کۆبوونەوەی گەندەڵیە گەورەكە

PM:02:23:11/07/2020
دۆسیە: عیراقناسی


ئەیاد سەماوی

پێش ئەوەی بەدرێژی باسی بكەم چی روویداوە لە رۆژی شەش و حەوتی ئەم مانگە لە (دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان) و (ئەنجوومەنی وەزیران)، داوا لە لیژنەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان و لیژنەی دەسپاكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەم بە وەرگتنەوەی متمانە لە حكومەتەكەی مستەفا كازمی لەسەر رووداوەكانی پشت بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران كە لە رۆژی 07/07/2020 دەرچوو سەبارەت بە مۆڵەتی نوێكردنەوەی گرێبەستی مۆبایل بۆ ماوەی 8 ساڵ كە لە دوای كۆتایهاتنی ماوەی گریبەستەكەی ئێستا دەست پێدەكات لە  بەرواری 30/08/2022. وە داوا  لە دەستەی دەسپاكی و دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆكی داواكاری گشتی دەكەم هەستن بە كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوەیەكی خێرا بۆ ئەم كەیسە ترسناكە و پەلكێشكردنی هەموو ئەوانەی تێوەگلاون لەم كەیسە.
 
رووداو و وردەکارییەکان

یەكەم/ لەرۆژی 25/06/2020 نوسینگەی سەرۆك وەزیران فەرمانێكی دیوانیی دەكرد بە ژمارە 82 كە تیادا بڕیاردرا بە كۆتایهێنان بە ئەركی بەڕێز(ئەشرەف عەبدولكەریم موراد ئەلدەهان)، سەرۆكی ئەنجومەنی متمانەداران(مجلس الامنا‌ء) و هەردوو ئەندامی ئەنجومەنی متمانەداران (خەلیل عەبدوولڕەحمان ئەلتەیار و صەفائەددین حسێن رەبیع). 

هەروەها گواستنەوەی (بەسام سالم حەسەن) لە وەزارەتی پەیوەندییەكانەوە بۆ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان و خستنە شوێنی سەرۆكی ئەنجومەنی متمانەداران، هەروەها دانانی (سادە محەمەد عەبدولسادە قەحتان و عادل سەلمان عەلەوەی)، وەك ئەندامی ئەنجومەنی متمانەداران. 

بڕیارە دیوانییەكەی ژمارە 82 ناوی متمانەدارانی گۆڕی بە كۆمسیۆن، كە ئەوە دووەم پەنارتی بوو لە بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران درا.
 
دووەم/ لەرۆژی دووشەممە، بەرواری 06/07/2020 ئەنجومەنی متمانەداران بە ئامادەبوونی تەنها چوار ئەندام كە یەكێكیان سەرۆك بەسام سالم حەسەن بوو كۆبوونەوە بۆ دەركردنی بڕیارێك پەیوەست بە تازەكردنەوەی مۆڵەتی گرێبەستی مۆبایل لە ژێر رۆشنایی ئاماژەپێكراوی لیژنەی دانوستانكار لەگەڵ كۆمپانیاكانی مۆبایل. 

ئەنجومەنی متمانەداران بریاڕی نوێكردنەوەكەی دەركرد، سەرەڕای ئەوەی بڕیارەكە پێچەوانەی یاسای دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانە كە رێگەنادات بەدركردنی هیچ بڕیارێك بەبێ ئامادەبوونی كەمتر لە شەش ئەندام لەكاتی كۆبوونەوەدا، ئاشكرایە دووان لە ئەندامەكان ئامادە نەبوون  لە كۆبونەوەكە بەبیانووی گەشتكردنیان بۆ دەرەوەی عیراق، بەڵام  لەرێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان لەگەڵ كردبوون و كۆتاییان پێهێنا بوو، كەوەئەوەش پێچەوانەی تەواوی یاسای دەستەی راگەیاندنە.
 
سێیەم/ لەهەمان رۆژی دووشەممە، بەرواری 06/07/2020، بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیۆن نێردرا بۆ عەلی خوەیلیدی، سەرۆكی دەزگای جێبەجێكردن، بەپێی نوسراوی ژمارە 107 لەبەراوی 06/07/2020.
 
چوارەم/ هەر لەهەمان رۆژی دووشەممەدا، بەرواری 06/07/2020، عەلی خوەیلیدی، سەرۆكی دەزگای جێبەجێكردن قسەدەكات لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران لەبەشی فەرمانگەی یاسایی بەپێی نوسراوی ژمارە 36 لە 06/07/2020 و نوسخەیەكیش لە نوسراوەكە دەنێردرێت بۆ نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیران.
 
پێنجەم/ لە رۆژی سێشەممە، بەرواری 07/07/2020 لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەكان سەرسام بوون بەهێنانی بابەتی  نوێكردنەوەی مۆڵەتی گریبەستی مۆبایل لەلایەن سەرۆك وەزیران خۆیەوە، پاشان هەر لەهەمان رۆژ دەنگی پێدرا، ئاشكرایە ئەو بڕگەیە نەهاتبوو لە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی وەزیران كە وەك هەمیشە پێش 48 كاتژمێر دەخرایە بەردەمی وەزیرەكان بۆ دیراسەكردنی، سەرەرای بەرهەڵستی هەندێك لەوەزیرەكان و رەتكردنەوەی دەنگ پێدانی، رەزامەندی لەسەر بڕیارەكە وەرگیرا.  

شەشەم/ لەماوەی 24 كاتژمێردا بڕیارە گرنگ و ترسناكەكە دەركرا بەبێ ئەوەی دیراسەبكرێت لەلایەن بەشی یاسایی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران  كە دەزانرێت بۆچوونیان یاسایی و بەهێزە بە ئیمزاكردنی لیژنەی یاسایی تا ئەنجومەنی وەزیران بیكات بەبڕیار.
 
حەوتەم/ میزانیەی وڵات لەو شێوە گرێبەستە درێژ مەودایانە دەسكەوتی گرنگ بەدیدێنێت، ناكرێت بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بەبێ بۆچوونی فەرمی وەزارەتی دارایی، ئاشكرایە گرێبەستی مۆڵەتی مۆبایل لەلایەن وەزیری دارایی پێشتر (بەیان جەبر) ئیمزا كراوە لەبەرواری 30/08/2007 ونێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران .
 
هەشتەم/ بریاری ئەنجومەنی وەزیران بەپێدانی بڕی نیوەی شایستەی تایبەت بۆ نوێكردنەوەی تەرەدودەكانی ئێستا بە بڕی 233 ملیۆن تا كۆتای ئەمساڵ لەخۆدەگرێت و نیوەكەی تری لەماوەی 5 ساڵی تر دەدرێت بەبێ سوو، وە فەرمانیداوە بە مامەڵەكردن بەبڕی تریلیۆنیك دینارەوە كە پەیوەستە بە بریاری دادگاوە، نیوەی بڕەكەی بەكاش دەدات و نیوەكەی تری بە قیست لەماوەی پێنج ساڵدا دەدرێت.
 
نۆیەم/ نەوەی چوارەم(نەوەی چوارەمی مۆبایل، وەرگێڕ) هەر خۆی مۆڵەتە و دەبێت ببنە بەشێك لە زیادكردنێكی نوێ و داهاتی نوێ، بۆچی ئەم نەوەی چوارەمە بەستراوەتەوە بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكە و چۆن پێیان بەخشراوە بەخۆڕایی؟ ئایا ئەوە بەفیڕۆدان و بەهەدەردانی سامانی گشتی نیە بەبێ هۆ؟
 
دەیەم/ بەڵگەی یاسایی چیە تا كۆمپانیاكان قەرەبوو بكرێنەوە بۆ ماوەی 3 ساڵ؟ چاوپۆشی كراوە لە پەیوەستیەكانی سەرشانیان كە پێشتر ئەبوایە هەستایەن بە ئەنجامدانی،  ئاشكرایە ئەوە لە دەستدانی بەشێك لە مافەداراییەكانی پەیوەست بە مۆڵەتپێدانە كە پێشتر لە ئەستۆی كۆمپانیاكاندا بوو، بەڵام بەهۆی هاتنی داعش و كەمی داراییان لەسەریان كەمكرایەوە.
 
یازدەیەم/ بەندەكانی ماددەی 11 (یەكەم و دووەم  سێیەم) لە یاسای میزانیەی گشتی بۆ ساڵی 2019 كۆمپانیاكانی مۆبایل ناچاردەكات بە پێدانی ئەو قەرزانەی لەسەریانە لە قەرزی  كەڵەكەبوو بەفەرمانی دادوەری، سەرەڕای ئەوەی ئەم كۆمپانیانە دواكەوتوون لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی گرێبەستەكە كە ئاماژەی پێكراوە لە ساڵی 2007. 

وە ئاماژەی پێكراوە لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران. واتە نەدانی پەیوەستییە دارایی و كارگیری و هونەریەكانی ئەو كۆمپانیانە سەرەڕای ئەوەی كە ماوەكەشیان بۆ درێژكراوەتەوە.
 
دوازدەیەم/ لۆژیكی پاراستنی ئەمانەت و سوربوون لەسەر پاراستنی سامانی گشتی بەرپرسی جێەجێكردنی یەكەمی دەوڵەت ناچار دەكات بابەتی درێژكردنەوەی مۆڵەت و قەرەبووكردنەوەیان دەبێت بە شەفافی لەلایەن دەستەیەكی یاسایی پسپۆڕ كە دیدگایەكی هونەری و ئابوورییان هەبێت دیراسە بكرێت بۆئەوەی بابەتەكە و دیدگاكانیان بەپێی یاسا پەیڕەوكراوەكان بێت.
 
لەكۆتاییدا، ئەی وڵاتی سەرۆك وەزیران ئەو بڕیاری مۆڵەتپێدانی نوێكردنەوەی مۆبایلە كە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە لە كۆتا دانیشتنیاندا، گەندەڵی و بەهەدەردانی زۆری سامانی گشتی تێدایە، ئەم پرسە ناوی چەند دەوڵەت و كەسایەتیەكی سیاسی تێدایە كە تێوەگلاون لەم پرسە و من ناوم نەهێناون، لە رونكردنەوەكانی داهاتوودا ناویان دەهێنم پشتیوان بەخوا.

ئامادە کردن و بە کوردی کردن : هێمن سەعید


ئه‌م بابه‌ته 399 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر