن بەدرێژایی ماوەیەکی دیاریکراو، کە نازانرێت ئەو ماوەیە کۆتاییەکەی چۆن و کەی دەبێت؟!

و/ سیڤەر
ژێدەر/ Elaph.coms


ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر