کێشەی ڕاستەقینەی عێراق کێشەی سیاسییە

دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار، یەکێکە لەو ڕێوشوێنانەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانە داراییە گەورەکەی وڵاتەکە گیراوەتە بەر.
PM:11:04:30/12/2020
دۆسیە: عیراقناسی
بارودۆخی عێراق تەواو مەترسیدارە، دەرئەنجامەکەشی بەشێوەیەکی سەرەکی بە هەدەردانی سامانە بەهۆی گەندەڵیی ئێرانەوە.

خالید ئەبو ظهر
سەرنووسەری ڕۆژنامەی 'الوطن العربی'


هەرچەندە وا پێدەچێت شرۆڤەکاران هۆکارەکەی بۆ کەمیی نرخەکانی نەوت لە ئێستادا و، دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگێڕنەوە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە؛ دابەزاندنی 20%ـی بەهای دینار لە ئێستادا دەرەنجامی ساڵانێك ناڵاندن و گۆڕینی ڕێڕەوی سامانە ڕووە و تاران،  دۆخی عێراق بەجۆرێك لە جۆرەکان هاوشێوەی ئەو دۆخەیە باڵی بەسەر لوبناندا کێشاوە دوورە پەرێزییەکی ناچاری لە دراوسێ عەرەبەکانی و، دیمەنی جیهان. مرۆڤ دەتوانێت ئەو تێکچوونی بارودۆخە بە نمونەیەکی حاڵ لەژێر ناونیشانی "چۆنیەتیی لەدەستدانی هاوڕێیان و دڵ ڕەنجاندنی وڵاتان" ناوزەد بکات، لەوانەیە تاڕادەیەکی زۆریش بتوانرێت "هەروەها شۆڕکردنەوەی وڵاتەکە بۆ نێو پاشاگەردانیی و مایەپووچی تەواو"ـیش زیاد بکرێت. 

بارودۆخی عێراق تەواو مەترسیدارە، دەرئەنجامەکەشی بەشێوەیەکی سەرەکی بە هەدەردانی سامانە بەهۆی گەندەڵیی ئێرانەوە. بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەتەنیا بڕیارێکی ئەرێنییە، لەڕاستیدا پێویست بەوە ناکات دراو بەتوندی دەستی پێوە بگیرێت بۆ پاراستنی نرخێکی ئاڵوگۆڕ، کە ڕەنگدانەوەی دۆخە ئابوورییەکە نییە. سەرەڕای کاریگەریی لەسەر نرخی کەلوپەل و کاڵا هاوردەکراوەکان، بەڵام زۆربەی کات رێگەدان بە بازاڕەکان، بەوەی بڕیار بدەن دۆخەکە باشتر دەکات، ئەوەش کاتێك سیاسەت و چاکسازییە گونجاوەکان خرابێتنە بواری جێبەجێکردنەوە. 

بەڵام کێشە ڕاستەقینەکە کێشەیەکی ئابووری نییە نە لە عێراق و، نە لە لوبنان، کێشە ڕاستەقینەکە سیاسییە. کاتێك هیچ دیدێکی سیاسی بۆ وڵات لەئارادا نەبێت، هەوڵدان و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان بێسوودە، ئەگەر مەحاڵیش نەبێت. هەبوونی دیدێکی سیاسی دەستەبەری هێشتنەوەی دەدات لە ئاڵقەیەکی قەیراندا و تاکە هیواشی ئەوەیە؛ کە کەوتنەکە زۆر ئازاربەخش نەبێت. 

بۆیە؛ پێویست بە چوونە نێو شرۆڤەی ئابووریی ناکات، عێراق هاوشێوەی لوبنان بەرەو تواندنەوەی تەواوەتی هەنگاو دەنێت. عێراق بەرژەوەندی زۆری لە سەرچاوە نەوتییەکانی هەیە، بەڵام تەنانەت لەو ڕووەشەوە ناچار بووە، هەوڵی ناچاری پارەدانی پێشوەختە بووە بۆ بە جێگەیاندنی بەرپرسیارێتیی و پابەندییەکانی. تەنیا ئەوە بەس نییە کە قەرز بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە. فرۆشتنی نەوتی ئێستا و داهاتووش بەهۆی دەستی ڕەشی خراپ ئیدارەدان و گەندەڵییەوە هەڵمژراوە. 

ئێران لەڕێی میلیشیا و پارتە سیاسییەکانییەوە؛ عێراق و لوبنانی ڕاکێشاوەتە نێو قوڵایی چەمی بێبنەوە. هەر لە هەفتەی ڕابردوودا عێراق ڕەزامەندیی دەربڕی، لە ساڵی 2021ـدا دەست بە هەناردەکردنی نەوت بۆ لوبنان بکات، هەنگاوێك کە لەوەتەی پێش وەرزی هاوینەوە تاوتوێ کراوە، وێڕای ئەوەش لەوانەیە مرۆڤ بپرسێت لوبنان چۆن دەتوانێت لە بەرانبەر هاوردەی نەوتی عێراق پارە بدات. لە عێراق هاوشێوەی لوبنان، چەتەگەریی کارەبا ساڵانە زیانی ملیارەها دۆلار لە وڵاتەکە دەدات، تەنها لەمساڵدا زیانی 12 ملیار دۆلاری بەو هۆیەوە بەرکەوتووە. لە هەردوو وڵات لەوانەیە مرۆڤ بپرسێت کێ پارێزگاری لەو ساختەکارییە دەکات، کێش لە دانی پارەی حیسابەکەی بەخشراوە. ئەگەر ئەوە بۆ کارەبا ڕوون بێت، ئەوا هەمان شت بەسەر وەزارەتی تەندروستییشدا جێبەجێ دەبێت. سەرنجی کاریگەریی ئێران لەسەر ئەم وەزارەتە لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەش تێدەپەڕێت و، کار دەکاتە سەر بازرگانیی و داراییش. 

دەست تێوەردانی ئێران؛ لەڕاستیدا بووه‌تە نمونەیەکی حاڵ، لەوەی وڵاتان کێش بکاتە نێو پاشاگەردانیی خۆیەوە. سەرجەم ئەو دەنگانە سەرکوت دەکات کە دژی توندوتیژییەکەی دەوەستنەوە، بەڵام کاتێك دێتە سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، دەبێت ئامانجێکی ڕاستەقینە دیاریکراویش هەبێت لە خۆپاراستن، لە سزاکان و سوودمەندبوون. سەرکردە راسپێردراوەکانیان وەك وڵاتێکی بەکرێگر دەجوڵێنەوە کە پێویستە سەرانە بداتە دەسەڵاتی باڵا لە تاران. کاتێك هیچ دیدێکی سیاسی بۆ وڵات لە ئارادا نەبێت، هەوڵدان و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان بێسوودە، ئەگەر مەحاڵیش نەبێت.

شتێکی ڕوونە سیستەمی بانکی لوبنان و، وزەی عێراق ڕێگای باشن بۆ ڕێکخستنی شێوازێکی خۆلادان لە سزاکان و پێدانی سەرانە بە تاران. لە بنەڕەتدا ئەوەی تاران بە "حیزبوڵڵا" و میلیشیاکانی دەدات لە عێراق دەتوانێت لە دامودەزگاکان و، کەرتی تایبەتی خۆی بدات بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی خۆی و، بەرهەمهێنانی هەر خزمەتگوزاری یان بەهایەك کە پێویستیەتی. لەو ڕووە وە؛ مرۆڤ لەوانەیە بشپرسێت چەند نەوت فرۆشراوە کە دەکرێت نەوتی قاچاخی ئێرانی بووبێت یان لایەنی کەم ئاڵوگۆڕی پێ کرابێت. بۆیە تێگەیشتن لەو داوایە ئاسانە کە خۆپیشاندەران داوای چاکسازیی دژی گەندەڵیی و ساختەکاریی دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێك لێرە و لەوێ داوا دەکەن کەسانی تەکنۆکرات حکومەت بگرنە دەست، بەهەڵەدا چوون. چونکە داخوازییەکی لەو جۆرە خۆی لە خۆیدا بەبێ دیدێکی سیاسیی ڕوونە و، لەژێر کۆنترۆڵی هەنووکەی ئێراندا، هیچ شتێک ناگۆڕێت بەر لە بردنەوەی جەنگە سیاسییەکە. 

ڕاستییەكه‌ ئەوەیە؛ تاران و هێزە لایەنگرەکانی شتێکیان هەیە کە نەیارە سیاسییەکانیان نیانە و، ئەو شتەش زیاترە لە چەکداربوون و ئاستەنگ خستنەسەر دامودەزگاکانی وڵات و سەروەری. لە باوەڕی سیاسی دەست پێدەکات و ستراتیژیەت، پلاندانان و یەکگیریی بەشێوەی کرداری و لە سەرجەمیان گرنگتر وەفاداریی تەواوی بەدوادا دێت، بەدڵنیاییەوە چەند فاکتەرێکی دیکە هەن، وەك سەرچاوە داراییەکان. ئەگەر هێزە لایەنگرەکانی ئێران بتوانن بە ئەرکی خۆیان هەستن، ئەوا تەواوی وڵاتەکە دەکەوێتە نێو پاشاگەردانییەوە. ساختەی کارەبا، گەندەڵی یان هەرشتێکی تر کاری خۆی دەکات گەر ئەو هێزانە کۆنترۆڵیان بەدەستەوە بێت بۆ ئامانجەکانیان بەرەوپێش بچن. بەداخەوە لە بەرەی بەرانبەردا، هیچ دیدێکی سیاسی بوونی نییە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵەی خۆپیشاندەران دێن و دەچن، بۆیە هەرگیز ئەوە کاریگەریی نابێت لە دروستکردنی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە، دووژمنەکە بێڕەحمە، تیرۆرکردنی چالاکوانان و هەر دەنگێکی مانادار یان کاریگەر بۆ سەلماندنی ئەمە بەسە. بەبێ سیستەمێکی ڕێکخراو، بە ئامانجگرتنی چالاکوانان بەردەوام دەبێ. 

وێڕای ترسناکیی دۆخەکە و، مەترسییەکانی بوون بە دەوڵەتێکی شکستخواردوو، بەڵام ڕێگا بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەن. بەڵام ئەو ڕێگایە بەرەو بوژاندنەوە ناتوانرێت دەستی پێبکرێت ئەگەر سەروەریی وڵاتەکە ببەزێنرێت و، پرسە ڕاستەقینەکان دەستیان بۆ نەبرێت. هەروەها بۆ عێراق گرنگیشە پشتیوانی کوردستان و سەرجەم ناوچەکان بەدەست بهێنێتەوە، کە ئەوەش تاکە ڕێگای بەرەوپێشچوونە."موستەفا کازمی" سەرۆك وەزیران ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی میلیشیا چەکدارەکان ئەرکێکی یەکجار سەخت، هەرچەندە بەر لەوە پێویستە دیدێکی سیاسیی ڕوون دروست بکات، کە گەلی عێراق بۆ دۆزەکەی بەئاگا بهێنێت. ئەو دیدەش دەبێت تەنیا دیدی ئازادی بیروڕا، ئابوورییەکی ئازاد و حکومەتێکی بچووك بێت.

بە واتایەکی تر؛ عێراق پێویستی بە سیستەمێکی ناوخۆیی ڕیگانۆمی یان تاچێری هەیە "ڕۆناڵد ڕیگان"ی "سەرۆکی ئەمریکا" شکستی بە یەکێتیی سۆڤییەتی پێشو هێنا لەکاتێکدا تاچێر لەڕووی ئابوورییەوە بەریتانیای پاراست. لەلایەن خۆیەوە پێویستە عێراق نیازی شکستپێهێنانی ئێران نەبێت، بەڵکو پێویستە نیازی هاوسەنگ کردنەوەی پەیوەندیی بێت لەگەڵ ئەم دراوسێ گرنگە، چونکە ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ بووژانەوە، ئەوەش دەبێتە پەیوەندییەکی ئەرێنی، نەك تەنیا بۆ عێراق، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە.


وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا

 




ئه‌م بابه‌ته 117 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر