کورد و پارەی بەغدا

پێش ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری عەرەبی بەعس بە دەستی ئەمەریکا کورد تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆ بوو. پارە و بودجە و ئەم شتانە هەر باس نەبوون، کورد خۆی دەژیاند بەو داهاتە کەمەی کە لەبەر دەستیدا بوو بە بێ ئەوەی کە چاوەڕێی دەستی عەرەب بکات.
PM:11:07:03/09/2020
دۆسیە: عیراقناسی
کشتوکاڵ بە برەو بوو لەگەڵ هەموو کەرتەکانی تر جگە لە نەوت.

کۆسار وەڵەد بەگى
نوسەر

 
خەڵک لەسەر بەردی ڕەق خۆی دەژیاند و کەس چاوەڕێی موچە نەبوو، ئەسڵەن مووچە خۆریی تا ڕادەیەک بە تەممەڵی دەزاندرا. لە ڕووی ڕامیاریشە وە تەنها ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەی مابوو و هیچ پەیوەندییەکی بە بەغدای هەمیشە لە خوێن گەوزاودا نەبوو. 

بەهەر حاڵ کورد لە دواییدا بە خۆشی بێت یان بە زۆر چووەوە بەغدا و لەگەڵ برا چاوڕەشەکاندا عێراقی بەناو نوێ پێکهێنرایەوە ودەستوور و مەستوور و ئەو شتانە کە لای عەرەب توورێکی قوڕاوییە داندرا و کود بووەوە بە بەشێک لەو بەهەشتەی کە پێی دەوترێت عێراقی نا عەزیم. لێرەوە چیرۆکێک دەست پێ دەکات کە ئەویش چیرۆکی بودجەیە. کورد زۆر کەم دەیزانی بودجە چییە و چی نییە (مەبەستم کۆی خەڵکە). کار و کەسابەت دەکرا،  ژیان دەڕۆیشت و خەڵک ئارام بوو. 

ئەو پارەیەی کە دەستی کرد بە هاتن لە بەغداوە دەکرا زۆر سوودی بۆ کورد هەبێت و ئاوا نەبێتە مایەی ماڵ کاولی ئەگەر دەسەڵاتداران پلان و ستراتیژ و بەرنامەی تۆکمەیان هەبوایە و بیانتوانیایە سەربەخۆیی ئابووریی بۆ کورد دەستەبەر بکەن و تا ڕادەیەکیش لە ڕووی ئابوورییەوە دەست بەسەر عێراقدا بگرن.

بەڵام بە داخەوە بە هۆی کۆمەڵێک هەڵەی ستراتیژیی وگەندەڵی زەق نەک سەربەخۆی ئابووری بەدی نەهات بەڵکو بوو بە ژێردەستەیی ئابووری. زۆرینەی خەلك کران بە مووچەخۆریی بێ بەرهەم، کشتوکاڵ و کارگە نەمان، گەندەڵیی تەشەنەی سەند نەک بە تەنها لەناو دەسەڵاتداران بەڵکو لە ناو گەلیشدا.

خۆشەویستیی بۆ خاک و نیشتمان هەمووی بوو بە خۆشەویستی بۆ پارە و مووچە،، کاربەدەست و بەرپرس ئاگایان لە نیشتمان و گەل نەما و هەموو هەوڵیان بوو بە دەوڵەمەند بوون و کەس نەما کاری خۆی بکات.. گەل و وڵات داڕزین و بە تەواوەتیی کورد بوو بە دیلی ئەو پارەیەی لە عەرەبەوە بۆی دەهات.

کار گەیشت بە ئاستێکی مەترسیدار و دەست کرا بە بانگەشەی سەربەخۆیی ئابووری و هەوڵ دان بۆ ڕزگار بوون لەو تەنگژەیە بەڵام ئەویش بە هەر هۆکارێک بوو سەری نەگرت، ئەو گەندەڵییە ی کە سەرتاپای کوردی لە سەرەوە بۆخوارەوە گرتەوە هەلێکی زێڕین بوو بۆ دوژمنانی بۆ ئەوەی کە هەم ژێر دەستی بکەن و وە هەمیش پشێوی تێدا دروست بکەن.

ئەوەی کە دوژمن خۆی چەندین ساڵ بو نەیدەتوانی بیکات لە کاڵ کردنەوەی هەستی نیشتمان پەروەریی کورد خۆی بەهۆی گەندەڵییەوە کردی. ئەمەش ڕێگەی خۆش کرد بۆ خەڵکانێکی جاشبیری زۆر کە ژەهری جاشێتی خۆیان لە ڕێگەی ڕەخنە گرتنەوەبەتاڵ بکەنەوە. کەمن ئەوانەی لە ڕوانگەیەکی نیشتمان پەروەرییەوە ڕەخنە دەگرن و دڵیان بە بارو دۆخەکە دەسووتێت. زۆرن ئەوانەی جاش بیرن و تەنیا غەریزەی جاشێتی خۆیان بە ناوی دڵسۆزیی بۆ قووتی خەڵک بەتاڵ دەکەنەوە. کار گەیشت بەوەی داوای هەلوەشانەوەی قەوارەی هەرێم بکرێت لەبەر ئەوەی گوایە مووچەی پی نادرێت.

پێشهاتەکە زۆر مەترسیدارە و وا دەردەکەوێت کە نیەتگەلێکی زۆر هەبن بۆ لەناو بردنی قەوارەکە بە بیانووی گەندەڵیی و نەبوونی مووچە و بۆ ئەمەش ئەسپی تەرەوادە جاشبیرەکان و خۆفرۆشەکانی ناوخۆن. کورد ناکرێت بە هیچ شێوەیەک چاوەڕێی بەغدا بکات و دەبێت بە زوو ترین کات هەنگاوی چاکسازیی بنێت و بگات بە سەربەخۆیی ئابووریی کە ئەمە زۆر ئاستەم نییە و ئەگەر ویست هەبێت دەکرێت بەدی بێت.

هۆکارەکان بۆ هەنگاوی بەدەست هێنانی سەبەخۆیی ئابووریی زۆرن. یەک، بەغدا هیچ نییەتێکی باشی بەرامبەر بە کورد نییە (زۆر بە سادەیی لەبەر ئەوەی دوژمنە). دوو، خۆیان کێشەی ئابووری گەورەیان هەیە کە کار گەیشتۆتە کورت هێنان لە نەختینەش نەک تەنها بودجە.

سێ، عێراق بەرەو ئەوە دەچێت کە ببێتە شوێنی ململانێی و پێکدادانی ئەمەریکا و ئێران و ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی گەواهیدەرن. چوار، هەر نەتەوەیەک نەتوانێت خۆی بژێنێت نابێت بە خاوەنی سەربەخۆیی وشایەنیشی نییە. بۆیە بە زوویی هەنگاو نان بەرەو چاکسازیەکی گشتگیرو هەمە لایەنە پێویستییەکی هەنوکەییە تا کار لە کار نەترازاوە. 



ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر