عێراق.. تەلاری دەوڵەتێک لەسەر زبڵ (٣-٣)

هەموو ئەوانەی لە ٢٠٠٣وە حوکمی عێراقیان کردووە، نەیانتوانی حکوومەتێک بەرهەم بێنن و حوکمڕانیێک بکەن، عێراق لەو قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە دەرباز بکات، کە بە دەستییانەوە دەناڵێنێت
PM:08:25:17/05/2020
دۆسیە: عیراقناسی
هۆکارە سەرەکی و بنەڕەتییەکە، کولتوور و عەقڵیەتی حوکمڕانیکردنە، عەقڵیەتێک برسی و شێتی کورسی و دەسەڵاتە، کە لە ئاستە گشتییە عێراقیەکەیدا لەسەر ئەو میراتە مێژووییەی بیابان کاوێژ دەکات و درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات، کە بریتییە لە تاڵان و ڕاوڕووت

نووری بێخاڵی
نوسەر و توێژەر

عەللاوی وەک فریادڕەس!
دواجار هەنگاو بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کاتیی نرا، ئەنجوومەنێک لە شێوەی پەرلەمان، ئەویش بە دیاریکردنی ١٠٠ کەس بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنەکە لە ڕێگای هەڵبژاردن. کەچی میکانیزمەکانی هەڵبژاردن کێشە و ناڕەزایی کەوتە نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەو پێیەی هەڵبژاردنەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان و بە شێوازی (بازنەی هەڵبژاردن) بوو. 

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بە گومان و لە ترسی ئەوەی، شێوازەکە لە خزمەتی هەمان ئەو هێزانە دایە، کە لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکمدا بەشداریان کرد و ئەوانی تر خرانە پەراوێزەوە، دژی وەستانەوە. لە بەرامبەریشدا بەشێکی دیکەی لایەنە سیاسییەکان پێیانوابوو، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەوکات لە ئارادا بوو، ئەمەیان بەلاوە باشترین شێواز و میکانیزمی هەڵبژاردن بوو، لەمەشدا و بۆ کاڵکردنەوەی ناڕەزایی و دژایەتیی بەرەی یەکەم، پاساوی ئەوەیان هێنایەوە، کە ئەم ئەنجوومەنە کاتیی و تەمەن کورتە و هەر حەوت تا هەشت مانگ دەبێت.

ئەم ناکۆکیی و جیاوازیی و ناڕەزاییانە هەر تەنیا شێواز و میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کاتیی نەگرتەوە، بەڵکوو پرسی دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆک وەزیرانیشی گرتەوە. ململانێ و ناکۆکیی نێوان (پاچەچی و یاوەر) لەو ڕۆژگارەدا باشترین نموونەیە، کە دواجار بابەتەکە بە قازانجی دووەمیان شکایەوە و بووە یەکەم سەرۆک کۆماری عێراقی سەردەمی دوای بەعس. هەرچی پەیوەندیشی بە پۆستی سەرۆک وەزیرانەوە هەبوو، (ئەیاد عەللاوی) کە کاندیدی ئەمریکییەکان بوو، بەبێ ڕێکابەر پۆستەکەی مسۆگەر کرد و بەم شێوەیە حکوومەتە کاتییەکە پێک هات. لەنێو گێژاو و بەرداشی ئەو ململانێ و ناکۆکییانەشدا، (ئەحمەد چەلەبی) کە بەشێک بوو تیایاندا، بە هۆی ئەوەی گوایە زانیاریی هەڵەی داوەتە ئەمریکا و ئامۆژگاریی هەڵە و ناڕاستی کردووە بۆ ئەوەی جەنگ لە دژی (سەددام)و ڕژێمەکەی هەڵبگیرسێنێت، لەلایەن واشنتۆنە ڕووبەڕووی شەپۆل و گەردەلوولی ڕەخنە و سەرکۆنەکردن بووەوە و دواجار بووە "ئاردی ناو دڕک!"

سەرەڕای تەمەنی کورتی حکوومەتەکەی (عەللاوی)، کە لەگەڵ (یاوەر)دا لە ڕێکەوتی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٤، بە شێوەیەکی فەرمی، دەسەڵاتی لە (بریمەر) وەرگرت، بەڵام لە ئاستی ناوخۆدا ڕووبەڕووی چەندین گرفت و ئاستەنگ و لەمپەری گەورە بووەوە -بەتایبەتیش ڕووداوەکانی فەللووجە و یاخیبوونی سوپای مەهدیی سەر بە ڕەوتی سەدر-. لەگەڵ ئەمەشدا لەسەر ئاستی پەیوەندیی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییدا، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، کە ئاکامی ئەو پەیوەندییانە بە قازانجی باشتربوونی دۆخی ئابووری و دارایی عێراق تەواو بوون. لایەنێکی دیکەی گەشی سەردەمی حوکمڕانیی حکوومەتە کاتییەکەی (عەللاوی) ئامادەکاریی بوو بۆ هەڵبژادرنە گشتییەکانی ٢٠٠٥، کە لە کاتی خۆیاندا کران و ئەمەش وەک دەسکەوت و سەرکەوتنێک بۆ حکوومەتەکەی هەژمار کرا، بەتایبەتی کە لە ماوەی نێوان حوکمڕانییەکەی ئەو و ئەنجامدانی هەڵبژاردندا، زەمینە و پانتایێکی لەبار بۆ تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق بە جیاوازیی دەنگ و ڕەنگ و پاشخانە فیکری و سیاسی و ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی و ئیتنی و تایفییەکانیان ڕەخسا، تا سەرقاڵی خۆئامادەکردن بن بۆ چوونە ناو کێبڕکێ و ململانێی هەڵبژاردنەکان.

چنینەوەی شکست!
ئەگەر لە باری سیاسیی و حوکمڕانیدا سەیری بارودۆخی عێراق بە شێوە گشتییەکەی بکەین، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەرک بەو ڕاستییە دەکەین، کە لە شێوازی حوکمڕانیکردن و ئیدارەدانی دەوڵەتدا، هەموو ئەوانەی لە ٢٠٠٣وە حوکمی عێراقیان کردووە، نەیانتوانی حکوومەتێک بەرهەم بێنن و حوکمڕانیێک بکەن، عێراق لەو قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە دەرباز بکات، کە بە دەستییانەوە دەناڵێنێت.. حکوومەت و حوکمڕانیێک، کە خەڵک هەست بکات هاووڵاتیی دەوڵەتێکی نوێی دوای سیستەمێکی دیکتاتۆرییە، کە ستەمکاریی و قۆرخکردنی دەسەڵاتی تێپەڕاندووە و جیاواز لە سەردەمی پێشوو، کە بەدەست جەنگ و خوێنڕێژی و سەرکوتکاریی و بێبەشبوون لە مافەکانی دەتلایەوە، ئەمجارە لەسایەی دادپەروەریی حوکمڕانیی نوێدا پشوو دەدەن و وەک مرۆڤ لە ئاشتی و دڵنیایی و ئاسوودەییدا دەژین. 

دیارە ئەمە پەیوەندیی بە بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر (پێشتر ئەلقاعیدە و ئێستا داعش) نییە.. هەروەها پەیوەندیی بەو گەندەڵییەوە نییە، کە وەک خێو و دێوەزمە لە لووتکەی حوکمڕانیدایە و دەستی ناوەتە بیناقاقای تەواوی دەزگاکانی سەر و ژێری دەوڵەت.. وەک چۆن پەیوەندیشی بە بوون و نەبوونی دەستوورەوە نییە، کە بە درێژایی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق (کە بەزۆر و بەبێ ویست و ئیرادەی کورد، بەشێکی کوردستان لە لایەن بەریتانییەکانەوە بەم دەوڵەتە عەربییەوە لکێنرا) لە پاشایەتییەوە تا ئێستا، حوکمڕانەکانی باوەڕیان پێی نییە و بە لایانەوە پارچە کاغەزێک نا، بەڵکوو پەڕۆیەکی پیسە و دەبێ فڕێ بدرێت، واتە ئەوەی هەیە و دەگوزەرێ، دەرەنجامە، نەک هۆکار.
ڕوون و ڕاشکاوتر بڵێین: تیرۆر و گەندەڵیی و پێشێلکردنی دەستوور و زۆر شتی تریش، دەرەنجامن نەک هۆکاری دۆخەکە. هۆکارە سەرەکی و بنەڕەتییەکە، کولتوور و عەقڵیەتی حوکمڕانیکردنە، عەقڵیەتێک برسی و شێتی کورسی و دەسەڵاتە، کە لە ئاستە گشتییە عێراقیەکەیدا لەسەر ئەو میراتە مێژووییەی بیابان کاوێژ دەکات و درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات، کە بریتییە لە تاڵان و ڕاوڕووت. لەسەر ئاستە تایبەتییەکەشیدا لە پەیوەست بە شووناس و کولتوورە جیاوازەکانی بەرامبەریدا، ڕەگەکانی بە قووڵایی زەویی ئەو پاشخانە ئایدیۆلۆژییە عرووبەوی و ئەتمۆسفیرە شۆڤینییەدا شۆڕ بوونەتەوە، کە ڕەوایی بە سڕینەوەی هەرچی شووناس و کولتووری نا عەرەبی و تواندنەوەی لەناو بۆتەی شووناسی عرووبەدا دەدات!

هەر بە تەنیا سەرنجدانێکی خێرای شوێنەواری ئەم عەقڵیەتە شۆڤینییە بارگاوی بە فاشیزمی (ئاینییە) لەو ناوچە کوردستانیانەی، کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا بە زەبری هێز و بە سەر پشتی تانک و زرێپۆش و بە لەشکری میلیشیای مەزهەبیی و پێش لەشکریی و کەواسووریی ناوخۆییەوە بۆی گەڕانەوە، باشتر لە چییەتی و ماهیەتی ئەم عەقڵیەتە دەگەین. هاوکات لە پشکنین و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی سیاسەت و ستراتیژ و بڕیار و هەنگاوەکانی (جەعفەری، مالیکی، عەبادی) لە پەیوەست بە دۆزی کورد، تەنانەت بە قووڵبوونەوە لە هۆکارەکانی پشتی دەست لەکارکێشانەوەی (عادل عەبدولمەهدی) لە حکوومەت، هەروەها ئەو قەیرانەی دوای ئەوە، کە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی دواخست، تا دواجار بەم شیوە نیوەچڵە لە پەرلەمان تێپەڕێندرا. لە هەموو ئەمانە و زۆر شتی دیکە، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کە شیعەی عێراق خەریکن لە فۆڕمێکی تر و بە میکانیزمی دیکە، دووبارە (شۆڤینیەت و فاشیزمی بەعس) لە عێراقدا بەرهەم بێننەوە!

بە کوردی و بە کورتی: بە چاوپۆشین لە سەردەمی ئەنجوومەنی حوکم و هەردوو حکوومەتی ڕاگوزەر و کاتیی عێراق، کە هێشتا بەرچاوڕوونییەکی ئەوتۆمان لەمەڕ چۆنیەتی شێوەگرتنی سیستەمی حوکمڕانیی لە عێراقدا نەبوو، بەڵام دوای دانانی دەستووری نوێ و هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمان و دامەزراندنی یەکەم حکوومەت، لە میانی ئەزموونمان وەک کورد لەگەڵ تەواوی حکوومەتەکانی دوای ٢٠٠٥ تا ئێستا، لە پەیوەست بە دۆزە نەتەوەییە ڕەواکەمان، بەتایبەتی لە جۆر و چۆنییەتی مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەرکەوت کە ئەو عەقڵییەتەی لە بەغدا حوکم دەکات، بە جیاوازیی هەلومەرجی سیاسیی نێودەوڵەتیی لە سەردەمی بەعس و سەددام، کەچی لە دووبارە بەرهەمهێنانەوە و پەیڕەوکردنی سیاسەتی شۆڤینییانەیان، ئەگەر لە (بەعس) تێپەڕیان نەکردبێت، ئەوا کەمتریان نەکردووە.

ئەوەیش کە وەک (بەعس) تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو گوتارە سیاسییە شۆڤینییەیان، لە ئاستە سەربازییەکەیدا لە بەرامبەرماندا دووبارە بکەنەوە، ئەوە پەیوەندیی بە بارودۆخی نوێی دونیا لە لایەک، هەروەها پەیوەندیی بە پەرتەوازەیی نێو ماڵیی خۆیان و سەرقاڵبوونیان بە شەڕی تایەفی و تەسفیەی حیساباتی مێژوویی نێوان خۆیانەوە هەیە (ئەمەو سەرەڕای هەوڵە شکستخواردووەکانی لە شێوەی ئەوەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و دواتر هێرشی سەربازیی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧).

عێراق، دەوڵەتی هەمیشە کاتیی!
لە دوای ڕووخانی بەعسەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەگەرچی لە ڕووخساردا عێراق هەر سێ سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان و حکوومەتی هەیە، بەڵام شتێک نییە بەناو دەوڵەتی عێراق.. دەوڵەت وەک سەروەریی نێوخۆیی و هەرێمایەتیی و جیهانیی.. دەوڵەت وەک دامەزراوە و ژێرخان.. دەوڵەت وەک شکۆی هاووڵاتی و ماف!

لە ئاستی ناوخۆدا میلیشیاکان، لە ئاستی هەرێمایەتیدا ئێران بە پلەی یەکەم و چەند وڵاتێکی دیکەش بە ئاست و پلەی جیاواز، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەمریکا، هیچ سەروەریێکیان بۆ عێراق نەهێشتووەتەوە و هەر یەکەیان و بەشێواز و میکانیزمێکەوە، سەرانی ئەم عێراقە دەسوڕێنن و ئەجێنداکانی خۆیانی تێدا جێبەجێ دەکەن. ڕاستە لە ڕووکەشدا عێراق کورسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و هەندێ هاوپەیمانیی و کۆڕبەندی دیکەی هەرێمایەتیی و جیهانیدا هەیە، بەڵام ئەنجام ئەوەیە، کە هیچ کەس بە کڵاوەکەی ناپێوێ! 
مەرجەعیەتی باڵای ئایینی شیعە بە فەتوا، حزب و قەوارە سیاسییە شیعەکان بە سەپاندنی ئیرادەی هێز، هەردووکیان هیچ بەها و کاریگەریێکیان بۆ دامەزراوەکانی پەرلەمان و حکوومەت و دەزگاکانی دیکە نەهێشتووەتەوە. 

بەردەوامیی جەنگی تایفی و تیرۆر، گەندەڵیی و بەفیڕۆدانی سامانی سەر و ژێر زەویی.. هەڵکشانی بەردەوامی کێرڤی هەژاریی و بێکاریی.. بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواریی و زۆری ژمارەی منداڵانێک کە گیرۆدەی بەدخۆراکین.. نەبوون و خراپیی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ژیان لە کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و ئاووئاوەڕ.. بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشیی و ئالوودەبوونی کۆمەڵگا، بەتایبەتی لە نێویاندا توێژی گەنجان بە ماددە هۆشبەرەکان.. سەدان هەزار ئاوارەی عەرەبی شارەکانی ناوەڕاست، کە لە ترسی تیرۆر و شەڕی تایفی و کوشتن لەسەر ناسنامە، ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و هەرێمی کوردستانیان کردووەتە نەوای ئارامیی و پەنای ئاسایش و دڵنیایی خۆیان…. هەموو ئەمانە هیچ مانا و بەهایەکیان بۆ بوونی مرۆییانەی مرۆڤەکانی نەهێشتووەتەوە، چ جای مافی هاووڵاتیبوون!

مەگەر ساویلکە و خۆشخەیاڵ بێت، دەنا هیچ کوردێکی بە ئاگا و هۆشیار، ئومێدی ئایندەی خۆی و ڕۆڵە و نەوەکانی، لەسەر ئەم وێرانەیە هەڵناچنێت. ئومێد هەڵچنین لەسەر بەناو دەوڵەتی عێراق، کە تەلارێکە لەسەر زبڵ و خاشاک بونیاد نراوە، وەک ئەوە وایە، بەسواری بەلەمێکی شڕ و شەقەوە، زەریاکان ببڕیت. 

کورد هەر چی گلەیی و ڕەخنەی لە حوکمڕانیی کوردیی هەیە، تا ئاستی تووڕەیی و یاخیبوونیش، مافی خۆیەتی، بەڵام ئەو کەسەی ئەم گلەیی و ڕەخنە و تووڕەییانەی، بکاتە پاساو و بیانووی، بۆ بەستینەوەی چارەنووسی خۆی و نەوەکانی بە حوکمڕانیی عێراقێکەوە، کە تەنانەت لەکاتی ئاوزینگدانیشدا، هێشتا خەون بەوەوە دەبینێت، شکۆی نەتەوەیی و سەروەریی نیشتمانیی ئێستامان، کە بەری سەت ساڵ خەبات و دەریایەک خوێن و قوربانیدانە نەهێڵێت و دووبارە کورد بکاتەوە پاشکۆ و شوێنکەوتە و مەوالیی عرووبە و بەغدا، ئەوپەڕی شەرم و شوورەیی و خۆبەکەمزانییە.

لەکاتێکدا کە ئەم بۆچوونەمان بە هیچ شێوەیەک، ڕەوایەتییدان نییە بە گەندەڵیی و بێدادیی ناوخۆیی، هاوکات هەرگیز ڕەوایەتییدانیش نییە بە چاندنی تۆوی ڕق و تۆڵە لە ناخی مرۆڤی کورد لە بەرامبەر ئەوی دیکەی عەرەب لە عێراقدا.. وەک چۆن هەرگیز ڕەوایەتییدان نییە بەوەی، کە کورد ئەو ستەمکارییەی سەت ساڵە عرووبەی عێراق لە پاشایاتییەوە، تا ئەمڕۆ لێی دەکات، بکاتە بیانوو و پاساوی سەرکێشان بۆ بیرکردنەوە و ڕەفتاری شۆڤینی و ڕاسیستی، بەقەد ئەوەی هەوڵێکە بۆ ئەوەی کورد لەناوخۆیدا و لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی، بە شێوەیەکی ڕیشەیی بەخۆیدا بچێتەوە. بەجۆرێک، کە سەرەتا لە دەرزیئاژنکردنی خەوش و کێماسییەکانی خۆیەوە تێی هەڵبچێتەوە و دەست پێ بکاتەوە، ئینجا بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی گەڵالەکردنی ڕوانگە و تێگەیشتنێکی دیکەی نوێی دروست بۆ بەرامبەرەکانی لە بەغدا.. ڕاستگۆ بێت لە کۆتایی پێهێنانی ناکۆکییە سیاسی و ململانێ ناوخۆییەکانی و بە ڕاستگۆییشەوە بێتەوە سەر سفرەی کوردبوون، ڕاشکاوتریش لەگەڵ عێراق تێی هەڵبچێتەوە. 

ئەگەر کورد لە ڕابردووی دوور و نزیکدا، پەندی وەرنەگرت، با ئیدی ئەزموونە تفت و تاڵەکانی لەگەڵ قۆناغی دوای بەعس تا ئەمڕۆ، بکاتە بناغەی هەر هەنگاوێکی داهاتووی لە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و لە کاتی بیرکردنەوە لە چوونە ناو هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیدا لەگەڵ حوکمڕانەکانی بەغدا، پرەنسیپی (Dont Forget)ی جووەکان، بکاتە پێشمەرجی کار و بەرنامە و ئەجێنداکانی! 


ئه‌م بابه‌ته 345 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر