تێڕامانێک له‌ ئاسته‌نگه‌کانی زمانی کوردی

PM:08:16:08/05/2020
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی


عادل قادری
نووسەرو ڕۆشنبیر

بەشێک لەو کێشە و پاشەگەردانییەی کە هەنووکە بینی زمانی کوردیی گرتووە لە نەبوونی پلانێکی زمانی(Language planning) گشتگیر و بەهێزدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌. بەهۆی جیهانگیریی و شۆڕشە زانستییە یەک لە دوای یەکەکان کە هەر رۆژ لە جیهانی رۆژئاوادا روو دەدەن، پێویستییە زمانییەکانی ئەم جیهانە بە سەر زمان و کۆمەڵگاکانی دیکه‌دا دەسەپێت، چوون وەکوو دۆخێکی مێژوویی و زانستی هەنووکە ئەو زمان و شارستانییەتە زاڵ و پێشکەوتووە و دیاردەکانی لە دنیادا دەبەشێنەوە، ئەگەرچی خۆیشی نەیەوێت! لە رووی زانستییەوە هەر زاراوەیەک توانست و پوتانسییەلی ئەوەی هەیە ببێت بە زمان و هەر زمانێکیش دەتوانێت بگاتە پلەیەکی شایستە و تەواو بۆ ئەوەی ئەزموونی "بوون" و زانست تاقی بکاتەوە.

ئەوەی زاراوەیەک دێنێتە ئاستی زمان، مێژووی کارکردن و ئەزموونکردن و رووبەڕووبوونەوەیەتی لەگەڵ جیهان و دیاردە مۆدێڕنەکان، بە دەست هاتنی ئەم ئامانجانە بە شێوەی گشتی گرێدراوە بە تێڕامان و هەڵوێستە لەسەر چەند شت. 

١/ زەمان
یەکەم پرس و بابەتی پەیوەست بە زمان، زەمانە، کە تێیدا زمان دەتوانێت واڵا بێت و ریشە بگرێت و لە رووە جۆراوجۆرە زانستی و فەلسەفی و کەلتوورییەکەدا گەشە بکات. واتە زمان لە سەر شانی زەمان"بوون"ی دەخەمڵێت. نموونەی مێژووییش بۆ ئەم بابەتە زۆرن، بۆ نموونە زمانێکی وەک فارسی کە هەنووکە تا رادەیەک سەرکەوتووانە توانیویەتی رووبەڕووی جیهان و دەقەکانی دونیای مۆدێڕن ببێتەوە و هێشتاش هەر (بە تەواوی هەڵەکانییەوە) هەوڵی خۆی دەدات.

ئەم زمانە سەدەگەلێک لەمەو پێش زمانێک بوو کە کەسێکی وەکوو ئەبووڕەیحانی بیروونی، زانستمەندی ناوداری سەدەی چوارەمی کۆچی لەبارەیەوە وتوویەتی: "کاتێک بابەتێکی زانستی بکەوێتە نێو زمانم (فارسی ئەو سەردەمە) ئەوەندە لام سەیرە، وەک ئەوەیه‌ وشتر لە سەربان ببینم یان زەڕافە لە ژێری کورتاندا ببینم." یان لە زمانی ئاڵمانیدا کەسێکی وەک مارتین لۆتەر، قەشەیەکی نوێخواز و وەرگێڕی ئینجیل بۆ سەر زمانی ئاڵمانی، بە هۆی کارەکانییەوە و چاپکردنی زۆر و زەبندیانەوە، کۆڵەکە و بنەمایەکی قایم و قورسی لە سەدەی شازدەهەم بۆ زمانی ئاڵمانی درووست کرد.

لەرێگەی وەرگێڕانە ناودارەکەی لەسەر ئینجیل، ناوەندێتی و چەقێتی و قودسییەتی لە زمانی لاتین و یۆنانی هێنایە نێو زمانی ئاڵمانی و وەرگێڕانەکەی تا سەردەمی مردنی چوارسەد جار لە چاپ دراوە.

زمانی کوردیش ئەگەرچی هێشتاش تایبەتمەندی کۆمەڵگا و زمانێکی "ناشاری" و کشتوکاڵی بە زەقی تێدایە، بەڵام خاوەن مێژوویەکە و لەوەش زیاتر خاوەن چەندین زاراوە و بنزاراویە کە ئەوەندەی توانست و ئەگەرە بۆ چالاککردن و بزۆزیی زمان ئەوەندە مەترسی و هەڕەشە نییە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە ئەم زمانە لە هەر کام لە قۆناغەکانی پێشکەوتنیدا لە رێگەی کۆڕ و بنکە و ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان و لایەنە خۆماڵی و بیانییەکانی حوکمڕان و... گەشە و پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە.

هەر لە بەستێنی زەماندا و بە هۆی دەکارکردن و کەشفی توانستەکانی زمانی کوردییەوە مانای وشە و دەستەواژەکان ئەمڕۆیی بوونەتەوە، وەکوو نموونە: وشەی هێڵ کە لە پێکهات و ژیانێکی کشتوکاڵییانە و گوندیدا مانای "خەتی جووتی" داوە، ئەمڕۆ پاش درووستبوونی کەلتووری شاریانە و لە دایکبوونی دەقی شارییانە واتای نوێ و پێشکەوتووی گرتۆتە خۆی و کارکرد و مانای جیای وەک"هێڵی ئاسن"، هێڵ(هەر چەشنە خەتێک) و... وەرگرتووە. یان وشەی"فەرمی" تا چەند ساڵ لەمەو پێش لە هەندێک گوندی دەوروبەری هەولێر بەکار دەبرا بەڵام بە هۆی گەشەی میدیایی و رۆژنامەنووسی و پێکهاتی نوێی کەلتوورییەوە هاتۆتە ناو مژارەکان و واتای خۆی وەرگرتووە و زیندوو کراوەتەوە.

٢/ تەکاندن و رزگارکردنی زمان لە تەپ و تۆزی ئایدۆلۆژی
کەلتوور و زمان و پێکهاتە مرۆییەکان هیچ کات بە بێ ئایدۆلۆژی نەژیاون، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا بیرمەندان و ویل دۆرانت گوته‌نی ژیرەپیاوان(Old wise man)ێک لە جیهانی کۆندا هەبوون کە لەکاتی درووستبوونی توندڕەویی و بونبەست لە فامی ئایدۆلۆژیکدا بە تێگە و ئاوەزی جودا و کەمتر ئایدۆلۆژییانەوە باڵانس و هاوسەنگیان دەگەڕاندەوە بۆ کۆمەڵگاکەیان.

ئایدۆلۆژی تا ئێرە و بەم واتایە و بۆ کۆمەڵگا پێشنەکەوتووه‌ سەرەتاییەکان فرە جێگەی رەخنە نییە، بەڵام کاتێک ئایدۆلۆژی ببێتە خاوەن سیستەمێک بۆ خەبات و سەپاندنی مانیفێست و جیهانی واتایی خۆی بە سەر کۆمەڵگا و پێکهات و زمانی ناو ئەم پێکهاتە، ئەو کات کارەساتێک دێتە ئاراوە. واتە هەموو کارکردە زمانییەکان قاڵبدار و تەلبەند دەکرێن لە پێناو یەک سیستەم لە پێناسەکردن و فامکردندا.

کۆمەڵگای کوردی ئەگەرچی پێش سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژییە نەتەوەخوازی و ئیسلامییەکان خۆی خاوەنی قەوارە و فۆرمێک لە ئایدۆلۆژی بووه‌، بەڵام لە سەدەی بیستەمدا و بە هۆی ماهییەتی ئەم ئایدۆلۆژییانە هەموو کۆمەڵگا کەوتە ژێر کاریگەرییەوە، و زمانیش لە سەرووی هەمووان! چەند نموونەیەک دێنمەوە.

ئایدۆلۆژی ئیسلام بە هۆی ماهییەتی قودسییەتخوازانەیه‌وە، دەستەبەندییەکی روون و تۆکمەی بۆ وشە و کارکردەکانی ناو زمان هەیە، واتە لەروانگەی ئەم ئایدۆلۆژییەوە شتەکان دوو حاڵەتیان هەیە:

 آ/ ئاسمانین و پیرۆز ب/ زەوینین و ناپاک

..." کە دەبێت بە پارێزەەوە ناپاکی بهێنرێتە زمان و خاوەنی وەسواسیی و فیلتەرکردن بۆ وشە ناپاکەکان بین..."
 لە رۆمانی "تەمی سەر خەرەند"ی شێرزاد حەسەندا، پاڵەوانی چیرۆک پاش چەندین ساڵ کە لە وڵاتێکی رۆژئاوایی ژیاوە و دێتەوە بۆ کوردستان سواری سەیارەیەک دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی:
تا لە خەرەندەکە نزیکتر دەبووین من غەمگینتر دەبووم...سەیرە، لە پەنجەرەی قەمەرەکەوە بە هەر دوو بەری جادەکەدا دەمڕوانی، دەیەها ئەسپی مردووم بینی کە لێرە و لەوێ سەگەل تێیان ورووکا بوون... لە هەموو ژیانمدا بەو ژمارە زۆرە ئەسپی مردووم نەبینیبوو... لە هیج فیلمێکدا...لەهیچ رۆمانێکدا...لەهیچ شوێن و وڵاتێک... دڵتەنگ و نیگەران لە شۆفێرەکەم پرسی: کاکی شۆفێر ئەو هەموو ئەسپانە بەچی مردوون؟ کابرای شۆفێر وەک ئەوەی پرسیارەکەی منی بەلاوە سەیر بێ تۆزێک راما... دواجار بە تەوەسەوە وتی: ئەسپ نامرێ مامۆستا...ئەسپ "دەتۆپێ"...

لەم کارکردە زمانییەی ئەم دووکارئەکتەرەدا واتە شۆفێر و مامۆستا(پاڵەوانی چیرۆک) جیاوازییەکی بنەڕەتی بەدی دەکرێت، شۆفێر لای روونە کە ئەسپ دەتۆپێت، واتە کردەی تۆپین تەنها بۆ ئاژەڵ و گیانلەبەرە غەیرەمرۆییەکان بۆی مانا کراوەتەوە، و مردن تایبەتە بە ئەشرەفی مەخلوقات و وشەیەکی پیرۆزە! و نابێت بۆ شتێک جگە لە مرۆڤ بەکار ببرێت، هەر ئەوەشە کە لە هەمبەر مامۆستا بە "تەوەسەوە"وەڵام دەداتەوە. ئەم دوو کارکردە زمانییە بۆ دوو وشەی "تۆپین" و "مردن" کە هەر دووکیان لە بنەمادا بۆ گیاندانی بوونەوەرێکی زیندوو دەکار دەکرێت، لە دوو سەرچاوەی ئایدۆلۆژی و کەلتوورییەوە دێنە زار. مامۆستایەک بە رۆحییەتی کەلتوورێکی کراوە و رۆژئاوایی و شۆفێرێک بە باوەڕێکی نەریتی دینی. راستە بە واتایەک هەر دووک ئایدۆلۆژیان بەڵام کامەیان توانستی تێڕامان و کراوەیی لە خۆی دا هێشتۆتەوە؟ 

ئەم نموونەیەی تەمی سەر خەرەند لەکۆمەڵگای ئێمە تەنها لایەنی کارکردی زمان لە روانگەی ئایدۆلۆژیای دینی دەخاتە روو، ئایدۆلۆژیای غەیرەدینی کۆمەڵگای کوردیش(واتە سیستەمی فیۆداڵی و خانخانێتی کە قۆناغێک لە قۆناغەکانی کۆمەڵگای کوردی بووە) سەپێندراویی و زەختی تایبەتی خۆی هەیە بۆ سەر زمان و وشە، گەر بمەوێت بێمە سەر نموونەیەکی سادە، کە لەم دواییانەش لە ناو کۆمەڵگادا و لە رووبەرووبوونەوەی ژن و پیاو لەگەڵ یەکدیدا دەیبینینەوە، کارکردی وشەی پیاو و ژن وەکوو نموونە دێنمەوە.

لە نەریتی باوی زمانی کوردیدا وشەی"پیاو" هەڵگری جوامێری و شانازی و توانست و...ە و ژن هەڵگری واتای شەرەف و دەلالەتی جوانی و ناسکی و..." بۆیە کاتێک پیاوێکی نەریتی و رەنگە نانەریتیش ژنێک دەبینێت کە کردارێک دەکات سەر بە رەگەزی ژنانە نییە، دەڵێ ئەو ئیشەت پیاوانەیە... و لەم لاشەوە کاتێک پیاوێک ئیشێکی سووک و ناحەز بکات پێی دەڵێن ئەم ئیشەت ژنانەیە... ئەم ئایدۆلۆژیزەدەبوونەی زمان کە تەنها لە قەوارەی کەلتووردا نەوەستاوەتەوە و هەنووکە بووەتە کارەساتێک و بینی زمانی کوردی گرتووە لە گوتار و پێکهاتی سیاسیشدا بە خەستی بەرهەم هاتووە... بۆ نموونە دەلالەتەکانی شۆڕش ئەوەندە سیاسی و بەرهەستن ئەوەندە فەلسەفی و دەرهەست(ئینتزاعی)نییە... کاتێک ئێمە دەڵێین شۆڕشی کۆپەرنیکی بە راستی چەندە لایەن و رەگەزی زانستییانەی کارەکەی کۆپەرنیک لە وشەی"شۆڕش"دا دەبینینەوە؟

لێرەدایە وەرگێڕانی دەقە زانستی و فەلسەفییەکان دەکەونە بەردەم دوو حاڵەتەوە یان دەبێ هەندێک جەبری زمانی ئەم دۆخە ئایدۆلۆژیزەدە قبووڵ بکەن یان دەبێت واتای نوێ یان وشەی نوێ لە هەمبەر چەمک و دەستەواژەکانی زمانانیتر دابنێن. بۆ نموونە وشەی هەڵبژاردن ئەوەندە دەلالەتێکی حیزبی و سیاسی هەیە ئەوەندە لایەنی کردارییانە و فەلسەفی نییە. کاتێک ئێمە دەڵێین لە نێوان بوون و نەبووندا یەکەمیان هەڵدەبژێرین... یان دەڵێین پرسی جەبر و ئیختیار دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردن(انتخاب)ەکانی ئێمەوە...تووشی ئەو کارکرد و دەلالەتسازییەی سیاسەت دەبینەوە...بۆیە دەشێت لە باتی دەکارکردنی هەڵبژاردن بۆ چەمکێکی فەلسەفی وەکوو"اختیار" باشترە وشەی "بژاردن"دەکار بکرێت کە قەلەق و کەڵکەڵەیەکی زۆرتری بۆ تێڕامان و ئەکتێکی فەلسەفی تێدا هەست پی دەکرێت. یان دیسان وەکوو نموونە وشەی "زۆرەملی" نابێت بۆ "جباریت" بە کار ببرێت، سەرەڕای ئەوەی کە وشەی زۆرەملی زۆرتر دەلالەتێکی بەرهەست و کۆنکرێتی هەیە، فرەیش پێوەندی بە جباریت ەوە نییە کە چەمکێکی ناوی کەلامی ئیسلامی و مەسیحی... یە لە بەر ئەوە هاوتای "زۆرەوانی" یان هاوتاگەلیتری کەشف نەکراو و دەکارنەکراویتریش دەبێ تاقی بکرێنەوە. 

٣/ نەبوونی ناوەندێکی بەهێزی زمانی بۆ وشەسازی و هاوتادانانی چەمک و زاراوە و دەستەواژە(تێرمینۆلۆژی)
جیهانی مۆدێڕن جیهانی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان بوو و "هەنووکە"ی جیهانی مۆدێڕنیش(کە هێشتا لە نێوان بیرمەندان و فەیلەسووفاندا مشت و مڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەمەی کە ئایا "هەنووکە"ش جیهانی مۆدێڕنە یان جیهانێکیترە بە ناوی پۆست مۆدێڕن، ترانس مۆدێڕن و...) هەر ئەم شۆڕشانە بەردەوامە، بۆیە وشەسازی و زاراوەسازی و هاوتاسازی لە بواری زانستە جۆراوجۆرەکان، فەلسەفە، دەروونشیکاری، ماتماتیک و...یەکێکە لە پێویستییە زمانییەکانی جیهانی مۆدێڕنی ئێستە.

ئەگەرچی لە ناو زمانی کوردی (تا رادەیەک) لە بواری ئەدەب و تارادەیەکی کەمتر لە بواری فەلسەفە ئیش کراوە بەڵام خودی ئەم ئیش و کارکردانەش سەرەڕای هەموو دەسکەوتە بەنرخەکانی، هێشتا لە قەیران و پاشاگەردانی دایە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆکار کە من لێرەدا ئاماژە بە دوو هۆکاریان دەکەم:

ئەلف-نەبوونی دەقی تیۆریک
بە داخەوە هێشتا بابەتی وەرگێڕانی دەقە تیۆریکەکان، لە زمانی سەرچاوەوە بۆ زمانی کوردی بەشێوەی بەردەوام دەستی پێ نەکردووە.
زۆر روونە وەرگێڕانی دەقی تیۆریک، بە تایبەت لە بواری زانستە مرۆڤییەکان، وەک هزر و فەلسەفە و دەروونناسی و...دەتوانێ توانستی زمانیی(language competence) زمانی کوردی کە تا رادەیەک شاردراو و ناکارایە، کارا بکات. هەرچەندە ئیشی باش کراوە بەڵام دەبێت وەک پرۆژەیەکی بەردەوام و لە قەوارەی پلانێکی زمانیدا بکرێت. 

ب-نەبوونی فەرهەنگی وشە
راستە کە ئێمە چەند فەرهەنگی وشەی بڕواپێکراومان هەیە بەڵام ئەم فەرهەنگانە، زۆرتر وشەنامەن تا فەرهەنگی وشە! هەڵبەت مەبەستی سەرەکی نووسەران و دڵسۆزانی کورد زۆرتر ئەوە بووە کە بە شێوەیەک، وشە کوردییەکان کۆ بکەنەوە و بیپارێزن. ئەگەر نا فەرهەنگنووسین بە شیوەی زانستی و ئەمڕۆیی تایبەتمەندی خۆی هەیە کە دەبێ فەرهەنگنووس رەچاویان بکات. ئەم تایبەتمەندییانە بریتین لە:
دەنگنووسی وشە، شێوەی نووسینی وشە، رەگەزناسی وشە، ئاماژە بە چۆنیەتی بەکارهێنانی وشە لە دەقە شیعری و پەخشانی و فۆلکلۆرییەکاندا، تایبەتمەندیی رێزمانی وشە لە هونەر و ئەدەب و زانستە جۆراوجۆرەکاندا، جیاکردنەوەی وشەی سەرەکی و وشەی لاوەکی. 

ئەم ئەرکانە و زۆر ئەرکیتر(کە لێرەدا جێی باسی نابێتەوە) دەکەوێتە سەر شانی پێکهات و دەسەڵاتێک لە ژێر ناوی ناوەندێکی بەهێزی زمانی بۆ وشەسازی و هاوتادانانی چەمک و زاراوە و دەستەواژە کە دەشێت لە زۆر نووسەر و وەرگێڕ و ماتماتیکزان و شاعیر و رۆماننووس و ئەندازیار و هتد پێک بێت، کە بە پلانێکی ئاسۆداری زمانییەوە زمانی کوردی دەگەیەنێتە ئاستێکی باڵا لە گەشە و کارکرد و پێشکەوتن.

ئەکادیمی ئێران ساڵی 2005ی زاینی، ٤٥ لێژنەی تایبەت بۆ وشەسازی دامەزراندووە کە لە ئەنجام دا ٦٣٧٠ وشەی نوێ لە زانستە جۆراوجۆرەکاندا هاوتایان بۆ دانراوە. یان پرۆژەی دانان و نووسینەوەی زانستنامەی"ئیرانیکا" بە سەرپەرشتی دوکتۆر ئیحسان یاری شاتر لە گەڵ چەند کەسیتر لە ساڵی ١٩٧٨ی زاینی لە کەنەدا دەستی پێکردووە، تەنانەت بێ ئەوەی دەوڵەتی ئێران یارمەتییان بدات، کەچی بە هەوڵ و تێکۆشانی زۆر و داخوازی ماڵی لە خەڵک، ئێستا (١٠٦٠)دوکتۆر و لێکۆڵەر، لەوێ خەریکی کارن و ١٣ بەرگی ئەم زانستنامەیەیان بڵاو کردۆتەوە.

سەرچاوەکان:
١/ دکتر سید علی میرعمادی، شناخت، ژهن و زبان در گژر زمان، نشر ورجاوند
٢/ داریوش ێ‌شوری، زبان باز(پژوهشی دربارە زبان و مدرنیت)، چاپ دوم، نشر مرکز
٣/ شێرزاد حەسەن، تەمی سەر خەرەند، رۆمان، دەزگای ئاراس
٤/ کامران رەحیمی، بنەماکانی وشەسازی و وشەرۆنان لە زمانی کوردیدا، کۆڕی زانستی زمانی کوردی ئێران، بڵاوکراوەی گوتار 


ئه‌م بابه‌ته 563 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر