پاراستنی میراتی فەرهەنگی، پتەوکردنی کۆڵەکەی شوناسی فەرهەنگییە

یەکێک لە چالێنجە سەرەکییەکانی وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا، لاوازیی "شوناسی فەرهەنگیـ"ـی تاکەکانی کۆمەڵگەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فەرهەنگی بێگانەی وڵاتانی پێشکەوتوو. لە زۆرینەی وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا، لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فەرهەنگی بێگانە، توخمە فەرهەنگییە نەتەوەییەکان لەنێو دەچن یان لاواز دەبن و توخمە فەرهەنگییە نوێیەکان بە ئاسانی جێگیر دەکرێن
PM:09:15:14/09/2020
دۆسیە: دەوڵەت سازی
پاراستنی ئەم شوناسە و توخمە فەرهەنگییەکانی زۆر پێویست و گرینگە.

بێهزاد قادری
ڕۆژنامەنووس



بە سەرنجدان بەوەی کە پاراستنی شوناسی فەرهەنگی پشتیوانی سەرەکیی فەرهەنگی کۆمەڵگەیە و لاوازی و لەنێوچوونی دەبێتە هۆی بێ شوناسیی تاکەکانی کۆمەڵگە، پاراستنی ئەم شوناسە و توخمە فەرهەنگییەکانی زۆر پێویست و گرینگە.

"شوناس" پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تێگەیشتنی خەڵکەوە هەیە کە "کێن" و "چین" و چ شتێکیان بۆ گرینگە. ئەم تێگەیشتنەش گرێدراوی کۆمەڵێک گەوشین و تایبەتمەندییە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسێک لە کەسێکی تر، کۆمەڵێک لە کۆمەڵێکی تر و نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی تر جیاواز بێت.

چەمکی "فەرهەنگ" یەکێک لە پێچاوترین چەمگەلێکە کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا کەڵکی لێ وەردەگیرێت. "ئێدوارد  تایلۆر" لە ساڵی ١٨٧١ی زایینیدا بەمجۆرە لەسەر فەرهەنگ دواوە: "فەرهەنگ چەمکێکی پێچاوە کە باوەڕەکان، هونەرەکان، پیشەکان، ئەخلاق، یاساکان، داب و نەریت و هەڵسوکەوت لەخۆ دەگرێت کە تاک وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگە، لە کۆمەڵگەی خۆی فێری دەبێت و لەهەمبەر هەمان کۆمەڵگە هەندێک ئەرک وەئەستۆ دەگرێت.

هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی خاوەن مێژوو، شێوەی ئابووری، بیر و باوەڕ، زمان و ئەدەبیات وهونەری تایبەت بە خۆیەتی. ئەم تایبەتمەندییانە کە فەرهەنگی کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگەکانی دیکە جودا دەکاتەوە، باس لە پێناسەی فەرهەنگیی ئەو کۆمەڵگەیە دەکات. بە واتایەکی تر مێژوو، حەماسە، مەڵبەند، زمانی دایکی، باوەڕەکان، داب و نەریت، شانازییە نەتەوەییەکان و هونەر و ئەدەبیات، "شوناسی فەرهەنگیـ"ـی کۆمەڵگەیەک پێک دەهێنن.

هەرکۆمەڵگەیەک لە هەموو شوێن وهەموو کاتدا، لەسەر ڕەسەنایەتیی شوناسی فەرهەنگیی خۆی جەخت دەکاتەوە و تێدەکۆشێت کە بە هێز وغروورەوە،تایبەتمەندییەکانی ئەم شوناسە زیندوو ڕابگرێت و بەرگریی لێ بکات.

هەروەها کە گوترا، "مێژوو" یەکێک لە پێکهێنەرانی "شوناسی فەرهەنگیـ"ـیە. لەم نێوانەدا، "میراتی فەرهەنگی و ئاسەوارە مێژووییەکان" بە هەموو ڕەهەندەکانیانەوە، بەشێکن لە مێژوو. جیهان پڕە لە میرات و ئاسەواری کۆن؛ زۆرێک لە شار و گوندەکان، چەند بینا یان شوێنی مێژوویی، یان داب و نەریتێکی مەحەلییان هەیە کە پاراستنی ئەوانە دەبێتە هۆی پەیوەندیی دانیشتووانی ئەو شوێنانە لەگەڵ ڕابردووی خۆیانەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەم میرات و ئاسەوارانە کە مۆزەخانەکان، بینا مێژووییەکان و شوێنە گەشتیارییەکان لەخۆ دەگرێت، بەشێکن لە میراتی نێونەتەوەیی و دەتوانن سەرنجی هەموو دونیا بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.

"میراتی فەرهەنگی" وەکوو سامانێکی فەرهەنگی، بریتییە لە: "بیناکان، شوێنەکان، ناوچەکان، بەرهەمی هونەری وەکوو نیگارەکان و پەیکەرەکان و...". کۆنوانسیۆنی "یوونێسکۆ" لە ساڵی ١٩٧٢ی زایینیدا، ئەم نموونانەی وەکوو میراتی فەرهەنگی ناساندووە:

١- بینا یادگارییەکان: بەرهەمی مێعماری، بەرهەمی گەورەی پەیکەرسازی، نیگاری گەورە، بەرهەمی خاوەن تایبەتمەندیی ئاسەوارناسی کە خاوەن بایەخی جیهانیی زۆرە.

٢- کۆمەڵێک لە بیناکان: گرووپێک لە بینا جودا یان پێکەوە لکاوەکان، بەبۆنەی شێوازی مێعماری یان شێوازی تێکەڵاوی یان شوێنی هەڵکەوتەیان.

٣- بەرهەمی مرۆڤ یان بەرهەمی هاوبەشی مرۆڤ و سروشت.

هەر کۆمەڵگەیەک خاوەن مێژوو، داب و نەریت، باوەڕەکان، ئەدەبیات، هونەر و بەرهەمی فەرهەنگیی تایبەت بە خۆیەتی کە ئەو کۆمەڵگەیە لە کۆمەڵگەکانی دیکە جودا دەکاتەوە و "شوناسی فەرهەنگیـ"ـی ئەو کۆمەڵگەیە پێک دەهێنێت. هەرکات یەکێک لەم خاڵانە لە نەتەوەیەک یان تاکێک بوونی نەبێت یان لاواز بێت، شوناسی فەرهەنگیی ئەو گەلە تووشی کەموکۆڕی و خەسار دەبێت و ئەمە ڕوونە کە کۆمەڵگەیەک کە شوناسی فەرهەنگیی بەهێزی نەبێت، بە ئاسانی ئامادەی وەرگرتنی هەر جۆرە توخمێکی فەرهەنگیی نەتەوەیەکی ترە و پرۆژەی ئاسمیلاسیۆن بە ئاسانی لەسەری دادەبەزێنرێت.

لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردەی "بە جیهانی بوون" ئەوەی کە گرینگە، پاراستن و گەشە و بەهێزکردنی شوناسی فەرهەنگیی کۆمەڵگەیە. لەم نێوانەدا پارێزگاری و پاراستنی میراتی مێژوویی و ئاسەواری کۆن، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. نەتەوەیەک کە پێشینەی نەتەوەیی و فەرهەنگیی خۆی لەدەست دابێت، کۆمەڵگەیەکی لاواز و خەساربەرکەوتووە و بە ئاسانی هەڵدەوەشێتەوە. ناسین، پاراستن و بەهێزکردنی شوناسی فەرهەنگی، دەبێتە هۆی خۆناسین و گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی خۆمان و ناهێڵێت تووشی "نامۆیی نەتەوەیی" بین.

لەمبارەوە ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چییە؟

حکوومەتی هەرێمی کوردستان (باشوور)، وەک تەنیا حکوومەتی کوردی لە هەر چوار بەشی کوردستان، وێڕای ئەوەی کە دەوڵەت نییە، بەڵام دەتوانێت لەوەی کە هەیە کاریگەرتر بێت و ئەوەی کە پێویستە بۆ بەهێزترکردنی "شوناسی فەرهەنگیـ"ـی کورد بیکات و ئەوە نەتەنیا لە بەرژەوەندیی باشووری کوردستانە، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆیشی دەبێت لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان. واتە وەک دەوڵەتێک لەمبارەوە هەڵسوکەوت بکات؛ ئەمە بۆ خۆی هەنگاوێکە بۆ بونیاتنانی دەوڵەت- نەتەوەیەکی کوردی. لێرەدا ئاماژە بە چوار خاڵی گرینگ دەکەم کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی تر گرینگیی پێ بدات:

١- زیندوو ڕاگرتن و سەرنجدان بە میراتی فەرهەنگی: بۆ ئەم مەبەستە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان میراتە فەرهەنگی و مێژوویی و ئاسەوارە کۆنەکانی کوردستان لە ڕێگای قوتابخانە، زانکۆ، بڵاڤۆک و میدیاکانەوە بە باشی و زانستی بە قوتابییان، خوێندکاران و خەڵک بناسێنێت و گرینگایەتیی ئەم میراتانە زەق بکاتەوە؛ بەرەی لاوی ئێمە، ئەو میراتانە لە ئێمەوە وەردەگرن و ئێمە دەبێ پارێزەرانێکی باش و بەرپرسیار پێشکەشی کۆمەڵگەکەمان بکەین و ئەم بابەتەش پەیوەندیی بە شێوازی پەروەردە و بارهێنانی ئێمەوە هەیە.

٢- پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئاسەوارە مێژووییەکان: حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ زیاتر لە هەمیشە پارێزگاری لە میراتە مێژووییەکان بکات و ئەو میرات و پەیکەر و بینا مێژووییانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، بە شێوەیەکی زانستی نۆژەن بکاتەوە و وێنەیەکی باش لە ڕابردوومان، پیشانی بەرەی داهاتوومان بدات.

٣- پەرەدان بە گەشتیاریی مێژوویی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرینگیدانی زیاتر بە پیشەی گەشتیاریی مێژوویی، هەم زیاتر کوردستان بە جیهانییان دەناسێنێت، هەم لەو ڕێگایەوە دەتوانێت گەشتیارێکی زۆر بەرەو کوردستان ڕابکێشێت و ئابووریی کوردستان گەشە پێ بدات. لەمبارەوە وێڕای پاراستن و نۆژەنکردنەوەی میرات و ئاسەوارەکان، پێویستە حکوومەت پڕوپاگەندای میدیایی زۆرتر بکات، ئەویش بە زۆرێک لە زمانە زیندووەکانی جیهان.

٤- دانانی مۆزەخانە و کۆکردنەوەی کەرەستە مێژووییەکانی کوردستان: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دانانی مۆزەخانەی نوێ و پەرەدان بە مۆزەخانە پێشووەکان، هەم شوناسی فەرهەنگی و نەتەوەیی کورد بەهێز دەکات، هەم پەرە بە گەشەی گەشتیاریی مێژوویی دەدات. لەم ڕاستایەدا پێویستە حکوومەت هەوڵی نێونەتەوەیی بدات و کەرەستە ڕفێندراوەکانی کوردستان بگەڕێنێتەوە.



ئه‌م بابه‌ته 283 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر