چی لەپشت کوشتنی چالاکوانانی بەسڕەوەیە

لە ڕۆژی 17ی ئابدا، چالاکوانانی عێراقی لۆدیا ڕیمۆن، عەباس سوبحی و فەهد ئەلزوبەیدی دەچوونە مەراسیمی پرسەی تەحسین ئوسامەی چالاکوان، کە بەر لە سێ ڕۆژ لە شاری بەسڕەی باشوری عێراق کوژرابوو، لەوکاتەدا چەکداران هێرشیان کردە سەریان. ڕیمۆن گوللە بەر قاچی کەوت و سوبحیش بەر سنگی.
PM:10:51:03/09/2020
دۆسیە: عیراقناسی
هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر خۆپیشاندەران و چالاکوانان دوو هۆکاری لەپشتە.

محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا
نوسەر و وەرگێڕ


ڕیمۆن بە جەزیرەی ڕاگەیاند, "بە موعجیزە ڕزگارم بوو. تا ئێستاش ناتوانم لەسەر پێیەکانم بوەستم. تووشی شۆک بوومە." سوبحیش کە پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بوو، ڕزگاری بوو. 

دوو رۆژ دواتر، ڕیحام یەعقوب، هاوڕێی نزیکی ڕیمۆن و ژنە چالاکوان، لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا تەقەی لێکرا و کوژرا، ئەمەش توڕەیی خەڵک و خۆپیشاندانی لەچەند شارێکی عێراق لێکەوتەوە. 

هەوڵی کوشتنەکە و کوژرانی هاوڕێ نزیکەکان کاریگەری خراپی کردۆتە سەر ڕیمۆن، کە دانیشتوی کۆمەڵگەیەکی بچووکی کریستیانەکانە لە شاری بەسڕە. 
وتیشی "پێموایە بۆ یەکەمجار لەژیانمدا بەشێکی گەورەی خەون و هیواکانم لەدەست داوە. هەست دەکەم بوێرییم لەدەست داوە و فرمێسک دەستی بەسەردا گرتووم. ئازارە دەروونییەکە زۆر خراپترە لە ئازارە جەستەییەکە.

لەم مانگەدا چالاکوانان و رێکخەرانی ناڕەزاییەکان لە چەند پارێزگایەکی دیکەی باشور و ناوەڕاست بەئامانج گیراون. کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ناڕەزایی دژ بە حکوومەتییان بەخۆوە بینیوە. نزیکەی 700 خۆپیشاندەر کوژراون و دەیان چالاکوان و ڕەخنەگرانی حکومەت تیرۆر کراون. 

لەشاری بەسڕەش، کە بزووتنەوەی ناڕەزایی عێراقی تێدا دەرکەوت، کوشتنەکان کەشێکیان دروست کردووە کە ترس باڵی بەسەر کێشاوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا ژمارەیەک چالاکوان لە شارەکە ڕایان کردووە. هاوڵاتیان گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیان بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کردووە. 
ئەو چالاکوان و شیکەرەوانەی کە کەناڵی جەزیرە دواندوونی وتویانە کە ئامانجی توندوتیژییەکە رێگرتن بووە لەوەی بزووتنەوە ناڕەزاییەکە ببێتە پارتێکی سیاسی، بزوتنەوەیەک کە بتوانێت ئەمری واقیع لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2021 بگۆڕێت. 

لەدایکبوونی بزوتنەوەیەک.

یەکەم ناڕەزایی کە "مهند الخیاجی" بەشداری تێدا کرد لەساڵی 2012 بوو، تەنیا ساڵێک دوای ئەوەی ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی فەرمانڕەوایانی میسڕ و تونسیان لە حوکم هێنایە خوارەوە کە ماوەیەکی درێژ بوو لەسەر حوکم بوون و هیوای گۆڕانکارییەکی دیموکراسییانەشی لە ناوچەکە لێکەوتەوە. 

داخوازییەکانی خەڵکانی گەنج کە ڕژانە سەر شەقامەکانی شارەکە کەمتر بوو: دەیانویست  بڕانی بەردەوامی کارەبا بوەستێت. 

ساڵانێکی ناسەقامگیریی و خراپ ئیدارەدان شاری بەسڕەی دەوڵەمەند بە نەوتی تووشی ژێرخانێکی داڕوخاو کردبوو کە ناتوانێت خزمەتگوزاریی گشتی گونجاو بۆ دوو ملیۆن دانیشتوانەکەی دابین بکات. کەمبوونی زۆری ئاو و کارەبا وایکردبوو بەتایبەتی هاوینە گەرم و شێدارەکەی بەسڕە بەرگە نەگیرێت. 

دوای خۆپێشاندان بەدرێژایی هاوینی ساڵی 2012، ئەلخەفاجی و 24 گەنجی دیکە بڕیاریان دا گروپێک پێک بهێنن بۆ رێکخستنی ناڕەزایی، لەکۆتاییدا گروپەکە بە گەنجانی مەدەنیی بەسڕە ناسرا. داخوازیی سەرەکی بریتی بوو لە دامەزراندنی سیستەمێکی حوکمڕانی دوور لە تایفەگەری و لەسەر بنەمای دادپەروەری و سەروەری یاسا. 

بەبڕوای ئەلخەفاجی، خۆپیشاندان لە شاری بەسڕە، کە لە دوای ساڵی 2012ەوە هەموو ساڵێک ئەنجام دراوە، هەروەها ئەو رێکخستنە سیاسییەی کە لەلایەن گروپی گەنجانی مەدەنیی بەسڕە و گروپ و چالاکوانانی دیکەوە بە ئەنجام گەیەنرا، بناغەی بزووتنەوەکەی ساڵی 2019ی بۆ گۆڕانکاری لە عێراق دانا، کە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لەسەر حوکم لادا. 

ئەلخەجافی بە جەزیرەی وت "بزوتنەوەی ناڕەزایی لە عێراق لە شاری بەسڕە سەری هەڵدا، کە کولتورێکی ناڕەزایی و ئازادی رادەربڕینی پەرە پێدا کە دواتر بە پارێزگاکانی دیکە بڵاو بوویەوە. "

لە حوزەیرانی ساڵی 2019، لەکاتی گەرمای تاقەت پڕوکێن و قەیرانێکی گەورەی ئاو و کارەبادا، جارێکی تر هەزاران کەس لەشاری بەسڕە ڕژانەوە سەر شەقامەکان. دوای کپکردنێکی کورتخایەن لە کۆتایی هاوین، لە مانگی ئۆکتۆبەردا، خۆپیشاندانەکان دووبارە هەڵگیرسانەوە و بەتەواوی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست و بەغدای پایتەختیشدا بڵاو بوونەوە. 

لەوکاتەدا بوو کە ئوسامە لەنێو گروپی گەنجانی مەدەنیی بەسڕە چالاکتر بوو، کە زۆربەی کات لە ئۆفیسی کۆمپانیای ئینتەرنێتەکەی خۆی میوانداری گروپەکەی دەکرد 
ئەلخەفاجی وتی "  دوای ئەوەی بزووتنەوەی ناڕەزاییەکە هەڕەشەی خستە سەر بەرژەوەندی لایەنە گەندەڵ پشتگیرییکراوەکان لەلایەن ولاتانی دەرەکی، بوو بە مەترسییەکی ڕاستەقینە کە پێویستی بە بەکارهێنانی شێوازی دڕندانە و توندوتیژ بوو بۆ کپکردنی ئەو دەنگانە." 

هەڕەشەکانی کوشتن .

بەپێی قسەی ئەلخەفاجی، ئوسامە بەهۆی ئەندامبوون و چالاکییەکانی لەگەڵ گروپی گەنجانی مەدەنیی بەسڕە کوژرا، کە هێزە سیاسیە حاکمەکانی عێراق هاتبوونە سەر ئەوەی وەک بەهۆی رێکخستنی کاریگەر و چالاکییەکانی وەک هەڕەشەیەک لێی بڕوانن. ئەندامەکانی دیکەش، لەنێویاندا ئەلخەفاجی، هەڕەشەیان لێکرابوو، گروپەکە نیازی وابوو لیستێک تۆمار بکات و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ڕکابەری بکات، بەڵام تیرۆرکردنی ئوسامە ئەو پلانانەی ڕاگرت. ئەلخەفاجی بە جەزیرەی ڕاگەیاند کە دووبارە عێراقی جێهێشتووە بەهۆی ئەوەی کەسانی نەناسراو دوای خۆی و خێزانەکەی کەوتبوون. 

ئەوە یەکەمجار نییە کە بەسڕە زنجیرەیەک کوشتنی چالاکوانانی سیاسیی بەخۆیەوە ببینێت. لەساڵی 2018، کاتێک شارەکە خۆپیشاندانی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینی دژی خراپی خزمەتگوزاری، بێکاریی و گەندەڵی، چەندان کەسایەتی ناسراو کوژران، لەنێویاندا جەبار کەرەم  ئەلبەهادی، کە پارێزەرێکی مافەکانی مرۆڤ بوو بەرگری لە خۆپێشاندەرە گیراوەکان دەکرد، سواد ئەلعەلی، چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ کە پشتیوانی ناڕەزاییەکانی دەکرد.

هەمان ساڵ، ریمۆن، یاکۆب و ژنە چالاکوانانی دیکە کە چالاک کارا بوون گرووپەکانی ژنان و ڕێپێوانی ژنانیان ڕێکخست، لەلایەن دەزگا میدیایی و هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سەر بە ئێران   دوچاری هەڵمەتێکی نەگریس بوونەوە، کە تۆمەتبار کران بەوەی بەشێکن لە پیلانگێڕی ئەمریکا بۆ تێکدانی سەقامگیری بەسڕە، لە ئاکامدا، هەڕەشەکردن لەسەر ژیانیان دەستی پێکرد. 

ڕیمۆن بە جەزیرەی وت "لە ساڵی 2018 چەندین جار هەڕەشەی کوشتنم لێکرا. لەساڵی 2020یش بەهۆی  بەشدارییکردنی بەردەوامم لە ناڕەزایەتییەکان و کاری مەدەنی لەڕێی سۆشیال میدیا و پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەم لێکرا. "

لە 20ی ئابدا، مستەفا کازمی سەردانی شاری بەسرەی کرد و چاوی بە خێزانی یاکۆب کەوت. بەڵێنی دا کە بەرپرسیارانی هێرش و تیرۆرەکان دەستگیر بکرێن و سزا بدرێن. سەرانی ئاسایشی شارەکەی لەسەر کار لادا و هێزی زیاتری بۆ هێزە ئەمنییەکان نارد. 

بەڵام بەپێی وتەی سەرمەد ئەلتایی، کە رۆژنامەنوسێکی دانیشتووی شاری بەسڕەیە، ئەو رێکارانەی تا ئێستا لەلایەن حکومەتەوە گیراونەتە بەر دوورن لە ئەگەری ڕووبەڕوو کردنەوی بەرپرسیاران لەگەڵ یاسادا. 

ئەو رۆژنامەنووسە بە جەزیرەی وت "کازمی بەردەوامە لە لەسەرکار لادانی سەرانی ئەمنی و هاتن و چوون بە دەوری هێزەکانی دژەتیرۆر، بەڵام ئەوە بەس نییە. کازمی دەزانێت دەسەڵاتی سنووردارە و تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداریی دژی بکوژەکان نەناوە، بەشێکی هۆکاری کەمی بەرەوپێشچوون بەهۆی ئەوەیە کە حکومەت کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر دەزگا ئەمنییەکان نییە، کە ئەو دەزگایانە هەمیشە ئەو فەرمانانە جێبەجێ ناکەن کە لە بەغداوە دێن. 

ئەو رۆژنامەنووسە وتیشی حکومەت بەردەوام هەوڵی ئازادکردنی خۆپێشاندەرە دەستگیرکراوەکانی داوە، بەڵام هەندێک جار توانای نییە چونکە لە هەندێ بەندیخانەی دیاریکراو مەبەست زانیاریی لەسەر شوێنی زیندانیان دەشاردرێتەوە، بەڕای ئەو رۆژنامەنووسە، گرژی بەشێوەی توندوتیژی هەوڵێکە بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوەی خۆپیشاندان، کە خۆپیشاندانەکە لەڕووی هێز و شەرعیەتەوە گەشەی کردووە. 

دەوڵەتی سێبەر. 

چالاکوانانی ناوخۆیی ،لەنێویاندا ئەلخەفاجی، رایانگەیاند کە پێیانوایە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کردەی کوشتنەکانیان ئەنجام داوە. ئەو گروپە چەکدارانە هاوشان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بە بەشداریکردن لە هەڵمەتەکانی توندوتیژیش لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 و 2020 تۆمەتبار کراون بەپێی وتەی حەیدەر سەعید، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە سەنتەری عەرەب بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە سیاسییەکان، ئەو چەکدارانە بەشێکن لەوەی کە ئەو ناوی لێناوە ''دەوڵەتی سێبەر''. 

حەیدەر سەعید رایگەیاند "ئەو بەرانە وەک هێزی دژی دەوڵەت دەستیان پێکرد، لە سەردەمی نوری مالیکیشدا، بەتایبەتی لەنێوان ساڵانی 2012 و 2015- کە کاتێکی لاوازیی دەوڵەت بوو - شەڕی داعش ئەوانی هێنایەوە." وتیشی "دواتر هەوڵێک درا بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە دەوڵەت، واتا، بەرگێکی یاساییان پێ بدرێت. بەڵام سەرەنجام، هێشتا هەر لە دەرەوەی خواستی دەوڵەت کار دەجوڵێنەوە. 

لە ساڵانی دوای هێرشی ئەمریکا لەساڵی 2003، گرووپی شیعەی جۆراوجۆر لە عێراق دروست بوون، هەندێکیان هەڵگری ئەجێنداکانی ئێران بوون و هەندێکیان تێڕوانینێکی نەتەوەپەرستییان هەبوو، کاتێک گروپی چەکداریی داعش لەساڵی 2014 دەستی بەسەر ناوچەیەکی زۆری عێراق گرت، ئەو گروپانە، هاوشان لەگەڵ گروپی چەکداریی نوێ کە بۆ مەبەستی شەڕی دژی داعش پێکهێنران، وەک رێکخراوێکی سێبەر دانیان پێدا نرا و ناویان لێنرا حەشدی شەعبی. 

دوای کۆتایی هاتنی شەڕی دژی داعش، هەندێ لە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هاوپەیمانیەتییێکی سیاسییان پێکهێنا، کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ساڵی 2018 لە عێراق پلەی دووەمیان بەدەست هێنا. هەرچەندە بەشێوەیەکی ڕەسمی حەشدی شەعبی بەشێکە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەڵام هەوڵەکان بۆ بەتەواوی یەکخستنەوەی سەرکەوتوو نەبووە. 

لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019-2020، بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە شارە جیاجیاکان هێرشیان کرایە سەر لەلایەن ئەو خۆپیشاندەرانەی توڕە بوون لەو چەکدارانەی بەشدارییان لە توندوتیژی دژیان کردبوو. بەر لە ماوەیەکی کەمیش، لە 22ی ئابدا لە شاری ناسریە لە باکوری عێراق، خۆپیشاندەران بارەگای گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و لایەنە شیعەکانیان سوتاند و  بە بولدۆزەرێک خاپوریان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی شوێنی گردبوونەوەکەیان لە سەنتەری شاردا بە بۆمبێک هێرشی کرابووە سەر. 

بەبڕوای سەعید، هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر خۆپیشاندەران و چالاکوانان دوو هۆکاری لەپشتە. 

یەکەم هۆکار. دەوڵەتی سێبەر، و دەوڵەت چوونەتە نێو ڕووبەڕووبوونەوەیەکەوە بەهۆی حکومەتەکەی کازمییەوە، بۆیە کردەی کوشتنەکان ئاڵنگارییەکن بۆ سەرۆک وەزیران".

دووەم هۆکار. لەگەڵ دیاریکردنی بەرواری هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن حکومەتەوە، وا پێدەچێت ئەو هێزانە بیانەوێت ئەو چانسە کەم بکەنەوە کە هێزەکانی خۆپیشاندەران خۆیان ڕێکبخەن و ڕۆڵێکیان هەبێت لە هەڵبژاردنەکە. 

حەیدەر سەعید وتی، لەئێستادا ،بزووتنەوەی ناڕەزایی تووشی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، لەنێویاندا بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر ئەندام و بەشە نێوخۆییەکانی. حەیدەر سەرکوتکردن لە خۆپیشاندانەکان وەک ئاگربەستێکی ڕانەگەیەنراو لەگەڵ کازمی دەبینێت تا کاتی پێبدات هەندێ لە داخوازییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات بەڵام، لە زووەوە بانگەشەی خۆپیشاندانی نوێ هەیە لە 1ی ئۆکتۆبەردا بەمەبەستی یادکردنەوەی یەکەم ساڵیادی بزووتنەوەکە.

هەریەک لە ئەلخەفاجی و ڕیمۆن رایانگەیاند کە پێیانوایە بزوتنەوەی ناڕەزایی لاواز کراوە، تێکنەشکێنراوە. ڕیمۆن وتی "پەیامم بۆ گەلی عێراق ئەوەیە کە چیتر لەسەر نادادپەروەریی و گەندەڵی بێدەنگ نەبن. رۆژیک هەر دێت دادپەروەری سەردەکەوێت. جیلێکی نوێ بەڕێوەیە کە ناتوانرێت بێدەنگ بکات.



ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر