جەنگی دژە تیرۆر و، ڕیالێتی پەیوەندییە ئابورییە جیهانییەکان

جیهانگیریی بەوە ناسراوە؛ جیهان بچوک ئەکاتەوە، سەروەری (سیادە (Sovereignty ی وڵاتەکان دادەبەزێنێت و نایهێڵێت سێ ڕەهەندی هەرە گرنگی ئەم پرۆسەیە جیهانی خستۆتە شڵەژان و ژێر پرسیارێکی زۆرەوە:
AM:01:24:22/01/2021
دۆسیە: تیرۆرناسی
یەکێک لەو گرێ کوێرانەی جیهانی دواکەوتوو یان بەشە باشورییەکەی گۆی زەوی بەگشتی بەدەستییەوە ئەناڵێنن؛ ئەوەیە بڕوایان بە تیۆریزەکردن نییه.

بەهرۆز جەعفەر
شارەزا لە بواری نەوت


یەکەم؛ ئابوری و، ئاڵوگۆڕە داراییەکان. 

دووەم؛ تەکنەلۆژیا و، داهێنانی نوێ. 

سێیەم؛ بەریەککەوتنە کولتوریی-کۆمەڵایەتییەکان.

لەدوای هێرشی (11 ی سێپتەمبەر) ی قاعیدە بۆ سەر بورجی بازرگانی جیهانی لە نیۆرک، ئیتر تیرۆریزم و، جیهانگەرایی لەناوەندە هەواڵگریی و، ئەکادیمی و، تینک تانکەکانی خۆرئاوادا بە تەواوی کەوتە بەر نەشتەری باس و لێکۆڵینەوە، بەجۆرێک "تیرۆریزم" لەهەر شوێنێک بێت لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لەتەکنەلۆژیا و داهێنانەکانی خۆرئاواوە، مەترسی بۆسەر خودی جیهان دروستئەکات، ڕاستەوخۆ ئەبێتە ماددە و تۆپیکێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەگەر لە ئایندەیەکدا؛ تاقە یەک هۆکار ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستەم و یاسای نێودەوڵەتی، یا چاوێک بە هەیکەل و ئامراز و شێوازەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بخشێنرێتەوە، ئەوا هۆکارەکەی قەبەبونی ئەمریکا و جەنگی تیرۆرە لەبەرامبەریدا، ئەمە بۆیە جیهان بەپەرۆشەوە لە جموجوڵەکانی تیرۆریستان بەئاگایە.

تیرۆریستان، تەکنەلۆژیا و چەکەکانی خۆرئاوا دەکەنە ئامرازێکی کارئاسانی بۆخۆیان، حکومەتەکانیش لەڕێگەی مانگی دەستکرد و تەکنەلۆژیاوە بەتەواوی چاودێریی نەخشە و پەیوەندییەکانی بەرەی تیرۆر ئەکەن، ئەو شوێنانە دەپێکن کە تەکبیری تیائەکرێت، ئەو دەرگایانە دەزانن کە یەکە، یەکەی سەرکردەی کۆنە بەعسییەکان لێی ئەچنە ژوورێ، یان خۆیان ئەیانخەنە ژوورەوە!. سێ خاسیەت هەیە؛ جەنگی دژە تیرۆر ئەکاتە جەنگێکی مەترسیدار و درێژکراوە، کە لە ڕاستیدا ئەمانە خاسیەتی خودی تیرۆریزمن:

یەکەم؛ پشت بەستون بەئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوی ڕه‌قی بێ چه‌ندوچون، مەسەلەن لای "داعش" ئاینی ئیسلام و بیری ئوسوڵی سەلەفی پەڕگیرە.

دووەم؛ ووزە بڕن ( ئستنزاف ) واتە؛ زۆربەی کات بەشێوەی مەیدانی نا-جەنگن، بەڵکو هەمیشە ناحەز و بەرامبەرەکانیان وەڕسئەکەن، ترس و ڕا، ڕایی  لەناو هێزەکانی بەرامبەردا دروستئەکەن، تا ووزەی لێ ئەبڕن.

سێهەم؛ تیرۆریزم « موخاتەبی نییه» یانی شتێکی نییه ناوی وەزارەتی کاروباری دەرەوە و ڕێگای دیبلۆماسی و ئاشتیانە بێت، ئەمەش سیفەتێکە کە مامەڵەکان قورس ئەکات لەگەڵیدا.
 
کۆنسێپچواڵێزڵیشن؛ تیرۆر، تیرۆریزم، تیرۆریست.

یەکێک لەو گرێ کوێرانەی جیهانی دواکەوتوو یان بەشە باشورییەکەی گۆی زەوی بەگشتی بەدەستییەوە ئەناڵێنن؛ ئەوەیە بڕوایان بە تیۆریزەکردن نییه، هەموو شتێک بە بێ تیۆرییەک ئەچێتە ڕێوە، مەسەلەن: ئێستا لە دەزگای ئاسایشی ئێراق یان هەرێمی کوردستان، یاخود سامانە سرووشتیەكان، یان پەیوەندییە دەرەکیەکانیان، بپرسە ئەو تیۆرییە چییه کە لە پشت ڕەفتارەکانی ئێوەوەیە بۆ لەمسکردنی کێشەکان یا بۆ ئەوەی کاروبارەکانتانی پێ هەڵ بسوڕێنن؟. بێ شک (هیچ)، بۆ نمونە بڵێ دیاردەی "بۆکۆ حەرام" لە نەیجیریا، "ئوم شیرینکۆ" لە یابان، سوپای "ڕزگاریخوازی" کۆڵۆمبی، "سوپای موحەمەد" لە کشمیر، "داعش" لە ئێراق و سوریا، بەرەی "ڕزگاریخوازی" فەلەستینی -PLO….هەریەکێ (تەنها یەکێک) لەم دیاردانه وەربگرەو پێمان بڵێ مارکسیزم چۆن لێی ئەڕوانێ؟ مۆدێرنیزم چۆن سەیری ئەکات؟ ڕیالیستەکان و نیۆ- ڕیالیستەکان چۆن شرۆڤەی ئەکەن؟ لیبراڵیزم ئەڵێت چی؟. نیۆ- لیبرالیزم پێی ئەڵێت چی؟. تیۆرە دوو ڕەگەکان (هجین ( Hybrid- وەکو تیۆری باڵادەستی سەقامگیریی( Hegemonic Stability Theory) چۆن ئەم دیاردەیە مان بۆ لێک ئەداتەوە؟ و ئیتر ئاوا.

"چارلیس تیلی "Charles Tilly لە کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی ئەمریکی چەمکەکانی تیرۆر-تیرۆریزم-تیرۆریست جیا ئەکاتەوە، جیای ئەکاتەوە وەک هەر خۆی سێ کۆنسێپتی جیایە، بەپێی ئەدمۆسفێر و حاڵەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، بۆ نمونە ئۆکسفۆرد "پێنتاگۆن" ئەنجومەنی ئاسایش و زۆربەی جیهان لەسەر ناسینەوەی "تیرۆر "Terror- وەک دیاردەیەک ڕێککەوتون. واته ئێمە چۆن بڕیار بدەین کە ڕووداوێک یان دیاردەیەک تیرۆریستییە؟ ئهوان کۆکن لەسەر ئەو پێناسەیەی کە هەر ڕووداوێک « توندوتیژی» تیا بەکارهات و « کرایە سەر خەڵکی سڤیل» و « مەبەستێکی سیاسی لەپشتەوە » بوو ئەوا لەلایەن هەرکەسێک بێ و هەر دەوڵەت و ڕێکخراوێک بێت پێی ئەوترێت تیرۆر، ڕووداوەکەش مادام ئەو سێ مەرجەی تیایە تیرۆریستییە.

جەنگی دراو و جەنگی دژە تیرۆر.

ئاماری جیاجیا هەیە سەبارەت بە تێچووی جەنگی دژە تیرۆر، دروسترینیان ئەوەیە کە نەیشناڵ ئینترێست (The national interest) و زانکۆی "ئیفی لیگ" باسی ئەکەن، لەوەدا لە (11ی سێپتەمبەری 2001 ەوە تا سەرەتای 2019) تێچوی جەنگی دژە تیرۆر (5،9) پێنج تریلیۆن و نۆسەت ملیار دۆلار بووە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمەش ژمارەیەکی فەلەکی زۆر گەورەیە، جگە لەوهی به گشتی تێچوی ئەم جەنگە لە سەر جیهان زۆر زیاتربووە، هەموو کاتژمێرێک جەنگی دژە تیرۆر ملیۆنەها دۆلار لەسەر مرۆڤایەتی ئەکەوێت، ئەو پارەیەی ئەمریکا لە جەنگی ئێراقدا سەرفیکرد، نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای ئەکات کەمتر لەو بڕە ئەتوانرا کێشەی ئاوی شیرین لە جیهاندا چارەسەر بکرێت، بە پێی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی نەخۆشییەکان (CDC) لەم سەرەتای (2021)  زیاتر لە (780) ملیۆن مرۆڤ لە گۆی زەویدا سەرچاوەی ئاوییان نییەو (2.5) دوو ملیارو نیو مرۆڤ لە گۆی زەویدا لە کەشێکی سازگارو تەندروستدا نین، ئەمەش ئەگاتە زیاتر لە (35%) دانیشتوانی گۆی زەوی.

سعودیە؛ یەکێکە لەو وڵاتانەی هەم لە فرۆشی نەوت  ناوی دێت، هەم لە هەناردەکردنی تیرۆر بۆ دەرەوەی خۆی، ئێمە لەم نوسینە بە ئەنقەست ناوی ئێران ناهێنین، کە ئەویش کار لەسەر هەناردەکردنی شۆڕش یان توندووتیژی بە مەبەستی سیاسیی بۆ دەرەوەی خۆی کردوە و ئەکات. چونکە بەلای کەمی "سعودیە" بە پێی پێگەی بەناوبانگی ستاتیسکا بە تەنها لە سێ ساڵدا لە ( 2015 ەوە بۆ 2019) بایی ( 58.673) پەنجاو هەشت ملیار و شەش سەت و حەفتاو سێ ملیۆن چەکی کڕیوە، بەشێکی زۆری ئەم چەکانەی لە کوشتنی هاووڵاتییە یەمەنیەکاندا تاقیکردۆتەوە، کە لە (2018) زیاتر لە (14) چواردە ملیۆن یەمەنی کێشەی برسێتی یان هەبووە بەهۆی جەنگەوە، ئەم ئامارو داتایانەی سەرەوە کە هەمویان بە نەخشە و هێڵکاری لە ئینستیوتی مێدیتریانە " بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی MIRS بە ناونیشانی « حوسییەکان کێن و چیان ئەوێت؟» کاری لەسەر کراوە، دەرخەری ئەوەن جەنگی دژە تیرۆر و جەنگی دراو ڕاستەوانە لەگەڵ یەک ئەگۆڕێن.

جەنگی دراو و، جەمسەرگیریی هەرێمایەتی.

 لوغزێك هه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ی « تیرۆر» وەک دیاردەو واقیعێک خۆی بینا ئه‌كا، ئیتر یەکە فەرمییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان دڵداری لەگەڵ ئەکەن، جارێک وەک ئەوەی « چۆمسکی» ڕەخنەی ئەکات لە كتێبی «غزو المستمر» دا کە سیستمە بەناو ئازاد و دیموکراتەکان دڵداری لەگەڵ سیستمە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکان ئەکەن، جارێکیش ئەم یەکە هەرێمیانە "تیرۆریزم" وەک کارتێک بۆ دەست و نینۆک کردنی یەکدی بەکاردێنن!. بۆ نمونە بۆ داشکاندنی نرخی نەوت سوودی لێ ئەبینن، بۆ گەمەی جیۆپۆلەتیک و گەنەی بازاڕ لە دژی ئەوانی تری دەرەوەی خۆیان پاڵی پێوە ئەنێن.

سەیری بکە لە (2020) ئەوە هەر بەهای تومەنی ئێرانی نییه کە بە ڕێژەی (70٪) بەهاکەی خۆی لەبەرانبەر دۆلاردا لەدەستداوە، لەپاڵیدا لیرەی تورکیش (51٪) بەهاکەی خۆی بەرانبەر دۆلار لەدەستداوە، پیزۆی ئەرجەنتینی ( 51٫5 ٪) بەهاکەی خۆی بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی لەدەستداوە، ڕۆبلی ڕووسی (16,7٪) و ڕوپیەی هیندی (11٫8٪) و ڕاندی باشوری ئەفریکا (21٪) و ڕیالی بەڕازیلی (21٫5٪) بەهاکانی خۆیان بەرانبەر دۆلار لەدەستداوە. ئەگەر تێبینی بکەین ئەوە بەتەنها "سعودیە" کە قسە لەسەر دابەزینی بەهای دراوەکەی ناکرێت، یەکێک لە هۆیەکانی ئەوەیە کە لە هەر دوو جەمسەرە جیهانیەکە "ڕووسیا -ئه‌مریكا چەک ئەکرێت.

لە کۆتاییدا ئەوەی ئەمێنێتەوە؛ پرسیارێکی گەورەیە كه ئابوری و ئەنەلایزەرە ئابورییەکان هەندێ جار خۆیانی لێ ئەدزنەوە، پرسی «قەیرانی ناسنامە- Identity Crisis» یە، ئەمەیە ئایدۆلۆجیای کردۆتە ئیلتهابێکی ترسناک کە پرسی توندوتیژی و پێکەوە ژیانی لە جیهاندا ڕووبەرووی پرسیاری سەخت کردۆتەوە، ئەم قەیرانانەی دوای جەنگی سارد سەریانهەڵداوە ئەکرێ ناوی بنێین ڕوو بەڕوو بوونەوەی ئایدۆلۆجیا و ناسنامەی گەلان، وەک سنوورێک لەبەردەم بازاڕی ئابوری ئازاد و ئەو شەپۆلە جیهانگیرییەی کە ئەڵێ سنور ناناسم! پیاوە موخابەراتییەکان ڕێسایەکیان هەیە ئەڵێن؛ ئەگەر لە ژوورێکدا هەموو دەرگا و پەنجەرەکان توند گیرابون، کەمێک تەپوتۆز لەسەر مێزەکانی ژوورەکە نیشتبوو، ئەبێت بزانین ئەو تەپوتۆزە لە کوێوە هات، ئەڵێن ئەبێ ئێمەش بە بێدەنگ وەک ئەو تەپوتۆزە بچینە ژوورەوە، ئاخۆ چۆن لە پڕ ماڵی هەمووان ئەم تەپوتۆزە گرتییەوە، لەکاتێکدا هەر یەکێک لە ئێمە «سەروەری – سیادە» واتە سنوورێکی دانپیانراوی دیاریکراوی هەیە



ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر