سیاسەتی پەرورەدەیی وەزارەتی خوێندنی باڵای (2)

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 1ی ئازاری 2020 یەکەمین حاڵەتی توشبوونی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان راگەیاند کە لە شاری سلێمانی بوو
PM:05:41:15/07/2020
دۆسیە: دەوڵەت سازی
پەروەردە و خوێندنی باڵا و سەرهەڵدانی کۆڤید 19 لە هەرێمی کوردستان

د.موئمین زەڵمی
نوسەر و ڕوناکبیر



دواتریش لە رێگەی گروپێگی ڤایبەرەوە DMI-Kurdistan Covid-19 رۆژانە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێژەی پشکنین وکەرەنتین کراو وتوشبوون و مردنی حاڵەتەکانی کۆرۆنا بڵاودەکاتەوە کە لە ئێستادا ( یەکشەممە 12ی تەمووزی 2020) ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەشتووەتە (9455 نەخۆش) و ژمارەی ئەوانەی چاکبوونەتەوە بریتیە لە (2378) و ژمارەی مردن گەشتووتە (326)(DMI-Kurdistan ).

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکەدا و پێش ئەوەی بگاتە هەرێمی کوردستان کە هاوکات بە دەستپێکردنی پشووی بەهارەی زانکۆ و پەیمانگاکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی راوێژکاری دەستپێکرد و لە (٢٦/٢/٢٠٢٠) کۆبونەوەکەیەکی ساز کرد بۆ داڕشتنی میکانزمی پێویست بۆ چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چۆنیەتی بەشداری دامودەزگاو دامەزراوە زانستیەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی وەزارەتی تەندروستی لە ڕوبەڕوبونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.

تادەهات دڵەڕاوکێ و قەلەقی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگا و کەسوکارەکانیان زیاتری دەکرد، و چەندین پرسیاریش دەهاتنە پێشەوە کە ئایا خوێندنی ئەمساڵ چی لێدێت؟ قوتابیان دەتوانن خوێندنەکەیان تەواو بکەن؟ ئایا قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان زەحمەتی ئەمساڵیان بە فیڕۆ ناچێت؟ بۆیەش ڕۆژی 3ی نیسانی 2020 تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجدا بەرنامەیەکی تایبەتی لەسەر رەوشی خوێندنی باڵا پێشکەش کرد، لە بەرنامەکەدا سەرۆک و نوێنەری زۆرێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداریان کردبوو و وەزیری خوێندنی باڵاش لە بەشێکی بەرنامەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، چاوەڕێی ڕاوێژی کۆتایی زانکۆکانین، لەو بەرنامەیەدا جگە لە زانکۆی سۆران، تەواوی زانکۆکانیتر دڵەڕاوکێ و شپرزیی زۆریان پێوە دیار بوو بۆ دەستبردن بۆ خوێندنی ئۆنلاینن لە حاڵەتی تەشەنەسەندنی زیاتری کۆرۆناد.

د. هێمن میرانی راگری فاکەڵتی یاسای زانکۆی سۆران کە وەک نوێنەری سەرۆکی زانکۆ بەشداری بەرنامەکەی کردوو رایگەیاند" زانکۆی سۆران لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی LMSی زانکۆکەوە کەمپەسی ئۆلاینی ئامادەیە و چاوەڕێی بڕیاری وەزارەت دەکەت بۆ ئەوەی خوێندنی ئۆنلاین دەست پێ بکەن" (سایتی رووداو)
ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پاش زنجیرەیەکی بەردەوام گفتوگۆی ڕاوێژکاری ڕۆژی 8ی نیسان کۆبوویەوەو خوێندنی پاڵپشتی ئەلیکترۆنی راگەیاند، لە راگەیانراوی کۆبوونەکەدا هاتووە، "ئەنجومەنی وەزارەت دڵنیایی دایە هەمو قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان و کەسوکاریان کە ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) بەفیڕۆ ناچێت و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە ڕێکاری زانستی پێویست دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندن.

هەروەها زانکۆکان بەردوام دەبن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەوەی ئەگەر هەتا ڕێکەوتی (٢/٥/٢٠٢٠) نەتوانرا خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس دەستپێبکاتەوە ئەوا خوێندنی ئەلکترۆنی بە شیوازی (پاڵپشتکاری) دەستپێدەکات بەمەبەستی تەواوکردنی ئەو بەشە کەمەی پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ کە نەخوێنراوە.

لە حاڵەتی پیادەکردنی خوێندنی ئەلکترۆنی بە شێوازی (پاڵپشتکاری)، ئەوا لە چوارچێوەی سەربەخۆیی زانستی و ئەکادیمی دەستەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ ئەوەی سەربەست بن لە بەکارهێنانی هەر جۆرە پلاتفۆرم و ئەپلیکەیشنێک کە لەگەڵ تایبەت مەندێتی زانکۆکانیاندا دەگونجێت بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ناوبراو." (سایتی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا)


 ماویەتی 



ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر