خەڵک بۆچی خۆپیشاندان ئەکەن

ئەگەر بەخێرایی سەرنج بدەین لە مێژووی خۆپیشاندانەکانی جیهان، گردبوونەوەیەکی جەماوەری نیە لە جیهاندا کە بەبێ هۆکار ڕویدا بێت، هەمیشە لە ئەنجامی هەبوونی بێدادیەوە خۆپیشاندانەکان ئەڕسکێن، ئیترهەندێجار بێدادی سیاسی، ئابووری یان کۆمەڵایەتی ئەبن بەهۆی خۆپیشاندانەکان لە جیهاندا.
PM:02:58:21/12/2020
دۆسیە: شیکار
زۆرجار سروشتی گردبوونەوە جەماوەرییەکان گۆڕدراون بۆ بەرپابوونی شۆڕش و پێکدادانی فیزیکی بە بێ ویست و پلانی خۆپیشاندەران.

دڵشاد موانی
ڕاوێژكاری تایبه‌تی چاوی كورد بۆ توێژینه‌وه‌كانی وزه‌


خۆپیشاندان و زۆنەکانی دەسەڵات

زۆرجارسلوکی خۆپیشاندانەکان لە ڕێڕوەی ‌خۆیان لایانداوە و شکڵی پڕۆتێست و ڕایۆتی توندی وەرگرتوە، زۆربەی کات لە مەجەردەرچوونی ناڕەزایەتیەکان پەیوەندی بە شێوازی بەرهەڵستی دەوڵەت یان هێزە سیاسیەکانەوە هەیە، زۆرجاریش سروشتی گردبوونەوە جەماوەرییەکان گۆڕدراون بۆ بەرپابوونی شۆڕش و پێکدادانی فیزیکی بە بێ ویست و پلانی خۆپیشاندەران، ئاگری توڕەیی خەڵک بەربووەتە گیانی هێزە بەرهەڵستکارەکان و هەندێکجار گۆڕانکاری سەرتاسەری لە سیستەمی حکومڕانی وڵاتانی لێ فەراهەم هاتووە.

سەرەتای هەڵگیرسانی پزیسکەی ئاگری بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١٠ بریتی بوو لە کۆمەڵێک خۆپیشاندانی یەک لە دوای یەک لە دژی سیستەمی حکومڕانی و بەرزکردنەوەی شەکوای هەژاری خەڵک لە دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی عەرەبی کە سەرەتا لە وڵاتی تونسەوە دەستی پێکرد، پاشان لیبیا و میسر و یەمەن و سوریا و بەحرەینی تەنی، ئەنجامی ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی بە ڕاماڵینی زەین بن علی و معمر قەزافی و حوسنی موبارەک وعلی عبداللە ساڵح کۆتایی هات، دواجار چەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتانە بەرپا بوو بە ئێستاشەوە باری ئاسایی و ئۆقرەی سیاسی و تەناهی بەیەکجاری لە زۆربەی ئەو وڵاتانە کۆچی کرد و جارێکی تر ژیان نەگەڕاوەتەوە سەر ڕێرەوەکەی جارانی. بەڵام مرۆڤی کورد کەمێک شەرمنترە لە چاو دانیشتوانی وڵاتانی تری جیهان، مەخلوقی کورد هەتا ئازار بە ئێسکەکانی نەگات، بە بریندار بوون و ڕووشانی پێستی هاواری لێ هەڵناستێت، گرفتی نەتەوەی کورد لەباشوری کوردستان لەوەدایە کە نزیکین لە زەمەنی ژێردەستە بونێکی تاقەت پڕوکێن کە لەژێر سایەی حیزبی بەعسی شۆڤێنیدا هەتا ئاستی جینۆسایدی نەتەوەیی سەرکوت کراوین، لەو زەمەنە ئەنگوستەچاوەدا دەرکەوتنی ئەحزابی کوردی لە خەیاڵدانی تاکی کورددا تەنها وەک بەدیکردنی تروسکاییەک وابوو کە لە شەوێکی تاریکدا لە دورەوە بەدیکران، لە ئێستادا خەڵکی کوردستان ئەترسن لەوەی هەروا بە ئاسانی فوو لەو تروسکاییە بکەن لە کاتێکدا ئەزانن گەلە گورگی نێو تاریکی دەورووبەر کەڵپەی بێ ڕەحمی خۆیان لەجەستەی شەکەتی نیشتیماندا نقوم ئەکەن.
 
سروشتی خۆپیشاندانەکان و زۆنەکانی دەسەڵات

لە کوردستان بەپێی یاسا خەڵکی مافی ئەوەیان هەیە بێنە سەر جادە و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتدارانی کورد هەمیشە بەشێوەیەکی تیۆریی لەگەڵ خۆپیشاندانی هێمنانە و ئەوەی کە خۆیان پێی ئەڵێن (مەدەنی)دان، بەڵام کاتێک خۆپیشاندەر بەکردەیی داوای ڕوخسەتی خۆپیشاندانی ئاشتیانە پێشکەش ئەکەن، بڕیار بەدەستانی خۆجێی و حکومی بە بیانوی ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، داواکاریەکانیان پشتگوێ ئەخەن و مافی خۆپیشاندانی هێمنانەش لەخەڵکی زەوت ئەکەن، ئیتر لێرەوەیە کە تەقینەوە جەماوەریەکان ڕوو ئەدەن، لە جێی خۆپیشاندانی نەرم، خەڵکی پەنا ئەبەن بۆ توندوو تیژی و سوتاندنی بارەگا و فەرمانگە حکومیەکان.

نەدانی موچە و بەرز بوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێکاری گەنجان ئاریشەیەکی گشتگیرە لە هەردوو زۆنی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، وە بەشێک لە خۆپیشاندانەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە نە بوونی لیاقەتی دانوسانی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە هەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەند، لەگەڵ ئەوەی کە فەزای سیاسی و مەکۆی دەربڕینی ڕای ئازاد لە پارێزگای سلێمانی وهەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕێن لە بارترە لەچاو پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە تەنها هۆکاری سەرەکی نیە لە پشت بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک، گرفتە لۆکاڵیەکانی ئەم زۆنە لە ئیدارەدان و پەرتەوازە بوونی دەستکەوتی ئابووری ناوخۆ و داهاتی سنورەکان، هۆکاری سەرەکیە بۆ تووڕەیی خەڵک، لە کاتێکدا ڕوون نیە پارەی دەروازە سنوریەکان وکێڵگەی نەوت و غازی کۆرمۆر و شیواشۆک وتەقتەق و گەرمیان ئەچێتە چی گیرفانێکی قوڵەوە و لە چی جومگەیەکی حوکمڕانی لەم زۆنەدا خەرج دەکرێت.

سروشتی ئیداری لە زۆنی سەوز بە جۆرێکە هەمیشە دوای خۆپیشاندانەکان پڕۆژە خزمەت گوزاریەکان ئەخرێنە بواری جێ بەجێ کردنەوە، وەک ئەوەی کە کەسانی خاوەن هەژموون بڕیاری پێشوەختەیان دابێت کە هەتا ئەو کاتەی خەڵکی بێدەنگی هەڵبژێرن لە ئەدای حکومڕانانی زۆنی سەوز، ئەوانیش هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریان بۆ جی بەجێ نەکەن، بە پێچەوانەی زۆنی زەرد کە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر تۆقیون لە هەرهەوڵێکی خۆپیشاندان، ئەوان فۆبیایان لەگەڵ بچوکترین گردبوونەوەی جەماوەریدا هەیە و خۆپیشاندانەکان زۆر بە ئاسانی کاریگەری خراپ لەسەر پەرچەکرداری دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد دروست دەکات، دانیشتوانی ئەم زۆنەش نەک تەنها هەوڵی خۆپیشاندانی هێمنانەش نادەن، ئەوان تەنانەت لێدوان بۆ کەناڵێکی تەفیزیوۆنیش نادەن کە پرسیاری دەربڕینی هەستی ناڕەزایی لەخەڵک دەکەن، بە پێچەوانەی زۆنی سەوز، ئەم زۆنە تەنها لە ئەمانێکی درێژخایەندا ئەتوانێت پڕۆژە ستراتیژیەکانی وەک ڕێگا و بان و بیناسازی و پڕۆژەکانی بواری ووزە جێ بەجێ بکات، ئەکرێت ئەمە جیاوازی جەوهەری بێت لە ئەدای حکمڕانی لە نێوان زۆنی سەوز و زەرددا، ئیتر ئاستی سەرکەوتنی هەرلایەک لە ئیدارەدانی زۆنەکەی خۆی بۆ ئێوەی خوێنەر بەجێ دەهێڵم...

کێ لە پشت خۆپیشاندانەکانی کوردستانەوەیە

هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە جێی ئەوەی پەنجە بۆ کەمو کورتیە ئیداری و ئابووریەکانی خۆیان درێژ بکەن، یان هەوڵی چارەسەری بنەڕەتی بۆ ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بدۆزنەوە، تۆمەتی دەستی دەرەکی و هەبوونی شانەی نوستوی نەیارە سیاسیەکانیان بەسەرخۆپیشاندەراندا ئەبەخشنەوە، هەمیشە لە هەوڵی داتاشینی بیانویەکی نوێدان بۆ وەشاندنی دەستی ئاسنین و پەلاماردانی خەڵک و بەکارهێنانی هێزو چەک بۆ بڵاوە پێکردنی خەڵکی ناڕازی لە ئەدای حکومەت و هێزە خاوەن زۆنەکان. 

پەندێکی پێشینانی کوردی هەیە کە ئەڵێت مشتێک نمونەی خەرمانێکە، ئەگەر هەربەڕاستی ئەتانەوێت بزانن کێن ئەوانەی کە لەسەر جادەن و خۆپیشاندان ئەنجام ئەدەن، ئەوا وەرن تەماشای ناسنامە و باکگراوندی قوربانیەکانی نێو خۆپیشاندەران بەکەن، بزانن قوربانیەکان کێن و لە چ چین و توێژێکی کۆمەڵگای کوردی یان دەرەوی کوردستانەوە هاتوون، ئایا چەکدارێکی پەکەکە کە بە زمانی کرمانجی ژوروو قسە بکات یان ئیتڵاعاتێکی فارسی زمان لە ناو قوربانیەکاندا بوونی هەیە؟ یان هەموو قوربانیەکان گەنجی گیرفان خاڵی و خەڵکی ڕەسەنی ئەو شار و شارۆچکانەن کە خۆپیشاندانەکانی تێدا ئەنجامدراوە، بەمەش تییۆری هەبوونی دەستی ئێران و شانەی نوستووی پەکەکە لە نێو خۆپیشاندەراندا بە تەواوی پوچەڵ ئەکرێتەوە.

دەرەنجام

١- خراپترین جۆری حکومڕانی ئەوەیە کە هەتا ئاستی لە بیرچونەوە، خەمسارد بیت لە جێبەجێ کردنی پێداویستیەکانی خەڵک، هەمیشە داواکاریە ڕەواکانی کۆمەڵگا دوابخرێت بۆ کاتێک کە دێنە سەرشەقام وتەنها لە ڕێگای خۆپیشاندانەوە هەست بە گرفتی خەڵکی بکرێت.

٢- لە عورفی حکومڕانی جیهاندا خۆیشاندان بەشێکی گرنگە لە ئازادی ڕادەربڕین، هیچ سیستەمێکی حوکمڕان تا سەر ناتوانێت مافی خۆپیشاندان لە خەڵک زەوت بکات، لەگەڵ ئەوەدا کە سەرکوت کردنی رای ئازاد کارێکی تاقەت پڕوکێنە بۆ خودی دەسەڵاتداران، لەهەمان کاتدا سیمای دەوڵەتداری ناشیرین ئەکات و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشدا نیشانەی پرسیار لەسەر پابەند بوون بۆ بنەما دیموکراتیەکان دروست دەکات. 

٣- لە پێناو تەفریغ کردنەوەی توڕەیی خەڵک، دەسەڵاتداری سەرکەوتوو پێویستە ڕێگا بە خۆپیشاندانی نەرم و ئاشتیانە بدات پێش ئەوەی خەڵکی پەنا بۆ خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت و تووندو تیژی ببەن.

٤- بەو پێیەی کە پێدانی موچەی مانگانە لە کاتی خۆیدا وەهەوەها ڕەخسانی هەلی کار بۆ گەنجان دەستەبەری ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەکات، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بیکاتە کاری لە پێشینەی و هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ گەشتن بە ڕێکەوتنێکی بن بەست لەگەڵ دەوڵەتی عێراق.

٥- پشت بەستن بەفرۆشتنی نەوت بۆ بەدەست خستنی بوجەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای عێراقەوە تەنها چارەسەرێکی کاتیە هەمەڕەنگ کردنی سەرچاوی داهات تاکە پەتی ڕزگاربوونی هەرێمی کوردستانە لە ئێستادا، پێویستە خاوەن زۆنەکانی کوردستان هەنگاوێکی بوێرانە بنێن بۆ بەگەڕخستنی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاری و ...هتد

٦- هەردوو زۆنی دەسەڵات لە کوردستان سەرنشینی یەک کەشتین پێکەوە، هەوڵدانی ڕاستەقینە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی تاکە هۆکارە بۆ گەشتنی ئەو کەشتیەیە بە کەناری ئارامی، بە پێجەوانەوە بەردەوامی گەندەڵی بەو شێوەی ئێستا هەیە ئەبێتە هۆی نقوم بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەوکاتە هەموولایەک پێکەوە زیان ئەکەن.



ئه‌م بابه‌ته 97 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر