لیبیا وەك پانتایی هەژمونی توركیا

هاتنی پارتی داد وگەشەپێدان بۆ سەر حوکم ٢٠٠٢، سەرەتای گۆڕانکاری لە سياسەتی تورکی دەستيپێکرد، گۆڕانکاری لە رۆڵی تورکيا لە ناوچەکە وجيهانيش، بەوەی تەنها بايەخ بە رۆژئاوا وئەوروپا نەدات وبەڵکو بایەخ بە جيهانی ئيسلامي و ناوچەکانی دەوروبەری خۆشی بدات.
PM:02:17:05/05/2020
دۆسیە: هەرێمایەتی
توركیا لەدوای بەهاری عەرەبی چۆن سیاسەت دەكات؟ دەیەوێ لە لیبیا بگات بەچی؟

ڕەنج نەوزاد
نوسەر و توێژەر


هاتنە پێشەوەی داد و گەشەپێدان

هاتنی پارتی داد وگەشەپێدان بۆ سەر حوکم ٢٠٠٢، سەرەتای گۆڕانکاری لە سياسەتی تورکی دەستيپێکرد، گۆڕانکاری لە رۆڵی تورکيا لە ناوچەکە وجيهانيش، بەوەی تەنها بايەخ بە رۆژئاوا وئەوروپا نەدات وبەڵکو بایەخ بە جيهانی ئيسلامي و ناوچەکانی دەوروبەری خۆشی بدات (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ئەفريقيا، بەلكان و قەوقاز) وجيهانی ئيسلامی بکاتە پانتایی هەژموونی خۆی لەوێشەوە بەرەو هەژموونێکی جيهانی، واتە زيندووکردنەوەی ئيمبراتۆریەتی عووسمانی بە شێوەیەکی نوێ کە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت، چونکە تورکيا پێیوایە کەرەستەی ئەوەی هەیە ببێتە دەوڵەتێکی کاريگەر لەسەر ئاستی جيهان، لە ڕووی مێژوویی و جيوپۆلەتيکەوە، ئەو دەرەفەتەی هەیە، بۆیە دەبێت تورکيا لەو ڕۆڵەی کە رۆژئاوا پێی بەخشيبوو بێتە دەرەوە، کە رۆڵی ڕێگرتن بوو لە تەشەنەکردنی هەژموونی سۆڤيەت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وناوچەکە لە کاتی جەنگی سارددا.

داود ئۆغڵۆ

ئەمەش تيۆريستی سەرەکی پارتی داد وگەشەپێدان "داود ئۆغلۆ" لە نووسينەکانيدا بە تايبەت لە کتێبی قووڵایی ستراتيجی ئاماژە بەوانە دەکات.

 

بێ گومان ئەم ئاڕاستە ئيسلامیە لە "داد وگەشەپێدان" و "ئۆردۆگان وئۆغلۆ"ە درووست نەبووە، بەڵکو سەرەتاکانی لە نەجمەدين ئەربەکان وهەروەها وەک ويستێکی شاراوە وچەپێنراو لە کۆمەڵگەی تورکيدا هەبووە هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی تورکيایی کەماليەوە.

پاشماوەی عوسمانییەكان

تورکيا پاشماوەی عوسمانیە وکۆمەڵگەیەکی موسوڵمانن، بەڵام ئاڕاستەی ئيسلامی تيايدا کپ کرابوو لە ڕێگەی ئەتاتورک وکەماليستەکانەوە. بەڵام "داد وگەشەپێدان" و ئۆردۆگان ئەو ئاڕاستە ئيسلاميیەیان ئازادکرد وکرديان بە بنەمایەکی سەرەکی سياسەتی دەرەوەی تورکيا. هەرچەند تا ئێستاش تورکيا لە ناوخۆ بەپێی دەستور وڵاتێکی عەلمانيە، وئۆردگانيش ئەوەی قبول کردوە ودانی پيادەنێت.

سێ ئامراز

 

سێ ئامراز یا سێ ڕێگەی سەرەکی هەیە، تورکيا لەسەردەمی ئۆردۆگان بەکاری دەهینێت بۆ بڵاوکردنەوەی هەژموونی تورکيا لە ناوچەکە ولەجيهانيش:

١-ئايدولۆژیایی ئيسلامی وبەتايبەت ئيخوانی ، لەگەڵ بەهاری عەرەبی زۆر زیاتر بە ڕوونی دەرکەوت، ئەمەش لەبەر ئەوەی فکری ئيخوانی وەک ئيسلامێکی ميانڕەوە و ئەمريکاش بە تايبەت ئۆباما لە کاتی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی پشتگيری دەکرد، هەروەها ئيخوانيیەکان لە وڵاتانی عەرەبی وجيهانی ئيسلامی لەسەر ئاستی جەماوەری پێگەیەکی گەورەیان هەیە، لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پشتگيريی جەماوەرێکی گەورە بەدەستبهێنرێت وهەژموونی لە زۆر وڵاتدا هەبێت.

٢-وزە (نەوت وگاز)، بە واتای ئەوەی تورکيا ببێت بە شوێنی بە یەکگەيشتنی فڕۆشيار وکڕياری وزە، بەوەش هەردوولا پێويستيان بە تورکيا دەبێت.

٣- ناسيوناليزمی تورکی، بە مانای زیادکردن وفراوانکردنی هەژموونی تورکيا لە جيهان و ناوچەکە، بۆ بەرژەوەندی تورک، چونکە تورکيا دەوڵەتی تورکە بە تەنيا.

لە لایەکی ترەوە، بەکارهێنانی ئەو کەمينە نەتەوەیيانەی کە خۆیان بە تورک دەزانن لە دەوڵەتانی تر ولەدەرەوەی تورکيا، بۆ هەژموونی تورکيا بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا، بۆ نموونە بایەخدانی تورکيا بە کەرکوک لەبەر کەمينە تورکمانەکەی.


بەهاری عەرەبی

لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە کۆتاييەکانی ٢٠١٠ وسەرەتاکانی ٢٠١١ ئيخوانەکان لە زۆربەی وڵاتەکان لە ناو جەماوەردا پێگەیەکی گەورەیان هەبوو. ئيدارەی ئۆباما لە نێوان بەرگری کردن لە حکومەتە ديکتاتۆرەکان وپشتگيری خۆپێشاندەران، پشتگيری خۆپێشاندەرانی هەڵبژارد، چونکە دەيزانی ئەو حکومەتانە ئيتر کاتيان بەسەرچووە وپاراستنيان تێچوونێکی زۆری دەوێت وئەمريکاش ناشرين دەکات، هەروەها پێیوابوو ئيخوانەکان نموونەی ئيسلامی ميانڕەون وجياوازن لە ئەلقاعيدە، لەوانەیە کاريگەر بووبێت بە ئەزموونەکەی داد وگەشەپێدان، کەسەرەتا فێلبازانە و بە نەرمی کاريان دەکرد.

ئەمریكا و كۆمەڵگەی عەرەبی

بەشێکی زۆری ئەو کۆمەڵگە عەرەبيانە پێيان وابوو ئەم ستەمکارانەی وەک موبارەک وقەزافی...هتد، بە هۆی ئەمريکاوە حوکم دەکەن ودەپارێزرێن، بۆیە بۆ بە دەستهێنانی دۆستایەتی حکومەتە تازەکان وکۆمەڵگەی عەرەبی، ئەمريکا پشتگيری بەهاری عەرەبی کرد.

هاوکات ئۆردۆگانيش بە توندی پشتگيری خۆپێشاندەرانی دەکرد، چونکە دەيزانی حکومەتە تازەکان ئيخوانی دەبن. ئەو کاتيش ئۆردۆگان لە ناو تورکيا بەهێزببوو وپشتگيری ئەمريکاش بۆ ئەو ڕووداوانە، وای لە ئۆردۆگان کرد بێ ترس لە هێزی عەلمانيەکانی تورکيا، هاوکاری ئيخوانەکان بکات بۆ هاتنە سەر حوکم، بەوەش سياسەتی دەرەوەی تورکيا ئاڕاستەیەکی ئيسلامی وەرگرت.

 

تورکيا پێيوابوو ئەو جەماوەرەی کە پشتگيريان دەکات وئەو حکومەتە تازانەی کە درووست دەبن، دەبنە دۆستی تورکيا وتورکياش هەژموونی دەبێت لەو وڵاتانە، بە تايبەت کە حکومەتە تازەکان دەکرێت سەرەتا لاوازبن وتورکيا هاوکاری سياسی وئابووری وهەواڵگيريان بکات.

ئەو شۆرشانەش دەکرێت زۆربەی هەرە زۆری جيهانی عەرەبی وئيسلامی بگرێتەوە، بەويش تورکيا خۆشەويست دەبێت لە جيهانی نوێی عەرەبی وئيسلامی، بەوەش هەژموونی دەبێت بەسەر ئەو هەموو دەوڵەتە دەوڵەمەند وگرنگانەی ناوچەکە، کەواتە دەبێتە وڵاتێکی بە هەژموون لەسەر ئاستی جيهانيش، هاوشێوەی زلهێزێک.

بەهاری كورتی ئەردۆگان

چەن ساڵی سەرەتای دوای بەهاری عەرەبی، دەتوانين بڵێن بەهاری تورکيا و ئۆردۆگان بوو، چونکە لە زۆریک لەو وڵاتانە ئيخوانەکان گەيشتنە دەسەڵات، بەڵام ئەم بەهارە کورت بوو، چونکە لە ساڵی ٢٠١٣ مورسی بە کودەتایەکی سەربازی لابرا وسيسی بووە سەرۆک، پاشان لە وڵاتانی تريش ئيخوانەکان نەيانتوانی بەردەوام بن لە حوکم، حيزبی نەهزەی تونسی لە دووەم هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەبوو، هاوکات ليبيا ویەمەن وسوريا بەرەو شەڕی ناوخۆ چوون.

هاتنی سیسی

پرۆژەی ئيخوانی ئۆردۆگان وتورکيا، تا ڕادەیەکی زۆر شکستی هێنا. بەڵام هاتنی سيسی بە لابردنی مورسی، گورزێکی کەمەر شکێن بوو بۆ تورکيا، چونکە ئيخوانەکان لە ناو یاريگای خۆیان دەرکرانە دەرەوەی، بە کودەتای سەربازيش، کودەتای سەربازی مۆتەکەیە بۆ ئۆردۆگان، چونکە تورکيا مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە کودەتای سەربازی، هەروەها لابردنی ئيخوانەکانی ميسر بە کودەتای سەربازی، خەريک بوو دووبارە بێتەوە لە ساڵی ٢٠١٦ دژی خودی ئۆردۆگان لە تورکيا، بۆیە لابردنی ئيخوانيەکان لە ميسر، بۆ ئۆردۆگان دۆڕاندنێکی سەخت بوو، جگە لەوەی لە دەستدانی ميسر لە لایەن ئيخوانيەکانەوە، ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ شکستێکی گەورەتر لەسەر ئاستی عەرەبی وئيسلامی بۆ ئيخوانەکانی دەرەوەی ميسر.

 

توركیا و خوێندنەوەی ڕوكەش

تورکيا لەوانەیە خوێندنەوەی ورد نەبووبێت بۆ هەندێ خاڵ، بۆ نموونە، سعوديە و ئيمارات بە هەموو توانایەکی دبلوماسی وئابووری وهەواڵگری وتەنانەت چەکداريش کەوتنە دژایەتی بەهاری عەرەبی، تورکيا لەوانەیە حيسابی بۆ تواناکانی سعوديە وئيمارات نەکردبێت وەک پێويست.

هەروەها لەوانەیە ئۆردۆگان پشتی بە پشتگيری ئەمريکا بەست بێت بۆ ئيخوانەکان، لە کاتێکدا جياوازی زۆرە لە نێوان کاريگەی پشتگيري ئەمريکا بۆ ئيخوانەکان و کاريگەری دژایەتی سعووديە وئيمارات وهاوپەيمانەکانيان بۆ ئيخوان وبەهاری عەرەبی، چونکە هاتن ولابردنی ئيخوانەکان بۆ ئەمريکا ئاسايشی نيشتيمانی و بەرژەوەندييە باڵاکانی ناخاتە مەترسيەوە، بەڵام بەهێزبوونی ئيخوانەکان وگەيشتنيان بە دەسەڵات لە زۆر وڵات، پرسی مان ونەمانە بۆ دەسەڵاتدارانی سعوديە وئيمارات و بەحرين...

لێرەوەیە ئەو پشتگيريە سادەیەیی ئەمريکا رۆڵی کەمترە لەو دژایەتيە بەهێزەی ئيمارات وسعوديە. هەروەها کولتوری ديموکراسی بەڕادەیەک لاوازە لەو وڵات وکۆمەڵگانە، ناکرێت تەنها پشت بە شەرعيەتی دەنگدان ببەسترێت بۆ حکوم کردن (ئيخوانەکان بە پرۆسەی ديموکراسی دەسەلاتيان گرتە دەست، هيچ سەرۆکێکی ميسر وەک مورسی شەرعيەتی ديموکراسی نەبووە ونييە).

جگە لەوەی لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەش بە تايبەت ميسر، زۆریک لە نوخبەی رۆشنبيران وهونەرمەندان وسەرمایەدارەکان دژی ئيخوانەکان بوون، بە هاوکاری گەورەی سعووديە وئيمارات، توانيان لە ماوەیەکی کەم مورسی لابەن.

 دوای لابردنی ئیخوان لەمیسر

دوای لابردنی ئيخوانەکانی ميسر لەسەر حوکم، کێشەیەکی تر بۆ ئۆردۆگان درووست بوو، کە بەرەی دژ بە تورکيا بەهێزتر بوون، پێشتر سعوديە وئيمارات بوو، دوای ٢٠١٣ ئەو بەرەیە بوونە سێگۆشەی سعوديە-ئيمارات-ميسر.

ئەو بەرەیە گورزی گەورەیان لە تورکيا دا لەسەر ئاستی دبلوماسی وئابووری و سەربازی تورکيایان ماندوو کردوە، تەنانەت هۆکارێکی گرنگی دابەزينی دراوی تورکی وهاڕەکردنی، دەگەرێتەوە بۆ سياسەتی ئيمارات وسعوديە، چونکە هەردوو دەوڵەت وەبەرهێنانی گەورەیان هەبوو لە تورکيا، دوای بەهاری عەرەبی، ئەو دوو دەوڵەتە کشانەوە لە بازاری تورکيا، بەوەش مامەڵەکەن وخواست لەسەر دراوی تورکی کەمبووەوە، پاشان بووە هۆی دابەزينی بەهای ليرەی تورکی.

لیبیا لەسیاسەتی توركیادا

لێرەوەیە ليبيا گرنگيەکی گەورەی هەیە بۆ تورکيا، چونکە تاکە دەوڵەتە کە هيوایەک ماوە ئيخوانەکان دووبارە دەسەڵات بگرنەوە دەست، هەروەها گرنگی ليبيا لەوەدایە، کە سنورێکی زیاد لە ١٠٠٠کم ی هەیە لەگەڵ ميسر، ئەگەر ئيخوانيەکان دەسەڵات بگرنەوە دەست لە ليبيا، ئەوا تورکيا زۆر بە باشی دەتوانێت سيسی هەراسان بکات و دەرەفەتێکيش دەبێت بۆ جوڵاندنی ئيخوانەکانی ميسر وهاوکاری کردنيان و دووبارە گرتنەوە دەستی دەسەڵات لە ميسر.

هەر چەن بە هۆی بوونی نزيکەی ١٥ مليار دۆلاری تورکيا لە وەبەرهێنان لە ناو ليبيا لە کاتی قەزافی، تورکيا کەمێ دواکەوت لە پشتگيری خوپێشاندەران، بەڵام کە زانی قەزافی دەروخێت وئيسلاميەکانيش بەهێزن لەوێ، پشتگيری دەربڕی. ئێستاش هاوکارييەکی گەورەی بەرەی سەراج دەکات.

پاڵنەرێکی سەرەکی تری تورکيا لە ليبيا، خۆی لە گاز ونەوت دەبينێتەوە، تورکيا بەکاربەرێکی گەورەی وزەیە، خۆشی زۆر هەژارە لە وزە، بۆیە دەيەوێت ببێتە پردێک لە نێوان ئەو دەوڵەتانی وزە دەفرۆشن وئەو دەوڵەتانەی وزە دەکڕن، واتە شوێنی گواستنەوەی وزە بێت، جوگرافياکەشی گونجاوە بۆ ئەوە. ئەمەش وا دەکات هەردوو بەرەی کڕيار وفرۆشيار پێويستيان بە تورکيا بێت، ئەوەش هێزە بۆ تورکيا، هەروەها مسۆگەرکردنی بەردەوامی وزەیە بۆ ناوخۆی تورکيا.

 

بێبەشكردنی توركیا

لە دوای دۆزينەوەی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەريایی ناوەڕاست وپشتگوێ خستن وبێ بەشکردنی تورکيا لەو گازە لە لایەن ميسر وئيسرائيل وقوبرس ويۆنانەوە، تورکيا تاکە چارەی بۆ گەيشتن بەو ناوچەیە، بۆ بەشداری لە سودی گازەکە یا ڕێ گرتن لەوەی وڵاتەکانی تر سودی لێ ببينن وببنە سەرچاەیەکی وزە بۆ ئەوروپا، کە ڕەنگە ئيتر رۆڵی تورکيا کەمتر بکاتەوە وەک ناوەندی گواستەوەی وزە. بۆ ئەم مەبەستەش تورکيا دوو هەنگاوی نا، دانەیەکی لە ڕێی قوبرسی تورکيەوە کە تەنها تورکيا دانی پياناوە وەک دەوڵەت، دەستی بگات بە گازی ئەو ناوچەیە وخۆشی پشکنين وگەڕان بکات بۆ دۆزينەوەی گاز. هەنگاوێکی تری بريتی بوو لە ڕێکخستنی سنور لەگەڵ ليبيا. هەردوو هەنگاوەکە لە ڕووی یاسای نێودەولەتيەوە، ڕێگە پێنەدراوە. چونکە قوبرسی تورکی وڵات نيە ووەک بەشێک لە تورکياش دانی پيانەدراوە.

 

هەروەها تورکيا لەگەڵ ليبيا سنوري ئاوی لە نێوانياندا نييە، بەڵکو چەن دوورگەیەکی يۆنانی لەوانە دورگەی کريت دەکەوێتە نێوان تورکيا وليبيا، بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ئەوا يۆنانە لە ڕێگەی دوورگەی کريتەوە دەکرێت سنووری هەبێت بە ليبياوە نەک تورکيا.

بەڵام تورکيا بازی داوە بەسەر دوورگەی کريت وڕاستەخۆ لەگەڵ ليبيا سنوری درووست کردوە، کە ئەمەش تەواو نا یاساييە. لە کاتی سەردەمی موبارەک تورکيا ويستی هەمان ڕێکەوتنی سنوور بکات لەگەڵ ميسر، بە بازدان بەسەر قووبرس، بەڵام ميسر ڕازی نەبوو بەوە.

بەڵام حکومەتی (الوفاق)ی ليبی بۆ مانەوەی خۆی ڕازی بوو بەو ڕێکەوتنە نایاساييە. تورکيا دەيەوێت بە هۆی ئەو گازە تازە دۆزراوەی دەريایی ناوەڕاست ببێتە خاوەن گازی سروشتی، یاخود ئەو گازە لە ڕیگەی تورکياوە بگوازرێتەوە بۆ ئەوروپا.

توركیا لەدەریای ناوەڕاست

مەبەستێکی تری تورکيا لە ليبيا ولە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ سەراج، ئەوەیە کە دەيەوێت دەسەڵاتی هەبێت لە دەريایی ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەوەی وا دەردەکەوێت کە تورکيا سنورێکی فراوانی هەیە بە دەريایی ناوەڕاستەوە بە تايبەت لە دەريایی ئيجەوە کە بەشێکە لە دەريایی ناوەڕاست، بەڵام دەسەڵاتی بەسەر دەريایی ناوەڕاستدا زۆر سنوردارە، وتوانای پشکنينی بۆ گاز ونەوت لە دەريایی ناوەڕاستدا زۆر کەمە، چونکە بە سەدان دورگەی يۆنانی بڵاوبوونەتەوە بە دەريایی ئيجەدا بەرەو ڕووی تورکيا، هەر وەها لە ناو دەريایی ناوەڕاستدا، قوبرس ودورگەکانی تری يۆنان لەوانە دورگەی کريت ڕێ لە تورکيا دەگرن بێتە ناو دەريایی ناوەڕاست بەو شێوەیەیی خۆی دەيخوازێت سوودی لێ دەبينێت.

بە پێی ڕێکەوتنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ یاسای دەرياکان ١٩٨٢ کە تورکيا بەشدار نەبووە تيایی وباوەڕشی پێ نييە، سنوری ئاوی نێوان دوو دەوڵەت لە کەيسی تورکيا ويۆنان بۆ نموونە، سنورەکە لە نزيکترين دوورگەی يۆنانی لە تورکياوە دەستنيشان دەکرێت، دوورگەکانی يۆنانيش زۆر نزيکن لە تورکياوە، بەپێی ئەو ڕێکەوتنە، ١٢ ميلی دەريایی سەر بە سەرەوەری خاکی دەوڵەتەکەیە. بەمەش تورکيا تەواو دەسەڵاتی کورت دەکرێتەوە لە دەريایی ئيجە ودەريایی ناوەڕاست. ئەمەش یەکێکە لە نيگەرانيەکانی تورکيا لە پەيماننامەی لۆزان ١٩٢٣، کە پێی وایە غەدری لێ کراوە وسوودی بە يۆنان وقوبرس گەياندوە وزیانی لە تورکيا داوە. تاکە دەوڵەت کە ڕازی بووە ئەو ويستە نا ياساييانەی تورکيا قبول بکات وڕێکەوتنی لەگەڵ بکات لەسەر دياری کردنی سنووری ئاوی بێ گوێدانە دوورگەکانی يۆنان، تەنها ليبيایە وئەويش لەڕێگەی حکومەتەکەی تەرابلوس کە حوکمی بەشیکی کەمی ليبيا دەکات.

سفركردنەوەی كێشەكان 

 

تا پێش بەهاری عەرەبی تورکيا تا ڕادەیەکی باش هەوڵی دەدا تيۆرييەکەی داود ئۆغلۆ جێبەجی بکات کە سفرکردنەوەی کێشەکانە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، هەر لەو چوارچێوەیەش پەيوەندی تورکيا لەگەڵ باشووری کوردستان بووە پەيوەنديەکی فەرمی ولەسەر بنەمای بەرژەوەندی. بە پێی ئەو تيورييە تورکيا دەبێت هەوڵبدات کەمترين نەیار وزۆرترين هاوکار ودۆستی هەبێت لە ناوچەکە، بەڵام لە دوای بەهاری عەرەبی بەتايبەت لەم چەن ساڵەی دوایی، ئۆردۆگان شکستی خواردوە لەو ڕووەوە، چونکە لە ئیستا ئيمارات وسعوديە وئەوروپا، قوبرس ويۆنان وميسر، سوريایی ئەسەد، ڕووسيا لە هەندێ ڕووەوە، بە تايبەت لە ليبيا، ئەمريکا تا ڕادەیەک.. هەموویان کیشەیان لەگەڵ تورکيا هەیە.

تەنانەت ئەو هەوڵە فێلبازيانەشی شکستی هێنا لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد. ئەمانەش هۆکارێک بوون بۆ دوورکەوتنەوەی ئۆغلۆ لە ئوردوگان ودرووستبوونی کێشەی قووڵ لە نێوانيان.

خودی تيۆری سفرکردنەوە کێشەکان، لەگەڵ ئەوەی تيۆرييەکی جوان وسەرنج ڕاکێشە، بەڵام تا ڕادەیەک نا واقعيە، لەگەڵ دينامێکێتی سياسەت وهاوکێشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگونجێت، بە تايبەت بۆ ماوەیەکی درێژ، هەر وەها تورکيا تاکە ياريکەر نييە کە خۆی بڕيار بدات کەی کێشەکان چارەسەر بکات یا کێشە درووست بکات، یاريکەری تريش هەن بڕيار دەدەن لەوبارەیەوە.

 خەونی زیندووكردنەوەی عوسمانلی

ئينجا خەونی زيندووکردنەوەی هەژموونی عوسمانلی وفراوانکردنی هەژموون لە ناوچەکە ولە جيهان، خۆی لە خۆيدا بێ کێشە وقەيرانی گەورە نابێت وڕوونادات. هاوکێشەی وا هەیە، یا دەبێت بێ لایەن بيت، یا کە چوويتە ناويەوە دەبێت نەيارت بۆ درووست بێت، بۆ نموونە بەرگری کردن لە ئيخوانەکان، واتە دژایەتیکردنی سعووديە وئيمارات.

 

لە ئێستادا ليبيا گونجاوترين شوێنە وتاکە هيوایە بەوەی ئيخوانيەکان تيايدا بگەڕێنەوە بۆ سەر حوکم و تورکياش لە ڕێگەی ليبياوە بتوانێت ببێتە خاوەن گاز یا سودمەند بێت لەو گازەی دەريایی ناوەڕاست، یاخود هيچ نەبێت ڕێ نەدات کەس سود لەو گازە ببينێت تا نەبێتە رکابەرێک بۆ بازاری تورکيا کە دەيەوێت زیاتر ببێتە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی وزە. تورکيا لە ميسر شکستی هێنا، لە سوريا ئەسەد مایەوە، وکوردانی رۆژئاواش ئەگەر هەیە دەستکەوتێک بەدەست بێنن، ئەمەش شکستێکی تری تورکيایە.

لیبیا وەك دەرفەت

ليبيا دەرەفەتێکە، ئەگەر بچوکيش بێت، بۆ گەڕانەوەی دەستکەوتەکانی پێش ٢٠١٣، بەڵام ئایا سعوديە وئيمارات وميسر لە ليبياش سەردەکەون بەسەر تورکيا، بە تايبەت ئەمجارە ڕووسياش لە بەرەی سعوديە وئيمارات وميسرە تا ڕادەیەک، ئەوەی کە تا ئێستا ڕوونە، بريتييە لە بەردەوامی فەوزا لە ليبيا، ئەمەش ماندووکردنی زیاتری تورکيایە وزۆربوونی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتيە لەسەر تورکيا، کە ڕەنگە سەربکێشیت بۆ ناڕەزایەتی ناوخۆ. سعوديە وئيمارات وميسر ئامادەن، ئەگەر شەڕەکەی ليبياش نەبنەوە ویەک لا نەکەنەوە، بەڵام ڕێ نەدەن تورکيا سەرکەوتوو بێت وسەراج هەموو ليبيا حوکم بکات. هەر لە سەرەتای بەهاری عەرەبيەوە، سعوديە وئيمارات، هەوڵيانداوە یا ئيخوانەکان لاببەن ودۆستەکانی خۆیان بێننە سەر حوکم، یاخود فەوزا وشەڕی ناوخۆ درووست بکەن وڕێ نەدەن ئيخوانەکان حوکم بکەن وبەهاری عەرەبيش ناشرين بکەن وشکستی پێبێنن، کە تا ڕادەیەکی زۆر لەوەدا سەرکەوتوو بوونە تا ئێستا.

 



ئه‌م بابه‌ته 653 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر