ململانێی خوێنه‌ری کورد و هێزی قودسی

لەم یادداشتەدا هەوڵ دەدرێت سەربووردەی شکڵگیریی و درووستبوونی خوێنەری کورد بەشێوەی گشتی ئاوڕی لێبدرێتەوە و ئاماژە بەو هێز و رەهەندانە بدرێت کە لەمپەرن لەبەردەم خوێندنەوە و راڤەی دەق و خوێنەر لە ئاستێکی نزام و ناداهێنەرانەدا دەهێڵنەوە
PM:02:29:07/08/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
کلیل وشەکان: خوێنەر، دەق، نووسەر، هێزی قودسی(پیرۆز)

عادل قادری
نووسەرو ڕۆشنبیر



باسکردن لە خوێنەری کورد بەدەر نییە لە لێکدانەوە و شەن و کەوکردنی ئەو بەستێن و بوارە مێژوویی و کۆمەڵایەتی، کەلتووریی و بگرە رامیارییەش کە هەل و مەودای دەرکەوتنی خوێنەر و فەزای ململانێی چییەتی(ماهییەت)وەرگریی خوێنەرمان بۆ روون دەکەنەوە.

پێگە و واتای خوێنەر لە پێوەندی لەگەڵ دوو کۆڵەکە و رەهەندیتر واتە "دەق" و "نووسەر" دیاری دەکرێت.

واتە هەر جۆرە باسکردن لە خوێنەری کورد(بەتایبەتی لە پانتای دەقە نوێ و مۆدێڕنەکان) بە بێ باسکردن لە نووسەر و چییەتی نووسین و گەڕان و پشکنین بۆ دەق و واتا و رەهەند و چییەتییەکانی، نەکردە و لاواز و هەڵەیە.

بەمانایەکی تر باسکردنی هەر کام لەم لایەن و "بوون"انە بەشێوەی ناڤرەیی١ و جوداواز و لێک بڕاو درووست نییە چوونکوو مێژوو و زەمەن و تەنانەت رەنگە چرکەساتی دەرکەوتنی هەر کام لەم سێ کوچکەیە لەرووی تیۆرییەوە بە بێ وێناکردنیان بە شێوەی کۆیی دەچێتە خانەی ئەستێرە لە ئاودا ژماردن٢ کە تەنها لایەن و رەهەندێکمان زیاتر بۆ زەق دەکاتەوە.

بۆ نەکەوتن لە وەها هەڵە و داوێکی تیۆریکییەوە دەشێت مێژووی سەرهەڵدان و باڵاکردن و ماهییەت وەرگرتنی خوێنەر لە پێوەندی لەگەڵ دوو کۆڵەکەی تر واتە "دەق" و "نووسەر" دا بخەینە بەر باس.

کەواتە هێڵی رەوایی ئەم نووسینە بەناو سێ کوچکە و بنەما دا کە هاوکێشەیەکی سێ گۆشە(موسەلەس)یی پێک دێنن تێدەپەڕێت و لە دواجار دا بارودۆخ و ئاست و ماهییەتی خوێنەر لە پێوەندی ئەم سێ بنەمایە واتە دەق، نووسەر و خوێنەر هەڵدەهێنجرێت.

خوێنەر لە ناو کۆمەڵگای کوردی دا چارەنووس و شوناسی بەند بووە بە دەقێکی گەورەی ئاسمانی واتە قورئانی "پیرۆز"! هەبوونی لەمێژینەی ئاوەها دەقێک لەکۆمەڵگایەکدا کە تا سەر ئێسقان نەخوێندەوار و نەریت پەرەست و تابۆتەوەر بووە بواری وەهای بە دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ئیرادە و توانستێکی بکەرانە(فاعلانە) چ لە قەوارەی نووسەردا بێت کە ئەنجام و بەرهەمەکەی دەق بێت یان چ لە قەوارەی خوێنەردا بێت کە هەمدیس ئەنجام و بەرهەمەکەی دەشێت دەق یان شرۆڤەی دەق بێت یان باشتر وایە بڵێم کە لێرەدا بوونی خوێنەر لە گەشەپێدان و کەڵەگەت کردنی جیهانی دەق دا رۆڵی بەرچاو دەگێڕێت.

هەر وەک دەبینرێت بوونی ئەم سێ کوچکەیە بەناو و لەناو چەق و هەناوی یەکدی دا چەکەرە دەکەن و دەبزوێن و دەکرێ بەگشتی و لەژێر ناوی دەستەواژەی "هاوبوون" کۆیان کەمەوە چوون بوونیان بە بێ یاکدی ناپۆڕێت یان مانا و رۆڵێکی ناتەواو و نیوەچلی هەیە.

دەسەڵات و هەیمەنەی ئاوەها دەقێکی پیرۆز تەنها خوێنەران وراڤەکارانێکی قودسی و پیرۆزی دەویست لە جنس و توخمی دەق! بن! وردەوردە بەتێپەڕینی زەمان خوێنەرانی ئەم دەقە پێگە و جێگەیەکیان بۆ خۆیان پێناسە و دەستەبەر کرد کە هەڵوێست و ئاخافتن و لێدوانیان شەبەنگی پیرۆزایی دەقی گەورەی پیرۆزیی، تێدا دەبریسکایەوە و لە ژێر ناوی مەلا، سۆفی، و موجتەهید هەوڵیان دا هەموو ئەگەرەکان و شیمانەکانی بوون و ئامادەیی خوێنەر بۆ خۆیان قۆرخ بکەنەوە و هەبوون بە خوێنەر و ئەنجامدانی کردەی "خوێندنەوە" و "راڤە" و بەگوێرەی ئەوەش بەرهەم ئانینی چەشنێک لە مانایان یاسامەند و پڕمەرج کرد و دواتر بانگەواز و خوتبەدانیان لەژێر تیشک و بەئاراستەی شەبەنگی کتێبی پیرۆز بە کارێکی تایبەت بە خۆیان و ئەرکێکی پیرۆز جێ خست.

هەموومان لەیادەوەری نە فرە دوور و نە فرە نێزیکمان دەسەڵاتی مەلا و شێخەکانمان لە بیرە کە بەهۆی هەبوونی "ئەو شەبەنگە پیرۆزە"وەکوو (خوێنەرانی/راڤەکارانی دەقی پیرۆز) هەرێمی مانایی شێخانە و مەلایانەیان لە دێکان و گوندەکان و قەوارە نەخوێندەوار و نەریت پەرەستە بچووک و گەورەکان مسۆگەر دەکرد.

هەبوونی ئاوەها هاوکێشەیەک تاک و گرووپەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی لە بارودۆخێکدا راهێنا کە لانیکەم تا قۆناغێک قبووڵی ئەمە بکەن کە خوێندن و راڤەکردن و ئەنجامی ئەرکی خوێنەرایەتی لە چوارچێوەی بوون و کردەوەی ئەوان وەکوو ئینسانی ئاسایی و ناپیرۆزدا نییە و تەنها تاقمێکی تایبەتی پیرۆز کە پێوەندی راستەوخۆیان لە گەڵ ئەو سەرچاوە قودسییە دا هەیە بۆیان هەیە بڵێن دەق چی وتووە و چی دەڵێت! تا ئێرە هاوکێشەیەک درووست بووە کە خوێنەر بە دوو بەش و لایەنی پیرۆز و ناپیرۆز پۆلین بەندی کراوە.

واتە لە رەوتێکی مێژوویی تایبەت و لە هەڵوێستێکی تایبەت لەسەر ئاوەها دەقێکدا تەنها یەک دەستە خوێنەری راستەقینە بوونی هەبووە و ئەویش خوێنەری پیرۆزە کە راڤەی پیرۆز لە دەقی پیرۆز بەرهەمدێنێت و بە شێوازێک هەوڵدەدات لەرێگەی پیرۆزڕاگرتنی و بە پیرۆزکردنی دەقی سەرچاوە و قودسی بنووسێت و بخوێنێت!

لێرەدا ئەم خوێنەرە تەنها و تەنها خۆی بە خاوەنی مەشرووعییەت بۆ پێوەندی لەگەڵ ئاوەها دەقێک دەبینێت، و پردی پێوەندی نێوان ئەم دەقە پیرۆزە و ئاپۆرەیەک لە "بەردەنگان(خوێنەری هێزەکی، خوێنەری ئاسایی(ناپیرۆز)، خوێنەری شاراوە، ناخوێنەر و...)

ئەم خوێنەرە پیرۆزەیە کە بەحوکمی جەوهەری واتای "پیرۆز" وچەمکی"موقەدەس" هیچ شتێکی نوێ و تازە و داهێنراو لە دەق دا نابینێت و بواری بینین و دەرکەوتنیشی نادات.

بەشێک لەمەی کە ئەوان وەک خوێنەری پیرۆز پاسەوانانی واتا نەگۆڕەکانی دەقی پیرۆزن بۆ ئەوەیە کە تاقەمانایی و تاکەواتایی دەق خەوشی لێ نەکەوێت و ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەی کە خوێنەرانێکی تازە بێنە سەر میحرابی دەق و مانای نوێی پێوە بلکێنن بەرەو رەهابوون و سەرپەڕپەرەستی دەیانجمێنێت.

بۆیە تەنها بەرگری لە بوونی یەک تاقم خوێنەر کە پاسەوانی پیرۆزییە دەکات و باقی هەوڵ و ئیرادە راڤەخواز و خوێندن تەوەرانەکانی تر بە ناپیرۆز و نابەجێ و "نەوزوهوور"دەزانێت.

لێرەدایە کە تریبۆنی راڤە و مانابینیی دەق تەنها بە مافی خۆی دەزانێ و تا ئەو شوێنەش لەتواناییان دا هەیە مەبەستیانە بوار نەدەن راڤە و خوێندنەوە و مانادۆزیی لە ژێردەست و کۆنترۆڵیان بێتە دەرەوە.

ئەم چیرۆکەی پیرۆزیی و دیکتاتۆرییەت و رەهاخوازی(موتڵەق گەرایی) و دەرجالێدان و...ە دوور و درێژە و من ویستم بەشێک لەو ئەتومێسفرەی کە خوێنەر(تاک)ی کوردی تێدا هەڵخێزراوە نیگار بکەم و شوناس و ماهییەتی خوێنەر بە سانایی و ساکاریی ئامادە و لەبەردەست نەبینین و ئاگاداری چەند خاڵی زێڕین و پرسیاری بنەمایی بین:

١- خوێنەر بەگشتی و بەگوێرەی ئەوەش خوێنەری کورد خاوەن مێژوو و تەمەنە...مێژوویەک لە ناو ململانێی میحرابی قودسییەت و ناقودسییەت.

٢- خوێنەری کورد لە دەمکوتگە و پیرۆزستانێک سەری وەدەر هێناوە کە دەشێت کاری زۆر لەسەر خۆی بکات بۆ گەیشتن بە ئازادی دال و ونباریی(گمگشتگی) مانا و لەوێشەوە ئەزموونێکی مۆدێڕن و جیهانگیر لە خوێندن.

٣- خوێنەری کورد لە رووبەری ئەدەب و رەخنەی ئەدەبی دا کێشەدارترین و قەیرانمەندترین"بوون" و دەرکەوتەی بوونی کوردە.

٤- وشیاریی خوێنەر ئەرکی چی یان کێیە؟ ئەرکی دەق یان نووسەرە؟ دەبێت لەسەر ئەم پرسیارانە کاری تیۆریک و کردەی تێڕامان بێتە ئەنجام.

٥- خوێنەری کورد هەنووکە لە بارودۆخێک دا هەناسە هەڵدەکێشێت کە پۆست مۆدێڕنیزم و ترانس مۆدێڕنیزم دێتە بەرچاو و دەستی واتە لە دۆخێکی پڕقەرەباڵغ و حەشامات لە جیهانێک دەژی کە بە هۆی رووداوی جیهانگیرییەوە بە گوندی جیهانی ناوزڕاو بووگە.

٦- خوێنەری کورد لە چ بارودۆخێکی مەعریفی و زانیاریانە دا دەژی؟

و...هتد

ژێدەر و سەرچاوەکان:
1- ناڤرە:دوورگە .
2-واتە کارێک کە بە نیوەچڵی و ناتەواوی ئەنجام دەخوات.



ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر