ڕووسیا لە سوریا چۆن ئامادەکاریی بۆ سەردەمی بایدن دەکات

لەکاتێکدا ناوەندە ڕووسیەکانی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە باسیان لەو هۆکارانە کردووە کە ئەگەری هەیە وابکەن ئیدارەی بایدن مەترسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بێنیتە پێشەوەی لیستی کارە لەپێشینەکانی سیاسەتی ئەمریکا.
PM:01:23:25/12/2020
دۆسیە: شیکار
کوردەکان بوار بۆ دامەزراندنی مۆدێلێکی درێژخایەنی پێکەوەژیان لەگەڵ دیمەشق دەهێڵنەوە.

ئەنتۆن مارداسۆڤ
ڕۆژنامەنووس و شارەزای کاروباری سەربازی


مۆسکۆ ئەو ماوەیە لاوازییەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ وەك دەرفەتێك دەبینێت بۆ زیاتر سەپاندنی پێگەکانی خۆی لە سوریا 
 
جیاوازیی نێوان پێشبینییەکانی شرۆڤەکاران و ئەجێندای ڕاستەقینەی کرێملین هێندە زۆر نیە. یەکێك لە ڕوواڵەتە سەرەکییەکانی داڕشتنی سیاسەتی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرتبوونەکەیەتی، هەندێکیش پێیان وایە دەزگا ئەمنییەکان و ڕێکخراوە سەربازییە تایبەتەکان زۆرترین ڕۆڵیان هەیە. ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکیش باڵاترین دەسەڵات و سوودبەرترین کەسە لە ستراتیژیەتی ڕووسیا و لە سەرجەم بڕیارە چارەنووسسازەکاندا خاوەن دوایین قسەیە. لەم دۆخ و چوارچێوەیەدا، وا دانانرێت کۆمەڵەی شارەزایان ڕاوێژ بە کرێملین بدەن یان تەنانەت کردارەکانی ڕوون بکەنەوە. لەبری ئەوە، تاکە شت لە شارەزایان پێشبینی بکرێت بریتیە لە ڕەوایی پێدان و پاساو هێنانەوەی ڕاستییەکانی دوای بڕیارەکانی دەسەڵاتداران. 

بڕیاری سەربازیی ڕووسیا بۆ دانانی بنکە لە دەوروبەری شارۆچکەی عەین عیسا لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا ئاماژەیەکە بۆ چالاکیی مۆسکۆ لە ماوەی پاشاگەردانیی هەنووکەدا. ئەم هەنگاوە بووە سوپاسنامەیەکی ئەگەر لێکراو بۆ ئەو ڕێککەوتنەی ڕووسیا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی هاوپەیمانی ئەمریکا ئەنجامی دا. ئامانجی ڕێککەوتنەکە ڕێگرتن لە هێرشی ئەو ناوچانەی دەوروبەرن کە لەلایەن تورکیا و ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنترۆڵ کراون. بەڵام، کەمن ئەوانەی خەیاڵیان بەوە خۆشە کە بەلای ڕووسیادا دەشکێتەوە لە هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە. ڕووسیا و تورکیا هەوڵەکانیان یەکخستووە بۆ لاوازکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات تەنانەت  دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی SU-24ـی ڕووسیاش کاتێک گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەڵکشان. هاوکات مۆسکۆ لە چەندین پلاتفۆرمدا، لەنێویاندا لەڕێی جەزائیرەوە، ئاسانکاریی بۆ پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق کردووە لەبارەی پرسی کوردەوە. 

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چالاکییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سوریا بە ئاژانسی "ئەلمۆنیتەر"ـی ڕاگەیاندووە، مۆسکۆ و ئەنقەرە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن تا خۆیان لە قەرەی کوردەکان و ئەمەریکیەکان لە ناوچەکە بەدوور بگرن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری ئاژاوە. لەبری ئەوە، بەشێوەیەکی دووفاقیانە دەجوڵێنەوە. بۆیە، هەر زوو دوای هەوڵەکانی تورکیا بۆ فشار خستنەسەر کوردەکان لە عەین عیسا، ڕووسیا پێشنیاری کرد هێزەکانی سوریای دیموکرات یان ناوچەکە چۆڵ بکەن یان بیگوازنەوە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا. وێڕای ئەمەش، لە کۆتاییدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەو ناوچانە بوونیان هەبێت. هەمان سەرچاوە ڕاشیگەیاند، وا پێدەچێت ئەو شێوازەی یەکلاییکردنەوەی دۆخەکە بەلای ئەنقەرەوە جێگای ڕەزامەندیی بێت چونکە هێزی زیاتری پێ دەدات لە گفتوگۆکان لەگەڵ مۆسکۆ، هەرچەندە لەوانەیە جێگیرکردنی یەکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە عەین عیسا ناکۆکیی نوێ لەنێوان هەردوولا بنێتەوە. 

جگە لەوە، مۆسکۆ هەڵوێستێکی چالاکانەتر دەگرێتەبەر لە خۆرهەڵاتی سوریا. هۆکاری ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە بەشداریی ڕووسیا لە ئۆپەراسیۆنی بیابانی سپییەوە نیە، کە مەبەست لێی بەرەنگاربوونەوەی گروپە جوداخوازەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بوو، بەڵکو پەیوەندیی بە خواستی سوریاوە هەیە بۆ خۆ بە دوورگرتن لەوەی تێوە بگلێت لەو تاکتیکە وێرانکەرانەی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی سوریا لەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی باکوور و خۆرهەڵاتی سوریادان. وێڕای "ڕێگای جەنگی"ـیە ناوە ناوەکانی نێوان هێزەکانی ڕووسیا و ئەمریکا، بەڵام تا دێت زیاتر ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە هۆکاری وەستانە ستراتیژییەکەی ڕووسیا بەهۆی دوودڵیی مۆسکۆوەیە لەوەی لەگەڵ ئەو وڵاتە تێوە بگلێت کە بۆ پاراستنی توانای خۆی وەک دەستێوەردەرێك ناوچە نیمچە ئۆتۆنۆمییەکەی فوڕات دادەخوات. وێڕای ئەمەش لەئێستادا تا دێت زیاتر ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە بوونی هێزەکانی ڕووسیا بە یاوەری سوپای سوریا لە ناوچەی فوڕات فراوانتر دەبێت، بە تایبەتی بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانی داعشەوە. ئەوەش لەپێشوودا بۆتە هۆی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەدرێژایی ڕێگای M20. 

بەڵام ئەوە تەنیا مۆسکۆ و ئەنقەرە نین کە نیازیان وایە پێگەکانیان بەهێز بکەن و مەودای بژاردەکان لە دیالۆگ و دانوستانەکانیان لەگەڵ ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا فراوان بکەن، ئیدارەی ئەمریکاش ڕوونی کردۆتەوە کە ناچێتە نێو دانوستانی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەسەدەوە یان وەك گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دان بە بەرگە سیاسییەکەی سوریادا بنێت.

تارانیش بەهەمان شێوە هیواکانی لەسەر تواناکانی ئیدارەی بایدن هەڵدەچنێت تا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە و بەدوای شێوەیەکی نوێی سازشکردن لەگەڵ ئێراندا بگەڕێت. بەڵام، ئەو دێبلۆماتکارە ڕووسیانەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکەن گەشبین نین لەبارەی ئەگەری گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015. بەڵام پێشبینیی دانوستانگەلێکی بەجۆش و گشتگیر لەنێوان واشنتن و تاران لەبارەی کۆمەڵێك پرسەوە دەکەن.  بەڵام وێڕای ئەگەری دانوستانیش لەگەڵ ئەمریکا، پێویستە ئێران لەوە تێبگات کە هەر هەوڵێک بۆ دووبارە دانوستان لەبارەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەوانەیە دەستەبەری سنووردارکردنی دەرفەتەکانی ئێران لە بەشدارییکردن لە سیاسیەتی سوریا لەخۆ بگرێت. بەپێی ئەم چوارچێوەیە، ئێران بەشێوەیەکی کاتیی هەوڵ دەدات پشکەکانی لە سوریا زیاد بکات، ئەوەش لەڕێی زیادکردنی بەسەربازگرتنی سورییەکان بۆ لقەکانی هێزە شیعییە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەی فوڕات. لە بنەڕەتدا، تاران ئەو چالاکییانە زیاد دەکات کە دەزانێت دواتر توانای گێڕانەوەیانی هەیە. سەرجەم ئەو هەلومەرج و چوارچێوانە توانای پێویستی گفتوگۆ بۆ دانوستانەکان و کۆمەڵێك شت بدەنە ئێران کە بتوانێت لە دانوستانەکاندا دەستبەرداریان بێت. لەماوەی ساڵانی دواییدا، ئێرانییەکان هێزێکی فرەچینیان لە سوریا جێگیر کردووە. جێگیرکردنی ئەو هێزە فرەچینە تەنیا بەهێزکردنی فەیلەقی چوار ناگرێتەوە، کە لەژێر فەرماندەیی ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریادایە، یان تەنیا زیادکردنی هەژموونی یەکەکانی ئێران لە چوارچێوەی گاردی کۆماری ناگرێتەوە، بەڵکو پڕۆژەکانی وەک بنیاتنانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و تۆڕێکی گواستنەوەش دەگرێتەوە کە بگاتە سەرجەم پارێزگاکانی سوریا. 

ئەو چالاکییەی لە ئیدارەی ئۆتۆنۆمی لە ناوچەی ڕووباری فوڕاتیش تێبینی کراوە گرنگی خۆی هەیە. گرنگیی ئەو کۆنگرەیەی لەلایەن باڵی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکرات - ئەنجومەنی دیموکراتی سوریا - بەسترا لەوەدا نەبوو کە لەڕێی بەرزکردنەوەی دیدی چاکسازیی نوێوە هەوڵی ئیدارەکە بێت بەئامانجی بوون هێزێکی شەرعی، بەڵکو گرنگییەکەی لە ئامادەبوونی نوێنەرانی مۆسکۆ و قاهیرەدا بوو لە سەکۆیەکاندا هاوشانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی سوریا. ئەم سەکۆیانە لەلایەن مۆسکۆوە وەك دەرفەتێكی پەلکێشکردنی کوردەکان بۆ نێو دانوستانە سیاسییەکان سەیر دەکرێن. لەهەمان کاتدا، قادری جەمیل، سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا وەك پشتیوانی سەرەکیی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا لە خۆرهەڵاتی سوریا سەیر دەکرێت. لە کۆنگرەکەی ئەنجومەنی دیموکراتی سوریادا، جەمیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای ڕووسیادا، بەر لەوەی ڕەخنە لە هەڵوەشانەوەی سوریا و هەڵوێستەکانی ئەمریکا بگرێت، ستایشی خۆگونجاندنی هێزەکانی سوریای کرد مۆدێلەکەی بە "زامنی ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی لە سوریا" وەسف کرد. 

 لەڕێی ڕێککەوتن لەگەڵ جەمیل و سەرکردەکانی دیکەی هاوشێوەیەوە، کوردەکان بوار بۆ دامەزراندنی مۆدێلێکی درێژخایەنی پێکەوەژیان لەگەڵ دیمەشق دەهێڵنەوە. هاوکات سەرچاوەکانی "ئەلمۆنیتەر"ـیش لەنێو دەزگا ئەمنییەکانی رووسیا دەڵێن مۆسکۆ هیوای زۆر لەسەر ئەگەری ڕێککەوتنی کوردەکان لەگەڵ ڕژێمی سوریا هەڵناچنن. دەکرێ ئەم گومانەش لەڕێی چەند هۆکارێکەوە ڕوون بکرێتەوە. 

یەکەم: سەرەڕای سەرجەم جیاوازییەکانیان، بەڵام هێشتا ئەمریکا و تورکیا دەتوانن خاڵی هاوبەشی درێژخایەن لەبارەی پرسی سوریاوە بدۆزنەوە. تورکیا تەنیا بەشداری نەخشەی فرۆشتنی نەوتی سوریا لەڕێی کوردستانی عێراقەوە و سوودمەندی پشتیوانیی ئەمریکا نیە لەبارەی کارەکانیەوە لە ئیدلیب، بەڵکو ئەکتەرێکی سەرەکییشە کە ئەمریکییەکان بۆ بەرپێگرتنی کردارەکانی ڕووسیا لە سوریا پشتی پێ دەبەستن، لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا ئەو ڕۆڵە بە یەکێتیی ئەوروپا درابوو. 

دووەم: وێڕای ئەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و میسڕ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد درێژە پێداوە (بەپێی هەندێ سەرچاوەش, قاهیرە و عەبباس کامیل، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری گشتی میسڕ ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن تا سوریا بهێننەوە نێو خولی وڵاتانی عەرەب)، بەڵام دۆخەکە هەر ناسەقامگیر دەمێنێتەوە. بەپێی هەندێ سەرچاوەش، سعودیە هەوڵی زیادکردنی ڕۆڵ و هەژموونی خۆی دەدات لە سوریا، بەڵام بەشێوەیەك نا کە یارمەتیدەری ڕژێمی سوریا بێت. بەهۆی ناڕوونیی هەڵوێستی ترەمپیشەوە لەبارەی پرسی سوریاوە،  شاندەکانی سعودیە هاوشان لەگەڵ شاندە ئیماراتی و میسڕییەکان لە چەندان بۆنەدا سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردووە. سەرەڕای ئەوەش، لەئێستادا ڕیاز هەماهەنگی لەگەڵ کوردانی سووریا و هۆزەکان وەك سیاسەتێکی دڵنیایی و هەوڵێك بۆ فراوانکردنی هەژموونیان بۆ دەرەوەی دیمەشق نابینێت، بەڵکو وەك پێویستییەك بۆ پشتیوانیکردن لە "تێڕوانینی جێگرەوەی سوریا"ـی دەبینێت. 

وێڕای دەنگۆ بەردەوامەکان لەبارەی کشانەوەی سعودیە لە پشتیوانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەکی نێو پارتی کرێکارانی کوردستان و سەرچاوەیەکی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، چەندان ئاماژە هەن کە ڕیاز چالاکیی خۆی لە خۆرهەڵاتی سوریا چڕ دەکاتەوە. هەروەها سعودیە هەوڵیش دەدات ڕێگری لە هەوڵەکانی دەزگای هەواڵگری ئێران و سوریاش دەکات لە بەدەستهێنانی هاوسۆزیی هۆزە عەرەبییەکان. 

هەوڵەکانی دیمەشق و مۆسکۆش بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی نزیکتری بازرگانی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات لەڕێی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و ئوردنەوە دووچاری ئاستەنگ دەبنەوە. ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەپاندنی سزاکان لەڕێی یاسای سیزار تووند بکات، ئەوا لەوانەیە تاڕادەیەکی زۆر هاوپەیمانەکانی سوریا ناچار بکات دووبارە بیر لە تاکتیکە هەنووکەییەکانیان لە خۆلادان لە سزاکان بکەنەوە. جگە لەوەش، لەوانەیە بە پلانەکانیاندا بچنەوە بۆ پڕۆژەکانی بنیاتنانەوە (کە وەك ئەوەی دەردەکەوێت، کە لەوانەیە لە کارەکتەری ئەواندا بەڕێژەیەکی زۆر عادەتیانە بێت).


وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر