عێراق.. تەلاری دەوڵەتێک لەسەر زبڵ (٢-٣)

پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکم بەو بێ دەسەڵاتییەیەوە، تەنیا هەوڵێکی هاوپەیمانان بوو بۆ دڵدانەوەی عێراقییەکان، بەوەی هەست بکەن، کە ئەوانیش دەسەڵاتێکیان لە دەوڵەتەکەی خۆیاندا هەیە.
PM:08:18:15/05/2020
دۆسیە: عیراقناسی
ئەگەرچی دەستووری نوێ، دوای گفتوگۆ و دانووساندنی زۆر، بەرمەبنای پرەنسیپەکانی (سازان، هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگیی) لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا نووسرایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لەو ڕۆژەوە تا ئێستا، وەک ئەوەی دەستوورەکە بە مردوویی لەدایک بووبێت وایە.

نووری بێخاڵی
نوسەر و توێژەر

ئەنجوومەنی دەست بەستراو!
دوای ڕووخاندنی بەعس و تا پێکهێنانی یەکەم حکوومەتی هەڵبژێردراو لە ٢٠٠٥، دەوڵەتەکە بە فۆڕمی جیاوازی حوکمڕانیدا ڕۆیشت (دەسەڵاتی یەکگرتووی هاوپەیمانان CPA، ئەنجوومەنی حوکم، حکوومەتی ڕاگوزەر و کاتیی). لە واقیعیشدا تەواوی دەسەڵات و بڕیارەکانی عێراق لەو ماوەیەدا، لە دەستی یەکەمدا بوون و ئەوانەی دیکەی کۆتایی، لە سێبەر و لەبەر ڕۆشنایی حوکمی (بریمەر)دا کاریان دەکرد. 

هێرشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆسەر عێراق لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣، کۆتایی بە حوکمی ٣٥ ساڵەی (بەعس) هێنا و (سەددام) و ڕژێمەکەی بوونە بەشێک لە مێژوو. پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، یەکەم دامەزارەوە و دەستەیەک، کە جڵەوی تەواوی دەسەڵاتەکانی لە عێراقدا گرتە دەست، "دەسەڵاتی یەکگرتووی هاوپەیمانان - CPA" بوو بە سەرۆکایەتیی (پۆل بریمەر). ئەمەو دوای تێپەڕینی نزیکەی پێنج مانگ، بە بڕیارێکی (بریمەر) لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٠٣، "ئەنجوومەنی حوکم" پێکهێنرا. 

ئەنجوومەنی ناوبراو، کە  لە (٢٥) ئەندامی سەرەکی پێک هاتبوو و وتەبێژی فەرمی خۆیشی هەبوو  (حەمید ئەلکەفائی). ئەندامەکانی لە نوێنەرانی ئەو حزب و قەوارە سیاسییانەی عێراق بوون، کە لە سەردەمی بەعسدا، ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمەکەی سەددام بوون. ئەو ٢٥ ئەندامە، لە ناو خۆیاندا و بە هەڵبژاردن سەرۆکێکیان بۆ ئەنجوومەنەکە دیاری دەکرد، کە ماوەی دەسەڵاتی هەر سەرۆکێک (بە ڕیزبەندیی و بە گوێرەی پیتی یەکەمی ناوی کەسەکە - ئەبجەدی - هەڵدەبژێردران) ، یەک مانگ بوو. واتە، تا کۆتایی تەمەنی ئەنجوومەنەکە، مانگانە پۆستی سەرۆک دەستاودەستی دەکرد! 

ناوی ئەو سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییانەی لە ١٣ی تەممووزی ٢٠١٣، تا ١ی تەمووزی ٢٠١٤ لە دامەزراندنییەوە تا هەڵوەشاندنەوەی، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەیان گرتە دەست، بریتی بوون لە (محەممەد بەحرولعلووم - بە وەکالەت، ئیبراهیم جەعفەریی، ئەحمەد چەلەبی، ئەیاد عەللاوی، ڕەوانشاد مام جەلال، عەبدولعەزیز ئەلحەکیم، عەدنان پاچەچی، موحسین عەبدولحەمید، موحەممەد بەحرولعلووم بۆ جاری دووەم، سەرۆک بارزانی، عزەددین سەلیم، غازی مشعەل عجێل ئەلیاوەر).

وێڕای ددان پێدانانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی تر بە ئەنجوومەنەکە، کۆمکاری عەرەبییش، وەک نوێنەری ڕاستەقینەی گەلانی عێراق، ددانی بە ئەنجوومەنەدا نا و کورسیێکیشی لەناو کۆمکارییەکە بۆ تەرخان کرد، بەڵام نەک هەر شەقامی عێراقی، بەڵکوو بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بە جۆرێک لە هەستیاریی و خۆپارێزیی (ئەگەر نەڵێین بە گومان و بێ باوەڕیی)، مامەڵەیان لەگەڵ ئەنجوومەنەکەدا دەکرد. چونکە ڕاستییەکەی ئەوە بوو، کە ئەنجوومەنی حوکم، تەنیا پەیکەرێکی بێ گیانی لە پەلوپۆخراو بوو ). سەرۆک بارزانی بەردەوام جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە، کە ئەو بێدەسەڵاتییەی ئەنجوومەنی حوکم و کەڵەگایی بریمەر، هۆکاری سەرەکیی بووە لەوەی، ئەگەر پەیوەندیی نزیک و دۆستانەی لەگەڵ هەندێک سەرکردەی عێراقی و خەمخۆریی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی لە عێراقی نوێدا نەبووا، سەرۆکایەتیی خولی مانگانەی ئەنجوومەنەکەی نەدەکرد. (بەپێی یاساکانی جەنگ و داگیرکاریی سەربازیی، کە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، تەواوی بڕیار و دەسەڵاتەکان لە عێراقدا، لە دەستی (بریمەر)و دەستە دەسەڵاتدارەکەی هاوپەیماناندا بوون و لە پەراوێزی دەسەڵاتە ڕەهاکەشیدا، (بریمەر) چەند دەسەڵاتێکی ڕووکەشیی سادەی بە ئەنجوومەنەکە دا.

هەر بۆ نموونە، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە، تا ئەو ڕۆژەی کۆتایی بە دەسەڵاتەکانی هات (١ی تەممووزی ٢٠٠٤)، ئەنجوومەنی حوکم لەناو دەیان کێشە و گرفتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، کە عێراقی دوای بەعس بەدەستییانەوە دەیناڵاند، جگە لە چەند بڕیارێکی سادە و بێ ئەرزش، سێ بڕیاری دەرکردن، کە دەنگۆی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێنا. یەکێک لەو بڕیارانەش بووە جێی ناڕەزایی بەرفراوانی خەڵکی ئازادیخواز (هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسێتیی سەردەمی بەعس و گۆڕینی بە یاسایەکی دیکە کە بە هیچ کلۆجێک لەگەڵ پێدراوەکانی سەردەم و دەوڵەتێکی مەدەنی نایەتەوە). ئەمەو لەگەڵ هەردوو بڕیاری (دەستنیشانکردنی ڕۆژی کەوتنی بەغدا و ڕووخانی بەعس لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ وەک ڕۆژی نیشتمانی) و (گۆڕینی ئاڵای عێراق)، کە ئەمانیش کەم و زۆر، ناڕەزایی بەشێکی زۆری عێراقییەکانی لێ کەوتەوە.

بە کورتییەکەی، دەتوانین بڵێین، پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە بەم بێ دەسەڵاتییەیەوە، تەنیا هەوڵێکی هاوپەیمانان بوو بۆ دڵدانەوەی عێراقییەکان، بەوەی هەست بکەن، کە ئەوانیش دەسەڵاتێکیان لە دەوڵەتەکەی خۆیاندا هەیە. 

سەرەڕای هەموو ئەو تێبینی و سەرنجانەی لەسەر ئەنجوومەنەکەش هەبوون، بەڵام خودی دامەزراندنەکەی، ئاماژەیەک بوو بۆ شێوەگرتنی سەرەتایی، چوارچێوەی سیستەمێکی حوکمڕانیی جیاواز لە عێراقی سەردەمی سەددام. هەروەها دەرفەتێکیش بوو، بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق بە دەموچاوی کاراکتەر و سەرکردە سیاسییە نوێیەکان ئاشنا ببن و هەست بەوە بکەن، کە قۆناغێکی نوێ لە دوای بەعس دەستی پێ کردووە و گۆڕانێک، ئەگەر بچووک و سەرەتاییش بێت، لە عێراقدا ڕووی داوە.

دواجار بە کۆتاییهاتنی خولی  (ئەلیاوەر) لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی حوکم و پاش پێکهێنانی (حکوومەتی کاتیی) بە سەرۆکایەتیی (ئەیاد عەللاوی)، بە بڕیارێک، کە لە ١ی تەممووزی ٢٠٠٤ دەرچوو، ئەنجوومەنەکە هەڵوەشێنرایەوە و (ئەلیاوەر) یش وەک یەکەم سەرۆکی کۆماری عێراقی دوای سەردەمی بەعس، دەستنیشان کرا.


دەستووری بە مردوویی لەدایکبوو!
سەرەڕای بۆشایی تەناهیی و توندتربوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکان، بەتایبەتیش هەڵگەڕانەوەی سووننەکان لە حکوومەتی کاتیی و ڕووداوە خوێناوییەکانی (فەللووجە)، هاوکات یاخیبوونی میلیشیا شیعییەکان (بەتایبەتی سوپای مەهدیی سەر بە ڕەوتی سەدر) لە حکوومەت، بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگ و کاریگەرتر، بۆشایی یاسایی و نەبوونی دەستوورێکی نوێ بوو. دەستوورێک ئەدگار و ڕووخسار و ناوەڕۆک و فۆڕمی نوێی سیستەمی حوکمڕانیی دەستنیشان بکات.. دەستوورێک سەروەریی بۆ دەوڵەت و شکۆ بۆ مرۆڤەکانی بگەڕینێتەوە.. دەستوورێک بناغەی جێگیرکردنی تەلاری حکوومەتی هاووڵاتی دابڕێژێت.

لەو سەروبەندەدا و لە پاییزی ساڵی ٢٠٠٣دا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بڕیاری ١٥١١ ی دەرکرد. بڕیارەکە جەختکردنەوە بوو لەسەر سەروەریی و یەکێتیی خاکی عێراق، هەروەها دداننان بوو بە ئەنجوومەنی حوکم، وەک بەرجەستەکاری ئەم سەروەرییە، ئەمەو بەبێ ئەوەی وەک دەسەڵاتێکی ڕەوا و یاسایی، ددان بە ئەنجوومەنەکەدا بنێت. لایەنێکی دیکەی بڕیارەکە، پرسی گواستنەوەی دەسەڵات بوو لە هاوپەیمانانەوە بۆ دەستی عێراقییەکان، بەپێشمەرجی پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی نیشتمانی و حکوومەتێکی کاتیی لە ماوەیەکی دیارکراودا، کە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ تێنەپەڕێت.

دیارە جێبەجێکردنی خاڵ و بەند و پێشمەرجەکانی ناو بڕیارە نێودەوڵەتییەکە، بەبێ بوونی دەستوورێکی نوێ، کاری نەکردە بوون.

دەستوورێکی نوێ، کە لەبری دەستوورە کۆنەکەی ڕژێمی بەعس، ببێتە سەرچاوەی یاسایی، بۆ حکوومەتە کاتییە چاوەڕوانکراوەکە. لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕووداوە خێرایانەدا، ئەنجوومەنی حوکم لە مانگی ئاداری ٢٠٠٤دا، دەستوورێکی کاتیی دەرکرد، کە بە "یاسای دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزەر" ناسرا.

کات و ماوەی کارپێکردنی دەستوورە کاتییەکە، وەک سەرچاوەی یاسایی بۆ حکوومەتی کاتیی، تا لە بڕیار و هەنگاوەکانیدا بۆی بگەڕێتەوە، سنووردار بوو. ڕوونتر بڵێین، هێزی یاسایی ئەو دەستوورە، تا ئەوێ بڕی دەکرد و بەردەوام دەبوو، کە هەڵبژاردن دەکرێت و پەرلەمانێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت، ئیدی ئەرکی پەرلەمانی نوێی هەڵبژێردراو، دانان و نووسین و ئامادەکردنی دەستوورێکی هەمیشەیی بوو، کە بەر لە هەڵبژاردن، دەبوو لە ئابی ٢٠٠٥ بخرێتە ڕاپرسیی گشتییەوە. 

دەستووری نوێ، بە بەشداریی تەواوی پێکهاتەکانی عێراق (ئەگەرچی ئامادەیی پێکهاتەی سووننە تێیدا لاواز بوو، چونکە هەر دوای ڕووخانی بەعس، ئەوان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کشانەوە و بەمەش زەبرێکی کوشندەیان بەر کەوت، کە تا ئەمڕۆش بە دەست ئازاری برینەکانییەوە دەتلێنەوە) داڕێژرا و نووسرایەوە و خرایە ڕاپرسیی گشتی و خەڵک دەنگی پێ دا.

ئەگەرچی دەستووری نوێ، دوای گفتوگۆ و دانووساندنی زۆر، بەرمەبنای پرەنسیپەکانی (سازان، هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگیی) لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا نووسرایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لەو ڕۆژەوە تا ئێستا، وەک ئەوەی دەستوورەکە بە مردوویی لەدایک بووبێت وایە. چونکە حکوومەتەکانی عێراق لە دوای ٢٠٠٥ەوە و تا ئەمڕۆش، پێشێلکاریی نەماوە نەیانکردبێ و نەیکەن، بەتایبەتی لە پەیوەست بە مافە ڕەواکانی کورد و سروشتی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە جەوهەرییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا "پشکی کورد لە بودجەی گشتی.. مافە ماددی و لۆجستیکییەکانی هێزی پێشمەرگە، وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق.. پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان -ڕاستییەکەی، ناوچەی تەعریبکراو و داگیرکراون-، کە لە ماددەی ١٤٠دا بە ڕوونی باس لە قۆناغ و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کراوە.. پرسی دادگای باڵای فیدڕاڵیی.. پرسی نەوت و گاز و…….”  زۆر پرسی دیکەی گرنگ و ستراتیژی. ئەمانەو تا ئێستاش، زیاتر لە پەنجا ماددەی ناو دەستوورەکە، هیچ یاسایەک بۆ وردکردنەوەیان دانەڕێژراوە، کە ئەمەش بۆ خۆی هۆکاری سەرهەڵدان و بەردەوامیی چەندین کێشەی جیددییە و بە هۆیەوە، حکوومەتی عێراق، خۆی لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی ئەو ماددانە دزیوەتەوە.

حکوومەتی ڕاگوزەر بە تەوقیتی ئەمریکی! 
سروشتی بێدەسەڵاتییەکەی ئەنجوومەنی حوکم، فەرامۆشکردنی بە مەبەست و ئامانجداری هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتێکی نوێ لەلایەن هاوپەیمانان و بە دیاریکراوی (بریمەر)، هەروەها نەهێنانە بەرباسی دۆز و داوای ڕەوای ئەو پێکهاتانەی لە عێراقدا -بۆ نموونە کورد- کە بە درێژایی هەشتا ساڵی فەرمانڕەوایەتیی حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق -لە پاشایەتییەوە تا سەردەمی بەعس-، مافی بەشداریی سیاسییان لێ زەوت کرا و ڕووبەڕووی دڕندانەترین شێوەکانی سەرکوتکردن و ستەمکاریی بوونەوە.  نەک هەر شەقامی عەرەبیی عێراقی -بەتایبەت شیعەکە-، بەڵکوو سەرکردایەتیی کوردستانیشی خستە دۆخی گومانکردن لە نیاز و ئامانجی هاوپەیمانان لە عێراقی دوای سەددام. بۆیە هەموویان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە شێوازی جیا و لە کەناڵی جیاوازەوە، کەوتنە فشارکردن بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە حکوومەتێک، کە تا ئاستێکی باش ڕەوایەتیی یاسایی و دەسەڵاتی هەبێت، ئەگەرچی کاتیی و ڕاگوزەریش بێت، پێک بهێنرێت، باشترە لەوەی عێراقی نوێ لەو چەقبەستن و بێ سەروبەرییەدا بمێنێتەوە. هەرنا بۆ ئەوەی حکوومەتەکە بتوانێ بە هاوکاریی هاوپەیمانان و لەسەرووشیانەوە، بە پاڵپشتیی ئەمریکا، ئامادەکاریی بۆ قۆناغەکانی دواتر بکات، بەتایبەتی لە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ دەوڵەتەکە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەت، کە بە هۆیانەوە سەرەوەریی بۆ عێراق بگەڕێتەوە (ئەو سەروەرییەی، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نە هەیەتی و نە دەشیبێت، تا ئەوکاتەی ئێران بە میزاجی خۆی، ئیرادە سیاسیی حوکمڕانانی بەغدا دەسوڕێنێ).

حکوومەتی ڕاگوزەر لە هەناوی ئەنجوومەنی حوکم لەدایک بوو، بۆیە هەر زوو ڕووبەڕووی هەمان ئاستەنگ و لەمپەر و گومان و تۆمەتەکان بووەوە. بەتایبەتی سەرەڕای پێکهێنانی حکوومەتەکەش، کە سەرۆک و جێگر و وەزارەتیشی هەبوون، بەڵام دوا بڕیارە قورس و گرنگ و سەرەکییەکانی سیاسیی عێراق، هەر بە دەستی (CPA)ەوە بوون. بەمەش وردە وردە دەنگی ناڕەزایی لە شەقامی عێراقیدا لە پەیوەست بە داواکردنی ئاوەدانکردنەوە، فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییەکان، گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی، بەرزتر بووەوە.

دواجار بە هەمان شێوەی ئەنجوومەنی حوکم، بەڵام بە کەمێک ڕتووش و مکیاژی جیاوازەوە، هەروەها بەرمەبنای خواست و ئیرادەی سیاسیەتەکانی (CPA)، حکوومەتە ڕاگوزەرەکەش لەسەر بنەمای پشک پشکێنە پێکهێنرا و سەرۆک و وەزیرەکانیشی( ٢٥ وەزیر، ١٣ شیعە، پێنج سووننە، پێنج کورد، تورکمانێک و مەسیحیێک)، بە شێوەی دامەزراندن دیار کران. 

ڕاستییەکەی حکوومەتە ڕاگوزەرەکە بەبێ سەرۆک وەزیران بوو، چونکە ئەندامانی ئەنجوومەنی حوکم لەناو خۆیاندا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، بەپێی ڕیزبەندیی ناوەکان، بۆ سەرۆکایەتییکردنی خولی مانگانەی ئەنجوومەنەکە، نۆرەی کامیان هات، هەر ئەو کەسەش سەرۆکایەتیی حکوومەتەکە دەکات.  ئەوەبوو (ئەحمەد چەلەبی) لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٠٣، بووە یەکەم سەرۆکی ئەو حکوومەتە، کە تازە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی حوکمیشی لەوەی پێش خۆی (جەعفەری) وەرگرتبوو.


ئه‌م بابه‌ته 275 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر