چەند پرسیارێک لەبارەی دەوڵەت لەسەردەمی کۆرۆنا

لە دوای جەنگی دووەمیی جیهانیی، ئابوری سەرمایەداریی لیبرال توانی ببێتە ئابوری باڵادەست لە ئاستی جیهاندا.
PM:08:42:25/05/2021
دۆسیە: شیکار


دكتۆر هیوا مەجید خەلیل
دکتۆرا لە گەشەسەندنیی سیاسیی، زانكۆی سەلاحەدین.


لە دوای جەنگی دووەمیی جیهانیی، ئابوری سەرمایەداریی لیبرال توانی لە رێگەی رێکار و رێکخراوە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانی وەک بریتوون وودز، بانکی جیهانی، سندوقی نێودەوڵەتی دراو، هێدی هێدی ببێتە ئابوری باڵادەست لە ئاستی جیهاندا. ئەم رێکار و رێکخراوانە رێگەیان بۆ هاتووچۆی تا رادەیەک ئازادانەی دراو، سەرمایەگووزاریی و سەرهەڵدانی کۆمپانیا فرەرەگەزەکان خۆشکرد. لە توێژینەوەکانی گەشەسەندنی سیاسیی بیرۆکەیەک باو بوو کە گەشەی ئابوریی رێگە بۆ ئازادی تاکەکەسی و فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان خۆش دەکات. لە روانگەی ئەم قوتابخانەیە و هابیرە لیبرالیزمەکانیان، میکانیزمەکانی بازرای ئازاد رێگەی گەیشتن بە ئازادی مەدەنی، ئازادی سیاسی و خۆشگوزارەنییەن. هەم لەم روانگەیەشەوە داوادەکرا کە دەسەڵاتی دەوڵەت/حکومەت لە کاروباری بازاردا کەم ببیتەوە بەو بیانۆییەی کە میکانیزمەکانی خواست و خستنەڕووی بازار دەتوانێت بە پێی بۆچوونەکەنی دەستی ساراوەی ئادام سمیس خۆی رێکبخاتەوە. ئەم روانگەیە ‌هێدی هێدی بووە هۆی ئەوەی کە وەها هەژمار بکرێت کە چیتر دەوڵەت ئەکتەری سەرەکی گۆرەپانی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو کۆمپانیا فرەرەگەزەکان، هەرێمە نیمچە سەربەخۆکان و تەنانەت رێکخراوە تیرۆریستییەکان  رۆڵێکی سەرەکی لە کایەی سیاسەت و سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەگێڕن. بە هاتنی ڤیرۆسی کۆرۆنا بەرەبەرە رەخنەکان لە قوتابخانەی لیبرالیزم سەریانهەڵدا، بە تایبەتیش لە روانگەی قوتابخانەی ریالیزمەوە کە دەوڵەت بە ئەکتەری سەرەکی هەژمار دەکات. لیبرالیزمی ئابوری لەو بڕوایەدابوو کە بە کۆنترۆڵکردنی بازار، رۆڵی دەوڵەت کەم دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی کە گرنگە کۆنترۆڵکردنی بازار نییە بەڵکو گرنگ رێکخستنە، بازار ناتوانێ خۆی رێکبخاتەوە، بەڵکو ئەوە هەمیشە دەوڵەت بووە کە لە رێگەی دەرکردنی یاسا و بڕیارەکان رێکاری پێویستی بۆ رێکخستنەوەی بازار دەرکردووە. کەواتە رێکخستن گرنگترە لە کۆنترۆڵکردن. کۆنتڕۆڵکردن لە قۆڕغکردن جیاوازە. ئەگەرچی دەکرێ کۆنترۆڵکردن دواجار بگاتە ئاستی قۆڕغکردن. 

رێکخستنی بازاز زۆرتر لە کاتە ئاساییەکاندایە. بەڵام لە کاتی نائاسایدا دەوڵەت هەم کۆنتڕۆڵ و هەمیش رێخکستن لە دەست دەگرێت. باشترین نموونە، بۆ ئەم دوو ئەرکەی دەوڵەت، بڕیارەکەی ترامپ بوو لەبارەی کاراکردنەوەی یاسای بەرگری لە بەرهەمهێنان (defense production act)؛ بە پێی ئەم یاسایە حکومەتی ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە کە لە دۆخی هەستیار و لەناکاوەکاندا کە ئاسایشیی نەتەوەیی دەکەوێتە مەترسییە ڕێگە ە هەناردەکردنی کاڵا ئەمریکییەکان بۆ دەرەوە بگرێت و هاوکات فەرمان بە کۆمپانیا ئەهلییەکانیش بکات کە چ جۆرە کاڵایەک بەهەرمبهێنن.  

سێ کەرتی مەدەنی هەرە گەورە کە رێکخستنەکەی بە دەست حکومەتەکاندا بووە بریتی بوونە لە کەرتی تەندروستی، پەروەردە و یاساکانی خانەنشینی و هەژاری، هەر ئەم سێ کەرتەش وایکرد کە لە دوای سەرهەلدانی کۆرۆنا دەوڵەت سەر لە نوێ بە هەموو هێزەوە بێتەوە ناو گۆرەپانی کۆمەڵایەتی. ئەویش لە پێناو پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتی. هاتنەوەی دەوڵەت بۆ ناو گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی بووە هۆی سەرهەڵدانەی هاوکێشەی پەیوەندیی نێوان ماف و ئازادییە مەدەنییەکان و پاراستنی تەندروستی گشتی. ئەوەی کە دەرکەوت بریتی بوو لەوەی کە لە کاتی قەیراندا پاراستنی سەڵامەتی گشتی لە سەرووی ئازادی و مافە مەدەنییەکان دێت. ئەمەش سەر لە نوێ لە دژی بنەماکانی لیبرالیزم لەبارەی ئازادی مرۆڤ دەوستێتەوە و رێگە بۆ دەوڵەتی خۆشکرد کە لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گشتی دەست لە کاروباری کۆمەڵایەتی وەربدات. لەم حاڵەتدا سەلامەتی تاکیش دەبێتە بەشێک لە سەلامەتی گشتی.

زیاد لەمەش وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، دانیمارک، سویسرا و ئەڵمانیا کۆمەڵێک پاکێچی یارمەتیدانی خەڵكی هەژار و پێدانی مووچەی ئەو کەسانیە کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن لە ئەستۆگرت. هەروەها زۆریک لە دەوڵەتان بڕیاریانداوە کە یارمەتی دارایی پێشکەش بە کەرتی تایبەت و بانکەکان بکەن، چونکە ئەگەری زۆرە کە ژمارەیەکی زۆر لە کەرتە تایبەتەکان نەتوانن ئەو پێشینە (سلفە)یەی کە لە بانکەکانیان وەرگرتووە بیدەنەوە. واتە بە هەمان شێوەی قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨، دەوڵەتان بڕیاریاندا کە دەست لە کاروباری بازاری ئازاد وەربدەن. 

بابەتێکیتری گرنگ بریتیی بوو لە دەست بەسەرداگرتنی دەوڵەت بەسەر زانیارییەکاندا، چ لە حکومەتە نادیموکراتییکەکان و چ لە حکومەتە دیموکراتییەکان ئەوە وەزارەتی تەندروستی سەر بە دەوڵەت بوو کە رێنماییەکانی خۆپاراستن و چۆنیەتی بلاوبوونەوە و ژمارەی مردن، تووشبوون و چاکبووەکانی کۆڕۆنای بڵاودەکردەوە. واتە دەوڵەت بوو بە سەرچاوەی زانیاریی و تەنانەت رێکخراوی تەندروستی جیهانیش پشتی بە زانیارەییەکانی دەوڵەتان دەبەست بۆ کۆکردنەوەی داتاکانیان. خودی دەوڵەتەکانیش بوون کە بودجەی پێویستیان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسێنی کۆرۆنا تەرخانکرد.  ئامارتیا سێن لە گوتاری ''ئازادی واتە گەشەسەندن'' لۆمەی وڵاتە دیکتاتۆرەکان دەکات کە دەبنە هۆی قات و قریی و هەژاری؛ چونکە حکومەتی ئەم وڵاتانە زانیارییەکان دەشارنەوە و رێگە بە ئۆپۆزیسیۆنیش نادەن کە بوونیان هەبیت تا زانیاریی دروست بە هاوڵاتیان بگەیێنن. لەم رووەوە، ئامارتیا سێن راستدەکات بەڵام لە کەیسی کۆرنا، ئەوەی کە گرنگە دەوڵەت هەر بە یەکەی سەرەکی گەیاندنی زانیاریی دەمێنیتەوە جا چ زانیارییەکان بشارێتەوە، چ بە ئازادانە رابگەیێنێت. ئەگەرچی تەنانەت گومان لەوە دەکرێت کە وڵاتە دیموکراتیکەکانیش لە سەرەتای سەرهەڵدان و بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا زانیارییەکانیان شاردۆتەوە. 

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی کە یارمەتیدەری کەمتر تەشەنەکردن و کەمتر مردنی مرۆڤەکان بوو خودی زانیارییەکان بوو. ئەمە زانیاریی بوو کە خەڵکی لە مەترسییەکانی کۆڕۆنا، چۆنیەتی خۆپاراستن و مانەوە لەماڵەوە ئاگادارکردەوە. ئەگەرچی خودی زانیارییەکان 'جیهانی ترس'یان دروستکرد و ئەوەیان خستەڕوو کە مرۆڤ لە جیهانێکی پڕ لە مەترسی دەژیت. دەکرێ تەنیا حاڵەتی رێزپەڕ لەمبارەوە وڵاتی بەرازیل بێت. سەرۆککۆماری بەرازیل، ژیێر بۆلسۆنارۆ، نەیارە سیاسیی و میدیای بە فێلکردن لە خەلک لەبارەی رادەی مەترسی کۆرۆنا تاوانبارکرد و داوای لە خەڵک کرد کە بەردەوامی بەکاروبارەکانیان بدەن(1).

ئەگەرچی دواجار بە هۆی ئەم سیاسەتەوە، بەرازیل تووشی کارەساتی مرۆیی بووە بە هۆی پابەندنەبوونی خەڵک بە رێنماییەکانی خۆپارێزیی.

هاوکات، خودی زانیارییەکان دەتوانێ ببێتە هۆی روخانی حکومەتەکان و هۆکارێکیش بۆ روخاندنی سیستەمی سیاسی، ئابوریی و تەندروستی وڵاتانیتر. چین و ئێران لەم رووەوە باشترین نموونەن. چێن کە یەکەم وڵاتبوو کۆرۆنای تێدا سەرهەڵدا نەک تەنیا هەموو جیهان بە ڵکو ئاژانسی تەندروستی جیهانیشی هەڵخەڵەتاند. چین بۆ ماوەی پتر لە دوو مانگ تەنیا سەرچاوەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا و تۆێژینەوەکانی تایبەت بە کۆڕۆنا بوو. ئەم وڵاتە لە ئاستی مەترسییەکانی کۆڕۆنا بۆسەر جیهان کەمکردەوە و تەنانەت ژمارەی توشبوو و مردووەکانیشی دەشاردەوە. تەنانەت رێکخراوەی تەندروستی جیهانی گەیشتە ئەو باوەڕەی کە کۆڕۆنا مەترسیدار نییە، سەرچاوەی ئەم باوەڕەی رێکخراوەی تەندروستی جیهانی، ئەو زانیاریەنەبوو کە چین بۆ جیهانی بڵاودەکردەوە، تا دواجار وایلێهات گشت جیهان بە دەست کۆڕۆناوە ناڵاندی. کەواتە لە سەردەمی ناونراو بە بەجیهانیبووندا، مەترسی شاردنەوەی زانیارییەکان، نەتەنیا بۆ سەر یەک وڵات بەڵکو دەتوانێ مەترسی بۆ سەر گشت وڵاتان، سیستەمی سیاسی وڵاتان، نەزمی سیاسی و ئابوریی نێودەوڵەتی دروست بکات. هەر بۆیەش ''تام تۆگێنهات'' بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا دوای تاونبارکردنی چین بە شاردنەوەی زانیارییەکان دەڵێت ((ئایا ئێمە دەمانەوێت بەهاکانی سیستەمی هاوردەکردنی دەسەڵاتخوازەکەی چین و کاڵاکانی هاوردە بکەین یاخود دەبێ لەگەڵ گەڵانیتری ئازادی جیهان هاوکاریی یەکتر بکەین و لە ئاستی پشتبەستنمان بەم دیکتاتۆرە کەم بکەینەوە؟))(2).

هەمان قسە بە شێوازێکیتر لەلایەن وەزیری تەندروستی ئێران دووبارە کرایەوە کاتێک گوتی ''ئامارەکانی چین سەبارەت بە کۆرۆنا گاڵتەیەکی تاڵبوو''(3).

ئەوەی جێگەی هەڵوێستی دەوڵەتان لە جیهانی سەردەمی ڤیرۆسی کۆرۆنا، بە هەڵویستیان لە میانەی دوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی دەچێت. دوای جەنگی یەکەمی جیهانی ویلسۆن بەرنامەی ١٤ خاڵیەکەی خۆی بۆ جیهانیکی ئازادتر، سەلامەتتر، شەفافتر و ئەمنتر رایگەیاند. کەچی بەسەرهەڵدانی داڕمانی ئابوری جیهانی لە ساڵانی ١٩٢٩ بۆ سەرەوە، ئاستی هاوکاری نێوان دەوڵەتان بە نزمترین ئاستی خۆی گەیشت. واتە جیهان لە سەردەمێکدا دەژیا کە دروشمەکان و کردەکان یەکتریان نەدەگرتەوە. گرفتەکە لێرەدایە، کە کۆرۆنا بە پێچەوانەی ئیبولا کە لە وڵاتێکی هەژار سەریهەڵدا، لە وڵاتێکی خاوەن ئابورێکی زەبەلاحی جیهانی سەریهەڵدا و سەرەتا هەر لە ناو وڵاتە پیشەسازییە بەهێزەکان خولایەوە. ئەمەش وایکرد کە جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکە وڵاتان تووشی شۆک بکات. ئەمەش بەو مانایە دێت کە سەرهەڵدانی نەخۆشییەکی جیهانی لە وڵاتێکی پێشکەتووی پیشەسازیدا، دەکرێ مەترسییەکانی زۆتر بێت بە بەراورد لە سەرهەڵدانی هەمان نەخۆشی لە وڵاتێکی هەژاردا. ئەمەش هەم بە هۆی ترسی وڵاتەکە لە داڕمانی ئابورییەکەی و هەمیش بە هۆی ئەو پەیوەندییە بەرفراوانەی کە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا هەیە.


پوختە:

ئەوەی کە تا ئیستا ئاماژە پێکرا بریتییبوو لە بەرفراوابوونی رۆڵی دەوڵەت و هاتنەپێشەوەی حکومەت، بەڵام ئایا ئەمە بۆ گشت وڵاتان وەکو یەکە؟ لە راستیدا ئەدەبیاتی زاڵ بەسەر خوێندنەوە سیاسییەکاندا ئەدەبیاتی رۆژئاواییە و هەر بۆیەش لەم ئەدەبیاتەدا زۆرتر جەخت لەسەر وڵاتانی رۆژئاوایی و وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکرێت؛ ئەگەر لە رۆژئاوا کۆڕۆنا بووە هۆی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەولەت لەسەر بازار و کۆمەڵگادا، بەڵام لەوانەیە لە هەندی وڵاتی ئەمریکای لاتین و ئەفریقیا رووداوەکان بە پێچەوانەوە بیت. لە مانگی مارسی ٢٠٢٠، بە تەشەنەکردنی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێکاری سنوردارێتی هاتوچۆی هاوڵاتیان لە چاد و لە نایجێریا، گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان سوودیان لەم بارودۆخە وەرگرت و هێڕشیانکردە سەر بنکە سەربازییەکان. لە چاد ٩٢ سەرباز و لە نایجێریا ٧٠ سەرباز کوژران. بە پێی راپۆرتی ''گروپی نێودەوڵەتی قەیران'' کۆڕۆنا بارودۆخی بۆ گروپە توندڕەوەکانی ئەفریقیا هەموارترکردووە تا بەسەر حکومەتی ئەم وڵاتانەدا لەو ناوچانەی کە حکومەت توانایی لاوازە زاڵبن(4).

تەنانەت لە دوای ئەوەی کە سەرۆکی برازیل، لە مەترسی کۆرۆنای کەمکردە و داوای لە خەڵک کرد بەردەوامی بە کاری ئاسایی رۆژانەیان بدەن، گروپەکانی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان قەدەغەی هاتوچۆی شەوانەیان لە کۆمەڵێک گەرەکی شارەکانی بەرزایل راگەیاند. تا لەم ڕیگەیەوە بتوانن رێگە لە تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا بگرن.


پەراوێزەكان:


1.The Guardian, Brazil's Jair Bolsonaro says coronavirus crisis is a media trick, https://www.theguardian.com/world/2020/mar/23/brazils-jair-bolsonaro-says-coronavirus-crisis-is-a-media-trick
2.Mailonline, Beijing uses a toxic brew of lies and fear to maintain power': Britain risks paying a very high price if we stay in hock to China, 5 April 2020, https://www.dailymail.co.uk/news/article-8188239/TOM-TUGENDHAT-Beijing-uses-toxic-brew-lies-fear-maintain-power.html
3.ایندپندنیت فارسی، قدرت‌نمایی سفیر چین در تهران، ٦. اوریل، ٢٠٢٠
https://www.independentpersian.com/node/50876/%D9%82%D8%AF%D8%B1%D8%AA%E2%80%8C%D9%86%D9%85%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%B3%D9%81%DB%8C%D8%B1-%DA%86%DB%8C%D9%86-%D8%AF%D8%B1-%D8%AA%D9%87%D8%B1%D8%A7%D9%86
4.دویچە ولە فارسی، گسترش ترور در کمین ێ‌فریقاست، ١/٤/٢٠٢٠، 
https://www.dw.com/fa-ir/%DA%AF%D8%B3%D8%AA%D8%B1%D8%B4-%D8%AA%D8%B1%D9%88%D8%B1-%D8%AF%D8%B1%DA%A9%D9%85%DB%8C%D9%86%D8%A2%D9%81%D8%B1%DB%8C%D9%82%D8%A7%D8%B3%D8%AA/a-52982993





ئه‌م بابه‌ته 387 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر