سیاسەتی پەروەردەیی وەزارەتی خوێندنی باڵا (4)

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 و راگەیانراوی فەرمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO و وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە فەرمییە تەندروستییەکان لە جیهاندا سەبارەت بە ئاماری توشبووان و کۆچکردووان، پرسێکی گشتگیر و ئاڵۆز رووی لە بوارە جیاوازەکانی خوێندن و پەروەردە کرد
PM:10:36:06/08/2020
دۆسیە: دەوڵەت سازی
ئەمەش بوویە هۆی بیرکردنەوەی جیاواز بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ئەکادیمی لە جیهاندا بێتە ئاراوە

د.موئمین زەڵمی
نوسەر و ڕوناکبیر



لەو چوارچێوەیەدا خوێندنی جیاواز و شیکردنەوەی جیاواز و تەنانەت پێشنیاری جیاوازیش بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەروەردەو خوێندنی باڵا خرانەروو و ژمارەیەکی زۆر لە جۆرناڵە جیهانییە کاریگەرکان بڵاوکراوەی تایبەتیان تەرخان کرد و لە چەندین شوێنی جیهانیشەوە توێژەران توێژینەوەکانیان لەم رووەوە بڵاوکردەوە.

باو (2020) بەئاماژە بە باردۆخی تەندروستی لە چین کە یەکەم وڵات بوو پەتاکەی لێوە بڵاوبوویەوە، پێی وایە کە خوێندن لە سەردەمی کۆڤید-19 لە رێگای ئۆنلاینەوە کاریگەری جیاوازی دەبێت، ئەو پێنج کاریگەری لە دەرئەنجامی توێژینەوەکەیدا خستۆتەروو کە بریتین لە "دەرفەتی گونجان لە نێوان دیزاینی وانەی ئۆنلاین و ئاستی فێربوونی قوتابیان، کاریگەری گەیاندنی پەیامی وانە و فێرکردن، پاڵپشتی تەواوی تەکنیکی و ئەکادیمی ناوەندەکانی خوێندن بۆ قوتابیان، بەشداری کارای هەمەلایەنە لە بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی توانای فێرکردنی قوتابیان، هەروەها زەمینەسازی بەردەوام بۆ چۆنیەتی مامەڵە لە گەڵ خوێندنی باڵا لە ماوەی داهاتوودا کە دیار نیە تا کەی ئەم نەخۆشییە بەردەوام دەبێت".

هەروەک بە لای "چیک، کلیفتۆن، پیس، پرۆپەر، هاڵێ، ئەلسەیدی و ڤێرلاند" کە توێژینەوەکەیان لە مانگی ئایاری (2020) بڵاوکراوەتەوە زۆر گرنگە کە هارمۆنیبوونی و گونجاندنی زیاتر لە گەڵ لایەنەکانی مامۆستایان و قوتابیان و ڕێگاکانی وانەوتنەوە لەم سەردەمەدا زیاتر بێتەکایەوە.

جەختیش دەکەنەوە کە سەلامەتی جەستەیی و مەعنەوی و رۆحی قوتابیان لە پێش هەموو شتێکەوەیە و پێویستە هەموو ئەو ڕێگایانەی وانە وتنەوە و پڕۆگرامەکانی فێرکردن کە لەم ماوەیەدا دەگیردێنەبەر گرنگی تەواو بە خوێندنەوەی دۆخی تەندروستی قوتابیان بدەن.

پێشینەیی لە گرنگترین پڕۆگرام و مادەی پێویستی زانستی، دوورکەوتنەوەلە ئاڵۆزی و گرێ کۆڵی زیاتر لە پڕۆسەی خوێندا، یەکێکە لەو خواستانەی کە بارودۆخەکە دەیخوازێت.

بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە لەسەر ئاڵەنگارییەکانی خوێندنی باڵا لە سەردەمی کۆڤید-19 دا ئەنجامدراوە، ئەو دەرئەنجامە خراوەتەوەڕوو کە پێویستە ناوەندە ئەکادیمییەکانی خوێندنی باڵا لیستێک ئامادە بکەن بۆ دیاریکردنی پێشینەیی (ئەولەویەتی) پێداویستییە ئەکادیمییە و زانستییە گرنگەکان لەم ماوەیەدا هەر لە دیاریکردنی پڕۆگرامی وانەکان و بەشەوانەکانەوە تا شێوازی وانەوتنەوە و ئاسانکارییەکان.

لەوانەش "بەردەستبوونی سۆفتوێرەو پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان بە ئاسانی، فێربوونی سەربەخۆیی لە ماڵەوە، هەروەها شێوازی هەڵسەنگاندنی شیاو و گونجاو" (کۆگان، هانۆن و نۆڵتی، 2020).

هەروەک بە گوێرەی توێژینەوەیەکی سێنتێما (2020) کە لە ناوەندەکانی خوێندنی زامبیا ئەنجامیداوە، دەرکەوتووە کە تەنانەت بارودۆخەکە وا دەخوازێت زانکۆکان پڕۆسەی وەرگرتنی قوتابیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئاسانتر بکەن و کارئاسانییەکان بە شێوەی گشتی بن و ئاساییە ئەگەر زانرا رێژەی ناوەندی "معدل" ی قوتابیان دابەزینی بەخۆیەوەبینی زانکۆکانیش نمرەی وەرگرتن دابەزێنن.

بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە لەگەڵ هەوڵە جیاوازەکان و ڕێگا جیاوازەکانی تێپەڕاندنی ئەمساڵی خوێندنی ئەکادیمی، بە هەڵسەنگاندنی چالێنجە جیاوازەکان پێویستە لەئێستاشەوە هەوڵ بدرێت بۆ دانانی پلانی نوێی ساڵی ئایندەی ئەکادیمی (2020-2021) لەژێر رۆشنایی بەردوامی پەتاکە و ئەو پێشهاتە جیاوازەی ئەگەری هەیە دووبارە بزێتەوە، بەڵام جەختیش دەکرێتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک پاساو بدرێ بە دەستەوە بۆ شکستپێهێنانی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی داهاتوو



ئه‌م بابه‌ته 234 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر