ئەو ژەنەڕاڵە کوردەی سوپای ئێراقی دامەزراند

ناوی تەواوی "محەمەد جەعفەر مستەفا عەبدوڵڕەحمان جەعفەر عەسکەری" بە ژەنەڕاڵ جەعفەر عەسکەری ناسراوە، بنچینەی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دێی "عەسکەر" سەر بە شارەدێی ئاغجەلەر-سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، سەر بە پارێزگای سلێمانی. ئەو دەمە سەر بە سەنجەقی کەرکوک بووە لە چوارچێوەی ویلایەتی موسڵ دا.
PM:09:31:05/01/2021
دۆسیە: عیراقناسی
ئەم سوپایە بە دژی خەڵک و شۆڕشەکانی کوردستان شەڕی کردووە، تاونی زۆری بەرامبەر گەلی کورد کردووە.

چۆمان تەقیەدین


"ژەنەڕاڵ- جەعفەر عەسکەری" سیاسەتمه‌دارێکی ئێراقی بووە، دوو جار سەرۆک وەزیرانی ئێراق و، سێ جار وەزیری بەرگری بووە، لە سەردەمی سیستەمی پادشایەتی لە ئێراقدا.

لە دایك بوون و گەشە کردنی:

_ لە ڕێکەوتی (15_9/ سێتمبەر _1885) لە شاری بەغداد، پایتەختی ئەو کاتەی ویلایەتی بەغدادی سەر بە دەوڵەتی عوسمانییەکان و، پایتەختی ئێستەی ئێراق لە دایک بووە.

_ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری بەغداد تەواو کردووە، دواتر چووەته‌ قوتانجانەی جەنگی لە شاری "ئەستانبوڵ" پایتەختی ئەو دەمەی دەوڵەتی عوسمانی، لە ساڵی (1904) بە پلەی مولازمی دووەم دەرچووە، دواتر پەیوەندی کردووە بە کۆلێژی سەربازی عوسمانی، لە ساڵی (1905) بەشداری کردووە لە هەڵمەتی سوپای شەشەمی عوسمانییەکان بۆ سەر هۆزی (بنی لام) و هۆزە عەرەبییەکانی تری یاخی بوو. لە ساڵی (1908) بۆ خوێندن نێردراوە بۆ شاری (بەرلین) پایتەختی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا و، لەو کاتەدا؛ مولازمی یەکەم بووە لە ئەعڤمەیەی سوپای عوسمانی لە شاری (بەرلین) پایتەختی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا و شاری کارلەسوە، لە نێوان ساڵانی (1912_1910) و، لە ساڵی (1913) بەشداری کردووە لە جەنگی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتانی بەڵکان، لە کۆتایی  هەمان ساڵدا بە بڕیارێکی دەوڵەتی عوسمانی گەڕایەوە بۆ وڵاتی تورکیا، لە ساڵی (1913) پەیوەندی کردووە بە قوتابخانەی ئەرکانی جەنگی و، پاش (10) مانگ لە تاقیکردنەوەکان بە پلەیه‌کی زۆر باش دەرچووە و، پلەی ژەنەڕاڵی پێبەخشراوە.

بەشداری لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا کردووە، لە نێوان ساڵانی (1914_1918). لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمانان کە پێکهاتبوو لە (ئیمپراتۆریای بەریتانیای مەزن، کۆماری فەرەنسای سێیەم،  ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری، شانشینی ئیتاڵیا و، دواتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) و دەوڵەتانی ناوەند کە پێکهاتبوو لە (ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا، ئیمپراتۆریای نەمسا-مەجەر "هەنگاریا"، شانشینی بولگاریا، دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانییەکان و، چەند دەوڵەتێکی تر)، ژەنەڕاڵ-جەعفەر عەسکەری؛ وەک فەرماندەیی گشتی سوپای عوسمانی نێردرا بۆ وڵاتی لیبیا، لە شوباتی ساڵی (1916) بە دەستی سوپای بەریتانیا بە دیل دەگیرێت و، ڕەوانەی پایتەختی وڵاتی میسر ده‌كرێت. لە ساڵی (1917) بەشداری کرد لە شۆڕشی گەورەی عەرەبی بە پلەی فەرماندەیی سوپای باکور دژی دەوڵەتی عوسمانی، توانی وڵاتی شام: (ویلایەتی سوریا، ویلایەتی حەڵەب، ویلایەتی به‌یروت ، موتەسه‌ریفەی دێر الروز، موتەرسیفی ئورشەلیم) لە سوپای دەوڵەتی عوسمانی پاک کردووە. 

بەشداری لە دامەزراندنی شانشینی عەرەبی سوریا کردووە بە سەرۆکایەتی شا "فەیسه‌ڵی یەکەم" لە نێوان ساڵانی (1920_1918) شای شانشینی عەرەبی سوریا، لە نێوان ساڵانی (1921_1933ز) شای شانشینی عێراق بووە. هەروەها لە پاش ئەوەی سوپای فەرەنسییەکان لە ڕێکەوتی (24_7/یولیو_1920) لە جەنگی مایسالون-میسلون بە چەند دەمژمێرێك شکستیان بە هێزەکانی شانشینی سوریا هێنا و، شاری دیمەشقیان گرت، شا فەیسڵی یەکەمیان دوورخستەوە، ئەوە بوو؛ لەگەڵیدا ڕووی کردە وڵاتی ئێراق و، بەشداریکرد لە دامەزراندنی شانشینی ئێراق (ویلایەتی بەسڕا، ویلایەتی بەغداد، ویلایەتی موسڵ_هەرێمی کوردستان)، دووجار بووە بە وەزیری بەرگری، دوو جاریش بووە بە سەرۆک وەزیرانی ئێراق، لە پاش بەرپاکردنی شۆڕشی ساڵی (1920) ی ئێراق، لە سەر داوای  شا فەیسه‌لی یەکەم (1921_1933) شای-شانشینی ئێراق لە ڕێکەوتی (6_1/کانوونی دووەم_1921) سوپای ئێراق بە ناوی "فەوجی ئیمام موسای کاظم"ی دروستکرد. ئەم سوپایە؛ دەورێکی خراپی لە مێژووی وڵاتی ئێراق گێڕاوە و، چەندین کودەتای سەربازی لە دژی دەسەڵاتداران کردووە، هەروەها ئەم سوپایە بە دژی خەڵک و شۆڕشەکانی کوردستان شەڕی کردووە، بۆردومانکردنی شارەکان و، کیمیا بارانکردن دێ و، شارەکانی کوردستان و، تێکدانی ئاوەدانی دێیەکان و، پڕۆسەی بەد ناوی ئەنفای بارزانییەکان لە ساڵی (1983) کە تێدا نزیکەیی (8) هەزار لە بارزانییەکان ئەنفال کران. پڕۆسەی بەد ناوی ئەنفالی کوردستان لە نێوان ساڵانی (1988_1987) تێدا نزیکەیی (182) هەزار هاوڵاتی کوردستانی ئەنفال کران، بە درێژایی تەمەنی کە لە ڕێکەوتی (6_1/کانوونی دووەم_2021) نزیکەی (100) ساڵ بە سەر دامەزراندنی تێپەڕ دەبێت.

_ بێجگە لە شێوە زاری سۆرانی- کرمانجی ناوەندی زمانی کوردی، زمانەکانی؛ تورکی، عەرەبی، فارسی، ئەرمەنی، ئینگلیزی و، ئەڵمانی زۆر بە باشی زانیووە.

پلە و پۆستەکانی:
 
یەکەم؛ مولازمی دووەم لە سوپای شەشەمی دەوڵەتی عوسمانییەکان.

دووەم؛ مولازمی یەکەم بووە لە ئەعڤمەیەی سوپای عوسمانییەکان، لە شاری بەرلین-ی کارلەسوە لە ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا لە نێوان ساڵانی (1912_1910).

سێیەم؛ مامۆستای سەربازی و، دامەزرێنەری قوتابخانەی ئەفسەران لە شاری حەڵەبی پایتەختی ویلایەتی حەڵەبی دەوڵەتی عوسمانییەکان.

چوارەم؛ فەرماندەیی گشتی سوپای عوسمانییەکان لە وڵاتی لیبیا.

پێنجەم؛ فەرماندەیی سوپای باکوری شۆڕشی گەورەی عەرەبی بووە.

شەشەم؛ فەرمانداری سەربازی شاری دیمەشقی پایتەختی ئەو کاتەی شانشینی عەرەبی سوریا بووە.

حەوتەم؛ وەزیری بەرگری بووە لە ڕێکەوتی (23_10/ئۆکتۆبەر_1920) تاوەکو ڕێکەوتی (16_11/تشرینی دووەم_1922) لە کابینەی وزاری ئه‌بو عه‌بدولڕه‌حمان گیلانی (1920_1922ز).

هەشتەم؛ بووەتە سێیەم سەرۆک وەزیرانی ئێراق لە ڕێکەوتی (24_11/ تشرینی دووەم_1923) تاوەکو ڕێکەوتی (2_8/ئاگوستۆس_1924)  كه‌ یەکەم کابینەی وزاری جه‌عفه‌ر عه‌سکه‌ری بووە.

نۆیەم؛ بووەتە شەشەم سەرۆک وەزیرانی ئێراق لە ڕێکەوتی (22_11/ تشرینی دووەم_1926) تاوەکو ڕێکەوتی (11_1/کانوونی دووەم_1928) کە دووەم و، دوایین کابینەی وەزاری جه‌عفه‌ر عه‌سکه‌ری بووە.

دەیەم؛ وەزیری بەرگری بووە لە ڕێکەوتی (23_3/ئازار_1930) تاوەکو ڕێکەوتی (27_10/ئۆکتۆبەر_1932) لە کابینەی وەزارەکەی نوری سه‌عید (1930_1932ز).

یانزه‌یه‌م؛ وەزیری بەرگری بووە لە نێوان ساڵانی (1936_1935) لە کابینە وزاری یاسین هاشمی (1935_1936ز).

کۆچی دوایی کردنی:

لە ڕێکەوتی (29_10/ئۆکتۆبەر_1936) لە تەمەنی (51) ساڵیدا کۆچیکرد، بە هۆی کۆژرانی لە کاتی ئەنجامدانی کودەتایەکی سەربازی بەسەرۆکایەتی فەریق-ژەنەڕاڵ بەکر سەدیقی لە دژی کابینەی وزاری یاسین هاشمی لە شاری بەعقووبەی ناوەندی پارێزگای دیالا.


سه‌رچاوه‌کان:

1_ یاسین سابرساڵح: ئینسایلکۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_ چارلز تریب: چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی عێراق-وە: محەمەد حوسێن ئەحمەد و عەبدولقادر کەلهور-هەولێر2013ز.

3_ باقر یاسین: ڕیشەکێشکردن و دیکتاتۆریی تاکباوەڕی لە عێراقدا-وە: سەباح ئیسماعیل-سلێمانی2015ز.

4_ باقر یاسین: کەسێتیی تاکی عێراقی-وە: سەباح ئیسماعیل-سلێمانی2016ز.

5_ جەمال بابان: بابان لە مێژوودا و گەورە پیاوانی بابان-سلێمانی2018ز.

6_ باقر یاسین: مێژووی خوێنڕێژی لە عێراقدا-وە: سەباح ئیسماعیل-تاران2019ز.



ئه‌م بابه‌ته 451 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر