عێراق.. تەلاری دەوڵەتێک لەسەر زبڵ (١-٣)

واشنتۆن لە دەسکەوتنی زانیاری لەسەر چەکی کۆمەڵکوژ و سەددام و ڕژێمەکەی، زیاتر پشتی بەو ڕاپۆرت و زانیارییانە دەبەست، کە لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە هەندەران بە دەست دەزگاکانی دەگەیشتن، زۆربەی ئەو ڕاپۆرتانەش بێسەروبەر و زانیارییەکانیانی ناویان کۆن و دووبارە بوون
PM:10:14:13/05/2020
دۆسیە: عیراقناسی
عێراقێک، کە بە هۆی جۆری هەڵسوکەوتکردنی (بریمەر) لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پێکهاتەکانی عێراق و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیە سیاسییەکان و بڕیارە نالۆژیکی و لێکەوتەکانی، تا ئەمڕۆش هەتا چەناگەی، نقوومی گەندەڵی و شەڕی تایەفی بووە و چیتر شتێک نەماوە بەناوی دەوڵەت

نووری بێخاڵی
نوسەر و توێژەر

دەروازە 
کەوتنی حکوومەتی بەعس و ڕووخانی ڕژێمەکەی -کە ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوو لە هێرشەکەیاندا- بەم شێوە خێرایە، بە جۆرێک کە بۆ خۆیشیان پێشبینییان نەدەکرد، ئەوانی خستە بەردەم ئەرکگەلی زۆر قورس. پشێویی و ئاڵۆزییەکانی دوای هەرەسهێنانی بەعس، کە سەرتاسەری دەوڵەتەکەیان گرتەوە -جگە لە هەرێمی کوردستان- ئاماژەیەکی ڕوون بوون بۆ ئەو ڕاستییەی، کە ئەمریکا پلان و بەرنامەو پڕۆژەیەکی پێشوەختە ئامادەکراوی بۆ بەڕێوەبردنی عێراقی دوای سەددام نەبوو. دروستبوونی بۆشایێکی گەورەی تەناهیی، لەبەریەک هەڵوەشانەوەی سیستەم، نەمانی یاسا و دامەزراوەکان، سەرهەڵدانی تاوان و خراپەکاریی، ڕاوەڕووت و کردەوەی تێکدەرانە، دەرکەوتنی حاڵەتەکانی بەریەککەوتنی تایەفی، وەک بەشێک لە هەست و ویستی پەنگخواردووی تۆڵەکردنەوە، کە دواتر بووە دیاردە و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، لە بەرگە ڕاستەقینەکەی خۆیدا -شەڕی تایەفی و کوشتن لەسەر ناسنامە- بەردەوامە. هەموو ئەمانە، بەڵگەی بێ بەرنامەییەکەی ئەمریکا بۆ قۆناغی نوێ، دەسەلمێنن.

لایەنە عێراقییەکان -کە زۆربەیان و بە تایبەتی شیعەکان، تینووی دەسەڵات بوون، نەک خەمی ڕێکخستنەوەی سیستەمەکە!- هەر زوو، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، داوایان لە ئەمریکییەکان کرد، کە حکوومەت پێکبهێنرێت و دەسەڵات بدرێتەوە بە عێراقییەکان، بەڵام جگە لەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان، گومانیان لە توانای ئەو هێز و کاراکتەرە سیاسییانە هەبوو، لەوەی بتوانن دەوڵەت بەڕێوە ببەن. هاوکات دوودڵیش بوون لەوەی دەسەڵاتی عێراقیان ڕادەست بکەن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی گرژیی و ئاڵۆزییەکان و فراوانتربوونی ڕووبەڕی بۆشایی ئاسایش، کەوتنە سەر ئەوەی بیرێک لەم پرسە بکەنەوە و بیرۆکەی پێکهێنانی "ئەنجوومەنی حوکم”یش، هەر لەو چوارچێوەیەدا سەری هەڵدا. 

"دەستەی ڕاوێژکاریی" عێراقی، کە دەسەڵاتی هاوپەیمانان بە مەبەستی پرس و ڕاوێژ لە کاروبارەکانی عێراقدا، پێکیهێنا، هەنگاوی یەکەمی ئەمریکییەکان بوو، بۆ بەشداریی پێکردنی عێراقییەکان لە کاروبارەکانی دەوڵەتەکەیاندا. دواتریش ئەو دەستەیە گۆڕا بۆ شتێک بە ناوی "ئەنجوومەنی حوکم"، ئەنجوومەنێک، کە ئەمریکییەکان ڕۆڵێکی سنووردار و چەند دەسەڵاتێکی ڕووکەشیان پێی دا و (پۆل بریمەر)، کە دوای مانگێک لە ئازادکردنی بەغدا، شوێنی (جەنەڕاڵ جەی گارنەر)ی ئەمریکی گرتەوە، بە پشتبەستن بە بڕیاری (١٤٨٣ لە ٢٢ی ئاداری ٢٠٠٣)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، کە دەسەڵاتێکی بەرفراوانی بە هاوپەیمانان دا، وەک سەرچاوەی یەکەم و خاوەنی ڕەهای دەسەڵات و بڕیارەکان، دەستی بە جێبەجێکردنی کار و هەنگاوەکانی حوکمڕانیی خۆی کرد.

لای خۆیەوە (سەرۆک بارزانی) لە شوێنکات و بۆنەی جیاوازدا، بە ڕوون و ڕاشکاوی قسەی لەسەر خەسڵەتە سەیر و سەمەرەکانی کەسایەتیی ناجێگیری (بریمەر) کردووە، بەتایبەتی هەڵەشەیی و هەڵچوونەکانی، بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و هەڵسوکەوتە لاسارە نالۆژیکییەکانی، لە پەیوەست بە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکاندا. تەنانەت ئاماژە بە چەندین نموونەی کاردانەوەی بەرپرسانە و هەڵوێستەکانی خۆیشی لە بەرامبەر ئەو پیاوەدا دەکات، کە هەندێ جار گەیشتووەتە ئاستی جێهێشتنی کۆبوونەوە فەرمییەکانی هاوپەیمانان و سەرکردایەتیی سیاسیی عێراقی و کوردستانی و گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دواجار (بریمەر) بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە. دیارە کاردانەوە و هەڵوێستەکانی ئەوکاتی (بارزانی) لە بەرامبەر لاسارییەکانی (بریمەر) بابەتی کەسیی نەبوونە، بەڵکوو نادیدەگرتنی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان لەپێناو ئازادی، ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی و بەشێک لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، جەوهەر و ناوەڕۆکی دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستان لەلایەن ئەم حاکمە ئەمریکییە! 

ڕادیکاڵییەتی "بریمەر” و نیگەرانیی عێراقییەکان!
لە ڕۆژی دەستبەکار بوونییەوە، "بریمەر" کە کەمترین شارەزایی لەسەر (مێژوو، کولتوور، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتیش ململانێ سیاسی و ئیتنی و نەتەوەییەکانی عێراق) هەبوو، بە شێوازێکی زبر و عەقڵیەتێکی وشک، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کەوتە مامەڵە. 

وەک بەشێکی دیار لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق باسی دەکەن، ناوبراو لەپێناو سەپاندنی ڕوانگە و بڕیارەکانیدا، بەبێ ڕەچاوکردنی سروشتی دۆزی پێکهاتەکانی ناو عێراق.. بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەنگ و پێگەی سیاسی و جەماوەری و ئەزموونیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاریی بەعس، هەروەها ڕۆڵیان لەناو مێژوو و هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا، ناوبراو سڵی لەوە نەدەکردەوە، بە یەک ڕیتم و تۆن، سەرکردە و هێزە سیاسییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بدوێنێت، ئەمەو بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی کاردانەوەکانی کردبێت.

بەم جۆرە، وێڕای ئەوەی بڕیار(١٤٨٣)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، کە جۆرێک لە ڕەوایەتیی نێودەوڵەتیی بە کار و هەنگاوەکانی ئەو دەدا، وەکووتر لە واقیعدا هیچ کامیان ڕووپۆش و ڕەهەندێکی یاساییان نەبوو، بەڵام هەر لە سەرەتاوە "بریمەر” کۆمەڵێک بڕیاری ڕادیکاڵانەی لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکان دا، کە بەر لە عێراقییەکان و عێراق خۆی، بۆ ئەو و ئیدارەکەی بە زیان شکانەوە. بۆ نموونە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپا و دامەزراوەکانی پۆلیس و ئاسایش، کە بە هۆیەوە بواری زیاتر بۆ تێکچوونی ئاسایش و نەمانی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆش بوو، ئەمەو تا دەگاتە ئاستی کردەوەی تاوانکاریی. 

ڕەنگە هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بووبێت، کە واشنتۆن بیر لە دروستکردنی فۆڕمێک لە دەسەڵاتی لۆکاڵیی بە بەرگی عێراقی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ڕووکەش و لاوازیش بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە بیکاتە دەمامکێک، بۆ ئەوەی لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە، هێز و ڕەوایی بە بڕیار و بەرنامەکانی بدات. پێکهێنانی "دەستەی ڕاوێژکاریی”، کە دواتریش دامەزراندنی "ئەنجوومەنی حوکم”، بەرهەمی ئەم مانۆڕ و تەکتیکە سیاسییەی ئەمریکا بوو. 

(سێرجیۆ)ی قوربانیی و (نیکسۆن)ی گەواهیدەر!
لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، (ئایزنهاوەر) کەسێکی وەک (مایڵز کۆپلاند)ی خاوەن ئەزموون دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕۆڵێکی گەورەی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی جیهانی عەرەبی و بەتایبەتی میسری پێش دەسەڵاتدارێتیی (جەمال عەبدولناسڕ) و سەردەمی کودەتا و حوکمڕانێتییەکەیدا بینی. کەچی"بۆشی کوڕ"، کەسێکی وەک "پۆل برێمەر" دەنێرێتە عێراق، کە عێراق و گەلانی ناو ئەم دەوڵەتەی، بەم ڕۆژە ڕەش و کارەساتبارەی ئەمڕۆ گەیاند.

عێراقێک، کە بە هۆی جۆری هەڵسوکەوتکردنی (بریمەر) لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پێکهاتەکانی عێراق و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیە سیاسییەکان و بڕیارە نالۆژیکی و لێکەوتەکانی، تا ئەمڕۆش هەتا چەناگەی، نقوومی گەندەڵی و شەڕی تایەفی بووە و چیتر شتێک نەماوە بەناوی دەوڵەت.

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە ئاڵۆزیی کەسایەتیی (بریمەر)و ئەو ڕۆڵە نەرێنییەی، لە حوکمڕانیکردنی یەک ساڵەی لە عێراقدا گێڕای و لێکەوتەکانی مامەڵە و بڕیارەکانی، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن. ڕەنگە خراپ نەبێت ئاماژە بە سەربوردەی دیبلۆماتکارێکی نێونەتەوەیی بدەین، کە لە ڕۆژگاری حوکمڕانیی (بریمەر)دا، وەک نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆسیەی عێراقی گرتبووە دەست. ئەو دیبلۆماتکارەی تا ڕۆژی کوژرانیشی بە هۆی تەقینەوەکەی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان (هۆتێلی قەنات)، بە بەردەوامی لەگەڵ (بریمەر)دا لە بەریەککەوتندا بوون، ئەویش (سێرجیۆ ڤیێرا دی مێڵۆ)ی بەڕازیلییە.

(سێرجیۆ ڤیێرا دی مێڵۆ)ی بەڕازیلیی، کە خوێندنی فەلسەفە و زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی (سۆربۆن)ی فەڕەنسی تەواو کردبوود. زیاتر لە 30 ساڵ خزمەتی لەناو ئاژانسە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبووە و لە هەر یەکە لە (بەنگلادیش، سوودان، قوبرس، مۆزەمبیق، پیڕۆ، بۆسنە، کۆسۆڤۆ، لوبنان، تەیمووری ڕۆژهەڵات و کەمبۆدیا)، ئەرکی جیاوازی پێ سپێردراوە. دواجار ساڵی 2003 و لە سەرەتای ڕووخاندنی بەعس و دەست بەکاربوونی (بریمەر) وەک حاکمی عێراق، بە مەبەستی چاودێریکردنی دۆخی دەوڵەتەکە و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزاییەکانی لە بواری یەکلاکردنەوەی ململانێکاندا، "کۆفی ئەنان - سکرتێری گشتیی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان"، وەک نێردەی تایبەتی خۆی، لەگەڵ تیمێک، ناردیە عێراق.

(سێرجیۆ)، کە ڕۆڵی بەرچاوی لە بەدیهێنانی سەربەخۆیی "تەیمووری ڕۆژهەڵات" لە دەستی ئەندەنووسیادا بینی. هاوکات ڕۆڵێکی کاریگەریشی لە قەیرانی "خمیری سوور" لە کەمبۆدیا و پرسی ئاوارەکاندا گێڕا. دوای ماوەیەکی کەم لە عێراق، لەگەڵ (بریمەر)، لەسەر کۆمەڵێ دۆسیە بەر یەک کەوتن (زیندانی ئەبوغرێب، ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان، سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگای هێز، هەراسانکردنی هاوڵاتییانی سڤیل، دواخستنی هەڵبژاردنەکان و.)...

نزیک کەوتنەوەی خێرای نێردەی نێودەوڵەتییەکە لە سەرکردایەتیی سیاسیی پێکهاتەکانی عێراق، دیداری چاوەڕواننەکراوی لەگەڵ مەرجەعی باڵای ئایینی شیعە، هەوڵەکانی بۆ ئاشتەوایی سیاسی و هەرچی زوو ئەنجامدانی هەڵبژاردن. لە بەرامبەریشدا هەوڵی جیددی بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ژیان و داخوازیی خەڵک، هەروەها فەرمانکردن بەو هێزە ئەمریکییەی، کە پاسەوانیی بارەگای ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکەی دەکرد، بۆ ئەوەی بارەگاکە چۆڵ بکەن، تا کایەی سیاسی و شەقامی عێراقی لەوە دڵنیا بکاتەوە، کە ئەوان بەشێک نین لە دەسەڵاتی هاوپەیمانان (CPA). هەموو ئەمانە (بریمەر) ی نیگەران کردبوو.

ئەگەرچی تەقاندنەوەی بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق١٩ی ئابی 2003 و کوژرانی (سێرجیۆ) و زیاتر لە 20 کەس لە هاوکارەکانی، لاپەڕەکانی ئەم ململانێیەی نێوان هەردوو نێردە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکەی پێچایەوە، بەڵام خودی ڕووداوەکە، لە دوای خۆی کۆمەڵێک پرسیاری بێ وەڵامی بەجێهێشت.

ڕاستە ڕێکخراوی "تەوحید و جیهاد"، کە دواتر بووە باڵی ڕێکخراوی تیرۆریستیی "ئەلقاعیدە" لە عێراق بە سەرپەرشتیی (ئەبو موسعەب ئەلزەڕقاوی)، بەرپرسیارێتیی کارە تیرۆریستییەکەی گرتە ئەستۆ، بەڵام بەڕای بەشێکی دیار لە چاودێرانی سیاسی، بە وردبوونەوە لە ڕەوتی ڕووداوەکان و کردنەوەی کۆدی ناکۆکیی نێوان (سێرجیۆ و بریمەر)، بەتایبەتی کە یەکەمیان دوای تەواوکردنی ڕاپۆرتێکی ورد و هەمەلایەن لەسەر دۆخی عێراق، کە لە سەروبەندی ناردنیدا بوو بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، هەروەها کاردانەوەی توندی دووەمیان لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی یەکەمیان، ڕەنگە ئەوە (زەرقاوی) نەبووبێت، کە (سێرجیۆ)ی کوشت، بەڵکوو لەوانەیە ئەو دیبلۆماتکارە نێونەتەوەییە، بووبێتە قوربانیی شتی دیکە!

دوای کوشتنی (سێرجیۆ)، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە کارەکانی خۆی لە عێراق هەڵپەسارد و دۆسیەی کوشتنی ئەو دیبلۆماتکارەش، کە ئامادە نەبوو مل بۆ هەڵەشەیی و بڕیارە بێ سەروبەرەکانی (بریمەر) بدات و سووربوو لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی دەوڵەتەکە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ خەڵک و پەلەکردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دۆسییەکە وەک دەیان دۆسیەی دیکەی هەواڵگریی گومناو کرا و تا ئەوەی خێزانی نێردە نێودەوڵەتییەکە، لە بەرامبەر بێدەنگیی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و دیزەبەدەرخۆنەکردنی دۆسیەکە، تووشی شۆک و سەرسامیی بوون. جێی سەرنجیش ئەوەیە، تا ئێستا کەس نازانێت چارەنووسی ئەو ڕاپۆرتەی، کە (سێرجیۆ) لەگەڵ تیمەکەی لەسەر بارودۆخی هەمەلایەنەی ئەوکاتی عێراق ئامادەی کرد و بڕیار بوو بینێرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، چی بەسەرهات!

هەرچی پەیوەندیشی بە هەڵەکانی ئەمریکا لە عێراقی دوای بەعس هەیە، بەتایبەتی لە نەبوونی نەخشەڕێگایەکی سیاسیی پێشوەختە و ڕۆشن، بۆ دۆخی دوای ڕووخاندنی (سەددام)، کە وایکرد وڵاتەکە ببێتە گۆڕەپانی تیرۆر و جەنگێکی نەبڕاوە، کە تا ئێستا گیانی مرۆڤەکانی دروێنە دەکات. دیسانەوە خراپ نییە بۆ بیرەوەریی یەکێک لە کاراکتەرە دیارەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بگەڕێینەوە، کە چەندین ئەرکی لە عێراق پێ سپێردرابوو.

(جۆن نیکسۆن، شیکەرەوەی پێشکەوتووی زانیارییە هەواڵگرییەکان و شارەزا لە شیکردنەوەی کەسایەتیی سەرکردەکان لە ئاژانسی ناوەندی هەواڵگریی ئەمریکی - CIA)، کە لە ماوەی جیاوازدا کاری لەسەر دۆسییەی هەریەکە لە ئێران و عێراق و کۆریای باکوور کردووە. شارەزایەکی وردی لەسەر کەسایەتیی (سەددام) هەبووە، بەوپێیەی بە درێژایی ماوەی خوێندنی لە (زانکۆی جۆرج تاون) بۆ بەدەستهێنانی ماستەر لە بواری ئاسایشی نەتەوەیی، کاری ئەکادیمی و لێکۆڵینەوەی قووڵی لەسەر کەسایەتیی ناوبراو کردووە. 

دوو مانگ پێش دەستگیرکردنی سەددام (١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣)، بە ئەرکی شوێنپێ هەڵگرتنی دیکتاتۆرەکە، (نیکسۆن) لەگەڵ تیمێکی تایبەت، لەلایەن ئاژانسەکەیەوە ڕەوانەی عێراق کرا. کاتێکێش (سەددام) گیرا، نووسینگەی (CIA) لە ناوچەی سەوز، تایبەت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی، کە ئاخۆ ئەوەی گیراوە (سەددام)ە، یان هاوشێوەکەیەتی (کە ساڵانێک بوو، بابەتی هاوشێوەی دیکتاتۆرەکە بووبووە باسی گەرم)، ناوبراوی ناردە شوێنی زیندانیکردنەکە. دواجار ئاژانسی هەواڵگریی، ئەرکی لێپرسینەوە لە (سەددام)ی بە (نیکسۆن) و تیمەکەی سپارد.

(نیکسۆن)، کە یەکەم ئەمریکی بوو، ڕووبەڕوو لێپرسینەوەیەکی ورد و درێژی لەگەڵ (سەددام)دا کردووە، لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوونیشانی ”لێپرسینەوە لە سەرۆک"، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات، ڕاستە بەر لە هێرشکردنە سەر عێراق، واشنتۆن زیاتر باسی لە بوونی چەکی کۆمەڵکوژ دەکرد، بەڵام تەنیا و تەنیا (سەددام)ی بە ئامانج گرتبوو و هیچ لایەنێکی دیکەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراق و کاردانەوەکانی دوای ڕووخاندنی بەعسی بە هەند وەرنەگرتبوو. واشنتۆن لە دەسکەوتنی زانیاری لەسەر چەکی کۆمەڵکوژ و سەددام و ڕژێمەکەی، زیاتر پشتی بەو ڕاپۆرت و زانیارییانە دەبەست، کە لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە هەندەران بە دەست دەزگاکانی دەگەیشتن، زۆربەی ئەو ڕاپۆرتانەش بێسەروبەر و زانیارییەکانیانی ناویان کۆن و دووبارە بوون. لەم بارەشەوە لە لاپەڕە ٥٢ی کتێبەکەیدا نووسیویەتی: ”خراپترینی ئەو ڕاپۆرتە هەڵە و بێ سەروبەرانەیش، کە لەبارەی چەکی کۆمەڵکوژ و سەددام پێمان دەگەیشتن، ئەوانەی ئەحمەد چەلەبی و کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی بوون". 

(جۆن) باس لەوە دەکات، کە لە کاتەکانی پشوودا، لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارەکانی لە نووسینگەی عێراقی (CIA)، کە لە ”ناوچەی سەوز" و لە کۆشکەکەی (عودەی کوڕی سەددام) بوو. بۆ کات بەسەربردن و خواردنەوە، دەچوونە یانە و باڕەکانی ناوچەی ناوبراو، کە زۆر مۆدێرن و پێشکەوتوو بوونە. هەروەها جەختیش لەوە دەکاتەوە، مەگەر لە کاتی بیستنی دەنگی تەقینەوەکانی دەرەوەی ناوچەی سەوز، یان لە دەنگی ئەو هاوەن و کاتیۆشایانەی، جار جار لە دەرەوە ئاراستەی ناوچەکە دەکران، هەستی کردووە لە عێراقە. دەنا لەناو کەشی ئەو یانە و باڕانەدا، کە تەنانەت خواردن و خواردنەوەکانیشیان لە ئەمریکاوە بۆ دەهات و هەمان کەشی باڕەکانی ئەمریکایان هەبووە. وای هەست کردووە لە باڕێکی یەکێک لە شارە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بووە، نەک لە بەغدای عێراقێکدا، کە لە دەرەوەی ناوچەی سەوز، ترس و تۆقین، جەنگ و تیرۆر، گیانی خەڵک دروێنە دەکەن و مرۆڤ لە گۆماوی خوێنی خۆیدا دەگەوزێت و بۆسۆ و وێرانیی، ڕەنگی ژیانیان لە شارەکە و زۆر شاری دیکەی عێراق بڕیوە.

نیکسۆن نایشارێتەوە، کە بە بینینی ئەو پارادۆکسە و دیمەنە دژ بەیەکانەی ناو ژیانی یەک شار (بەغدا)، دەگاتە ئەو بڕوایەی، کە ئەمریکا لەپێناو چاککردنی عێراق نەهاتووە و لە لاپەڕە ٢٨ی کتێبەکەیدا بە ڕاشکاوی دەنووسێت: "بە خەڵکم دەگوت، ئەگەر بە هەمان ئەو شێوەیەی، کە ئەم یانە و باڕانە بەڕێوە دەبەین، عێراقمان ئاوا بەڕێوە بردبا، ئەوا عێراق دەبووە سویسڕای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".


ئه‌م بابه‌ته 397 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر