چوار بەرپرسیارێتی گرنگ بۆ رۆژنامەنووسان(2)

ساڵانە لە هەرێمی كوردستاندا، چەندین كەس پیشەی رۆژنامەگەری هەڵدەبژێرن و زۆربەیان لە گرنگترین قۆناغەوە دەستپێدەكەن كە بریتییە لە پەیامنێری و بێژەری یا ئەنجامدانی كار و چالاكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.
PM:01:40:21/11/2020
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا
شارەزایی رۆژنامەنووس لەو بەرپرسیارێتیانە، هەنگاوێكی گرنگە بەرەو بونیادنانی كەسێتییەكی سەركەوتوو له پیشەكەیدا.

د. کارزان محەمەد
رۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ



كاركردن لە بواری میدیا بە هەموو ئامرازەكانییەوە، بە پاڵنەری حەزوخولیا یاخود دابینكردنی بژێوی و ریكلام و خۆنمایشكردن بێ، وێرای ئەوەی خۆشبەختانە بەپێی یاساكانی پەیوەست بە راگەیاندن، بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئازادییەكی زیاتر بۆ بوارەكە رەخسێنراوە، بەهۆی هەستیاریی پیشەكە كۆمەڵێك بەرپرسیارێتی لەگەڵدایە كە پێویستە ئاگاداربن، هەم لەپێناو پاراستنی رێزی میدیا، هەم بۆ خۆپارێزی لەو تاوانانەی زیان بەخۆی و كۆمەڵگا دەگەیەنێ.

مەبەستیش لە چەمكی بەرپرسیارێتی واتا:
رۆژنامەنووس یا هەر بەكارهێنەرێكی ئامرازەكانی میدیا، بەرپرسە لە ناوەرۆكی پەیام و بابەتەكانی و هەر دەرەنجامێكی نیگەتیڤیش كە بەهۆی پەیامەكانییەوە بێتەئارا.

لەڕووی پۆڵێنەوە، رۆژنامەنووس لە ئێستادا دوو جۆر بەرپرسیارێتی هەیە. ئەگەر لە ئەكاونتەكەی یا بەمۆبایل و تەلەفۆنەكەی پەیامێكی ئاراستە كرد، تەنها خۆی بەرپرسیارە. لەهەمانكاتدا كاتێك بابەتەكانی لە كەناڵێك (رۆژنامە، گۆڤار، رادیۆ، تەلەفزیۆن، وێبسایت) بڵاوكردەوە، ئەوا خاوەن ئیمتیازی ئەو كەناڵانەش لێی بەرپرسیارن و پێی دەوترێ بەرپرسیارێتی هاوبەش، كەواتە بەرپرسی كەناڵەكان بەهیچ شێوەیەك نابێ كەمتەرخەمی لە چاوخشاندنەوە و پێداچوونەوە بەهەر بابەتێكدا بنوێنن، بەمانایەكی روونتر بەچاوێكی یاساییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن پاشان بڕیاری بڵاوبوونەوەی بدەن. ئەگەر سەرنووسەر (بە ئانقەست یا بەهۆی كەمتەرخەمی)، بابەتێكی تاوانكاری بەسەردا تێپەڕی و بڵاوی كردەوە، ئەوا (بەرپرسیارێتی هاوبەش) دەكەوێتە سەرشانی.

بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی چوارەمی یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە (35)ی ساڵی (2007ز)، سەرنوسەر بەرپرسیارێتی مەدەنی و سزایی بابەتەكانی لەئەستۆدایە كە بڵاودەكرێنەوە، پاساوی ئەم ماددە یاساییەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە سەرنوسەر (بەئانقەست بێ یا بەهۆی كەمتەرخەمی) زەمینەی بۆ بڵاوبوونەوەی بابەتە تاوانكارییەكە خۆش كردووە.

رۆژنامەنووس هەردوو بەرپرسیارێتی (تاوانكاری) و (شارستانی) دەكەوێتە ئەستۆ، مەرجی سزادانیش لەسەر ئەم دوو بەرپرسیارێتییە لەبەرئەوەیە كە بەهۆی بەرپرسیارێتی (تاوانكاری)یەوە زیان بە كۆمەڵگا بگەیەنێت، لە ڕووی لێپرسراوێتی (شارستانی)یشەوە زیان بە كەسێك یاخود لایەنێك بگەیەنێت.

گرنگترین لێپرسراوێتییەكان بریتین لە

یەكەم: لێپرسراوێتی تاوانكاری لە ئەنجامی پێشێلی  یاسای سزادان ‌و یاسا تاوانكارییەكانەوە دروست دەبێت، سزاكەی بریتیە لە (زیندانی)‌و (غەرامە).

دووەم: لێپرسراوێتی شارستانی لە ئەنجامی پێشێل و سەرپێچی یاسا شارستانییەكان دێتەئارا، زیانگەیاندنەكە ماددی یا مەعنەوی بێ، ئەوا كەس و لایەنی زیانبەخش پێویستە قەرەبووی زیانلێكەوتوو بكاتەوە.
 
سێیەم: لێپرسراوێتی كارگێڕی پێشێلكردنی بڕگەیەك یا پرەنسیپێكی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنەیە كە ڕۆژنامەنووس كاری تیادا دەكات.

بەگشتی سزا كارگێڕییەكان بەم قۆناغانەدا تێدەپەڕێ

-ئاگاداركردنەوە.
 
-سەرنجڕاكێشان. 

-سڕكردن و لەكارخستن. 

-موچەبڕین. 

-دەركردن.
 
بەپێی ماددەی (21)ی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (1998)ی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانیش سزا كارگێڕییەكان بریتین لە 

1-وریا كردنەوە: بە نووسراوێك دەبێ و ئاراستەی ڕۆژنامەنووس دەكرێت، سەرنجی ڕادەكێشرێ بۆ ئەوەی كە لێی ڕووداوە و داوای لێ دەكرێ كە لە داهاتوودا ڕوونەداتەوە.

2-ئینزار:  لەكاتی دووبارە كردنەوەی سەرپێچی دیاریكراوی بڕگە (1) لەلایەن ڕۆژنامەنووسەوە، ئینزاری پێدەدرێ كە جارێكی تر دووبارەی نەكاتەوە.

3-سەرنج: بەرهەڵستی كردنی لە ئەنجامدانی پیشەكەی، ماوەیەك كە لەیەك ساڵ تێنەپەڕێ. (سەرنج: ئەم سزایە بریتییە لە سڕكردن یاخود لەكارخستن).

4-دەركردنی كاتی: ناوی لە تۆماری گشتی دەسڕێتەوە، نابێ دووبارە ناوی تۆمار بكرێتەوە تا دوو ساڵ تێدەپەڕێ بەسەریدا.

چوارەم: بەرپرسیارێتی ئیتیكی (ئەخلاقی): 

كۆمەڵێك بنەمای ئاكاریی پیرۆزە (وەك: راستگۆیی، بێلایەنی، دەست و دەم و داوێنپاكی...) كە جگە لەوەی رۆژنامەنووس لە هەرجۆرە تاوانێك دووردەخەنەوە، رەچاوكردنیان دەبێتەمایەی بەرهەمهێنانی كەسێتییەكی نمونەیی. ئێستا لە هەرێمی كوردستان، گرنگترین پرەنسیپە ئەخلاقییەكان كە لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانەوە پەسەند كراوە، وەك پاشكۆیەكی یاسایی هاوپێچی یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە (35)ی ساڵی (2007ز) كراوە، كەواتە رۆژنامەنووس دەبێ بەوردی ئەو پرەنسیپانە بخوێنێتەوە و لە پیشەكەیدا بیانپارێزێ.

شارەزایی رۆژنامەنووس لەو بەرپرسیارێتیانە، هەنگاوێكی گرنگە بەرەو بونیادنانی كەسێتییەكی سەركەوتوو له پیشەكەیدا، یاریدەی رۆژنامەنووسدەدات چۆن دەستەواژە و رستە و وێنەكان هەڵببژێرێ و ئاراستەیان بكات و ئامانجی خۆی بپێكێ بەبێ ئەوەی بكەوێتە داوی تاوان.



ئه‌م بابه‌ته 254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر