خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ 100 رۆژ له‌ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی

رۆژی 14/8/2020، ماوه‌ی 100 رۆژی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌ی موسته‌فا كازمی، ته‌واوبوو، كه‌ له‌ 5/7/2020 له‌ په‌رله‌مانی عێراق متمانه‌ی پێدرا.
PM:03:21:19/08/2020
دۆسیە: عیراقناسی
به‌ڵێنی زۆر، نمایشی سینه‌مایی و قسه‌ی بێ كردار

سامان صالح
رۆژنامه‌نووسی سه‌ربه‌خۆ-ماسته‌ر له‌سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كاندا



له‌ ماوه‌ی 100 رۆژی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌ی موسته‌فا كازمیدا، له‌ عێراقدا، هیچ شتێكی نوێ، كه‌ بووبێته ‌هۆی قه‌ڵه‌مبازێك به‌ لای چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی عێراقدا نه‌كراوه‌ و هه‌تا ئێستاش هه‌ر به‌ڵێن ده‌درێت و خۆپیشانده‌رانیش له‌ به‌غداد و كه‌ركوك و چه‌ند پارێزگه‌یه‌كی دیكه، بۆ داوای مافه‌كانیان‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن.

به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی موسته‌فا كازمی، له هه‌شت بڕگه‌دا، چه‌ند پرسێكی له‌خۆگرتووه‌، وه‌ك: "كاره‌ له‌پێشینه‌كان، گه‌شه‌پێدانی ده‌زگه‌كانی ئاسایش و چاكسازییكردن تێیاندا، چاره‌سه‌ری به‌ربه‌سته‌ ئابووری و داراییه‌كان، كۆڵه‌كه‌كانی په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كییه‌كان، له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی كارگێڕیی، دادگه‌ری وه‌ك پێوه‌ری ده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌وتوو، خۆپیشاندان رێگه‌یه‌ك بۆ پێگه‌یشتنی ده‌وڵه‌ت، وه‌ بڕگه‌ی كۆتایی بریتیی بوو له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵیی و حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگه‌كان".

له‌ خاڵی یه‌كه‌میدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كان، گرنگترین خاڵه‌كانی بریتیین له‌: هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی چه‌ك ته‌نها له‌ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا، هه‌روه‌ها ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ بودجه‌یه‌كی ئاوارته‌- استثنائی، دواتریش بابه‌تی گه‌نده‌ڵیی.

له‌به‌ر رۆشنایی كارنامه‌كه‌دا موسته‌فا كازمی له‌ماوه‌ی 100 رۆژدا له‌ بواری كاره‌ له‌پێشینه‌كان ته‌نها توانیویه‌تی پێشنیازی دیاریكردنی رۆژێك بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكات(6/6/2021)، كه‌ هێشتا چوارچێوه‌ قانونییه‌كه‌ی ماوه‌و جێگیر نه‌بووه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ باره‌ی پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق، دادگاییكردنی بكوژانی خۆپیشانده‌ران و گرنگیدان به‌بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی خۆپیشاندانه‌كان، دادگاییكردنی گه‌نده‌ڵكاران، چاره‌نووسی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، رێكخستنه‌وه‌ی چه‌ك له‌ده‌ست گروپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، هیچ نه‌كراوه‌و له‌و نمایشه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی رۆژانی حكوموته‌كه‌یدا له‌ به‌غداد به‌رامبه‌ر به‌ كه‌تیبه‌كانی كاتیۆشاش، ئه‌نجامدرا، كازمی، شكستێكی قورسی هێنا‌.

سه‌باره‌ت به‌ بڕگه‌ی دووه‌م، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌زگای سه‌ربازیی و ئاسایش و چاكسازی تێیاندا، له‌ شه‌ش خاڵدا كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ نووسراون كه‌ له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ به‌وجۆره‌ به‌ شانوباڵی هێزی سه‌رباز و ئاسایشدا هه‌ڵدراوه‌، به‌ڵام له‌ واقیعدا پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌نجامدراوه‌.

له‌باره‌ی بڕگه‌ی سێیه‌می كارنامه‌كه‌وه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌: چاره‌سه‌ری به‌ربه‌سته‌ ئابووری و داراییه‌كان، كه‌زۆرترین گرنگیی پێدراوه‌و (یازده)‌ خاڵی تێدا ده‌ستنیشانكراوه‌، ‌ده‌توانین بڵێین كه‌: له‌دوو به‌ش پێكدێن، به‌شێكی كورت مه‌ودا و به‌شێكی ماوه‌ درێژ، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ڕوانگه‌ی ته‌مه‌ن و مه‌به‌ستی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمییه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تێكی كار به‌رێكه‌ره‌، لێی بڕوانین، ئه‌وا له‌و ماوه‌یه‌دا جێبه‌جێناكرێت، به‌ڵام له‌ ئامانجه‌ كورت مه‌وداكانیش، هیچ شتێك نه‌كراوه،‌ ته‌نها به‌شێك له‌ خاڵی (10)ی بڕگه‌ی سێیه‌می كارنامه‌كه نه‌بێت كه‌ ئه‌ویش برتییه‌ له:‌ (اڵاتمتە) له‌ناو ده‌زگه‌كانی حكومه‌تدا به‌تایبه‌ت ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان.

مه‌به‌ست له‌ (اڵاتمتە) واته‌: به‌‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی كاروباره‌كانی حكومه‌ت، كه‌ موسته‌فا كازمی، به‌وپێیه‌ی پێشتر سه‌رۆكی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگریی نیشتمانی عێراق بووه‌، ده‌زانێت له‌ ده‌روازه‌ سنووریه‌كاندا چی ده‌گوزه‌رێت بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌وبواره‌دا چه‌ند هه‌نگاوێكی هه‌ڵهێناوه‌و بڕێك ده‌ستكه‌وتی دارایی حكومه‌تی عێراقی پێ زیادكردووه‌.

له‌باره‌ی بڕگه‌ی چواره‌می كارنامه‌كه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كۆڵه‌كه‌كانی په‌یوه‌ندی ده‌ره‌كیی یه‌وه‌، دابه‌شكراوه‌ بۆ سێ كۆڵه‌كه، وه‌ك: سه‌روه‌ریی، هاوسه‌نگی، هاوكاریی، كه‌ ئه‌مانیش وه‌ك ئاواته‌ دێرینه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق دێنه‌ژماردن، تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی سه‌روه‌ریی عێراق و "مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه‌"‌ له‌گه‌ڵ ده‌وه‌ڵه‌تان كراوه‌، به‌ڵام له‌كه‌یسی عێراقدا، ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ بۆ 100 ساڵی ته‌واو ده‌چێت نه‌گه‌یشتۆته‌ جێی خۆی و كه‌س نایبیستێتو بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی موسته‌فا كازمیش هه‌مان شت ده‌بێت.

بڕگه‌ی پێنجه‌میی كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمیی، تایبه‌ته‌ به‌ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و چاكسازیی كارگێڕێی، له‌ دوو خاڵدا له‌رێگه‌ی دانانی بنه‌مای ستراتیژییه‌وه‌ به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری ده‌دات، كه‌ خۆیی له‌ به‌هێزكردنی ده‌زگه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌ی كه‌ گه‌نده‌ڵكاران لێوه‌ی سوودمه‌ند ده‌بن، له‌مبواره‌دا له‌ڕووی كردارییه‌وه‌ له‌ماوه‌ی 100 رۆژی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمیدا هه‌نگاوی كرداری نه‌نراوه و ئراسته‌كانی كار له‌مبواره‌دا روون نین‌.

بڕگه‌ی شه‌شه‌می كارنامه‌كه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ دادگه‌ریی، وه‌ك بنه‌مای ده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌وتوو، له‌ سێ خاڵدا له‌ڕێگه‌ی رێزگرتنی دامه‌زاروه‌ی دادگه‌ری، چالاككردن و جێبه‌جێكردنی قانون و هاوكاری نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ گشتییه‌كانه‌وه‌ به‌ڵێنی به‌دیهێنانی ده‌دات.

بڕگه‌ی حه‌وته‌می كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی موسته‌فا كازمی، له‌: خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ رێگه‌یه‌كه‌ بۆ پێگه‌یشتن و كامڵبوونی ده‌وڵه‌ت، پێكدێت.

موسته‌فا كازمی، له‌و بڕگه‌یه‌دا، هه‌وڵی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی راوێژكاری گه‌نجان ده‌دات كه‌ به‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ ببه‌سترێته‌وه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ری بوونی په‌یوه‌ندیه‌كی باش له‌نێوان حكومه‌ت و خۆپیشانده‌ران.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه‌،‌ ئه‌م خاڵه‌یه‌، چونكه‌ له‌ماوه‌كانی رابردوودا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دروستكردنی هه‌ر ده‌سته‌و گروپێك له‌نێوان هه‌ردوولا به‌توندی له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ له‌مانگی 11/2019 له‌گه‌رمه‌ی خۆپیشانداندا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چه‌ندین كه‌مپه‌ینی دژه‌ گفتوگۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ رێكخراوه‌و گروپی لاوانی خۆپیشانده‌ر كه‌ بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت باسده‌كران، له‌لایه‌ن خۆیشانده‌رانه‌وه‌ به‌ پیاوانی ده‌سه‌ڵات و وشه‌ی زبر، ناویان ده‌برا و هێرشیان ده‌كرایه‌سه‌ر، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر تۆفانی ( محد یمثل المتظاهرین) زۆرترینجار به‌كارهێنرایه‌وه‌.

له‌ دوا رۆژه‌كانی پێش ته‌واوبوونی 100 رۆژی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمیی، هه‌واڵی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ گوایه؛‌ موسته‌فا كازمی لیستی له‌ناو گه‌نجانی خۆپیشانده‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌بێـت، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ونگاوێك به‌ ئاراسته‌ی قۆستنه‌وه‌ی كاری حكومیی، به‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌ناو خۆپیشانده‌ران ده‌درێته‌قه‌ڵه‌م.

بڕگه‌ی كۆتایی كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی، په‌یوه‌ندیداره‌ به‌: حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگه‌كان، ‌له‌ دوو خاڵدا كه‌ باكگراوندی قانونیان هه‌یه‌، باس له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا (حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێم ) به‌گوێره‌ی ده‌ستور، كراوه‌، هه‌روه‌ها باس له‌ زیادكردنی ئه‌و قانونانه‌ كراوه‌ كه‌ ده‌بێته‌هۆی رێزگرتنی نا ناوه‌ندێتی كارگێڕیی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور.

ئه‌م خاڵه‌ شتێكی زۆر گرنگ كه‌ تێیدا جێی سه‌رنجه‌، بریتیییه‌ له:‌ باسكردنی "ناناوه‌ندێتی كارگێڕیی"، له‌ كاتێكدا به‌ گوێره‌ی ماده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستوری عێراق، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقدا له‌سه‌ر بنه‌مای فیدڕاڵیه‌، نه‌ك ناناوه‌ندێتی كارگێڕیی.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كۆی خاڵه‌كانی هه‌ر هه‌شت بڕگه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌تی كار به‌ڕێكه‌ری موسته كازمیی، كه‌ له‌ 38 خاڵ پێكدێن، له ‌ماوه‌ی 100 رۆژی یه‌كه‌میدا، هیچ خاڵێكی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو، جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بۆ ئاماده‌كاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت متمانه‌ی پێدراوه‌، له‌ ماوه‌ی 100 رۆژی یه‌كه‌مدا نه‌یتوانیوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت دیاری بكات، ئه‌مه‌ سه‌رباری كێشه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك: پێشێڵكردنی سه‌روه‌ری عێراق له‌لایه‌ن توركیا و ئێران، مانه‌وه‌ی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و عێراق، پرسی چاره‌نووسی سوپای هاوپه‌یمانان له‌عێراق و خۆپیشاندانه‌كانی عێراق.

له‌ ماوه‌ی 100 رۆژی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی حكومه‌تی موسته‌فا كازمیدا، ده‌زگه‌و ناوه‌نده‌كانی راگه‌یاندن، به‌ وێنه‌ی پڕۆفیشناڵانه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران گه‌یشتن، كه‌ له‌كاتی بڵاوكردنه‌وه‌دا هه‌رگیز بیر له‌ شێوازی خراپی گرتنی وێنه‌كان ناكه‌نه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرجار له‌بری ئه‌وه‌ی بابه‌تێك پێویست به‌ وێنه‌ بكات، وێنه‌یه‌ك بۆته‌ هه‌واڵ و سینه‌ماكارانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌رۆك وه‌زیران فیلمی عێراقی گه‌رمتر كردووه‌.





ئه‌م بابه‌ته 249 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر