"ئەنفال" لە نێوان بەسیاسەتکردن و بە شوناسکردندا

ئەنفال وشە و خوازە(Metaphor) یەکە کە لە ناو ئێمەی کورد زۆر قسە و باسی لە سەر کراوە و هەر ساڵەش بە دەیان ریچواڵ و رێوڕەسمی یادکردنەوە(بەتایبەتی لە باشوور و رۆژهەڵات) دووبارە دێینەوە سەری بەڵام خوازە واتە چڕبوونەوەی چەندین دەلالەت و واتا لە یەک وشەدا، ئایا ئینفال بووەتە خوازە بۆ هەڵگۆستن و خوێندنەوەی چەند لایەنە و فرەڕەهەند؟ بێگومان وەڵامەکە نەخێرە،
PM:02:20:18/09/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
ئەم ڕووداوە دەشێت وەکوو نسکۆ و نەتوانینێکی سەمبوولیک چاو لێ بکەین.

عادل قادری
نووسەرو ڕۆشنبیر



ئەنفال وەکوو فۆرم و روخسار خوازەیە بەڵام ناوەرۆک و کاکڵی تەنها دەلالەت و یادکردنەوەیەکی تێپەڕ و هاوسۆزانەیە کە هەر جار بە هەڵدانەوەی گۆڕێک دەمانباتەوە خاڵی سەرەتای هەستکردن و لە تێگەیشتن و ئیدراکی دوورتر دەکەوینەوە.

بەدەر لە ماهییەت و پێناسەهەڵگری و هەر جۆرە باس و خواسێک لەسەر ئەنفال، ئەنفال برینێکی سەمبوولیک و رەمزیی سامناک و قووڵ بوو کە لە یادەوەری هەموو کورداندا رۆحێکی هاوبەش و دەستەجەمعی لە هەستکردن بە تاوان و گوناه و زوڵم و قوربانی بوون دروست کرد.

بەڵام ئەمە توێکڵ و رووکاری پرس و بابەتەکەیە. ئەنفال کە دەبوو بەم ئاڕاستەیەدا ببێتە دەروازەیەک بۆ بیچمگرتن و درووستبوونی کەسایەتی و شوناسی نوێی مرۆڤی کوردی پاش ئەنفال، بوو بە ڕێوڕەسم و ریچواڵێک بۆ سیاسەت وپێکردن و بازرگانی وپێوەکردن و پووکانەوە و مەسخکردن لە ناو پلانێکی سیاسی و مەتریاڵیانە و بەرخۆرانەی سەردەمی ئێستای کوردستان.

هەڵبەت ئەمە بەشێکی سەرەکی رۆحی کردە و ئاکاری کۆمەڵگای ئێمەیە، سادەکردنەوەی شتەکان تا ئاستی بێ مانابوون یان مانادارییەکی تێپەڕ و ساکار! سی ساڵ زیاتر بەسەر کارەساتێکی مرۆیی وەها گەورەدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئێمە وەکوو کورد تەنانەت نەمانتوانی لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا و لە کاتی دادگایی تاوانبارانی ئەنفال و بە ئامادەیی شایەتەکان و پاشماوەکانی ئەنفال، دوو وەرگێڕی باش لە گەڵ شایەتەکان بەڕێکەین بۆ گەیاندنی ئەو شتەی کە بە ئەنفال ناسراوە بە گوێی جەللاد و دادوەر و مێژوو!

ئەم ڕووداوە دەشێت وەکوو نسکۆ و نەتوانینێکی سەمبوولیک چاو لێ بکەین. وەرگێڕانی ئەنفال بۆ سەر زمانی جەلاد و دادوەر و ئەویدی کورد یەکەم ئەکت و جووڵەیەکی سەمبوولی و رەمزی بوو کە بە پلەی یەکەم و لە ئاستە فەرمییەکەیدا دەسەڵات و حکوومەتی کوردی تێیدا شکستی هێنا.

حکوومەتێک کە خۆی بەشێک لە پێکهاتی ئەنفالکراوان بووە و هەروەها بەشێوەیەکی وشیارانە یان ناوشیارانە بەشێکیش بووە لە درێژەدەری زەینییەتی ئەنفالکەران. ئەم گورزە خرتە دژوازە و ئەم شمشیێرە دوو سەرەی یەکانگیریی جەللاد و قوربانی خوێندنەوە و فامی ئەنفاڵ، ئاڵۆز و سەخت دەکاتەوە و هەروەها دەیکات بە بابەتێک بۆ رێکەوتن و موزایەدەکردن لەسەری و لە بابەت و پرسێکی گەورەی ئینسانی کە لە ڕووبەرێکی گەورەی مێژووییدا رووی داوە، دەیکات بە بابەت و پرسێکی سیاسی بچووک لە پانتای ململانێگەلێک لە ناو عێراق و هەرێمی کوردستان.

بە شوناسکردنی ئەنفال پرۆسەیەکی مەعریفی و کەلتووری هەمە لایەنەیە، لێرەدا بێ سێ و دوو شوناس واتایەکی جیهانگر و جیهانی هەیە چوون بە سەر نەتەوەیەک پیادە کراوە کە بەشێکە لە کۆی مرۆڤایەتی و گرینگتر لەوەش ئەم کارەساتە دەستی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆی وڵاتانی ناوچە و جیهانیشی تێدا بووە، بۆیە تێگەیشتن و بە شوناسکردنی ئەنفال لە رەهەندە مەعریفییەکەیدا زەقکردنەوەی رۆحی جەللادانە و بکوژانەی رۆحی مرۆڤی کۆتاییەکانی سەدەی بیستە.

خستنە ڕووی بێدەنگی و بەرژەوەندی پەرەستی و ململانێی ستەمکارانە و دژەمرۆڤانەی ئایدۆلۆژیا جیاجیاکانە کە لەسەر نەتەوەی کورد تاقی کراونەتەوە! ئەنفال سەنتیز و دەرهاوێشتەی رۆحی رۆژهەڵاتیانەی ئایین و تێگەی رۆژئاواییانەی ئایدۆلۆژیایە کە لە ژێر ناوی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی خۆی مانیفێست دەکرد.

لێرەدا دەتوانم بڵێم "بێدەنگی" تایبەتمەندی زەینی مرۆڤی کورد بووە لە دێرزەمانەوە چ لە ئاستی سیاسیدا و چە لە ڕووبەری کۆمەڵایەتی و پانتای گشتیدا، کۆمەڵگای بێدەنگ و بێزایەڵە هیچ جۆرە گێڕانەوەیەک تێیدا بەدی نایەت، تەنها ئاخ و ئۆف و حەسرەت و ژان و نواندنەوەی حوزنێکی ئایدۆلۆژیکییە بۆ ژیان، گێڕانەوە، بەگیرگرفت کردنی بێدەنگی و ئەو چەمکە نووستوو و چەسپاو و سەقامگرتووە دێرینانەیە کە چ لە کاتی کارەسات و چ لە کاتی ئاساییدا ئامادەیە بەڵام لە کاتی کارەسات مەیل و ئارەزوو بۆ قیڕاندن و زایەڵە زیاترە و ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ خودئاگایی و گێڕانەوە.

کەواتە کارەسات دەبێتە خاڵی راستەقینەی گێڕانەوەی رووداوێک کە شوناسێکی کۆیی یان فەردی لەخۆیدا هەڵگرتووە. لەئەنجامدا ئەنفال خوازەیەکی پڕ وزە و پوانسییەلە بۆ گێڕانەوە بەڵام سرووشتی خوازە یان زایەڵە و هاوار دەبەشینێتەوە یان بێدەنگی و گریان کە سووژەی خەمۆک و ڕەشپۆشی کورد دووهەمینیانی هەڵبژاردووە و لەم حاڵەتە خوازە بەرەو کپی دەبات!



ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر