کۆماری پونتلاند

AM:12:45:19/05/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا-دەوڵەتەکان


چۆمان تەقیەدین

ناوی فەرمی: کۆماری ویلایەتی  پونتلاندی سۆماڵی (کۆماری زه‌وی پونت) ، کە بەشێکە لە کۆماری فیدراڵی سۆماڵ.

پایتەخت: گارۆوی.

ژمارەی دانیشتوان: 4.285.000 کەس.

ڕووبەر: 212.510 کیلۆ مەتر چوار گۆشە.

دابەشی کارگێری: لە 9 پارێزگا پێکهاتووە کە دابەش کراوە بە سەر 40 شارۆچکە (قەزا).

نەتەوە: سۆماڵی زۆرینەیە کە زۆربەیان بە فیدراسیۆنی خێڵەکانی دارۆدن و نەتەوەی عەرەب و نەتەوەکانی تر کەمینەن.

شارە گرنگەکانی: بۆساسۆ و گالکایۆ و لاس ئانۆد و ئەریگاڤۆ و قاردهۆ و بادهان و بووهۆۆدلی و گالدۆگۆب و واییی و لاس قۆزیی و دهاهار و ئاوولا.

شوێنی جوگرافی: ئەم هەرێمە ، دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی کۆماری فیدراڵی سۆماڵ و یەکێکە لە ناوچە کێشە لە سەرەکانی سۆماڵ و قۆچی ئەفریقی ، کە لە باکوورەوە بە کەنداوی عەدەن و لە خۆرهەڵاتەوە بە زەریای هیندی و لە باشوورەوە بە کۆماری فیدراڵی سۆماڵ و لە خۆرئاواوە بە وڵاتی ئه‌سیوپیا و کۆماری زه‌وی سۆماڵ (سۆماڵیلاند) دەورە دراوە.

ناوی سەرۆکەکانی: عەبدوڵڵا یوسف ئەحمەد (1998_2001ز) (2002_2004ز). یوسف حاجی نور (2001ز). جومعە عەلی جومعە (2001_2002ز). محمەمەد عەبدی حەسی (2004_2005ز). مەحمود موسا هیرسی (2005_تا ئێستا).

مێژووی: ئەم هەرێمە بەشێک بووە لەو بەشەی وڵاتی سۆماڵ کە لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای ئیتاڵیاوە داگیر کراوە لە نێوان ساڵانی (1888_1889ز) کە پێشتر ئەم هەرێمە سەر بە سوڵتاننشینی هۆبیۆ و سوڵتاننشینی ماجییرتیینی سۆماڵی بووە ، کە لە نێوان ساڵانی (1889_1936ز) بووە بەشێک لە هەرێمی سۆماڵی ئیتاڵی و لە ساڵی (1936ز) بووەتە بەشێک لە دەوڵەتی خۆرهەڵاتی ئەفریقیای ئیتاڵی کە پاشکۆی ئیمپراتۆریای ئیتاڵیا بووە تا ساڵی (1941ز).

هەروەها دەوڵەتی خۆرهەڵاتی ئەفریقیای ئیتاڵی پێکهاتبوو لە هەرێمی سۆماڵی ئیتاڵی و وڵاتی ئەسیوپیای ئێستە و وڵاتی ئەریتریای ئێستە و دواتر لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا داگیر کراوە ، ئەوەش لە میانەی جەنگی دووەمی جیهانی دا بووە کە وڵاتی ئیتاڵیا لە پاڵ وڵاتی ئەڵمانیا و ئیمپراتۆریای ژاپۆن (یابان) و شانشینی ڕۆمانیا و شانشینی بولگاریا و شانشینی مەجەرستان (هەنگاریا) کە بە دەوڵەتانی تەوەر ناسران بوون بە دژی دەوڵەتانی هاوپەیمانان کە پێکهاتبوو لە (ئیمپراتۆریای بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و کۆماری سێیەمی فەرەنسا) بەشداری کرد بوو.

دەوڵەتانی تەوەر شکستیان هێنا بەرامبەر بە دەوڵەتانی هاوپەیمانان و دواتر ئەو بەشەی وڵاتی سۆماڵ خرایە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و پاشان بووە بەشێک  لە هەرێمی سۆماڵی ئیتاڵی تا ساڵی (1960ز) و لەو ساڵدا هەرێمی سۆماڵی ئیتاڵی سەربەخۆیی وەرگرت لە ڕێکه‌وتی (1/یولیو_7/1960) و دواتر لەگەڵ هەرێمی سۆماڵی بەریتانی ، کە لە ڕێکه‌وتی (26/یونیو_7/1960) سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەرگرت ، و لە ژێر ناوی کۆماری فیدراڵی سۆماڵ یەکیان گرت ، بەم شێوەیە ئەو بەشەش بووە بەشێک کۆماری فیدراڵی سۆماڵ ، بەڵام لە وڵاتی سۆماڵ جەنگی ناوخۆ بەرپا بوو لە ساڵی (1991ز)ەوە تا ئێستە کە لە نێوان پارتە سیاسییەکانی وڵاتی سۆماڵ بەرپا بوو ، ئەوە بوو لە ساڵی (1998ز) خەڵکی ئەو بەشەی وڵاتی سۆماڵ بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا یوسف ئەحمەد ڕاپەرین و ئەو بەشەی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کرد و هێزەکانی تری سەر بە پارتە سیاسییەکانی تری وڵاتی سۆماڵ و هێزەکانی سوپای کۆماری فیدراڵی سۆماڵیان وەدر نا و لە ڕێکەوتی (23/یولیو_7/1998) بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا یوسف ئەحمەد (1998_2001ز) (2002_2004ز) کۆماری ویلایەتی  پونتلاندی سۆماڵی (کۆماری زه‌وی پونت)یان ڕاگەیاند بەڵام تا ئێستا بە فەرمی داوای سەربەخۆییان نەکردووە و هەر خۆیان بە بەشێک کۆماری فیدراڵی سۆماڵ دەزانن ، هەروەها هیچ دەوڵەتێکی کیشوەری ئەفریقی و وڵاتی سۆماڵ و دەوڵەتانی تری جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ دان پێنراو نییە و هەروەها وەکو بەشێکی دانەبراوی کۆماری فیدراڵی سۆماڵی دەزانن.

سه‌رچاوه‌کان
1_یاسین سابر ساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.
2_عه‌لی که‌ندی: فه‌رهه‌نگی ڕووداوه‌کانی کوردستان و وڵاتانی جیهان-هه‌ولێر2005ز. 
3_هاوڕێ ره‌ئووف حه‌سه‌ن: ئه‌تڵه‌سی جیهان-سلێمانی2010ز.
4_رواج حاجی: وڵات ناس-هه‌ولێر2011ز.


ئه‌م بابه‌ته 430 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر