کێ بەرپرسە لە داڕمانی نرخی دینار

بە بەردەوامبوونی دابەزینی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار و، ئەو بێسەروبەریی و پاشاگەردانییەی لە نرخی کاڵا و شتومەکەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراقدا دەیهێنێتە ئاراوە، لەوبارەیەوە هێزە سیاسییەکان تۆمەتبار دەکرێن و بە بەرپرسیار دەزانرێن.
PM:02:54:23/12/2020
دۆسیە: شیکار
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دۆلار لەکاتێکدا دێت کە عێراق بە دۆخێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت.

اكثم سيف الدين
ڕۆژنامەنووس


ئاڕاستەیەکی پەڕلەمان بۆ لێپێچینەوە لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی بەهۆی پرسی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە هەیە. 

ڕۆژی چوارشەممە نرخی دۆلار بەرز بوویەوە، دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە، 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 132 هەزار دیناری عێراق ئاڵوگۆڕی پێکرا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەش نرخی 100 دۆلار بۆ 137 هەزار بەرز بوویەوە، بەڵام لەکاتی عەسردا بۆ 130 هەزار دابەزی و دواتر دووبارە بەرز بوویەوە بۆ 132 هەزار دینار. لە سەرەتای مانگی دیسەمبەردا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 123 هەزار دیناری عێراقی بوو. 

ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی  سەرکردایەتیی دەکات، لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار پەنجەی تۆمەت بۆ حکومەتەکەی موستەفا کازمی درێژ دەکات و پێیوایە ناوبراو "بە ئەنقەست نرخی دۆلاری بەرز کردۆتەوە" وەك یەکێك لە ڕێکارەکانی حکومەتەکەی. 

عبدالهادی سەعداوی، جێگری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش ڕایگەیاند، "پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی ڕاگەیاندووە کە بانکی ناوەندی نرخی 100 دۆلار بۆ 145 هەزار دیناری عێراقی بەرز دەکاتەوە "، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییشدا ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکانی پێشووی حکومەتی عێراقدا باس لەوە کراوە، کە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بۆ دوو قۆناغ دابەش دەکرێت و بەشێوەیەکی کتوپڕ نابێت، ئەوەش بە دوو هەنگاو، سەرەتا بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بۆ 130 هەزار دیناری عێراقی و دواتر بۆ 145 هەزار دینار، بەڵام حکومەت بڕیاری دا پەنا بۆ بەرزکردنەوەی دۆلار بۆ 145 هەزار دینار ببات ". 
 
عبدالهادی سەعداوی، کە جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هاوکات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیشە، ڕوونیشی کردەوە کە، "پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بە لیژنەی دارایی ڕاگەیاندووە کە، دوای ڕۆژی یەکشەممە، نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراقدا دەبێتە 145 هەزار دینار". 

ئیئتیلافی نەسڕ، کە حەیدەر عەبادی سەرکردایەتیی دەکات، سوورە لەسەر لێپرسینەوە لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی و، ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار" دەستی لەپشتەوەیە ". 

نەدا شاکر، جێگری سەرۆکی ئیئتیلافەکەش دەڵێت کە "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار دەستتێوەردانی سیاسییە لە زیادکردنی دراوەکە". باس لەوەش دەکات کە "ئەو کۆمپانیا قۆرخکارانەی لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەیان دەبەن لەپشت بەرزبوونەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلارەوەن لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراقدا و، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کارێکی بە ئەنقەستە و لایەنە سیاسییەکان لەپشتیەوەن". 

جێگری ئیئتیلافی نەسڕ ئاماژە بەوەش دەکات کە "پەرلەمان دەستی بە کۆکردنەوەی ئیمزای ئەندامان کردووە بۆ بانگهێشتکردن و لێپرسینەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندی، بەو مەبەستەی باس لە وردەکارییەکان و سزادانی ئەو کەسانە بدات کە کەمتەرخەم بوون". 

حسێن عەقابی، ئەندامی کوتلەی "النهج الوگنی" پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی حکومەت دەکات بەوەی هیچ ڕێوشوێنێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار نەگرتۆتە بەر. هاوکات لە بەیاننامەیەکیشدا ژمارەیەك بانكی نێوەندگیر بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دادەنێت، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە بانکی ناوەندییەوە هەیە، ئەوەش بەمەبەستی قازانج لە زیادکردنی دۆلار و، باس لەوەش دەکات کە ئەو بانکانە بازنەیەکی زیادەن لە بواری کاری ئاڵوگۆڕی دراودا و هیچ هۆکارێك بۆ بوونیان لەئارادا نییە چونکە لەسەر حیسابی کەمکردنەوەی پارەی بازرگانان و چالاکانی بازاڕ و قووتی هاووەڵاتیان قازانج دەکەن و لەو ڕێگەیەشەوە سەرچاوەکانی دەوڵەت دەقۆزنەوە. 

ئەو ئەندامە جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە کەسانی خاوەن هەژموونی وڵات دەستیان بەسەر کاری ئەو بانکانەدا گرتووە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بۆ وڵاتی عێراق و قازانجی زۆری ئەو لایەنانە، هاوکات بەرپرسیارێتییەکەی دەخاتە ئەستۆی حکومەت و تۆمەتباری دەکات بەوەی ئەو پرسەی فەرامۆش کردووە و هیچ هەنگاوێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو نەناوە و داوای ڕوونکردنەوە دەکات. 

بەهۆی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە هەورێکی ڕەش باڵی بەسەر بازاڕە ناوخۆییەکاندا کێشاوە و بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ماددە خۆراکییەکان و پێداویستییەکان و کاڵاکانی تر، بەو هۆیەشەوە پسپۆڕانی بواری ئابووری هۆشداریی دەدەن لەوەی عێراق دووچاری "کارەسات دەبێتەوە" لە ئەگەری کۆنترۆڵنرکردنی نرخی دۆلار.

جەمال ڕەبیعی، شارەزای بواری ئابووری، دەڵێت کە بەگرتنەبەری ڕێکاری بەپەلە لەلایەن حکومەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار کارەسات دەنێتەوە لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراقدا، ئەوەش بەشێوەیەکی گشتی خۆی لە بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکان دەبینێتەوە، ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە لەئێستادا دۆخێکی شەلەل و شڵەژان و لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراق هەیە و، نرخی زۆرینەی کاڵاکان بەرز بوونەتەوە. 
 
ئەو شارەزایە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بابەتەکە بەهۆی دەستێوەردانی زۆرەوەیە، کە هەندێکیان سیاسیین و هەندێکی دیکەش پێوەستن بە کاریگەریی لایەنە سوودمەندەکانی نرخی فرۆشتنی دراو، ئەوەشی کە پرسەکە بەشێوەیەکی مەترسیدار ئاڵۆز دەکات و لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت، بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و یەکلاکەرەوەیە لەلایەن حکومەتەوە. 

بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دۆلار لەکاتێکدا دێت کە عێراق بە دۆخێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت، بەهۆی دابەزینی نرخەکانی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا، ئەوەش لە توانای حکومەتی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر بودجە و دابینکردنی مووچە ڕەنگی داوەتەوە.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا



ئه‌م بابه‌ته 258 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر