تا پێکوتە دەگاتە ئێرە، تەنیا دوور بوونتان لە ئازیزانتان ئێوە و ئەوان دەپارێزێت

بە داخەوە، رۆژانە لێرە و لەوێ هاوڵاتیان گیان لەدەست دەدەن، ئەمە رووداوێکی ناخۆشە، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە دەکرا و دەکرێت رێگری لێ بکەین.
PM:10:19:22/11/2020
دۆسیە: شیکار
نابێت هەوڵمان بۆ خۆپارێزی و پاراستنی کەسە بەتەمەن و ئازیزەکانمان تۆسقاڵێک کەموکورتی تیا بکەوێت.

یادگار ئیسماعیل
مامۆستای زانکۆ


بە داخەوە، رۆژانە لێرە و لەوێ هاوڵاتیان گیان لەدەست دەدەن، ئەمە رووداوێکی ناخۆشە، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە دەکرا و دەکرێت رێگری لێ بکەین.

دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لە سەرەتاییترین واتای خۆی بریتیە لە کۆنەبوونەوە و تێکەڵ نەبوون لەگەڵ ئەندامی خێزانێکی تر یان چەند کەسێکی تر کە لەگەڵیان بەیەکەوە ناژین. واتا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت خزم و دۆست و برادر لە دەرەوەی بازنەی خێزانین نابێت بەهیچ شێوەیەک لە ژێر یەک خانوو دا لەگەڵیان کۆ ببیتەوە.

پرسیارە فەلسەفیە گەوهەریەکە ئەوەیە، ئایا کۆمەڵگەی کوردی و رۆژهەڵاتی بە ڕاست کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی تیادایە، یانیش کێشە مەزنەکە تەرک نەکردن و نەزانی و زاڵ نەبوونە بەسەر خو و راهاتنە کۆمەڵایەتیەکان؟ ئایا کۆمەڵگەی ئێمە بە ڕاست زیاتر رەواڵەتیە نیە؟ ئینجا لەوە قوڵتر بڕوانن، بە ڕاستی ئێمە لە چ ئاستێکی گەشەی بە کۆمەڵ بوونیان؛ کۆمەڵ بەو واتا کۆمەڵایەتی و زانستیەی بەرژوەندی یەکتریمان بوێت و وەک یەک پێکهاتەی زیندوو و ژیاریی بژین!؟

رۆژانە کەسانی نزیک و خۆشەویستان لەدەست دەدەین، ئەو لەدەستدانەی دەکرا و دەکرێت ڕێگەی لێبگیردرایە و ڕێگەی لێ بگیرێت. چارەسەر چیە؟ تەنیا دوور کەوتنەوە. کارێکت هەیە؟ بەو پەڕی ئاگایی و هۆشیاریی زیرەکانە ئەنجامی بدە و خۆت بپارێزە لەبەر ئەو کەسانەی لە نێو خێزانەکەتدا لەگەڵت دەژین.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکە، هەمووان دەزانن و راگەیاندنەکان و شارەزایان و پەروەردەیی و ئەکادیمیەکانیش کەم یان زۆر روونیان کردەوە کە: مرۆڤی بەتەمەن، نەخۆشی درێژخایەن، ئەوانەی تر کە بەرگری جەستەیان لاوازە بەهۆی کەمی پێکهاتە پێویستەکان و ئەو نەخۆشانەشی بەدەستی هەستیارییەوە دەناڵێنن ئەگەری مردنیان زیاترە. بە داخەوە، لێرە، بەناوی خۆشەویستی و لە نەزانیی، خەڵکی ئێمە خۆشەویستانیان تووش دەکەن و دەبنە هۆکاری نەخۆش کەوتن و مردنیان!

لە کۆمەڵگەیەکی نمونەیی بەڵام پڕ کێشەی (لە ڕووی چڕی و زۆری دانیشتوان و کێشەی دەرەکی) وەکو کۆمەڵگەی تایوان، تواندراوە بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ کۆڤید ١٩ بکرێت؛ قوربانی ئەو دوورگە ٢٣ ملیۆن هاوڵاتیە لە ١٠ دانە هاوڵاتی کەمترن و تووشبووانیشیان (-٥٠٠ هاوڵاتی) کەمتر لە ژمارەی دانیشتوانی گوندێکی خۆمانن! بۆ تایوان سەردەکەوێت؟ چونکە زۆرینەی هەرە زۆری هاوڵاتیانیان پابەندی تەواویی ڕێکارە زانستی و تەندروستیەکانن، تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و بۆنەی کۆمەڵایەتی بە ئەستەم دەبیندرێت و رێگە پێدراویش نیە، بەتەمەن و نەخۆشەکانیشیان بە هیچ شێوەیەک سەردان ناکرێن! واتا تایوان یەک ساڵە تەواو پێچەوانەی کۆمەڵگەی ئێمە مامەڵە دەکات. ئینجا بەراوردکاری تایوان وەک پێکهاتەیەکی سیاسی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بێت، عێراق یان ئێران یان تورکیا بەراورد بکەن  بزانن ئەوان لە کوێی هەڕەمی پێشکەوتنی زانست و زانیارین؟!

لە زۆربەی کۆمەڵگەکان، گەنجان بەو پەڕی بەرپرسیاریەتیەوە ئازیزە بەتەمەن و نەخۆشەکانیان دەپارێزن، لە زۆربەی وڵاتەکان چەند مانگێکە دایک و باوک و هاوڕێ نەخۆشەکانیان نەبینیوە. لە کاتی بیرکردنیان سەردانیان دەکەن و لەو دیو دیواری شووشەیی یەکتر دەبینن یان لە ڕێگەی بەرگ و دیواری پلاستیکی یەکتر لەباوەش دەگرن!

لێرە لۆمەی بەتەمەن و نەخۆشەکان ناکرێت، بەڵام سەدا سەد لۆمەی گەنجان دەکرێت. شکستی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆڤید ١٩ و نەپاراستنی بەتەمەن و نەخۆشەکانمان بە پلە یەک شکستی گەنجە بەناو خوێندەوارەکانمانە، ئەو گەنجەی ناتوانێت بەسەر هەوەس و ئارەزوو و خولیا و نەریتەکانی ڕۆژانەی زاڵ بێت (گشتگیری کردن نەبێت).

زۆریش بەداخەوە، لە وەزارەتە پەیوەست و دامەزراوە حکومی و ئەکادیمیەکانیش وەکو پێویست رێنمایی گشتی ناکەن. ئەوان تەنیا بە ڕووکەش باس لە دوورکەوتنەوە دەکەن، واتا ڕێنماییەکانی وڵاتانی دیکە وەردەگرن، نەک قوڵببنەوە لەوەی ئاخۆ کێشە و بەربەستەکانی کۆمەڵگەی کوردستان چین؟ بەداخەوە، زۆربەی رێنماییەکانیان نەریتی و گشتین، نەک ورد و ڕوون و زەق و ڕاشکاو!

نەگبەتیەکی دیکەی کۆمەڵگەی ئێمە لالوتی و ناپابەندیی و یاساشکێنی راگەیاندنی بیندراوی ئاسمانی و نێوخۆی کوردیە. بە پلان رۆژانە تەماشایان دەکەم، لە بەرنامە کۆمەڵایەتیەکانیان و وەرگرتنی میوان و مامەڵەکردنیان زۆر سەرەتاییانە و نا پیشەییانە مامەڵە دەکەن! پەیامنێر لەسەر دەمامک قسەی کردووە و خۆی دەمامکی نەبەستووە، میوان لە تەنیشت یەکتر ڕیز دەکرێن، وەک بڵێیت پێکوتەیان وەرگرتبێت. ئینجا ئەگەر راگەیاندن وا مامەڵە بکەن دەبێت گشتی هەژار و نەخوێندەوار، یان خوێندەواری بەلاڕێدابراو چۆن مامەڵە بکات؟ چۆن گومانێکی ناژیرانە و سەرەتایی بۆ بوونی ڤایرۆسێکی وەها بکوژ نەکات؟

ئایینیش رێنمایی خۆپارێزی دەکات، بەڵام ئایینییەکان خۆیان (هەموویان نا) ئەوە جێبەجێ ناکەن، لە کەسایەتی ئایینیە ناسراوەکان تا خوارەوە، ناپابەندن سەردان و گەشتیان بەردەوامە و لە بۆنەکان و پرسە کۆمەڵایەتییەکان بەشدارن! پاساوی قەدەر ئایینیە و ڕەنگە بە تێگەیشتنی لاسارانەی بێ خۆپارێزی لە کۆمەڵگە بوهتانێکی مەزنیش بێت بە ئایین خۆی.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی خۆی، رێژەی گیانلەدەستدان و تووشبوون لە هەرێمی کوردستان (لە عێراق و ناوچەکە وەها یان خراپتریش) بەرزە، واتا ئێمە لە بەرگەنەگرترین مرۆڤەکانین لە تەک لاتینی و رەشپێستەکان، چونکە نە خەڵک خۆیان دەپارێزن، نە دەچنە نەخۆشخانە، واتا بەشێکی بەرچاو هەر لە ماڵەوە گیان لەدەست دەدەن!

بە کورتی، بەهۆی دۆزینەوەی چەند پێکوتەیەک هیوایەکی زۆر هەیە، بەڵام نابێت هەوڵمان بۆ خۆپارێزی و پاراستنی کەسە بەتەمەن و ئازیزەکانمان تۆسقاڵێک کەموکورتی تیا بکەوێت. نابێت نمونەی خۆپەرستی چاکبوونەوەی ئاسانی ئەوم و ئەو وەک نمونەی گشتی وەربگرین، چونکە زانست دەمێکە دەڵێت هەندێک کەس هەیە رەنگە تووش نەبن، یان بە کەمیی و بە سووکی تووش ببن؛ ئەوان پێوەر نین بۆ هەڵسەنگاندنی گشتی، ناشبێت ئەوان خۆپەرستانە لالوت بن لە دەمامک بەستن و پاراستنی ئەوانی تر. پێکوتەکان جیاوازن، کەی دەگەن و چۆن کاتی دەوێت، لەو ماوەیە وەکو خەڵکی تایوان بژین؛ لە یەکتری دوور بکەونەوە و ترسی ناوێت، بە تایبەت نەترسانێک هەڵێنجراوی ئاستی ئاگایی و هۆشیاری خۆپارێزی و پاراستنی گشتی بێت.

لەو ماوەیە و تا وەرزی گەرما، کردنەوەی قوتابخانەکان (بە تایبەت پۆلی یەک و دوو) گەورەترین بێ پلانی و شکستی کارگێڕیە، تەنانەت زانکۆکانیش دەبێت تا بۆیان بلوێت (بە تایبەت لە وەرزی سەرما کە پێشووتر هۆشداریم لەبارەوە دابوو) بە شێوازی لە دوورەوە و لە ڕێگەی سەرهێڵ و ئێلیکترۆنی خوێندن بکەن! دەبێت هەموومان لە دووری یەکتر یەکگرتوو بین و لە هەموو بەریەککەوتنێکی نزیک دوور بکەوینەوە. هاوشێوەی کەنەداش حکومەت خۆی ڕێنمایی بدات کە ئێستا کاتی ئەوەیە تەنیا پێداویستی خۆراکیی و زۆر پێویست بکڕدرێت و بەرپرسیارانە مامەڵە بکرێت، بە تایبەت کە دەبینین کۆمەڵگە خۆی درکی بە دەرهاویشتە ئابوری و سیاسیەکانی پەتاکە نەکردووە!




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر