ڕەگەز و لێكەوتەكانی سیاسەتی دەرەوەی قەتەر

یەکێک لە سياسەتە ئاڵۆز وقوورسەکان بۆ تێگەيشتن، بريتييە لە سياسەتی دەرەوەی قەتەر. وڵاتێک ڕووبەرەکەی لە پارێزگای هەولێر بچوکترە، دانيشتوانەکەی دوو مليون ونيو دەبن، بەڵام کەمتر لە نيو مليۆنی قەتەرین، زۆرينەی بيانين. بەڵام لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی گەورەی هەیە وکێشەی گەورەی درووست کردوە ودەکات.
PM:03:37:04/05/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی
قەتەر دەيەوێت لەسەر چەندين هێل یاری بکات وسياسەت بکات، چەندين دۆستی دژ بە یەکی هەبێت لە یەک کاتدا، ئەم پارادۆکسە لە سياسەت سوودی زۆر پێگەياندوە

ڕەنج نەوزاد
نوسەر و توێژەر


قەتەر وەك موعەمایەكی سیاسی

یەکێک لە سياسەتە ئاڵۆز وقوورسەکان بۆ تێگەيشتن، بريتييە لە سياسەتی دەرەوەی قەتەر. وڵاتێک ڕووبەرەکەی لە پارێزگای هەولێر بچوکترە، دانيشتوانەکەی دوو مليون ونيو دەبن، بەڵام کەمتر لە نيو مليۆنی قەتەرین، زۆرينەی بيانين. بەڵام لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی گەورەی هەیە وکێشەی گەورەی درووست کردوە ودەکات.

هاوپەيمانێکی گرنگی ئەمريکایە، لەهەمان کات پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئێران باش و ئاساییە، لەگەڵ تورکيا وئيخوانيەکان پەيوەندييەکی زۆر باش ودۆستانەی هەیە، لەوانەیە تاکە دەوڵەت بێت کە لەگەڵ گروپە توندڕەوەکانی وەک تاڵيبان وئەلقاعيدە و داعش پەيوەندييەکی دۆستانە و باش وبەردەوامی هەبێت.

کەچی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کە لە ڕووی جوگرافی وئاينی ومەزهەبی وکولتوری و شێوازی سيستەمی سياسيەوە لە خۆیەوە زۆر نزيکن، پەيوەندييەکانی خەراپە وپڕە لە ململانێ.

سێ بنەما گرنگەكەی سیاسەتی قەتەر



 

سياسەتی قەتەر سێ بنەمای گرنگی هەیە، ئەوانيش: گازی سروشتی، کەناڵی الجزيرة، پشتگيری لە ئيخوان وگروپە ئيسلاميەکان لە هەر کوێ بن.

ئەمەش لە پێناو ئەوەی ببێتە وڵاتێکی کاريگەر لە ناوچەکە، لە دەرەوەی سياسەتی سعوديە و وڵاتانی تری کەنداو، سياسەتێکی سەربەخۆی هەبێت. کۆی ئەمانەش بە پشت بەستن بە هاوپەيمانيە قووڵەکەی لەگەڵ ئەمريکا.

 دەرچون لەهەژمونی سعودیە

دوای هاتنی ئەمير (حمد) بۆ سەر حوکم لە ئەنجامی کودەتایەکی سپی بەسەر باوکيدا لە ساڵی ١٩٩٥، قەتەر بە تەواوی دەستی کرد بە دانانی بناغەیەکی پتەو بۆ دەرچوون لە هەژموونی سعووديە وبوون بە خاوەنی سياسەتێکی سەربەخۆ و کاريگەر لە ناوچەکەدا، بە هاتنی ئەمير (تميم) کە ديسانەوە بە کودەتایەکی سپی بەسەر باوکيدا لە ٢٠١٣ دەسەڵاتی گرتە دەست، زیاتر گەشەی بەو سياسەتە دا.

هەر لە درووستبوونی قەتەرەوە کێشەیەکی سەرەکی ئەم وڵاتە بريتي بووە لە سعوديە، سعووديە هەژموونی هەبووە بەسەر قەتەر وچەندين جار ململانێ وکێشەیان هەبووە لەسەر سنور، قەتەر تەنيا یەک سنووری وشکانی هەیە، ئەويش بە سعوديەوەیە، بە پێی تێڕوانينێکی سعووديش، قەتەر هەر سەر بە خاکی سعوودييە بووە، بۆیە دەبێت قەتەر لە چوارچێوەی سياسەتی سعووديە رەفتار بکات، ئەمەش قەتەری هەميشە نيگەران کردوە وهەوڵیداوە لەو هەژموونەی سعوديە ڕزگاری بێت.چونکە قەتەر لەگەڵ ئەوەی وڵاتێکی بچووکە، بەڵام خەونەکانی زۆر گەورەن بە هۆی ئەو داهاتە زۆرەی کە هەیەتی.


دڵی قەتەر

 

دەتوانين بڵێين دڵی قەتەر، بريتييە لە گازی سروشتی. قەتەر سێهەم یەدەگی گازی سروشتی هەیە لە جيهاندا لە دوای رووسيا وئێران، هەر وەها گەورەترين کێلگەی گازی سروشتی لە جيهاندا لە قەتەرە، کە کێلگەی باکورە.

بڕبڕەی پشتی ئابووری قەتەر کە سياسەتەکەی پشتی پێ دەبەستێت، بريتييە لەو كێڵگەی گازی باکوورە، شایەنی باسە ئەم کێڵگەيە لە ساڵی ١٩٧١ دۆزراوەتەوە، وڵاتی قەتەريش هەر لە ساڵی ١٩٧١ سەربەخۆ دەبێت، واتە قەتەر وکێلگەی باکوور لە یەک ساڵدا لە دايک بوونە! بۆیە قەتەر بێ کێڵگەی گازی باکور، هەرگيز نەدەبووە ئەم قەتەرەی ئەمرۆ.

بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیایی گۆڕينی گازی سروشتی لە دۆخی گازييەوە بۆ دۆخی شلی پاشان دوبارە بۆ دۆخی گازی، هۆکارێکی سەرەکی بەهێزبوونی قەتەر بوو، چونکە گازی سروشتی لە دۆخی گازيدا بۆ ئەوەی بفرۆشرێت وبگوازرێتەوە، ئەوا دەبێت بە هێڵی بۆری بێت، چونکە گواستنەوەی بە کەشتی ئەستەمە، لە دۆخی گازيدا قەبارەی زۆر گەورەیە.

واتە بۆ قەتەر، گازی سروشتيەکەی سودی زۆر نەبوو، چونکە گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ هەموو جيهان لە ڕێگەی بۆریەوە مومکين نييە. هەر بۆیە کاتێک تەکنەلۆژيای گۆڕينی گاز بۆ دۆخی شلی بڵاوبووەوە وگەيشتە قەتەر، ئەو کات قەتەر گازەکەی بووە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دەوڵەمەندی وسەربەخۆیی لە سياسەتدا.

ساڵی گەشەكردنی قەتەر

لە ساڵی ١٩٩٦ لە قەتەر فرۆشتنی گاز بە شێوەی شلی گەشەی کرد وئيتر بە کەشتی گازی سروشتی قەتەر دەگەيشتە زۆربەی شوێنەکانی جيهان، لەمەوە قەتەر ئيتر بووە هێزێک کە بتوانێت بەو بچوکيەیی خۆیەوە، کاريگەری گەورەی هەبێت لە ناوچەکە.

ساڵی ١٩٩٦ جگە لەوەی بە ساڵی گەشەکردنی فرۆشتنی گازی قەتەری دادەنرێت، هەر لە هەمان ساڵدا ئەمريکا یەکێک لە گەورەترين بنکە سەربازييەکانی خۆی لە قەتەر دەکاتەوە ولەهەمان ساڵدا کەناڵی الجزيرە دەکرێتەوە. بێ گومان ئەو تەکنەلۆژيایی گۆڕينی گازە بۆ دۆخی شلی، قەتەر خۆی دروستی نەکردوە، لە ئەمريکا داهێنراوە، بەڵام سودێکی زۆر گەورەی گەياندە قەتەر.

 

لە ئێستادا قەتەر یەکەم فڕۆشياری ئەو جۆرە گازەیە لە جيهاندا، ئەمەش داهاتێکی زۆر گەورە دەگەڕێنێتەوە بۆ قەتەر، لە کاتێکدا قەتەر ژمارەی دانيشتوانی زۆر کەمە، بۆیە ئەو داهاتە گەورەیە بۆ ئەو ژمارە کەمەی دانيشتوان، قەتەری کردوە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترين وڵاتەکانی جيهان.

بازرگانی بە گازی سروشتيەوە بەردەوام لە گەشەکردنە، چونکە لە نەوت زیاتر دەمێنێتەوە لە ئايندە، هەروەها ژينگە کەمتر پيس دەکات ونرخەکەشی گونجاوترە.

گازی سروشتی جگە لەوەی قەتەری زۆر دەوڵەمەند وبەهێز کرد، تا ڕادەیەکی زۆريش ئازادی کرد لە هەژموونی سعودييە، چونکە ئەگەر قەتەر پشتی بە نەوت ببەستایە، ئەوا بازاری نەوت بە تايبەت نەوتی کەنداو، لە ژێر کۆنترۆڵی سعوديەیە، بەڵام گاز لە ژێر کۆنترۆڵی سعودييە نييە، بەڵکو قەتەر لە سعوديە زیاتر گاز بەرهەم دەهێنێت، دوای سزاکانی سەر ئێران، لە ئیستادا قەتەر یەکەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بەرهەمهێنانی گاز، ئەمەش ئازاد تری کردوە، چونکە سعودييە ناتوانێت بازاری گاز کۆنترۆڵ بکات.

هەر بۆیە قەتەر کەم بايەخ بە نەوت دەدات، بە پێچەوانەی وڵاتانی کەنداو، ئەمەش هۆکارێکە کە سياسەتی قەتەر پێچەوانەی سياسەتی وڵاتانی کەنداوە، هەر بۆیە ساڵی ٢٠١٧ سعووديە وئيمارات وبەحرين لەگەڵ ميسر، گەمارۆ وسزایان خستە سەر قەتەر تا ئەمرۆ بەردەوامە.


لەگەڵ ئێران

 

پەيوەندی قەتەر وئێران زۆر کات مایەیی پرسيارە، قەتەر کە گەورەترين بنکەی سەربازی ئەمريکای لێيە وهاوکاری زۆربەی گروپە توندڕەوە ئيسلاميە سوونەکان دەکات، بۆچی لەگەڵ ئێران پەيوەنديەیکی باش یاخود بێ کێشەی هەیە؟ کێڵگەی باکوری قەتەر، کە بە بڕبڕەی پشتی قەتەر دادەنرێت، لەو کێلگەیەدا قەتەر وئێران هاوبەشن، چونکە کێلگەکە دەکەوێتە کەنداوی عەرەبی، نێوان ئێران وقەتەر، هەر بۆیە نزيکەی ٢٥٪ی ئەو کێڵگەیە هی ئێرانە.

جگە لەوەش، قەتەر بۆ ئەوەی بگاتە جيهان، وبۆ ئەوەی گازەکەی بە کەشتی بگەيەنێتە بازارەکانی جيهان، پێويستە بە کەنداوی عەرەبی وبە گەرووی هورمز تێپەرێت، ئاشکراشە ئێران هەژموونی زۆرە بەسەر گەرووی هورمز وکەنداوی عەرەبی.

بۆیە قەتەر هەميشە هەوڵدەدات لەگەڵ ئێران پەيوەندييەکی باشی هەبێت، لایەنی کەم، ململانێ وکێشە نەبێت لە نێوانيان، چونکە ئێران دەتوانێت کێشە بۆ سەرچاوەی سەرەکی ژیانی قەتەر درووست بکات. ق

ەتەر بۆ ئەوەی بگات بە دەريایی سوور، دەبێت لە ڕێگەی سعوديەوە بگات، ئەمەش قەتەر دەگەرێنێتەوە بۆ ژێر هەژموونی سعووديە، بۆ ئەوەی بگاتە عومان کە دەوڵەتێکی بێ لایەنە، لەوێشەوە بۆ دەريای عەرەب یا کەنداوی عومان وپاشان بۆ گەرووی باب المندب، ديسانەوە دەبێت بە ئيماراتدا تێپەرێت، کە لە سعووديە زیاتر دژی قەتەرە.

جگە لەوەی ئەگەر ئەو هێڵە گازيانە دروستيش بکرێن وبەوڵاتانەدا بگاتە دەرەوە وبێ تێپەرين بە گەرووی هورمز، ئەوا تێچوونەکەی زۆر بەرز دەبێت. بۆیە قەتەر جگە لە کەنداوی عەرەبی وگەرووی هورمز، دەرگای تری نيە بۆ چوونە ناو جيهان وناردنی کەشتيەکانی بۆ فرۆشتنی گاز.

ئەم نزيکایەتيە لەگەڵ ئێران، هۆکارێکی ترە بۆ ململانێی نێوان قەتەر وڵاتانی تری کەنداو بە تايبەت سعوديە وئيمارات، ئەمريکاش چاوپۆشی لەم پەيوەندييە دەکات، چونکە دەزانێت قەتەر ناتوانێت پەيوەندی لەگەڵ ئێران تێکبدات.

ئێرانيش نايەوێت پەيوەندی لەگەڵ قەتەر تێکبدات کە پەیوەندییەکەی پتەوی هەیە بە ئەمريکا وگروپە سوونيەکان، چونکە بۆ ئێران شتێکی باشە لەناو کەنداو ودەوڵەتانی سوونە، دەوڵەتێک هەبێت دژایەتی ئێران نەکات ودژی سعووديەش بێت. بۆیە ئێرانیش چاوپۆشی لە هەندێ سیاسەتی قەتەر دەکات.

 

قەتەر و گروپە ئیسلامییەكان

پشتگيری قەتەر بۆ گروپە ئيسلاميەکان، ديسانەوە خاڵێکی سەرنج ڕاکێشە. لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، بە پێچەوانەی دەوڵەتانی عەرەبی ودەوڵەتانی کەنداو، قەتەر دەستی کرد بە پشتگيری خۆپێشاندەران وبە تايبەت ئيخوانيەکان. بۆ دەوڵەتێکی وەک قەتەر کە سيستەمێکی نا ديموکراسی هەیە هاوشێوەی سعوديە وئيمارات و وڵاتانی تری عەرەبی، بۆچی پشتگيری خۆپێشاندەران دەکات ولەوە ناترسێت کە ئەو تەوژمە بگاتە ناو قەتەر وحکومەتەکەی بروخێنێت؟.

 

قەتەر هەر زوو لەگەڵ سەرەتای بەهاری عەرەبی لە ڕێگەی کەناڵی الجزيرة بوو بە نوێنەری خۆپێشاندەران ودەنگیانی دەگەياندە جيهان، ئەمەش وای کرد کەناڵی الجزيرة ببێتە خۆشەويسترين کەناڵ لای خۆپێشاندەران.

قەتەر وای دانابوو، کە ئايندەی دەوڵەتانی عەرەبی، بۆ ئيخوانييەکانە، ئيخوانيەکانيش کاتێک پەيوەنديەکی زۆر باشيان هەیە لەگەڵ قەتەر وقەتەر هەميشە هاوکاری کردوون، ئەوا حکومەتە تازەکانی ئەو وڵاتانە دەبنە دۆستی قەتەر، بەمەش قەتەر هەژموونێکی گەورە پەيدا دەکات لە کەنداو ولە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها کاتێک ئيخوانيەکان قەرزاری قەتەرن، حکومەتی قەتەر دەپارێزن ونەک بيروخێنن، چونکە گروپە ئيسلاميەکان وئيخوانيەکان بە تايبەت، هيچ حکومەتێک نييە هاوکارييان بکات بە ئەندازەی قەتەر، تەنانەت تورکيای ئوردوگانيش وەک قەتەر ناتوانێت هاوکاری ئيخوانيەکان بکات.

بە تايبەت الجزيرة سەردەمانێکی زۆرە بووەتە کەناڵێکی گەورە بۆ گەياندنی پەيام و فکری گروپە ئيسلاميەکان بە جيهان وبە ناوچەکە، تەنانەت ئوسامە بن لادن، لە ڕێگەی الجزيرەوە دەنگی دەگەياندە جەماوەر.

قەتەر بەم هاوکاريەیی چەن ئامانجێک دەپێکێت، گروپە ئيسلاميەکان وەک فشار بەکار دەهێنێت لە ناو زۆربەی وڵاتانی عەرەبی وئيسلامی، هەروەها ئيخوانيەکان و گرووپە ئيسلاميەکان لەبەر ئەوەی بنکەیەکی جەماوەری گەورەیان هەیە لە زۆربەی وڵاتە ئيسلاميەکان، چاوەڕوان دەکرێت بێنە حوکم، ئەو کاتيش ئەو دەوڵەتانە، قەتەر وەک دۆست وهاوکارێکی گەورە دەزانن.

لە رێگەی ئەو هاوکاريانەوە، قەتەر خۆی پاراستووە ودەپارێزێت لە تەوژمی ئيسلامی و ئيخوانيەکان، چونکە ئيخوانيەکان دەزانن ئەگەر حکومەتی قەتەر نەمێنێت، ئەوە گەورەترين هاوکار لە دەستت دەدەن، بۆیە هيچ نەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ، قەتەر خۆی دەپارێزت لە گروپە ئيسلاميەکان لە ناو قەتەر.

واتە قەتەر ترسی نييە لە ئيسلاميەکان چونکە کۆنترۆڵی کردوون، هەر وەها وەک کارتێکی بەهێزيش بەکاريان دەهێنێت لە وڵاتە عەرەبی وئيسلاميەکان. جگە لەوەی دانيشتوانی قەتەر زۆر بچوکە، زۆر دەوڵەمەنديشن،زۆر گونجاو نييە بۆ دروستبوونی بزوتنەوەی ئيسلامی ڕاديکال لە کۆمەڵگەی وادا، بە تايبەت کە ئيسلاميەکانی ناوچەکەش حکومەتی قەتەر دەپارێزن ونايانەوێت کێشەی بۆ درووست بکەن.

ئينجا قەتەر لە رێگەی هاوکاری گروپە ئيسلاميەکان وئيخوانيەکان، جياوازيەکی گەورەی داوە بە سياسەتی خۆی وسەربەخۆی کردوە لە سياسەتە باوەکەی کەنداو ودەوڵەتانی تری عەرەبی. بە کورتی ئەو ئيخوانەی کە زۆربەی حکومەتەکانی وڵاتانی عەرەب بە هەڕەشەی دەزانن بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان، قەتەر ئەو هەڕەشەیە بەکاردەهێنێت بۆ زیادکردنی هێز وهەژموونی خۆی.

قەتەر زۆر پشت بە نەرمە هێز دەبەستێت، بۆ نموونە کەناڵی الجزيرة، قەتەر وڵاتێکی بچوکە ولە ڕووی سەربازييەوە هێزێکی ئەوتۆی نييە، کەناڵی الجزيرة بووەتە هێزێکی سەرەکی قەتەر، تا ئەو ڕادەیەیی لە کاتی بەهاری عەرەبی حکومەتەکانی ميسر وسوريا... پێيان وابوو کەناڵی الجزيرة هۆکارێکی سەرەکيە لە پشت خۆپێشاندانەکانەوە، زۆر کات کە باس لە دەست ورۆڵی قەتەر دەکرێت لە وڵاتانی تر، ئەوا کەناڵی الجزيرة نموونەی ئەو ڕۆلەی قەتەرە.

لە کاتی بەهاری عەرەبی لە زۆربەی وڵاتەکان ئەو کەناڵە قەدەغە کرا وئۆفيسەکانی داخران، یەکێ لە مەرجەکانی وڵاتانی کەنداو وميسر بۆ لابردنی گەمارۆ وسزاکانی سەر قەتەر بريتييە لە داخستنی کەناڵی الجزيرة.

ئایا ئەمريکا بۆچی چاوپۆشی لەو پەيوەنديە زۆری نێوان قەتەر وگروپە ئيسلاميەکان دەکات؟ قەتەر کەناڵێکی سەرەکيە لە نێوان گروپە ئيسلاميەکان وئەمريکا، لەوانەیە ئەمريکا لە ڕێگەی قەتەرەوە بتوانێت ئەو گروپە ئيسلاميانە بەکار بێنێت، یا زانياريان لەسەر پەيدا بکات، یا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بۆ نموونە دانوستانی ئەم دواییانەی ئەمريکا و بزوتنەوەی تاڵيبان، قەتەر ڕۆڵیکی زۆری تيادا بينی، چونکە زۆرێک لەو گروپە ئيسلاميانە نوێنەرایەتی ونووسينگەیان لە ناو قەتەر هەیە، ئەمريکا لە ڕێگەی قەتەرەوە دەتوانێت نزيک بێت لەو گروپە ئيسلاميانە وبەکاريان بێنێت ومامەڵەیان لەگەڵدا بکات. بەرژەوەندييەکانی ئەمريکا وقەتەر لە ئاستێکدایە، دەکرێت ئەمريکا چاوپۆشی لە زۆر هەڵەی قەتەر بکات.

قەتەر پارێزراوە

قەتەر کە وڵاتێکی بچوکە وخاوەن هێزێکی سەربازی گەورە نييە، بۆ ئەوەی بەو شێوەیە سەربەخۆ بێت لە سياسەت وململانێ بکات لەگەڵ چەندين دەوڵەتی ناوچەکە، لە پێش هەموویانەوە سعوديە وئيمارات، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت پارێزراو بێت، لە ساڵی ١٩٩٦ ئەمريکای ڕازی کرد کە یەکێک لە گەورەترين بنکە سەربازييەکانی خۆی (العديد) لە ناو قەتەر بکاتەوە، کە یانزە هەزار سەربازی ئەمریکی تێدایە، ئەمش بوەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی قەتەر ئازادانە سياسەت بکات وترسی ئەوەی نەبێت سعوديە وئيمارات داگيری بکەن یا هێزی سەربازی دژ بەکاربێنن، چونکە سعوديە ئەگەر ئەو بنکە سەربازيەیی ئەمريکا نەبێت، ئەوا دەتوانێت لە چەن رۆژێکدا هەموو قەتەر داگير بکات، گوایە بە نياز بووە لە ساڵی٢٠١٧ قەتەر داگير بکات، بەڵام ئەمريکا ڕێی لێ گرت.

لیبیا خاڵی نمایشی قەتەر



قەتەر هەر لەسەرەتاوە بەشدار بوو لە هاوپەيمانی دژ بە قەزافی، لە ئیستاشدا هاوشانی تورکيا لە ليبيادا چالاكی زۆرە وپشتگيری بەرەی سەراج دەکات. ليبيا بۆ قەتەر گرنگە چونکە بەرەی سەراج ئەگەر سەربکەوێت ئەوا دوبارە خاڵی دەستپێکردنەوەی هەژموونی ئيخوانەکان دەبێت، لەوێشەوە دەتوانرێت کاريگەری دروست بکرێت لەسەر ميسر کە شوێنی سەرەکی ئيخوانەکانە، ميسريش یەکێکە لەو چوار دەوڵەتەی کە سزا وگەمارۆی قەتری داوە، ئەگەر ئيخوانەکان لە ليبيا سەرکەوتوو بن، ئەوا دەکرێت سازش بە ميسر بکرێت بەرامبەر قەتەر وسزاکانی لابات لەسەر قەتەر، هەر وەها دەکرێت ئيخوانەکانی ميسريش بکەونە جوڵە وهەوڵی گەيشتن بە حوکم بدەن.

لە لایەکی ترەوە، قەتەر لە ليبيا، شەڕی هەردوو نەيارە سەرەکی ومێژوویيەکەی خۆی دەکات، کە سعودديە وئيماراتن وهاوکاری حەفتەر دەکەن، دەيەوێت لە ناو ليبيا سەربکەوێت بەسەر ئەو دوو وڵاتە وهەولبدات ناچاری سازشيان بکات وگەمارۆ وسزاکانی سەر قەتەر لابدەن.


 

جگە لەوانەش، ليبيا خاوەنی بەندەری دەریایی گرنگە، قەتەريش ساڵانێکە لە ململانێی بەندەرەکانە لەگەڵ ئيمارات، ئيماراتيش لە ليبيا دەيەوێت بەندەرەکانی ئەوێ بەدەست بێنێت، ئەمەش زیاتر قەتەر وبەندەرەکانی گەمارۆ دەدات، بۆیە قەتەر دەيەوێت هەژموونی هەبێت بەسەر بەندەرەکانی ليبيا، لەوەشەوە هەژموونێکی دەبێت بەسەر دەريایی ناوەڕاست وململانێیەکش لە ئيمارات دەباتەوە. ئەمانەش کاتێک بەدی دێن کە سەراج سەرکەوتن بەدەست بێنێت. سەرکەوتنی سەراج واتە شکستی ئيمارات وسعوديە وميسر، ئەمەش بۆ قەتەر سەرکەوتنێکی مێژویی وگەورە دەبێت.

قەتەر بە گشتی دەيەوێت هاوپەيمانيەکانی وسەرچاوەی هێزی فرە وهەمەلایەن بن ولە چەندين شوێنەوە بن، بۆ نموونە لە هاوپەيمانيەکی گەورەیە لەگەڵ تورکيا، لەگەڵ ئێرانيش پەيوەنديەکانی باشە، لەگەڵ ئەمريکا گرنگترين پەيوەندی هەیە، لەگەڵ ئيسرائيل پەيوەندييەکانی باشە ولەهەمان کاتيشدا پەيوەندی پتەوی بە حەماسی فەلستينەوە هەیە، لەگەڵ ئيخوانەکاندا لە پەيوەندييەکی بەهێزە، بەمەش پاڵپشتی وسۆزی هێزێکی گەورەی کۆمەڵگە ئيسلاميەکانی بە دەست هێناوە... قەتەر لەوانەیە پێی وابێت تەنها پشت بەستن بە یەک هاوپەيمان لە هەموو کات، سوودی نەبێت بە بەردەوامی.


قەتەر و سیاسەتی فرەهاوپەیمانێتی

بۆ نموونە قەتەر باش دەزانێت، کاتێک سەدام کوەێتی داگير وکاول کرد، نە کەنداو نە ئەمريکا نەيانتوانی ڕێگری لێ بکەن، هەر بۆیە قەتەر دەيەوێت جگە لە ئەمريکا، هاوپەيمانی تريشی هەبێت، بۆ نموونە لە کاتی گەمارۆ وسزاکانی چوار دەوڵەتە عەرەبيەکە، ئەمريکا ڕێگری لێ نەکردن وتەنانەت لەو کاتەدا بوو ترەمپ وتی قەتەر هاوکارێکی گەورەی تيرۆرە، بەڵام لەو کاتەدا ئێران وتورکيا فريایی کەوتن وهاوکاريان کرد. بۆیە قەتەر دەيەوێت لەسەر چەندين هێل یاری بکات وسياسەت بکات، چەندين دۆستی دژ بە یەکی هەبێت لە یەک کاتدا، ئەم پارادۆکسە لە سياسەت سوودی زۆر پێگەياندوە، بەڵام لە هەمان کاتيش زیانی پێگەياندوە، ئەو سياسەتە بوەتە هۆکاری ئەوەی کە قەتەر وا سێ ساڵە لە گەمارۆدانێکی قوورسە لە لایەن دراوسێکانيەوە،لە ئێستادا هيچ ڕێگەیەکی ووشکانی نييە بۆ دەرەوە، بەندەرەکانی زیانی بەرکەوتووە... لە هەمان کاتدا، بەشێوەیەکی باش بەرگەی گرتوە ولە ئیستاشدا دەيەوێت تەواو زاڵ بێت بەسەر ئەو سزا وگەمارۆیە.

 



ئه‌م بابه‌ته 389 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر