ئەو نامەیەی ئیمپراتۆریەتی میدیای کوردانی ڕوخاند

بەهۆی هاوکاری و نامەکانی هارپاکەوە کۆرش توانی شوڕش دژی میدیاو ئەستیاگی باپیری خۆی بکات و ئیمپراتۆری میدیا بروخێنیت و ئیمپراتۆریەتی ئەخیمی فارسی دروستبکات، لەسەر بنەما شارستانی و کلتورییەکانی میدیای کوردان
PM:09:20:12/05/2020
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
کۆرش نەتەوەی فارسی دروستکرد و کۆمەڵێ هۆزی تریشی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی ئامادەبن بۆ هەڵگەڕانەوەو شۆڕشکردن دژی میدیا

فاتیح عەبدوڵڵا شوانی
توێژەر لە مێژووی دێرین، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی (ئیرلانگن-نۆرمبێرگ)/ ئەڵمانیا

ئاستیاگ(١) وەک دوا پاشای ئیمپراتۆری گەورەی میدیا بەهۆی بینینی خەوێکەوە کەوتە کێشە لەگەڵ قەمبیزی میری فارس کە کچەکەی خۆی پێدابوو بەناوی (مەندانە). لەو خەونەیدا کوڕی کچەکەی -کە کۆرش بوو- دەبێتە پاشا، پاشان ئاستیاگ، هارپاکی(٢) راسپارد بۆ لەناوبردنی ئەو کوڕە، بەڵام ئیشەکە جێبەجێ نەکراو کۆرش گەورەبوو، گەرایەوە لای دایک و باوکی خۆی لە پارسوا. 

هیرۆدۆتس دەڵی: "ئەستیاگ راستەوخۆ قسە لەگەڵ مناڵەکە دەکات و پێی دەڵێ کوڕم، من بەهۆی خەونێکی هەڵەوە ئەم هەڵانەم بەرامبەر بە تۆ کرد، کە هیچ نەبوو تەنیا هەڵەیەک بوو. تۆ ئەمڕۆ پارێزراوی لەلایەن خاوەنی خۆتەوە، ئەتوانی برۆی بۆ لای دایک و باوکی خۆت لە پارسوا، من هاوکاریت دەکەم بڕۆی بۆ لایان، هەروەک دایک و باوکی ئێستەت کە میتردایتس و خێزانەکەیەتی(٣)". بەم وشانە ئەستیاگ ماڵئاوایی لە کچەزاکەی کردو گەڕایەوە بۆ لای قەمبیزی باوکی و پێشوازی گەرمی لێکرا، کە دەیانزانی ئەوە مناڵەکەی خۆیانە.

دوای گێڕانەوەی چیرۆکی رووداوەکەو بەسەرهاتەکان، پاشان لێرەوە هارپاک هات بۆ لای کۆرش و بیریان لە دانانی پلان و تۆڵەکردنەوە کردەوە. باشترین کارنامەیان ئەوە بوو کۆرش بکەن بە بیانو و سەرکردەی شۆڕش بۆ لەناوبردنی ئەستیاگ و میدیا، چونکە پێان وابوو ئەستیاگ هەڵەی گەورەی کردوە، بەمەش هارپاک ئامادەکاری کرد و ئامادەی شۆڕش بوو دژی میدیا. کۆرش ئەوەی پێ باش بوو، بەڵام جێ بەجێکردن و بەدیهینانی ئەو کارەی بەلاوە زەحمەت بوو، چونکە رێگای نێوان میدیاو فارس هەروا ئاسان نەبوو.

هارپاک زیاتر کارئاسانی بۆ کۆرش کرد، نامەیەکی نوسراوی لەسەر کەوڵی کەروێشک بۆی نارد کە تێیدا دەنووسێ: "ئەی کوڕی قەمبیز تۆ خودا هاوەڵیت دەکات و چاودێرت دەبێت، هەرگیز توشی کێشە نابیت، ئەوەش کارێکی گرنگ دەبێت، کاتێکی گونجاوە بۆ تۆڵەکردنەوەت لە ئەستیاگی بکوژت، مردن و ژیانت بەدەست خوایە، ئەگینا ئێستا لە ژیان نەدەبووی، بەبڕوای من تۆ ئەمە هەرگیز لەبیر ناکەی کە چیت بەسەر هاتووە لەلایەن ئەوەوە (ئاستیاگ)، ئەگەر من نەبوومایەو نەمبردیتایە بۆ ماڵی شوانەکە، تۆ کوژرابووی یان مردبووی. ئێستا گوێم لێبگرە، وشەکانم لێوەرگرە، هەموو ئیمپراتۆری میدیا بۆ تۆدەبێت و ئەبێتە هی تۆ، هەر ئێستا لە وڵاتی فارس هەڵگەڕانەوە راگەیەنەو پاشان بەئاراستەی میدیا بڕۆ، ئەگەر ئاستیاگ هێزی هێنا دژی تۆ، هەروەها میدیا دژی تۆ وەستانەوە من هەمووی بەکاردەهێنمەوە دژی خۆیان(٤) تۆ لەلایەک، منیش لەلایەکی ترەوە هەمومان بۆ لەناوبردنی میدیاو ئەستاگ یەکدەگرینەوە، لەم پێناوەدا هەستە بە کارەکەت زۆر بەخێرایی".

ئەم نامەیە باشترین هاندان بووە بۆ کۆرش و فارس بەوەی بیروباوەڕیان بە هەڵگەڕانەوە هەبێت، دوای ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان و گۆڕینەوەوی نامەی زیاتر، بڕیاردرا ئەم کارە کەمێ دوابخرێت. ئیتر لێرەوە کۆرش نەتەوەی فارسی دروستکرد و کۆمەڵێ هۆزی تریشی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی ئامادەبن بۆ هەڵگەڕانەوەو شۆڕشکردن دژی میدیاو بنەمای سەرەکی شۆڕشەکەیان سەربەخۆی بێت. بەوەش زۆربەی خێڵە فارسەکانی کۆکردەوە وەک: (مارافیان، ماسباتیەکان). هەروەها پاسارگادەی وەک شاری خانەدان ناساند و بنەماڵەی ئەخمینی وەک بنەماڵەی پاشایەتی ناساند، کە یەکێک بوو لە خێڵە فارسەکان. پاشان کۆمەڵێ هۆزی تریش دوای کەوتن وەک؛ (پانسیەکان، دێروسیەکان، گێرمانیەکان، درۆپیکان، ماردیەکان، پاننس، ساگارتیەکان). ئەمانە کۆمەڵێ هۆزی کۆچەری بوون گوێڕایەڵی خۆیان دەربڕی بۆ کۆرش. 

بەو هەنگاوانە، کۆرش دەستی کرد بە کارەکانی خۆی و لە سەرەتاوە لە ماوەی یەک رۆژدا توانی کۆمەڵێ ناوچە بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆیەوە. لە رۆژی دووەمدا هەرچی مەڕو ماڵاتی قەمبیزی باوکی بوو کۆیکردەوە بۆ خواردنی هێزەکانی سوپای فارس. هەروەها نان و ئاوو کەلوپەلی تەواوەتی بۆ ئامادەکردن بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سوپاکەی. رۆژ لەدوای رۆژ بەهێز دەبوو وتاری بۆ سوپاکەی  دەدا بەناوی پیاوی فارسەوە(٥). هەروەها وتاری توندو وروژێنەری بۆ سەربازەکانی دەدا بۆ هاندان و شۆڕش دژی میدیاو باسی ئازایەتی پیاوی فارسی دەکرد. 

لەم کاتەدا ئەستیاگ درەنگ وەڵامی دانەوە، سەرەڕای ئەوەی فارسەکان بڕیاری هێرشیان داو هەستان بە داگیرکردنی زەویەکی زۆری خاکی میدیا. دواجار ئەستیاگ ئارامی نەماو نامەیەکی بۆ کۆرش نارد وەک شازادەیەک و داوای بینینی لێکرد، بەڵام کاتێ کۆرش نامەکەی دەبینێ و وەڵامی دەداتەوە، دەڵێ: "ئەمە بە ئەستیاگ بڵێ، من دەیبینم زیاد لەوەی خۆی حەزی لێیەتی".

کاتێ ئەستیاگ ئەم نامەیەی پێگەیشت وخوێندیەوە، خێرا فەرمانیدا سوپا ئامادەکەن و سەرجەم سەرکردەکان کۆبوونەوەو لە ناویشیاندا هارپاک هەبوو، بەڵام ئەستیاگ بیری چووبوو کە چۆن هارپاکی بریندارکردووەو توڕەی کردووە. کاتێ دوو سوپاکە (میدیا و فارس) بەیەک گەیشتن شەڕ روویدا، دوای ئەوەی ژمارەیەکی کەمی سەربازی سوپای میدی کوژراو زۆرینەی رایان کردو چوونە پاڵ سوپای فارس، کەس لەم نهێنیە نەگەیشت کە بووە هۆی ترس و دڵەراوکێیەکی زۆر بۆ سەربازەکانی تر، بەوەش ئەستیاگ توشی شکان و شەڕێکی گەورە بۆیەوە. پاشان بڕیاریدا پاشەکشە بکەن و بگەڕێنەوە ناو قەڵای شارو لەوێ بەرگری بکەن بە گەورەو بچوکەوە، بەڵام لەم شەڕەشدا شکستی خواردو تەواوی سوپاکەی لەناو چوو، تەنانەت خودی ئەستیاگ خۆیشی بە دیلی گیراو خرایە زیندانەوە. پاشان هارپاک لە زینداندا چاوی بە ئەستیاگ کەوت گفتوگۆی لەگەڵ کرد، باسی ئەوەی بۆکرد کە چۆن کوڕەکەی پارچەپارچە کردووەو کردی بە گۆشتی خواردن.
 
هارپاک داوا لە ئەستیاگ دەکات وەڵامی باتەوە، کە چۆن کۆیلەیەکی خستە شوێن پاشا. ئەستیاگ سەیری دەموچاوی هارپاک دەکات و لێی دەپرسێ بگەڕێرەوە بۆ رووداوەکە بۆچی هاوکاری و پاڵپشتی کۆرشت کرد؟

هارپاک وەڵامیدایەوە ووتی: "نامەکەی من وای لێکرد ئەوان شۆڕش دەستپێ بکەن، هەر ئەوەی منیش بووە بنەماو پایە گرنگەکانی پرۆژەی کارەکە".

پاشان ئەستیاگ ئەوەی پێووت: "ئەوەی تۆ کردت ئەوپەڕی بێشەرمی و سوکی بوو، ئەوپەڕی زوڵم بوو لە میدیەکان، ئەوپەڕی سوکایەتی بوو، چوونکە تۆ لەوپەڕی بەهێزی توانادا بووی، ئەتتوانی تاجەکە بکەیتە سەری خۆت نەک بیگانەیەک، تۆ هەموو شۆڕشەکەت کرد کە دەبوو بیکەی، بەڵام بۆ کەسێکی ترت کرد، تاجەکەش بۆ سەری کەسێکی ترە، ئەوپەڕی زوڵمت کرد، چوونکە کۆیلەیەکت کردە پاشای میدیاو میدیات لەناوبرد، میدیات کردە کۆیلەی فارس، کۆیلەیەکت خستە جێی پاشا، بۆچی خۆت ئەوەت نەکرد؟ لەکاتێکدا دادپەروەری ئەوەبوو میدیا بەدەست بهێنی و میدیا بمینێتەوە نەک فارس، نەک میدیا بگۆڕیتەوە بە فارس، ئەوە سەروەری بوو نەک ئەوەی کردت، لەگەڵ ئەوەشدا میدیەکان هاوبەش و لایەنگری هەڵەکەت نین کە بۆی دەگریت، کۆیلەیەکت هێناو گۆڕێتەوە بە پاشاکان".

لەم گفتۆگۆیەدا زۆرشت روونە، پەشیمانی ئەستیاگ و بێدەنگی بەرامبەر بە کوشتنی کوڕەکەی هارپاک. بەم شێوەیە ئاستیاگ دوای ٥٣ ساڵ فەرمانڕەوایەتی، دەسەڵاتی لەدەست دەرچوو لەگەڵ تەواوی ئیمپراتۆریەتی میدیا، بەهۆی هەڵەکانیەوە، لەکاتێکدا (١٢٨) ساڵ فەرمانڕەوایەتی ئاسیان کرد،  لێرەشەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەستەڵات کەوتە دەست فارس. 

لەم کاتەدا کۆرش، ئاستیاگی لە زینداندا هێڵایەوە بەبێ هیچ ئازاردانێک تا لە ژیاندا مابوو، بەڵام لەم کاتەدا میدیەکان راپەڕینیان دژی کۆڕش ئەنجامداوەو دواتریش لە سەردەمی دارادا میدیەکان جارێکی تر شۆڕشیان کرد دژی فارس، بەڵام تێکشکان و جارێکی تر ملکەچی فارس بوونەوە(٦).

هێرۆدۆتس باس لە هەڵەی ئەستیاگ دەکات کە چۆن وڵاتی میدیا توشی شکست کرد بەو سزادانەی هارپاکی پیاوی باوەڕپێکراوی خۆی. 

بەپێی گێڕانەوەکانی هێرۆدۆتس، هارپاک دوای ئەوەی هاوکاری کۆرشی کرد لە روخاندنی میدیا و بەردەوام بوو لە هاوکاریکردنی کۆرش لە داگیرکردن و هێرشەکانیدا بۆ سەر وڵاتی لیدیاو لە زۆربەی شەڕەکانی کۆرشدا دژی لیدیا بەشداربووە، وەک سەرکردەیەکی باڵا دەرکەوتووەو باسکراوە، تەنانەت بە فەرماندەیەکی لێهاتوو سەرکەوتوو ناوی دەبات و دەڵێ: "هارپاک ئەو کەسەی  کۆرشی خستە شوێن ئەستیاگی پاشای میدیا"(٧).  

هەروەها لەدوای سەرکەوتنی کۆرش و هارپاک بەسەر میدیادا، باسی رووبەرووبوونەوەی سوپای فارس دەکات بە سەرکردایەتی هارپاک دژی لیدیا، ناوی زۆربەی ئەو شارانە دێنی کە هارپاک هێرشی کردۆتە سەریان(٨).

بەم شێوەیە بەهۆی هاوکاری و نامەکانی هارپاکەوە کۆرش توانی شوڕش دژی میدیاو ئەستیاگی باپیری خۆی بکات و ئیمپراتۆری میدیا بروخێنیت و ئیمپراتۆریەتی ئەخیمی فارسی دروستبکات، لەسەر بنەما شارستانی و کلتورییەکانی میدیای کوردان.                                                         
سەرچاوەوپەراوێزەکان:
(١)ئەستیاگ- ایشتوویگو: دواپاشای ئیمپراتۆری میدیابووکوڕی کەیخوسرەوی کوڕی فرائورتیسی کوری دیاکۆی دامەزرێنەری دەوڵەتی ماد بووساڵی ٥٨٥-٥٥٠پ.ز فەرمانڕەوایەتی ئیمپراتۆری میدیابوو. 

(٢)هارپاک-هارپاکوس: بەیەکێک لەشالیاروپیاوەمتمانەپێکراوەکانی ئەستیاگی پاشای میدیا دانراوەوسەرۆکی سوپای بەهیزی میدیاش بووە. دوای سەرهەڵدانی کێشەی نێوان ئاستایگ وهارپاک وسزادانی هارپاک لەلایەن پاشای میدیاوە،هارپاک بیرلەتۆڵەکردنەوەدەکاتەوەوناپاکی نیشتیمانی ئەنجام ئەدات وکاربۆسەرخستنی فارسەکان دەکات کەدواجار پلانەکەی سەری گرت ومیدیای خستەدەست فارسەوە.هەتامردنیشی وەک خزمەتکاری کۆرش وفارس کاری کرد.

(٣)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p 67-69.

(٤)(ئەمە وتانەی هارپاک نیشانەی ئەوەیە تائەم کاتەش هارپاک خاوەن متمانەبووەلەلای ئەستیاگ ومیدیا)

(٥) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p73. 
)).

(٦) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p86-89.
.

(٧) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p90-93.
.

(٨) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p94-96. 


ئه‌م بابه‌ته 2149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر