کۆماری ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارتساخ)

AM:02:08:06/05/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا-دەوڵەتەکان


چۆمان تەقیەدین

ناوی فەرمی: کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارستاخ) ، کە بەشێکە لە دەوڵەتی ئێستەی ئازەرباینجان لە ناوچەی قەوقازی باشوور.
پایتەخت: ئیستیپاناکارت (خان کەندی).

ژمارەی دانیشتوان: 150.000 کەس.

ڕووبەر: 11.460 کیلۆ مەتر چوار گۆشە.
لەو ڕووبەرە نزیکەیی (7.060) کیلۆ مەتر چوار گۆشەی خاکی کۆماری کوردستانی سوورە ، کە دەکاتە (%61.6) ی خاکی ڕووبەری کۆماری کۆماری چیایی ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارستاخ).
هەرووەها لەو ڕووبەرە نزیکەیی (4.400) کیلۆ مەتر چوار گۆشەی خاکی ناوچەی شاخاویی ناگۆرنۆ_قەرەباغە ، کە دەکاتە (%38.4) ی خاکی ڕووبەری کۆماری چیایی ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارستاخ).

دابەشی کارگێری: لە 8 پارێزگا (ناوچە) پێکهاتووە.

نەتەوە: ئەرمەن 95% ، کورد 4.5% بەڵام تا ساڵی (1929ز) زۆرینەی ئەو ناوچەیەی پێکهێنا و لە ساڵەوە بە دواوە کورد بەرە بەرە ژمارەکەی کەمی کردووە و کوردان بەرەو کۆمارەکانی تری ئەوکاتی یەکێتی سۆڤیەت کۆچیان پێکراوە ، ڕووس 0.25% ، ئازەر0.15% ، ئوکران 0.05% ، گۆرج (جۆرج) 0.03% ، کلدۆئاشوور0.02%.

شارە گرنگەکانی: مارتاکیرت ، ئاسکیران ، مارتونی ، هادروت ، شوشێ ، کاشاتاگ ، شاهومیان.
شوێنی جوگرافی کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارستاخ): ئەم کۆمارە دەکەوێتە ناو سنوورەکانی دەوڵەتی ئێستەی ئازەرباینجان لە ناوچەی قەوقازی باشوور ، کە لە باکوور و خۆرهەڵاتەوە بە وڵاتی ئێستەی ئازەرباینجان و لە باشوورەوە بە هەرێمی ئازەرباینجانی ئێران و لە خۆرئاواوە بە وڵاتی ئێستەی ئەرمینیا دەورە دراوە.

مێژووی کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارستاخ): ئەم کۆمارە یەکێکە لە ناوچە کێشە لە سەرەکانی باشووری ناوچەی قەوقاز و کێشەیە لە نێوان هەر دوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە بنچینەدا بەشێکە لە خاکی کوردستانی گەورە بەڵام بەداخەوە ئێستە لە خاکی کوردستان دابرێنراوە و خەڵکەکەشی ئێستە زۆرینە کورد نییە ، هەر لە کۆنەوە نەتەوە دێرینەکانی کوردستان لەوێ ژیاوەن و دواتر نەتەوەی کورد وەکو میراتگیری نەتەوەکانی نیشتەجێی سەر خاکی کوردستانی گەورە ، لەو کۆمارەدا ژیاوەن و کورد نەتەوەێکی ڕەسەنی کۆمارەکەیە ، بەڵام لە پاڵ کوردشدا نەتەوەی ئەرمەن ژیاوەن ، یەکەم دەسەڵات کە لەو ناوچەیەدا فەرمانڕەوایی کردووە ئیمپراتۆریای میدیای کوردان بووە و لە ساڵی (550پ.ز) دا ، کاتێک ئاگتابانەی ئیمپراتۆریای میدیای کوردان کەوتە دەست سوپای میرنشینی ئەنشان (هەخامەنشینی)یەکانی پارسی و ئەوێش ڕاستەخۆ کەوتە دەست ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکانی پارسی.

كاتیێك سوپای ئیمپراتۆریای مەكدۆنی بە سەركردایەتی ئیمپراتۆر ئەلكیساندەری مەزن (گەورە) (323_336پ.ز) ی ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای مەكدۆنی  وڵاتانی ئێرانی داگیر کرد ، ئەو هەرێمەش یەکێک لەو هەرێمانەی ئێران كە لە لایەن سوپای ئیمپراتۆریای مەكدۆنییەوە داگیركرا, ، و پاش مردنی ئیمپراتۆر ئەلكیساندەری مەزن (گەورە) (323_336پ.ز) ، یەكێك لە ژەنەڕاڵەکانی سوپای بە ناوی (ئەنروفیتس) هەڵستا بە دامەزراندین دەوڵەتێکی سەربە خۆ لە وڵاتی ئازەربایجان ئەو ناوچەیش بووە قەڵەمڕەویی بەڵام ئەو هەرێمە لە لایەن دەوڵەتی سلوکییەکان داگیر کرا ، پاش دامەزراندانی دەوڵەتی ئەشکانی لە وڵاتی فارسی ئێران ، ناوچەکە کەوتە دەست ئەشکانییەکان و کاتێک شانشینی ئەرمینیا لە ساڵی (321پ.ز) دامەزرا ئەوە بوو ئەو شانشینە دەستی کرد بە داگیرکاری بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری ، کە یەکێک لە شاکانی ئەو شانشینە بە ناوی تیگرانی گەورە (دووەم) (55_95پ.ز) لە یەکێک لە هەڵمەتەکانی ئەو ناوچەی داگیر کرد و بەڵام دواتر ئەو شانشینە بووە پاشکۆی ئیمپراتۆریای ساسانییەکانی کوردان و دوایین ئیمپراتۆریای کوردی پێش ئیسلام.

پاش ئەوەی سوپای دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشیدین هێرشی کردە سەر ئیمپراتۆریای ساسانییەکان ، یەک لە دوای یەک ناوچە و هەرێمەکانی داگیر کرد ، ئەو ناوچەیە کەوتە دەست دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشیدین و بووە بەشێک لێی و دواتر بووە بە بەشێک هەر یەکێکە لە دەوڵەتی خەلافەتی ئەمەوییەکان و دەوڵەتی خەلافەتی عەباسییەکان.

پاش لاواز بوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسییەکان لە ئەنجامی شۆڕش و بەرخودانەکان ئەوە بوو چەندان میرنشینی کوردی لە سەر خاکی گەورەی کوردستان دامەزران ، یەکێک لەوانە میرنشینی شەدادی بوو لە ساڵی (951ز) بە سەرکردایەتی میر موحەممەد كوڕی شەداد (951ز_971ز) کە کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارستاخ) بەشێک بووە لێی ، بەڵام لە دوای هاتنی تورکەکان بۆ ناوچەکە و دروست بوونی دەوڵەتی سەلجووقییەکانی تورک ئەوە بوو میرنشینی شەدادی لە ساڵی (1199ز) لە لایەن دەوڵەتی سەلجووقییەکانی تورک کۆتایی پێهنرا و تەواوی هەر دوو بەشی ئازەربایجان بوون بە تورک تەنها ناوچەکانی ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارستاخ) بە کوردی مانەوە وەکو درووگەێک لە ناو ئازەربایجان و دواتر بووە بەشێک لە ئیمپراتۆریای مەغوڵ و دواتر بووە بەشێک لە دەوڵەتی ئیڵخانییەکانی مەغوڵی ، پاشان بووە بەشێک لە دەوڵەتی تیموری و پاشان بووە قەڵەمڕەویی هەر دوو دەوڵەتی قەرەقۆینلوو و ئاق قۆینلووی تورکمانی و دواتر بووە بەشێک لە دەوڵەتی سەفەوییەکانی ئێران و هەر یەکێکە لە ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری و دەوڵەتی عوسمانییەکان ویستویەتی دەستی بە سەردا بگرێت بەڵام بۆیان نەکرا بە پێی پەیماننامەی پەیماننامەی کۆنستانتینپۆڵ (ئەیستانبوڵ) ی دووەمی ساڵی (1724ز) و دواتر بووە بەشێک لە دەوڵەتی ئەفشاری و دەوڵەتی زەندی کوردی و دواتر دەوڵەتی قاجارییەکانی ئێران.

لە ساڵی (1813ز) وەکو هەموو ناوچەکانی ئازەربایجان بووە بەشێک لە ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری و لە ساڵی (1828ز) لە نێوان دەوڵەتی قاجارییەکانی ئێران و ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری پەیماننامەی تورکماچای بەسترا بە پێی ئەو نزیکەیی (10) هەزار خێزانی ئەرمەنی کۆچیان کرد بۆ بەشی ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارستاخ) لە کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارستاخ) بەوەش ئەو بەشە لە زۆرینە کوردەوە بووە بە زۆرینە ئەرمەن کە پێشتر تەنها لە (%20) ی ناوچەکە بوون و بەڵام بەشی کوردستانی سوور هەر بە کوردی مایەوە و پاش ئەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ساڵی (1917ز) لە ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری ڕووی و یەکێتیی سۆڤیەت شوێنی گرتووە ئەوە بوو لە ساڵی (1923ز) کۆماری کوردستانی سوور دامەزرا تا ساڵی (1929ز) بەردەوام ئیتر لەو ساڵەوە کۆمارەکە نەما و کرایە بەشێک لە کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی و کوردانی ناوچەکە کۆچیان پێکرا بۆ کۆمارەکانی تری یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و بەڵام دواتر چەندین و کۆشش درا کە دووبارە کۆماری کوردستانی سوور دابمەزرێتەوە بەڵام سەرجەم ئەو هەوڵانە سەرینەگرت و شکستی هێنا لە لایەن ئازەرییەکان و ڕووسەکان هەروەکو بەشێک لە کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی مایەوە ، و لە ساڵی (1991) یەکێتی سۆڤیەت هەرەسی هێنا و لە بەشی ناگۆرنۆ_قەرەباغ (ئارستاخ) لە ڕێکەوتی (10_12/کانوونی یەکەم_1991) ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا و لە ڕێکەوتی (6_2/شوبات_1992) سەربەخۆیی ڕاگەیاند و هەروەها لە ساڵی (1992ز) کوردەکان جارێکی هەوڵیان دا کۆمارێکی کوردی دروست بکەن بە ناوی کۆماری لاچینی کوردی بەڵام بە داخەوە سەری نەگرت ، ئەوەش هاوکات لەگەڵ بوونی ملمڵانێی نێوان ئازەرییەکان و ئەرمەنەکان لە سەر کۆماری ناگۆرنۆ_قەرەباغ یان کۆماری ئارستاخ.

کۆماری ناگۆرنۆ_قەرەباغ (کۆماری ئارستاخ) سەرچاوەی ناکۆکی و ملمڵانێی نێوان ئازەرییەکان و ئەرمەنەکان بووە و لە نێوان ساڵانی (1988_1992ز) شەڕ و پێکدادان لە سەرئەو ناوچەیە لە نێوان هەر یەکێکە کۆماری ئازەرباینجان و کۆماری ئەرمەنستان و شۆڕشگیرانی خەڵکی قەرەباغ بەرپابوو سەرئەنجام کۆماری ئەرمەنستان و شۆڕشگیرانی خەڵکی قەرەباغ توانییان ناوچەی ناگۆرنۆ_قەرەباغ و خاکی کوردستانی سوور کۆنترۆڵ بکەن دواتر لە چوارچێوەی کۆماری ناگۆرنۆ_قەرەباغ ڕێکخران بەوەش دووبارە کوردان لەو ناوچەیە کۆچیان کرد بەرەو ناوچەکانی تر و ئێستاوبەشێکی زۆر کەمی کوردان لە کوردستانی سوور ماوەنەتەوە کە پێشتر کورد زۆرینە بووە و هەروەها لە لایەن وڵاتی ئازەربایجان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دان بە سەربەخۆیی کۆمارەکە نەنراوە ، تەنها وڵاتی ئەرمینیا نەبێت.

سه‌رچاوه‌کان:

١/ پ. ی . ئەڤیر یاکۆڤ: کورد لە جەنگی روسیا لەگەڵ ئێران و تورکیادا-وە: د. ئەفراسیاو هەورامی-سلێمانی2004ز.
٢/ یاسین سابر ساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.
٣/ عه‌لی که‌ندی: فه‌رهه‌نگی ڕووداوه‌کانی کوردستان و وڵاتانی جیهان-هه‌ولێر2005ز. 
٤/ ڕاجر سێیڤری: ئێرانی سەردەمی سەفەوی-وە: سەلاحەددین ئاشتی-سلێمانی2006ز. 
٥/ د.مه‌حمه‌د سوهه‌یل ته‌قوش: مێژووی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌ویی-وه‌: شاخه‌وان مه‌حمه‌د-هه‌ولێر2006ز.
٦/ مامەند رۆژە: ئەرمەنۆساید- سلێمانی2008ز.
٧/ مه‌نسور مه‌خدوم: گرنگی کورد و کوردستان له ‌قۆناغه ‌مێژووییه‌کانی ئێران تا سه‌رده‌می ئه‌فشاریه‌-وه‌:ره‌فعه‌ت مورادی-هه‌ولێر2008ز.
٨/ ئارشاک پۆڵادیان:کورد له ‌سه‌ده‌ی حه‌وته‌مه‌وه‌ تاسه‌ده‌ی ده‌یه‌م-وه‌: جه‌لیل عه‌بد‌ولڕه‌حمان-هه‌ولێر2008ز.
٩/ مەحموود تلووعی: لە لینینەوە بۆ پۆتین-وە: رەسوول سوڵتانی-دهۆک2012ز
١٠/ د.زرار صدیق توفیق: کورد و کوردستان له ‌رۆژگاری خیلافه‌ی ئیسلامیدا-هه‌ولێر2012ز.
١١/ بێرنارد لویس: ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست-وه‌: عه‌بدوڵڵا ڕه‌سولی-هه‌ولێر2014ز.
١٢/ د . مه‌یمونه‌ هه‌مزه‌ مه‌نسوور: مێژووی ده‌وڵه‌تی عوسمانی-وه‌: هۆگر ڕه‌حمان قادر-هه‌ولێر2014ز. 
١٣/ د. محەمەد تەقوش: عوسمانییەکان/ لە دامەزراندنی دەوڵەتەوە تا کودەتا بە سەر خەلافەتەدا-وە: نەریمان خۆشناو و مەستەفا سەید مینە-هەولێر2015ز.
١٤/ پ. ی . د . کەیوان ئازاد ئەنوەر: کوردستان و کورد لە سەدەکانی ناوەڕاستدا-تاران2015ز.
١٥/ دیار غەریب: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان-سلێمانی2016ز.
١٦/ رۆجەر سەیڤۆری: مێژووی دەوڵەتی سەفەوی-وە: سەرباز حەمە کەریم-سلێمانی2018ز.
١٧/ دەیڤد ماکدواڵ: مێژووی هاوچەرخی کورد-وە: د. ئەبو بەکر خۆشناو-هەولێر2019ز.


ئه‌م بابه‌ته 1804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر