سلێمانى

PM:01:14:19/09/2018
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

پێناسی سلێمانی:



دووەم شاری باشووری کوردستانی داگیرکراوە لەلایەن عێراقەوە. لانکەی ڕۆشنبیران و تێکۆشەران بووە . یەکەم چاپخانە لەم شارەدا کەوتۆتە کار, زۆربەی شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیر و ھونەرمەند لەم شارەدا بوون و نموونەی زیندوێتی بوون. لە رِووی زانست و رِۆشنبیرییەوە, بە درێژايى مێژوو, مەڵبەندی  خوێندن و قوتابخانە جیاجیا ئەدەبیەکان بووە, بۆیە بە شاری ڕۆشنبیری دەناسرێت, لەم ساڵانەی دواییشدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان, بە فەرمی, ناوی پایتەختی ڕۆشنبیری بەناوی شارەکەوە کرد. ھەروەھا ژنان ڕۆڵی دیار و بەرچاویان ھەبووە, نموونەی وەک "حەپسەخانی نەقیب" کە کەسایەتیەکی دیارو ناسراوی کوردە, بۆیە بە شاری جوانی و خۆشەویستیش ناسراوە.
یەکەمین زانکۆ لە شاری سلێمانی کرایەوە لە ساڵی ١٩٦٨ . مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا.  لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتە کوردییەکەی مەلیک مەحمود بووە . پێکھاتەی ئیسلام, جولەکە,‌ کلدانی، ئەرمەنی تێدا بووە
.

 

ناوی سلێمانی:



مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ  سەردەمی میرنشینی بابان ،مەحمود پاشای بابان ساڵی (١٧٨١)ی زاینی بیری لەوەکردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی ديكه‌، بۆیە سەرای حکومەتی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروستکرد ، دواتر ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی (١٧٨٣)دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەکەی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی (١٧٨٤)دا دروستکردنی شاری سلێمانی کۆتایی ھات ، لە ھەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختی ئیمارەتەکەیان گواستەوە سلێمانی. ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە و بەردەرکی سەرای کردە ناوەندی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکە کە یەکێکە لە شوێنە مێژووییەکانی شاری سلێمانی و دەکەوێتە ناوەندی شارەکەوە
.

 

ھەڵکەوتەی جوگرافی:



دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی (٣٤ – ٣٦) پلە لەسەر ھێڵی کەمەر و ھێڵی درێژی (٤٥ – ٤٦) پلە لە ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە ، واتە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی باشوورەوە. سلێمانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە بە زنجیرە شاخی ئەزمه‌ڕ (١٧٠٠م)، گۆیژە (١٥٢٥م) و قەیوان دەورە دراوە ، لە باشووریشەوە بە چیای بەرانان (١٣٧٣م) و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەکات کە درێژییەکەی ٤٥کم و پانییەکەی ١٥کم. لە ڕۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە گەمارۆی داوە. شاری سلێمانی ٨٥٣م یان ٨٨٢ م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە
.

 

کەشو ھەوا:



پلەی گەرما لە ھاوینی ١٨٢٠دا لە دوای نیوەڕۆدا, لە ڕۆژی ١٧ی تەموزدا (٣٥) پلەی سەدی بووە ، بەڵام ئێستا ئاو و ھەواکەی گەرمترە و خۆی ئەدا لە ٤٥ پلەی سەدی. لە زستاندا تێکڕا (٣،٥) پلەی سەدییە. بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت دوای بەفربارین و لە چلەی زستاندا, چەند پلەیەک دێتە ژێر سفرەوە. ئاوو ھەواکەی بە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە و ھاوینیشی وشک و گەرم و بێبارانە ،

 

رِووبەر:

لە ساڵی ١٩٥٥ پانی ڕووی شاری سلێمانی بە ٣,٤٠٤ کم٢ خەمڵێنراوە.

١٧٠٢٣ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە بە سەرجەمی سنوورەکەیەوە.

 

دانیشتوان:

١٠,٠٠٠ کەس لە ساڵی ١٨٢٠ واتا (٢٦) ساڵ پاش دروستکردنی شارەکە ، خەمڵێنراوە.

١,٩١٧,٩٣٦ کەس لە ساڵی ٢٠١٣.

 

http://www.spu.edu.iq/



ئه‌م بابه‌ته 397 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر