دەستخستنە سەر برینەكان، بۆچی زۆنی سەوز-نیلی دواكەوتووە

لە مێژە پرسیار گەلێک لە پانتایی مێشکی دانیشتوانی ناوچەکەدا خۆیان گرمۆڵە کردوە، بە جۆرێک بونەتە تابلۆیەکی ئاڵۆزی نامۆ لە هزری هەمووماندا.
PM:07:26:15/12/2020
دۆسیە: شیکار
زۆرترینی ئەم پێکدادانە لەم ناوچەیە خۆی دەبینێتەوە بە جۆرێک وەک یاریگای لێ هاتووە و تەنها کەسێک باج بدات دانیشتوانی ئەم ناوچەیەیە.

محەمەد دارا
پارێزەر و خوێندکاری ماستەر لە تاوانناسی


نامەوێ لە قوڵایی بیرکردنەوەمدا لاپەڕەکانی مێژووی ئەم ناوچە و دانیشتوانەکەی دێڕخوێن بکەم و، تێشک بخەمە سەر خەبات و قوربانی دان و تێکۆشان و شوڕش و خەبات و ماندووبوونی تاک بە تاک و، گەنگەشەی هەوڵ و تێکۆشانی نێشتەجێبوانی بکەم.

بەدەر لە جیاوازی هزری و، کلتوری و، فەرهەنگی و، سیاسی و، ئەخلاقی و، ئاینی و ڕێبازی عەقیدیی و مەزهەبی، دەمەوێ ساتێک سەرنجی تۆی خوێنەر ڕابکێشم و بپرسم: ئەم ناوچەیە بۆ لە پێشەنگەوە بوەتە پاشکۆ؟ ڕەنگە لە نەخشەی جیهانی مێشکدا لە کەناراوەکانی پاراگۆی و ئیریتریا و دوورگەکانی سرینلانکا بۆ ئەم ناوچەیە بگەڕێی لە کاتێکدا دوورگە نیە و مەبەستم ئەمارەتەکەی برایم پاشای بابان و حوکمڕانی مام جەلال و، ناوچەی دەسەڵاتداری ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. 

پاشکۆ بوونی ئەم ناوچەیە هۆکار و ڕەهەندی زۆری هەیە و، کەڵەکەبوونی کۆی کێشەکانی زیاتر لە سەدەیەکە و لە ئێستاشدا دەرکەوتەو لێکەوتی زۆری لێکەوتوەوەتەوە، کە هەموویان لە پاشکۆبووندا خۆیان وێنا کردوە. گومان لەوەدا نیە هەموو شتێک هۆکارێکی هەیە بۆ ڕوودانی، هەروەک چۆن هەموو کێشەیەکیش بە لایەنی کەمەوە چارەسەرێکی هەیە. دەمەوێ لەم چەند دێڕەدا بە کورتی تیشک بخەمە سەر هۆکارە سەرەکی و کاریگەرەکانی پاشکۆبوونی ئەم ناوچەیە و، چارەسەر و ڕێگای ڕزگار بوون.

هۆکارەکان:

بە درێژایی مێژوو ئەم ناوچەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەبووە لە گشت ڕوویەكەوە، بە تایبەتی جیۆپۆلۆتێک و ئابووری و سیاسی و جوگرافیای سەربازی و کشتوکاڵی و توانای مرۆیی و ئایینی. هەمیشە جێی تەماع و چاوتێبڕینی هەموو هێز و دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکەبووە بە فارس و تورک و عەرەب و تەنانەت داگیرکارە ئایینیەکانی دیکە. بە جۆرێک کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ناوچەیە واتا و مەدلوی تایبەتی و گرنگ بە خۆی هەیە و، پێگەی سیاسی و سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبەخێشتە دەسەڵاتداری ناوچەکە. بەو هۆیەشەوە، هەمیشە ناوچەی ململانێ و یاریگای یەکلایی بوونەوە و تەسفیەی حساباتی لایەنە ناکۆکەکان بووە و کاریگەری هەمە چەشنەی لێکەوتوەتەوە. 

دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێن ، هەندی جار ئەم ناوچەیە بە جۆرێک پێشکەوتووە، وەک مانگی چواردە درەوشاوەتەوەو بووەتە جێی هیوا و ئومێدی هەمووان و، پێشەنگ بووە لە گشت بوارەکاندا. فاکتەر و هۆکاری سەرەکیش جوان ئیدارەدانی حوکمڕانی دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە بووە. 

بە پێچەوانەشەوە کاتێک ناوچەکە پاشکەوتووە، لە نەزانیی ئیدارەداندا نغرۆ بووە و گەندەڵی و دووبەرەکی خێزانی و تیرەگەری و قبوڵ نەکردنی یەکتر، بونەتە کفنی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و وێڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی کردوەتە نێو لاپەڕەکانی مێژووە. هەوری نەهامەتی و، زریان و لافاوی جەهل و یەکتر سڕینەوە و براکۆژی و نەبوونی و نەداری و برسیەتی و نەخۆشی و ژێر دەستەیی و خۆفرۆشی و جاشایەتی و، پەلکێشی کردنی هێز دەرەکی لە سیما دیارەکانی دەسەلاتدارە نەزان ئیدارەدانەکان بووە.

ڕاستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فەرمانبەرداری ناوچەکەیە، بەڵام هۆکاری پاشکۆبوونی ناوچەکە تەنها لە ئەستۆی یەکیتی نیە. بەڵکۆ لە ئەستۆی تەواوی پێکهاتە و پارت و گروپ و ڕێکخراو و دەستە و ئایینزاکانی ناوچەکەیە. بەڵام پشکی شێر بەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەوێت، پاشان بزوتنەوەی گۆڕان بە پلەی دووەم و، ئیسلامیەکانیش بە پلەی سێهەم.باس کردنی ئەم بابەتە بۆ جوان کردنی پارتی و دەسەڵاتی پارتی نیە، بەڵکو مەبەست لێی ڕێگا و چارەسەری خێرایە و، ڕزگاربوونە لەم دۆخە چەق بەستوەی ناوچەکە. 

هۆکاری یەکەم: گواستنەوەی کێشە و قەیرانەکان بۆ نێو دەسەڵاتی کارگێڕی:

یەکێتیی بۆ خۆی لە نێو قەیرانی جۆربەجۆردایە و، چەندین ساڵە نەک نەیتوانیوە قەیرانەکان بنەبڕ بکات، بەڵکۆ قەیرانەكانی زۆر بوون، بەجۆرێك دەست بردن بۆ چارەسەرکردنیان بوەتە شتێکی ئەستەم. هەندێ جار قەیرانەکان بونەتە سەرەخۆرەی یەکێتیی و و ئەو قەیرانەش گوازراوەنەتەوە بۆ نێو ئیدارەدانی لۆکاڵی و، تەنانەت پەلی هاویشتوە بۆ نێو خێزانەکان بە جۆرێک قەیران و کێشەکانی نێوان باڵەکانی یەکێتیی لە دیارەدەوە پەل دەهاوێت بۆ کلتوربوون. بەم هۆیەشەوە هەوڵی سنودارکردن و لاوازکردن و بچوكکردن و دواجار سڕینەوە بوەتە بەرنامەی سەرەکی باڵە ئاڵۆزەکانی یەکێتیی و ئیدارەدانی ئەم ناکۆکی و، تەسیفەحساباتە پێویستی بە بودجە و داهاتی هەمە چەشنەیە. 

کۆنترۆڵ کردنی جومگەکانی دەسەڵاتی کارگێڕی ناوچەکە، گرنگی خۆی هەیە بۆ هەر یەک لە باڵەکان چونکە بە شێویەکی زۆر نهێنی سەرچاوەی داهاتە بۆ باڵ و دژەکان. 

بۆیە گرنگ نیە چ کەس و زاتێک دەکرێتە کاربەدەست یان بە چ جۆر و شێواز و ستایل و ئالیەتێک حومڕانی دەکرێت. ئەمەش ڕێگای بۆ هەموو جۆرە کەسێک خۆش کردووە لە بەدەستهێنانی پلە و پۆستدا تاکە پێوەر یەکێتیی بوون و کوردبوون و خزمەتکردن نیە ، بەڵکو ڕادەی پەیوەست بوون بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی باڵەکە و، سەرلەقاندن و هاوپشکیدا. کەواتە بڕ و قەبارەی بەرژەوەندی ماددی و مەعنەوی مەودا و بواری پلە پێدانی کارگێری و حزبی و ئەمنی هۆکارە و، ماوەی مانەوەش لەو پلە و پۆستە دیاری دەکات. بۆیە شتێکی چاوەنڕوان کراوە ئەم جۆرە بیرکردنەوە ڕابکێشرێتە نێو ئیدارەدانی دەسەڵاتی لۆکاڵی حوکمڕانیەوە. 

ناکۆکی خیتابی سیاسی و بەیاننامەی دژ و پێچەوانە، دەرنجامن نەک سیاسەت کردن. لایەنە دژ و ناکۆکەکانیش وێڕای سنودارکردن و بچوککردنەوە و لاوازکردنی بەرامبەرەکەیان، بەشێک لە کارنامەیان بریتییەلە هەوڵی مانەوە و گەشەکردن و فراوان بوونی خۆیان. هەر بۆیە هەوڵی کۆکردنەوە زۆرترین كەسن لە تەواو پێکهاتەکان.  دیارە هەندێ تاکیش بێ بەرامبەر ئامادە نیە ببێتە بەشێک لە سیاسەتی دەست و باڵەکان. کەواتە ماددە باشترین شتە بۆ قەناعەت پێکردنی تاکی بەرژەوەندی خواز. 

باڵ بۆ مانەوەی پەل دەهاوێ، ڕێ بە باڵی تر لێژ دەکات هە رباڵێک لە دەسەڵات بەش و بەرکەوتەی نەبێت بە باڵ نامێنێتەوە لاوازرە پارووی چەوەرە بۆ قوتدان. باڵی نێو دەسەڵات گەیشتنە بە داهات داهات بۆ تێرکردنی ڕاگرەکان. ڕاگری هەمەچەشنە. ڕوونیشە گەیشتن بە پلە و پۆست و دەسەڵات بە پێی ڕێژەی دەنگە،  دەنگیش بە کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگدەر، دەنگدەریش هەر کەسێکە باڵ ببێتە سێبەری.  بەرژەوەندی خواز و تەنانەت جاسوسیش دەتوانێ ببێتە دەنگەری باڵ، کەواتە جاسوس بە ئاسانترین دەگاتە هەستیارترین شوێنی باڵ. خۆ ئەگەر جاسوس لێزان بێت، دەبێتە فەرمانبەرداری تەواو. 

ئێستا یەکێتیی لەم حاڵەتەدا دەژی و هەستیش بە خۆی ناکات. خزماتەیی و بەرژەوەندی، دوو هۆکارن بۆ ئیفیلج کردنی یەکێتیی.  تەواوی ئەم کێشانەیان ڕاکێشاوەتە ناو سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە میریەکانی ناوچەکە. بە جۆرێک ئەستەمە بتوانی باوەڕ بە خۆت بهێنی کە بنکەیەکی پۆلیس و ئاسایش بە کۆمیتە نەیەتە پێش چاو. بزوتنەوەی گۆڕان و تەواوی گروپ و دەستە ئیسلامییەکان و حیزبەکانی تری ئەم ناوچەیە، بە هەمان دەردی یەکێتیی چوون بەجۆرێک زۆر جار لە یەکیان جیا ناکەیتەوە.

هەر بۆیە سەرجەم سێکتەرکانی حوکمڕانی بە بێ جیاوازی، بە تایبەتی سێکتەری دادوەری لەم ناوچەیەدا کەوتونەتە ژێر هەیمەنە و فەرمانبەرداری باڵەکان و بەرژەوەندیخوازان. دەبینیی ڕۆژبە ڕۆژ ئەم چەق بەستنە زیاتر و زۆرتر دەبێت. زۆر دەوترێت و دەنوسرێت بەڵام بێ سوودە چونکە ئیرادەی ڕزگاربوون پەیوەست کراوە بە هۆکارە لاوەکیەکانەوە. کەس جورئەت ناکات دەست بخاتە سەر برینەکە ، هۆکارەکەشی یان ترسە لە مردن یان ترسە لە دەست دانی بەرژەوەندیەکان!.

هۆکاری دووەم: نەبوونی سەرکردە:

نەبوونی سەرکردەیەک لەم ناوچەیەدا، هۆکارێکی تری پاشکەوتنی ناوچەکەیە. سەرکردەی بچوک زۆرە کە لە نەبوویدا بوونەتە سەرکردە. ئاخر سەرکردە بوون پەیوەستە بە باش بوونی دانیشتوان و چۆنیەتی سەرکرایەتی کردنەوە نەک خودی سەرکردە بوونەوە. ئەمە واتای ئەوە نیە هەندێک لە سەرکردەکان بە لاواز و خراپ بزانین. نەخێر سەرکردە بوون لە "مام جەلال"ەوە، ببینە کە توانی سەرجەم  باڵ و حزب و گروپەکان کۆ بکاتەوە. ئیقناعیان پێ بکات بە لایەنی کەمەوە دەیتوانی دەم کوتیان بکات. ئیدارەدان و سەرکردایەتی بە پەیچ و ئەکاونت و سێڵڤی و خۆ دەرخستن نیە. بەڵکو دانانی بەرنامەیەکی تۆکمە و گشتگیرە. چۆنێتی جێبەجێکردنیەتی و دیفاكتۆش بۆ هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی کارنامە و بەرنامەکە ئامادەبێت. 

هۆکاری سێهەم: ڕێخۆشکردن بۆ دەستتێوەردان:

کاتێک پێوەرەکان وەلانران، خۆپەرستی جێی هەموو شتێک دەگرێتەوە بێ گوێدانە بەها ئەخلاقی و ئاینییەکان. پەنا دەبرێتەبەر هەموو شتێک لە بری پەنا بردنە بەر گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و لێبوردن، پەنا بۆ ئاوت کردنی بەرامبەر دەبرێت.. ئەمە وێڕای ئەوەی هێزی هەرێمی دەمێکە گەشتوەتە مەبەستی خۆی و کەسی زۆری لە شوێنی بڕیاری هەموو حزب و گروپەکانی ناوچەکە هەیە و، تەمەنێکە کاری لەسەر کردوە. هەموو کاتێک دەتوانێت بە بێ لەشەکر کێشی دەست تێوەردان بکات و فەوزا دروست بکات لە گشت ڕوێکەوە.

هۆکاری چوارەم: ڕێگا خۆش کردن بۆ گەشەکردن و بڵاو کردنەوەی بیری لاگیر: 

وەهابیەت و سەلەفیەت و شیعەگرایی و ناکۆکی حزبی و دەستەو و گروپی تەکفیری و شەڕی نێو مزگەوتەکان بۆ شەڕی میدیایی و ڕێگە کردنەوە و هاوکاری هەندێک لە حزب و گروپ ئیسلامیە توند و نەرمەکان لە ڕووی ناوچەیی و ئابووری و لۆجستی و هەواڵگریەوە. بە جۆرێک دژایەتی کردنی پارتی و یەکێتیی و دۆسایەتی پەکەکە هۆکار بۆ گەشەسەندن و بڵاو بوونەوەیان تا لە ڕێگەیانەوە یەکتر لاواز بکەن.

هۆکاری پێنجەم: میدیای قوڕمیشکراو:

بوونی میدیایەکی زۆری بێ سانسۆر، کە ئەخلاق و ئایین و ئەمنی قەومی و حوکمداری لەم ناوچەیەداخستوەتە مەترسیەوە و ژینگەیەکی  وایان ڕەخساندوە کە بە تەواوی کاری لە پێکهاتە و بنەمای خێزان و خێزانداری کردووە. هاوکارێکی سەرەکی کێشەی هەمە جۆرەکانی خێزانن بە جۆرێک نەک هەندێک لە خێزانەکانی لەیەک هەڵوەشاندوە بەڵکو کاری لە پەیوەندی بنەماڵە و عەشیرەتەکانیش کردووە. حزبەکانیش لە پشت ئەم جۆرە میدیایانەوەن و دەم پیسی و جنێو دان و سوکایەتی کردن بە پیرۆزیەکانی یەکدی، نەک ئاساییە بەڵکو بوەتە کلتور. میدیا تاکەکان ئاراستە دەکات بۆ پاراستنی بەها ئایینی و ئەخلاقیەکانی نێو کۆمەڵگا، کەچی ئەم جۆرە میدیایانە بەرنامە شاراوەکانی دووژمنان جێبەجێ دەکەن، لە ستایڵیکی جیاوازی بەرنامە بۆداڕێژراودا. 

هۆکاری شەشەم: ستەمکاری هەمە جۆر و چینایەتی:

بەرفراوان کردنی سنووری چنینەوەی جۆرەکانی داهات و، بەرتەسککردنەوەی سنووری دابەشکردنی خێر و بێر لە نێو تاکەکانی ئەم ناوچەیەدا، بوەتە هۆکاری زەق کردنەوەی چینایەتی بە جۆرێک دانیشتوانی ئەم ناوچەیە زیاتر دابەش بوون بەسەر بەرەی سەرمایەدار و بەرەی نەداردا. کە ئەمەش دەرنجامەکە دژایەتی و ناکۆکی قوڵ لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست دەکات. هەمووان بە چاوێکی دوژمنکارانە تەماشای یەکدی دەکەن، چونکە چینی سەرمایەدار بوونەتە بار بەسەر چینی نەدراەوە و، خۆشیان بە خاوەن حەق دەزانن و نەدارەکان بە ناڕەوا. ئەمەش لە چۆنایەتی  داهاتەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و چارەسەرکردنی پەیوەستە بە گۆڕینی جۆری بیرکردنەوەی لە بەدەست هێنانی داهاتەکاندا.

هۆکاری حەوتەم: نیشتەجێ بوون و مانەوەی گروپ و حزبی دەرەوەی کوردستان باشوور لەم ناوچەیە:

هاتن و مانەوەی حزب و گروپە جیاوازەکان لەم ناوچەیە، هۆکارێکی تری پاشکەوتنی ئەم ناوچەیە. چونکە ئەم جۆرە هێزانە وێڕای ئەوەی هاوکاری دەستەڵاتدارانی ناوچەکە ناکەن ، بەڵکو لە سنووری قەڵەم ڕەوییەکەی کەم دەکەونەوە و بە ئاشکرا دژایەتیشی دەکەن و بوونەتە برا بەشی خێر و داهات. داڵدەدان و هاوکاری نهێنی و ئاشکرای یەکێتیی بۆ ئەم گروپ و حزبانە، وەک بەخێوکردنی مارە و سەرئەنجام خودی یەکێتیی قوربانی یەکەم دەبێت و دانیشتوانەکەش بێ بەش دەبن لە هەموو شتێک. چونکە کەس ئومێدی بە مانەوە نیە و یەکێتییش سەرقاڵی خۆیەتی، بەڵام بێ ئاگا لەوەی لە خاوەن ماڵ بوەتە میوان.

هۆکاری هەشتەم: قبوڵ نەکردنی پارتی:

پارتی باوەڕی تەواوی هەیە کە لەم ناوچەیە بێ دەستەڵاتە و، هەوڵ و کۆششە جۆربەجۆرەکانیشی بێ ئەنجام بوون. دەستەڵاتی پارتی لەم ناوچەیە بوەتە ڕێژەی نەگۆر. لەوەش دڵنیابووەتەوە بەو ئاسانیە ناتوانێت لایەنگرانی خۆی زیاد بکات.بۆیە ناچارە پەنا دەباتە بەر بچوکردنەوە و لاوازکردنی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە. ناکۆکی و قەیرانەکانی نێو باڵ و و حزب و گروپەکانی و میوانداری کردنی هەندی گروپ و حزبی دەرەوەی کوردستان باشوور، دەرفەتیان بۆ پارتی ڕەخساندوە زیاتر دەست تێوەردانەکانی بۆ نێو ناوچەکە لە گشت ڕوێکەوە وای کردوە هێزە هەرێمایەتیەکانیش لە پارتی بە گومان بن و، پەرچەکرداریان بۆ پارتی هەبێت. هەر بۆیە پارتیش لەم پێناوەدا هەندی شت دەکات وەک تەحەداێک بۆ هێزە هەرێمایەتیەکان وەک "ڕیفراندۆم" بەڵام دواجار و لە داهاتوودا ئەم تەحەدایانە ڕەنگە سەرەخۆرە بن بۆ پارتی. بەڵام بۆ بەرژەوەندی کورد بە سود دەبن. لەم ڕوانگەیەشەوە هێزە هەرێمایەتی و ناوخۆییەکانیش هاوتەریب دەبن لە سەر یەک هێڵ، لە دژی بەرژەوەندیەکانی پارتی هەموو شتێک دەکەن و، کۆک دەبن لەسەر هەموو شتێک بە جۆرێک گرەو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن. پارتیش بە هەمان ڕیتم لای ئاساییە هێزی بیانی پالکیش بکات وەک ئەمان یان بە پێچەوانەوە. بۆیە پەلکێشکردنی هێزی بیانی بوەتە کلتوور.

زۆرترینی ئەم پێکدادانە لەم ناوچەیە خۆی دەبینێتەوە بە جۆرێک وەک یاریگای لێ هاتووە و تەنها کەسێک باج بدات دانیشتوانی ئەم ناوچەیەیە.

هۆکارەی نۆیەم:

نەبوونی دڵسۆزی بۆ ناوچەکە، تەنها بردن و بەهەدەردانی خێروبێری ناوچەکەیە. ئەو سامانە سروشتیە زۆرەی ناوچەکە هەرزان فرۆش کراوە و بەرپرسانی حکومی و حزبیش خۆیان لێ بێ ئاگا کردوە و دەکەن. بۆ نموونە دابەشکردنی زەوی بە بێ هیچ پێوەر و ڕێنمایەک . داگیرکردنی موڵک و ماڵ و سامانی گشتی بە ئاشکرا وای کردوە دڵسۆزی و نیشتمان پەروەری لاواز کردوە، بە جۆرێک زۆرێک وەک مافیا مامەڵە دەکەن و، تەماعکاری هەندێک وای کردوە، کەس ئامادە نیە هیچ پڕۆژەیەک لەم ناوچەیە بونیاد بنێت و ڕۆتیناتی زۆری فەرمانگەکانیش جۆرێکە لە گەندەڵی و بەرتیل خۆری و شەریکە دزی و هاوبەشە بردنی داهاتی گشتی.

چارەسەر

ئەم هۆکارانەی سەرەوە پێچەوانە بکرێنەوە، ئەوا ئەم ناوچەیە لە پاشکۆییەوە دەبێتەوە بە پێشەنگ !. ئەمەش بە تەنها بە یەکیتی و گۆڕان و حزبەکانی دیکە ناکرێت،  پێویستە هەموومان پێکەوە هاوبەش بین لە پێشەنگ بوونەوەی ئەم ناوچەیە.

بەدەر لە ناوچەگەری پێویستە بە گیانی بەرپرسیاریەتیەوە دەست بدەینە ئەم ئەرکە قورس و گرانە و، لە ماوی پێنج ساڵدا دەتوانین کار لەسەر ئەم پێشەنگەبوونەوەیە بکەین. سەرەتا دەبێت هەموومان ڕاستگۆیانە دان بە هەڵەی خۆمان بنێن و جورئەت بکەین ڕووبەڕووی هەڵەکانی ڕابردوو ببینەوە و، یەکتر قبوڵ بکەین و هاوڵاتی بوون و دڵسۆزبوون بۆ نیشتمان و بەها ئایینی و ئەخلاقیەکان و ئازادی و ڕێزگرتن لە یەکتر و هاوبەشیکردنی هەمووان لە خێر و خۆشی و جێبەجێکردنی سیستەمی پاداشت و سزاپێوەربن. بێ گومان هەموومان پێکەوە دەتوانین ناوچەکەمان بکەینەوە بە پێشەنگ.



ئه‌م بابه‌ته 429 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر