سەدام حسێن چۆن بووە سەرۆك كۆمار

چل ‌و یەك ساڵ لەمەوبەر سەدام حسێن، ئەحمەد حەسەن بەكری ناچاركرد واز لە كورسی سەرۆكایەتی عێراق بهێنێت‌و خۆی بوو بە سەرۆكی عێراق، سەدام بیست‌و چوار ساڵ بە ئاگرو ئاسن حوكمی عێراقی كرد.
AM:12:02:04/08/2020
دۆسیە: عیراقناسی
سەدام بیست‌و چوار ساڵ بە ئاگرو ئاسن حوكمی عێراقی كرد

بارام سوبحی
رۆژنامەنووس و وەرگێڕ

 

سەدام چۆن كودەتای بەسەر بەكردا كرد؟ چۆن بە پاساوی كودەتا وە دۆستەكانی بەكری لە سەركردایەتی بەعسدا لەسێدارەدا؟ وەزیرێكی عێراقی لە بیرەوەرییەكانیدا بەوردی ئەو رووداوانە دەگێڕێتەوە.

كتێبی (یادەوەرییەكانی وەزیرێكی عێراقی) لە نوسینی د.جەواد هاشمە. ناوبراو تەمەنی (82) ساڵەو لە لەندەن دەژی. لە ماوەی ساڵانی (1968 - 1970)و (1972 - 1974) وەزیری پلاندانان بووە، پاشان بووەتە راوێژكار لە ئەنجومەنی سەركردایەتی بەعس، لە (1977 - 1982) سەرۆكی سندوقی دراوی عەرەبی بووە.

لە لاپەڕە (425 – 433) كتێبەكەیدا، بەدەق بەم جۆرە چیرۆكی لەكارخستنی بەكرو گەیشتنی سەدام حسێن بە لوتكەی دەسەڵات دەگێڕێتەوە:

 

سەدام دەبێتە سەرۆك كۆمار



 کات : رۆژی دووشەممە (16/تەمموز/1979)، دەوروبەری كاتژمێر دەی سەرلەبەیانی.

شوێن: ماڵی خەیروڵا تڵفاح.

ئامادەبوان: ئەحمەد حەسەن بەكر، سەدام حسێن، عەدنان خەیروڵا، هەیسەم كوڕە گەورەی بەكر‌و خەیروڵا تڵفاح.

بەكرو هەیسەم لەسەر داوای تڵفاح بۆ تاوتوێكردنی بابەتێكی گرنگ ئامادەبوون: دەست لەكاركێشانەوەی بەكرو دەستبەرداربوونی لە هەموو پۆستەكانی‌ و سەدام حسێن لەو پۆستانەدا شوێنی دەگرێتەوە.

بەكر رەخنەی لەم شێوازە لە مامەڵەكردن گرت، بە پێشنیارەكەی سەدام ‌و عەدنان خەیروڵا قایل نەبوو، عەدنان كوڕە خاڵی سەدام‌ و برای هاوسەرەكەی ‌و هاوسەری كچەكەی بەكر بوو.

دۆخەكە گرژ بوو، هەیسەم دەمانچەكەی راكێشاو فیشەكێكی تەقاندو بەر عەدنان خەیروڵا كەوت ‌و بە سوكی دەستی روشاند، تڵفاح دەستیكرد بە هێوركردنەوەی دۆخەكە، بەڵام بەكر هەر لەسەر رەتكردنەوەی دەست لەكاركێشانەوەی مایەوە

بەڵام لەكۆتاییدا دوای ئەوەی سەدام تێیگەیاند چیدی خاوەنی هیچ پشتیوان‌ و هاوكارێك نییە نە لە سوپادا، نە لە دەزگای موخابەرات‌ و تەنانەت لە گاردی كۆماریشدا، ملكەچ بوو.

هەموو ئەو دەزگاو دامەزراوانە لە لایەنگران‌ و هەوادارانی بەكر پاك كرابوونەوە،

بەكر داواكەی پەژراند‌و واژوی لەسەر ئەو وتارە كرد كە بۆی ئامادەكرابوو، تاوەكو لە كاتژمێر هەشتی ئێوارەی ئەو رۆژەدا لە رادیۆو تەلەفزیۆنی بەغداوە بیخوێنێتەوە.

بۆ گەنگەشەكردنی "ئارەزوو"ی بەكر لە دەستبەرداربوونی پۆستەكانی بۆ سەدام، پاش نیوەڕۆی ئەو رۆژە سەركردایەتی هەرێمیی‌ و ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا

ئەندامانی سەركردایەتی زانیارییان نەبوو كە سەرلەبەیانی لە ماڵی تڵفاح چی روویداوە، بۆیە هەندێكیان دەنگیان هەڵبڕی ‌و بەرەڤانیان لە بەكری باوك‌ و سەركردە كرد، خۆزگەیان دەخواست تا كاتی كۆتایهاتنی مەراسیم ‌و هەنگاوەكانی راگەیاندنی یەكێتی فیدراڵی نێوان سوریا و عێراق، لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیەكانی بەردەوام بووایە، بەكر گوێی لە هەموو ئەمانە دەگرت، سەدام سەرقاڵی نوسینی تێبینیەكانی بوو لەبارەی هاوڕێ‌ بەپەرۆشەكانی بۆ مانەوەی بەكر.

نێوەندگیرییەكانی ئەندامانی سەركردایەتی رێگری لە بەكر نەكرد، كە مكوڕ بوو لەسەر ئارەزوی بنجبڕی بۆ پێویستی بەرزكردنەوەی سەدام، كوڕە ئازاكە، بۆ پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش، سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی وەزیران‌و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، رازگری نهێنی سەركردایەتی هەرێمیی ‌و جێگری رازگری نهێنی سەركردایەتی نەتەوەیی حیزبی بەعس.

بەم جۆرە بەكر دەستبەردار بوو، سەدامیش قایل بوو بەوەی بۆ بەرەڤانیكردن لە عێراق‌و گەلەكەی ‌و سامانەكانی ‌و داهاتووی عێراق، دەسەڵات وەربگرێ‌‌ و تەواوی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت كۆبونەوەكە كۆتایهات.

بەكرو سەدام باوەشیان بەیەكدا كردو هۆڵی كۆبونەوەكانیان لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەی كۆشكی كۆماری بەجێهێشت. سەدام رویكردە نوسینگەكەی لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نیشتیمانی‌ و ئەو كاغەزانەی بەدەستەوە بوو كە تێبینیەكانی لەسەر نوسیبوون.

تێبینیەكان لەبارەی هەر ئەندامێكی سەركردایەتی بوو كە بۆ مانەوەی بەكر لە پۆستەكانیدا بە پەرۆش بوون، عەدنان حەمەدانی سەرباری دۆستایەتیە بەتینەكەی لەگەڵ سەدام، بەپەرۆشترین كەس بوو بۆ بەكرو بەرەڤانی لێكرد، بەرگری‌و پەرۆشی غانم عەبدولجەلیل لە هی حەمەدانی كەمتر نەبوو

محەمەد مەحجوب ‌و محەمەد عایش بەكوڵ دەگریان تاوەكو پێداگری لە باوكی سەركردە بكەن دەستبەرداری پۆستەكانی نەبێت، هەرچی ئەندامانی دیكەی سەركردایەتی بوو تەنها ستایشی بەكریان كردو هیوای تەندروستی‌ و خۆشبەختیان لە ژیانی داهاتویدا بۆ خواست.

كاتژمێر هەشتی ئێوارەی ئەو رۆژە، بەكر دوایین وتاری خۆی لە رادیۆو تەلەفزیۆنەوە خوێندەوە، رایگەیاند بەهۆی دۆخی تەندروستیەوە دەستی لەكار كێشاوەتەوە جەختیكردەوە بەدرێژایی ژیانی ئامادەبووە بۆ لە ئەستۆگرتنی هەموو ئەو بەرپرسیارێتیانەی كە سەركردایەتی پێیان سپاردوە

بەڵام ئەم ماوەیەی دوایی لە دەسەڵاتەكەی هاوزەمان بووە لەگەڵ قەیرانی تەندروستی دوابەدوای یەك ‌و ئەوەش وایلێكردوە نەتوانێت كاروباری رۆژانەی پۆستەكانی بەڕێوەبەرێت، بۆیە سەدام حسێنی راسپاردوە بۆ بەڕێوەبردنیان بەكر بەردەوام بوو، رویكردە گەلی عێراق ‌و وتی پێداگربووم لەسەر ئەوەی سەركردایەتی ‌و "هاوڕێ‌" سەدام دەست لەكاركێشانەوەم پەسەند بكەن.

زنجیرەیەك بڕیار لە ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشەوە دەرچوون، گرنگترینیان پەسەندكردنی دەست لەكاركێشانەوەی بەكرو دامەزراندنی سەدام بوو، دیارە بەگوێرەی ماددەی نۆی دەستوری كاتی.

دیاریكردنی عیزەت ئیبراهیم دوری بە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش‌و بەخشینی لە پۆستی وەزیری ناوخۆ، دامەزراندنی سەعدون شاكر بە وەزیری ناوخۆو بەخشینی لە پۆستی سەرۆكی دەزگای گشتی موخابەرات.

دامەزراندنی وەزارەتێكی نوێ‌ بەناوی وەزارەتی حوكمی ناوچەیی، پێكهێنانی پێنج پۆست بەناونیشانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و پۆستێكی دیكە بەناوی جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان.

لە رۆژی دواتر "حەڤدەی تەمووز"، سەدام حسێن وتارێكی ئاراستەی گەلی عێراق كردو جەختیكردەوە كە پابەندە بە بنەمای سەركردایەتی بەكۆمەڵ لە چوارچێوەی حزبی بەعس‌و دەوڵەتدا، وتیشی داوا لە هیچ ئەندامێكی سەركردایەتی یان هەر هاوڵاتیەكی عێراقی ناكەم كارێك بكات كە لە توانایدا نەبێت، وتیشی: دەبمە یەكێكە لە تێكۆشەرانی حزب نەوەكو تاقە تێكۆشەر، بەرەنگاری ستەم‌ و چەوساندنەوە دەبمەوەو هەرگیز رێگە بە ستەم یان هەوڵی نەهێشتنی دادپەروەری یان بەفیڕۆدانی مافی هاوڵاتیان یان سوكایەتیكردن پێیان نادەم.

وتارێكی جوان‌و وشەگەلێكی جوانتر، لە ئێوارەی حەڤدەی تەمموزی (1979)دا بە ئاسمانی عێراقدا دابارین، هاوڵاتیانی عێراق‌ و ئێمەش كە لەگەڵ سەدام كارمان دەكرد، گوێمان بۆ رادێرا، هیواو خۆشحاڵی روخسارمانی داپۆشی، مژدەی سەردەمێكی نوێمان دەدا، گەنجێكی نوێخواز.

ئایندەیەكی گەش بۆ عێراق كە بە زانست ‌و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو ئازادییەكان رازاێنرابوەوەو سەدام بەڵێنی پێدابووین.

 

پلانگێڕی سەركردایەتی



رۆژی (22/تەمموز/1979) سەدام داوای لە كادرە پێشكەوتوەكانی حزب كرد بۆ كۆبونەوەیەكی بەپەلە، لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نیشتیمانی ئامادەبن، هیچ كەسێك زانیاری پێشوەختەی لەبارەی ئەم بانگهێشتە كتوپڕەوە نەبوو.

پاش وچانێكی كورت، سەدام ئاشكراكردنی پلانگێڕییەكی لەدژی سەركردایەتی راگەیاند، پلانگێڕییەكەش یەكێك لە پلانگێڕەكان باسی وردەكارییەكانی دەكات، ئەویش موحی عەبدولحسێن مەشهەدی بوو كە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش‌و رازگری نهێنی ئەنجومەن ‌و ئەندامی سەركردایەتی هەرێمیی حزبی بەعس بوو

پاشان سەدام ناوی پلانگێڕانی خوێندەوە لە ئەندامانی سەركردایەتی هەرێمیی‌و كادیرە پێشكەوتوەكانی حزب، هەر كەسێكیان كە ئامادەبوو تەنها ئەوەندەی لەسەر بوو بوەستێت‌و دروشمەكانی حزب بڵێتەوە (امە عربیە واحدە، ژات رسالە خالدە: نەتەوەی عەرەب یەكە، خاوەنی پەیامێكی نەمرە). دواتر هۆڵی كۆبونەوەكەی جێدەهێشت.

مەشهەدی لەپشت مایكرۆفۆنەوەو لەلای راستی سەدامەوە وەستا، لە چەند كاغەزێكی چاپكراودا دەستیكرد بە گێڕانەوەی وردەكاری "پلانگێڕییەكە"ی هاوڕێیان، وتی من‌ و چوار ئەندامی سەركردایەتی بە ئامانجی روخاندنی رژێمەكە پلانی كودەتایەكمان داناوە، پلانگێڕەكانیش ئەمانە بووین: عەدنان حەسەن حەمەدانی (شیعە)، غانم عەبدولجەلیل (شیعە)، محەمەد عایش (سووننە)، محەمەد مەحجوب (سووننە).

هەروەكو مەشهەدی وتی پەیوەندیمان بە دەوڵەتێكی عەرەبی كردوە (مەبەستی سوریا بوو)، پارەو فەرمانمان لێ وەرگرتون، بەڵێنیان پێداوین تیپێكی سەربازیمان بە جلوبەرگی سەربازی عێراقیەوە بۆ بنێرن، بە ئامانجی لەناوبردنی سەدام‌ و رادەستكردنی عێراق وەكو پارویەكی بەلەزەت بۆ "ئەبو سلێمان" واتە حافز ئەسەد، ئەمە پلانگێڕییە شوومەكە بوو.

دوای تەواوبونی مەشهەدی لە خوێندنەوەی "دانپێدانانە" پێشتر ئامادەكراوەكەی، سەدام دەستیكرد بە ئاشكراكردنی ناوی پلانگێڕان، ئامادەبوان یەك بەدوا یەك هۆڵەكەیان بەجێهێشت، ئەندامانی موخابەرات لە دەروازەكەی هۆڵەكە چاوەڕوانیان بوون‌و راپێچیان كردن.

سەدام جگەرە كوبیەكەی پێكرد، بە دەستەسڕێكیش فرمێسكەكانی سڕی كە بە روخساریدا شۆڕبوونەوە، تەها جەزراوی‌ و تاریق عەزیز لەگەڵیدا گریان، پاشان ئامادەبوان بڕیاریاندا بۆ چارەكردنی دۆخەكەو لە ریشە دەرهێنانی پلانگێڕی ‌و پلانگێڕان، تەواوی دەسەڵاتی پێویست بە سەدام ببەخشن.

لەوانەش پێكهێنانی دادگایەكی تایبەت بۆ دادگایكردنی "هاوڕێیان"ی پلانگێڕو دەستبەجێ‌ جێبەجێكردنی حوكمەكانیان
، لە (29/7/1979) ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بڕیاریدا بەپێكهێنانی دادگایەكی تایبەت بۆ دادگایكردنی پلانگێڕان، بە سەرۆكایەتی نەعیم حەدادو ئەندامێتی سەعدون غێدان، تایە عەبدولكەریم، حەسەن عەلی عامری، سەعدون شاكر، حیكمەت ئیبراهیم عەزاوی‌و عەبدوڵا فازڵ.

رۆژی (7/8/1979) رادیۆی بەغدا بڵاویكردەوە دادگاكە لە (1 -7ی ئاب) دانیشتنەكانی بەڕێوەبردوە، "بەوردی" لە دادگایكردنی (68) كەسی روانیوە، سزای لەسێدارەدانی بۆ (22) كەس ‌و سزای زیندانیكردنی بۆ (33) كەس دەركردوەو (13) تۆمەتباریان بێتاوان دەرچوون.

سزای لەسێدارەدانەكان رۆژی هەشتی ئاب جێبەجێ‌ دەكرێن، بەبێ‌ ئەوەی تۆمەتباران مافی بەرگری یان پێداچونەوەی حوكمەكانیان هەبێت
، لە ئەندامانی سەركردایەتی هەرێمیی‌ و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش كە لەسێدارەدران: محەمەد عایش، عەدنان حسێن حەمەدانی، محەمەد مەحجوب دوری، غانم عەبدولجەلیل.

دانپێدانانەكانیش پاكانەیان بۆ محی عەبدلحسێن مەشهەدانی نەكردو دوایین كەس بوو كە لەسێدارە درا
، چەند سەركردەیەكی دیكە لە حزب‌ و سوپا لەسێدارەدران، لەنێویاندا لیوا روكن وەلید مەحمود سیرت بەرپرسی هێزەكانی پاراستنی بەغدا، بودن فازل سەرۆكی یەكێتی گشتی سەندیكاكانی كرێكاران، خالید عەبد عوسمان وەزیری حوكمی محەلی بوون.

 




ئه‌م بابه‌ته 634 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر