هێمن شاعیرێکی کوردپەروەر

نووسه‌ر و شاعیری مه‌زنی كورد "سه‌ید محه‌مه‌د ئه‌مینی كوڕی سه‌ید حه‌سه‌نی شه‌یخولئیسلامی موكرییه"، 1921 لە ساڵی له گوندی “لاچین”ی نزیك شاری مه‌‌هاباد له ڕۆژهەڵاتی كوردستان چاوی ژیانی هه‌ڵێناوه.
PM:06:41:01/01/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان
هێمن سیاسەتی کردووە، چۆتە ناو ڕێکخراوی سیاسی نهێنییەوە، بەڵام بەوەی باش بووە شیعری نەکردووە بە پڕوپاگەندە بۆ حیزب.

هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


ژیان و خوێندنی هێمن

سه‌ره‌تای خوێندنی له لای مامۆستا سه‌عید ناكام ده‌ست پێكردووه، ئینجا باوكی ناردوویه‌تی بۆ شاری مه‌هاباد و له قوتابخانه‌ی "سه‌عاده‌ت”دا له‌به‌ر خوێندنی فه‌ڕه‌میی داناوه تاكو ته‌واوكردنی پۆلی چواره‌می به‌ زیره‌كی ده‌رچووه، کە خوێندن بە زمانی فارسی بووە، ئینجا باوكی له‌و قوتابخانه‌یه‌ی ده‌ریهێناوه و بردوویه‌تیه به‌ر خوێندنی مه‌لایه‌تی له خانه‌قای شێخ بورهان و چوار ساڵیش له‌و خانه‌قایه‌ی خوێندووه و له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا ده‌ستی له خوێندن هه‌ڵگرتووه و بووه‌ته لاوێكی خوێنده‌واری هۆشیار و له‌ وێژه‌ی كوردی و فارسی شاره‌زایه‌كی باشی په‌یدا كردووه.

له سا‌ڵی 1941 ‌ هێمن به‌هره‌ی شاعیری له ‌لاخوڵقاوه و ده‌ستی به‌ هۆنینه‌وه‌ی شیعری كردووه و له‌سه‌ره‌تادا لاسایی شاعیره مه‌زنه‌كانی پێش خۆی كردۆته‌وه و ئاگاداری ناوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بووە. له دوایشدا بووته خاوه‌نی ده‌نگی تایبه‌تی خۆی . 

هێـمن له‌گه‌ڵ دروست بوونی كۆمه‌ڵه‌ی "ژ.ك” له 1942دا بووه‌ته ئه‌ندامی ئه‌و ڕێكخراوه ڕامیارییه‌ی كورد، كاتێكیش كه كۆماری دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د له 1946 دامه‌زرا، هێـمن شیعری له‌و بۆنه پیرۆزه‌دا خوێنده‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌ژاری شاعیردا بووه شاعیرێكی خۆشه‌ویستی پێشه‌وا بوون. كه ئه‌و كۆماره ساوایه‌ی كورد ڕووخێنرا، خۆی له‌به‌ر چاوی سازمانی ئاسایشی شاهه‌نشاهی ون كرد و كاتێكیش كه هه‌واڵی له سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌د و هه‌ڤاڵانی بیست خۆی گه‌یانده باشوری كوردستان، لە شاری قەڵادزێ لە مزگەوتێکدا بە نهێنی ژیاوە، تاكو باری ڕۆژهەڵاتی كوردستان هێوربۆیە‌وه، ئینجا لە ساڵی 1948 کە دەوڵەتی ئێران بڕیاری لێخۆشبوون بۆ عەشیرەتەکان دەردەکات "هێمن" گه‌ڕایه‌وه گونده‌كه‌ی خۆی و ماوه‌یه‌كیش له مه‌هاباد ژیاوە و سەرقاڵی ئەدەب و شیعر بووە تا ساڵی 1965 لە سیاسەت دووربووە.

له‌دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوولی ڕزگاریخواز له باشوری كوردستان هاته ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان و چووه پاڵ شۆڕشگێڕان و له‌دوای ڕێككه‌وتننامه‌ مێژووییه‌كه‌ی 11ی ئاداری 1970شدا ماوه‌یه‌ك له به‌غدا وه‌ك په‌ناهه‌نده‌ ژیاوە، له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له شوباتی 1979دا گه‌ڕایه‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و گۆڤاری سروه‌ی ده‌رچوواند تاكو له ڕۆژی 17ی نیسانی 1986دا كۆچی دوایی كرد.

زمانی هێمن

زمانی هێمن زمانێکی کوردی پەتی جوانە، نە پڕە لە وشەی بێگانە و نە وشەی دەستکردی تێدایە، زمانەکەی زمانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، بەڵام هێـمن کە خۆی خەڵکی موکریانە، تەعسوبی بەکارنەهێناوە و بە زمانی موکریانی شیعر ناڵێت بە تایبەتی لەم چەند ساڵانەی دواییدا زمانی هێمن نموونەی بەرزی زمانی کوردییە، بێگومان لە پێکهێنانی زمانی پەسەندکراو(ستاندارد)ی کوردیدا کاریگەری هەبووە.

شیعری هێمن

لە منداڵییەوە شیعری وتووە، ئەو دەوروبەرەی تێیدا ژیاوە دۆستی شیعر بووە و کاری لێ کردووە. بەهرەی خۆڕسک لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر بووە، شیعری بۆ خۆی نووسیوە، لە ساڵی 1942 یەکەمین شیعری "ئەمن کوردم" لە کۆواری "نیشتمان"ی کۆمەڵەی "ژ.ک" بڵاوکراوەتەوە. 

ماوەی منداڵی لە گوند بردۆتە سەر و عەیامێکیش لە مەهاباد (سابڵاغ) ژیاوە، ئەم شارۆچکەیەش لە گوندەوە نزیکتر بووە نەوەکو لە شاری گەورە. لەبەرئەوە فەرهەنگی زمانی کوردی دەشت و دەر و ناوچە کشتوکاڵییەکان لە لای هێمن دەوڵەمەندتر و بەهێزتر بووە لە فەرهەنگی زمانی ناو شار. ئەم دیاردەیە لە هەموو بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا لە شیعر و پەخشان ڕەنگیان داوەتەوە. ئەگەر ئەمە لە شیعردا کەڵکی بووبێ لە پەخشاندا بە گشتی ئەوە نەبووە .

شیعری لە ڕووی ڕوخسارەوە 

شیعری بەحری عەرووزی لە دیوانی هێمندا کەم نییە، بەڵام ئەو بەحرانەی لە کێشی شیعریدا بەکاری هێناون زۆر نین. سێ بەحری بەکارهێناوە هەزەج و ڕەمەل و خەفیف. وەکو دیارە ئەم بەحرانە لە کێشە سووک و ڕەوانەکانی عەرووزن و لە کێشی سیلابی خۆماڵییەوە نزیکن. 

شیعری لە ڕووی ناوەڕۆکەوە 

هێمن لەو ڕۆژەوە خۆی ناسیوە هەستی بە جوانی سروشت و ژن کردووە. لە پاشاندا خۆشەویستی نیشتمان گەیشتۆتە پلەی ئەو دڵدارییە. هەرسێ جەوهەری ژن و سروشت و کوردایەتی لە بەرهەمیدا دیارە. زۆرجار تێکەڵی کردوون و هەندێ جاریش شیعری تایبەتی بۆ داناون. بەم جۆرە هێمن دەچێتە ناو بازنەی ئەو شاعیرانەی ژیانی ئادەمیزاد بە هەموو لایەنەکانیەوە لە بەرهەمیاندا ڕەنگیان داوەتەوە، جا ئەم لایەنانە گرنگتر و گرنگترینیان نییە، بەڵام ئەوە هەیە ئەو لایەنانەی کاریان لە شیعری هێمن کردووە لەگەڵ سەردەمی ژیانیدا ڕێک دەکەون، بەتایبەتی لایەنی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری. بەم ڕەنگە بە هەناسەیەکی هونەری توانیویەتی شیعری بکا بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ چاندنی سۆزی نیشتمانپەروەری لە ناو دڵ و دەروونی هەموو کوردێکدا. 

هێمن سیاسەتی کردووە، چۆتە ناو ڕێکخراوی سیاسی نهێنییەوە، بەڵام بەوەی باش بووە شیعری نەکردووە بە پڕوپاگەندە بۆ حیزب. خۆ ئەگەر لە بنجدا حیزبایەتی نەکردایە باشتر بوو، چونکە هێمن شاعیر و نیشتمانپەروەر بوو، لە سیاسەتدا لەو هوشیارانە نەبوو ببێ بە ئەندام لە دەستەی هەرە باڵای ڕێکخراوی سیاسی. 

هێمن جگە لە شیعری لیریکی، چیرۆکی شیعری (پۆپێمی) فۆلکلۆر ئامێزی هەیە، واتە بەیتی ئەدەبی میللی. بەشێک لە بەرهەمە هەرە گرنگەکانی چیرۆکی شیعری ئەمانەن:

1- ناڵەی جودایی؛ لە زیاتر لە سەد دێڕە شیعر پێکهاتووە، لە ساڵی 1974 لەو کاتەی لە بەغدا بووە هۆنیویەتییەوە، شێوازێکی سیمبۆلییانەی بەکارهێناوە ڕەنگدانەوەی دڵ و دەروونی شێواویەتی لە ئەنجامی تێکچوونی نێوان دەسەڵاتی بەغدا و شۆڕشی ئەیلوول لە باشوری کوردستان و دەستپێکردنەوەی شەڕ. لەو شیعرەدا موناجات لەگەڵ مەیگێڕ دەکا، بۆ ئەوەی سەرخۆشی بکا تا بتوانێ ئەوەی لە دڵی دایە هەڵیڕێژێ.

2- ئێوارەی پاییز؛ قەسیدەیێکی درێژە لە 36 چوارین پێکهاتووە ((156نیوە دێڕ شیعر. ئەمەش لە ساڵی 1974 لە بەغدا نووسراوەتەوە ئیلهامی لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کوردستانی عیراقدا وەرگرتووە. هێمن لەم شیعرەدا ڕەشبینە، ڕۆژگار ناو دەروونی هەڵتەکاندووە لە حەژمەت ئەوەی لە ژێر ئازاری دوژمنان دەتلێتەوە. پاییز لەلای شاعیر بووە بە بەڵگەی لەناوچوون. لەم شیعرەدا هێمن وێنەی زۆر پیشانی خوێنەر دەدا، وەکو: کوندەبوو، بێوەژن، برا کوژراو، خوشک هەتک کراو...هتد. سروشتیش هەمووی هەورە تریشقە و بوومەلەرزە و هەرەس هێنانە، ژنانیش ئەوەی ماون پیشەیان واوەیلا و سنگ کوتانە، لە قوڕ دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیکەن بە سەریاندا.

3- سووڕی دەوران؛ چیرۆکێکی شیعری درێژە لە زیاتر لە (300) دێڕە شیعر پێک هاتووە، لە ساڵی 1978 نووسراوەتەوە. سەرچاوەی ئەم کارە ئەدەبییە لە بەیتی فۆلکلۆری میللیدا هاتووە. ڕووداوی ساکارە، هێمنیش فۆلکلۆریانە دایڕشتووە، کوڕێکی ڕەنجبەر و کچی میر پەیمانی دڵداری لەگەڵ یەکتریدا دەبەستن و دەکوژرێن. شاعیر ڕووداوی تازەی بۆ بەسەرهاتەکە دروست کردووە. هەوڵیداوە دڵداری ئەم دوو کەسە بخاتە قاڵبی سۆفیزمەوە و بە بەسەرهاتەکەی شێخی سەنعانی گرێ بدا. لەم شیعرەدا دەیەوێ بڵێ "دڵداری بەهێزترە"، مەسەلەی دەوڵەمەندی و هەژاری ڕەت کردۆتەوە، بە هەموو جۆرێ ئەم بابەتەی هێمن دەچێتە ناو ئەدەبی میللیی نوسراوە. 

پەخشان لای هێمن 

گیانی شاعیری لە هێمندا خۆڕسکە، لەگەڵ ئەویشدا کوردی زان و پەخشان نووسێکی دیارە. شێوازی تایبەتی خۆی هەیە. زیاتر لە وتارە هونەری و ڕۆمانتیکییەکانیدا دەردەکەوێ، دەستێکی باڵای لەمەدا هەیە چونکە فەرهەنگی وشە و زاراوە لەلای دەوڵەمەندە بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ئەدەب و هونەر و ژیانی گوندایەتی و کشتوکاڵەوە هەیە. لە فەرهەنگی وشە و زاراوەی زانستییە پراکتیکییەکاندا کزە، چونکە مەشقی ئەو جۆرە خوێندەوارییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەبووە. ڕۆژێ لە ڕۆژان و تا ئێستاش کتێبێکی کوردی لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەخوێندراوە.  بەگشتی بەرهەمی هێمن لە پەخشاندا لەم وێنانەی خوارەوە دەکەونە بەرچاو:

1- وتاری هونەری؛ نووسینی لەم بابەتەی هێمن بەرزە، کوردییەکەی پەتی و ڕەوانە، چونکە پێویستی بە وشە و زاراوەی زانستییە پراکتیکییەکانەوە نییە، دەکرێ ئەم جۆرە نووسینەی شاعیر لە پەخشاندا بە شێوازی شیعری بزانرێ، بە تایبەتی لە سەردەمێکدا ئەوە باو بوو لە پێشەکی هەموو شیعرێکدا پارچە پەخشانێکی کورتیان دەنووسی.

2- وتاری زانستی؛ کۆمەڵێک وتاری لە بابەت مێژووی ئەدەبی و کوردی و ڕەخنەی ئەدەبییەوە هەیە. نرخی ئەم وتارانە زیاتر لەوە دایە زانیاری بە کەڵکیان تێدایە لە بارەی مێژووی ژیانی شاعیران و مێژووی نووسینی هەندێ لە شیعرەکانیان و ڕووداوی نێوەندی ئەدەبی و لە ڕۆهەڵاتی کوردستان. بەڵام کە مەسەلە دێتە سەر ڕەخنە و دەربڕینی بیروڕا بەرامبەر بە شاعیر و خوێندەوار و ڕۆشنبیران بەرنامەیەکی زانستیی دیاریکراو لای هێمن نییە، هەروەها هەندێ لە بریار و بۆچوونەکانی سۆزی کەسێتی بەسەر بیری زانستیدا زاڵ دەبێ. لەگەڵ ئەوەشدا نرخی خۆیان هەیە وەک سەرچاوەیەک بۆ نوسینەوەی ڕۆشنبیری کوردی.

3- وتاری گشتی؛ لەم وتارانەیدا هێمن دەست لە سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتی و گوزەرانی خەڵکی و نایەکسانی لە کۆمەڵدا دەدا. ئەمانە بێ گومان زانیارییان تێدایە و بە سەرچاوە دەژمێررێن بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام خۆیان وەکو بەرهەمێکی ئەدەبی داهێنراو نانوێنن. یەکێتیی بابەتییان تێدا نییە، گەلێ جار هەردوو بابەتەکەی پێشوو "وتاری هونەری" و "وتاری زانستی" تێکەڵ بە یەکتری دەکا و لە پاشانا بابەتی لاوەکی دێنێتە ناوەوە. ئەم هەموو مەسەلانە بە یەکتری دەبەستێتەوە، وەک بەرهەمێکی سەربەخۆی مەبەس دیاریکراو.

هێمن و کوردایەتی

1- یەکەمین شیعری هێمن بە ناوی " کوردم ئەمن".

گەرچی توشی رەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە یه نابەزم، مەردم ئەمن
ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵ نیم
ئاشقی کێو و دره خت و شاخ و تاشه بەردم ئەمن
گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی رەق هەڵێم
نۆکەری بێگانە ناکەم تا لە سەرهه ردم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و كه له بجه باکم نییە
لەت لەتم کەن، بمکوژن، هێشتا دەڵێم کوردم ئەمن

هێمن ئەم شیعرەی لە گوندی شیلاناوێ لە ساڵی 1942 وتووە و لە کۆواری "نیشتمان" بڵاوکراوەتەوە. لووتکەی بیروباوەڕی کوردایەتییە، باوەڕی بە شۆڕش هەیە، خۆی ئامادە کردووە بۆ خەبات، هیچ هێزێک ناتوانێ لەم بیروباوەڕەی بکا. لە ڕووی هونەرییەوە شیعرێکی بەرزە. جارێکی دیکەش ئەم شیعرە ئەو تیۆرییە هەڵەیە ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێ شاعیر وەک زانا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دانانی شیعر توانای زۆر دەبێ، بە پێچەوانەی ئەمە ڕاستە، هەموو شیعرێک بەرز بێ بە کامڵی لە دایک دەبێ. لە سەردەمی لاوێتی شاعیر بێ یا ڕۆژگاری پیری.

2- لە شیعرێکدا بە ناوی "تۆم هەر لە بیرە" لە ساڵی 1944 لە گوندەکەی خۆیان وتوویەتی؛

لە شاییدا لە وەختی ھەڵپەڕینا
لە خۆشیدا لە کاتی پێکەنینا
لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم ھەر لە بیرە
بە شەو تاکوو بەسەرما زاڵ دەبێ خەو
بە ڕۆژ تاکوو دووبارە دێتەوە شەو
لە کاتێکدا کە دەدوێنم ئەم و ئەو
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم ھەر لە بیرە
زەمانێکی کە دەچمە سەیری گوڵزار
لەگەڵ پۆلی ڕەفیقانی وەفادار
تەنانەت وەختی دەسبازی لەگەڵ یار
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم ھەر لە بیرە
لە کوێستانێ دەمی ڕاو و شکارێ
لە مەزرایە ، کە خۆم ھەڵکرد لە کارێ
لە جێژوانێ کە دەکوشم مەمکی یارێ
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم ھەر لە بیرە
دەکەم تەرخان لە ڕێی تۆدا ژیانم
لە سەنگەردا بەرەو ڕووی دوژمنانم
بە خاکـــــی تۆ دمی ئاویلکەدانـــــم
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم ھەر لە بیرە

لەم شیعرەدا هێمن دەیەوێ بڵێ تەنیا نیشتمانی خۆش ناوێ وەک هەوەسێک ناوە ناوە سەری لێ دەدا، بەڵکو هەمیشە لە بیریەتی لە هەموو دەمێکدا، لە هەموو هەڵسوکەوتێکدا، لە شین لە شایی، لە خۆشی و ناخۆشی، بە شەو و بە ڕۆژ، لە سەیرانا، لە دەسبازی لەگەڵ یارا. بێ گومان لەناو سەنگەریشدا هەر لە بیریەتی چونکە لەوێ بۆ نیشتمان دەجەنگێ.

3- لە شیعری "ڕەق هەڵاتم" لە ساڵی 1968 وتوویەتی؛ 

من لە داخی خزمی خوێڕی و ئاشنای ئەحمەق هەڵاتم
من لە ترسی زاق و زووقی ئەمنیەی چاوزەق هەڵاتم
کوا بە خۆشی خۆم بەجێ دێڵم ووڵاتی خۆشەویستم
من لە ترسی زلـلە وو باتووم و دار و شەق هەڵاتم
هەر بەرپێیان و بەکۆمە کۆمە گەیمە ئەم ووڵاتە
ڕەنگە پێت وابێ بەسواری مایەنی گوێ لەق هەڵاتم
(نۆکەری بێگانە ناکەم) هاتە جێ فەرمایشی خۆم
وا لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق هەڵاتم

هێمن ئەم شیعرەی لە باشوری کوردستان وتووە، لەو کاتەی لە دەست تیرۆری شای ئێران پەنای بۆ "شۆڕشی ئەیلوول" برد بوو لە ناوچەی حاجی ئۆمەران وەک پەنابەرێک میوانی شۆڕش بوو. باس لە ئاوارەیی خۆی دەکا، هەڵاتنی لەو دیوی کوردستانەوە بۆ ئەمدیو، لە ترسی خزمی خراپ و تیرۆری دەسەڵاتی ئێران بوو. بەپێ سنووری دەسکردی بڕیوە تا خۆی ڕزگار کردووە. لێرەدا ئاماژە هەیە بۆ شیعرێکی خۆی کە دەڵێ " نۆکەری بێگانە ناکەم تا لەسەر هەردم ئەمن" بەم کارەی وەکو خۆی دەریبڕیوە ئەو بەڵێنەی داویەتی بەهەر نرخێک بێ لەسەری دەڕوا.

4- لە شیعرێکیدا بەناوی "ڕقی پیرۆز" لە ساڵی 1974 لە بەغدا نووسیویەتی دەڵێ؛

دەمگرێ ئەما لە گرتوخانە رق ئەستور ترم
لێم دەدا ئەما لەسەر داوا رەواکەم سوورترم
دەمکوژێ من خۆم بە گژجەلادەکەم دادێمەوە
کوردم و ناتوێمەوە ناتوێمەوە ناتوێمەوە

ئەم شیعرە ئەستووری بیروباوەڕی کوردایەتی هێمنە، هێز نییە لە گێتیدا لە کوردایەتی بکا.

5- لە شیعری "مەحکەمەی ئیستیقلال" لە ساڵی 1943 هۆنیویەتییەوە بە ناوی یادی لە سێدارەدانی شێخ عەبدولقادری نەهری لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری تورکیای خوێنڕێژ؛

دوێ شەوێ گریام هەتا ڕۆژ پێت بڵێم بۆچی برا
مەحکەمەی مەنحووسی ئیستیقلال وەبیرم هاتەوە
ڕێزەیان بەستبوو لە پێش چاوی منا گشتی هەموو
ئەم شەهیدانەی کە خنکاون بەسەد ئاواتەوە
پاک بە کفنێکی لە خوێنا شەتڵ و لێوێکی بەبار
پاک بە ڕەنگێک و قیافێکی پەڕیوو و ماتەوە
هاتە گوێم لێکڕا دەیان گوت: ئێمە کوژراین بێ خەتا
میللەتی کورد تا بەکەنگێ تۆڵەمان ناکاتەوە
من لەسەر لووتکەی بڵندی کێو لە حەق داوا
دەکەم تۆش بپاڕێوە جەنابی شێخ لەسەر ڕووی تاتەوە
بەڵکو ڕوحمێکی بکا پێمان خوداوەندی ڕەحیم
چیدیکە ژێر دەس نەبین دیسان وەسەرمانخاتەوە

هێمن و زۆربەی شاعیر و نوسەر و ڕۆشنبیری کوردستان لە هەر پارچەیەکی کوردستان بووبن هەمیشە کوردیان بە یەک میللەت داناوە و کوردستانە پارچە کراوەکەیان بەیەک نیشتمان ژماردووە. کارێکی ئاساییە شاعیری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ شەهیدانی باکوری کوردستان بلاوێنێتەوە و هیچی بۆ نەمێنێتەوە ئەوە نەبێ لە خودا بپاڕێتەوە تۆڵەی ئەم کوردە لێقەوماو و ماف خوراوە بکاتەوە.

هێمن شاعیرێکی بە دیمەنی سەدەی بیستەمە، شاعیر و نووسەر و کوردپەروەر بوو. بۆ ئەم ئامانجە بوو بە سیاسی، بەڵام بە ڕاستی نەدەبوو سیاسەت بکا، چونکە بۆ ئەم کارە ئامادە نەبوو، دەبوو تەنیا خەباتی شۆڕشگێڕی بەشیعر و پەخشان بێ. ئەگەر سیاسەتی ڕۆژانە هیچی لێ قازانج نەکردبێ،خۆشی هیچی لە سیاسەت قازانج نەکرد. لە ژیانیدا ئەوەی قازانجی خۆی و نەتەوەی بوو دیوانی شیعر و نووسینە پەخشانییەکانی دیکەی بوون. لە شیعردا بە توانا بوو، بەحری عەرووزی و کێشی سیلابی خۆماڵی و یەکێتیی قافیە و مەسنەوی بەکارهێناوە. لەو کاتەی شیعری بۆ زۆرترین خەڵکی کوردی نووسیوە، هەر لەو کاتەدا لاسایی قوتابخانەی کلاسیکی کوردستانی باشووری کردووە، واتە بۆ چینی ڕۆشنبیری ناو کۆمەڵی نووسیوە،هێمن شیعری بۆ دڵ و بیری خۆی هۆنیوەتەوە، ڕەنگدانەوەی ناو دەروونی هەموو کەسێک بووە، چونکە ئادەمیزاد لە هەموو ڕۆژگارێکدا بەبێ دڵ و دڵداری هەڵناکا. لە کۆمەڵی کوردەواریشدا زۆربەی خەڵک بەبێ بیرکردنەوە لە چارەنوسی کورد ناژی لە پەخشاندا دەوری گرنگی هەیە، تابلۆ ڕۆمانتیکییەکانی نموونەی وتاری هونەری کوردین. بە زمانێکی ئاسان و خاوێنی کوردی پەتی نوسراون. سەرچاوەی بە کەڵکن بۆ مشتوماڵ کردنی بیری لاوی کورد، هەروەها بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کوردیدا.

سەرچاوەکان؛

1- دیوانی هێمن موكریانی ، نووسیار: وریا حه‌بیب ، بڵاوكار: په‌خشانگای ئازادی – سلێمانی ، چاپی یه‌كه‌م، ساڵی 2008. 

2- دکتۆر مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی2006.



ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر