جێبەجێکردنی‌ یاسای‌ بودجە لەنێوان هەولێروبەغداد

قەبارەی بودجەی 2021 ی هەرێمی کوردستان 13 تریلیۆن دینارە، کە 10 تریلیۆن و نیوی بۆ مووچە-یە بە تەواوەتی بەبێ لێبڕین.
PM:09:18:04/06/2021
دۆسیە: ئابوری


دابان عبدالواحید حسن
ئابوریناس


ئێستا داهاتی هەرێمی کورستان لە ئاست ئەو 13 تریلیۆن دینارەدایە، بۆیە حکومەت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت خەرجییەکانی خۆی رێکبخات کە مووچە وەک خۆی دابەش بکات نرخی نەوت زۆر باشە و داهات لە گومرگەکانیش زیادی کردووە. گرنگیی یاسای بودجە ئەوەیە کە مووچەی مووچەخۆران بەبێ لێبڕین جێگیربکرێت.

"پابەندبونی‌ ئێراق بەناردنی‌ شایستەداراییەکانی‌ هەرێم"

لەو ڕۆژەی‌ یاسای بودجە پەسند کراوە، دەبوو شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بهاتنایەتە بەغداد، چوونکە هەرێمی کوردستان پارەی لای ئێراقە و مافی خۆی وەربگرێت نەک بە پێچەوانەوە. دوو مانگ دوای دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی ئێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، هێشتا هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەولێر نەنێردراوە. بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان.

جێبەجێنەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ئێراق کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە هۆکارەکەی چەند خاڵێکە کە یەکێکیان ئەو تانە-یە کە حکومەت لە یاسای بودجەی داوە کە یەکێکیان ماددەی 11یە. تانەکە لە قازانجی هەرێمی کوردستانە و لە زیانی نییە، چونکە حکومەتی "ئێراق" دەیەوێت ئەم 460 هەزار بەرمیل نەوتە لەناو یاسای بودجەدا لاببات و تەنیا 250 هەزاری بهێڵێتەوە. ئەو کە بەرامبەر بە ئۆپێک پابەندبوونی هەیە، نایەوێت ئەم ژمارەیەی لەسەر ببێتە ماڵ.
 
نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان هۆکاری دیکەی هەیە کە یەکێکیان ئەوە بوو یاساکە تا لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ دەرچوو ماوەیەکی پێدەچێت. دواتر پێویستی بەوەیە کە لیژنەیەکی هونەری لە هەرێمی کوردستانەوە بچێتە "بەغداد" بۆ ئەوەی لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ماددەکە رێکبکەون ئەوە هەژمار بکەن کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چەندە و پابەندبوونیشی لە داهاتی نەوتی و نانەوتی بەرامبەر بەغدا چەندە. هەروەها چۆنیەتیی رادەستکردنیشی دیاری بکەن کە ئایا بە دوو هەژماری جیا دەبێت یان بە لێبڕین دەبێت. 
 
دەکرێت یاسای بودجە جێبەجێ بکرێت تاوەکو بڕیاری دادگا لەبارەی تانەکەی حکومەتەوە دەردەچێت ئەوەی جێگەی‌ دڵخۆشییە ئەوەیە هیچ گرفتێکی سیاسی و یاسایی نییە، تەنیا لە رووی هونەرییەوە ماوە کە بگەنە لێکتێگەیشتن.
 
"مستەفا كازمی" سەرۆك وەزیرانی ئێراقی‌ فیدڕاڵ، ئێستا لیژنەیەك كار لەسەر ئەوە دەكات كە بەشە بودجەی ئەم مانگەی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، رێككەوتن لەسەر پرۆژەی بودجە زۆر باش بوو، مادەی 11 باش بوو". هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی و پابەندبوونی خۆی راگەیاندووە.
 
بە شێوەیەکی گشتی کاتێک حکومەت تانە لە بڕیارێکی پەرلەمان دەدات، بە تایبەتی لە بودجە، هەر بڕیارێک پەرلەمان دابێتی و بارگرانیی دارایی بخاتە سەر حکومەت، ئەوا دادگا هەڵیدەوەشێنێتەوە. بۆیە پێشبینی دەکرێت هەندێک لەو بڕگە و ماددانەی ئێمە دەستکاریمان کردوون لە بەشێکیاندا دادگا پشتی حکومەت بگرێت. خۆیشم پێموایە کە دادگا لەبارەی ماددەی 11وە بگەڕێتەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە، چونکە لەوانەیە ئەو 460 هەزار بەرمیل نەوتە گرفت بۆ حکومەت لەگەڵ رێکخرای ئۆپێکدا دروست بکات.
 
پەرلەمانی ئێراق بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ی پەسندکردووە، بەڵام حکومەتی ئێراق هێشتا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی لەو بودجەیە نەناردووە. هەفتەیەک لەمەوبەر گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی ئێراق رای‌گەیاند؛ هه‌رێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی رادەستمان نەکردووە.
 
قەبارەی بودجەی فیدڕاڵیی ساڵی 2021ی ئێراق زیاتر لە 129 تریلیۆن دینارە، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕالی ساڵی 2021 دا بە 11 تریلیۆن و 482 ملیار و 394 ملیۆن دینار دیاریکراوە.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە بەبێ لێبڕین پێویستی بە 895 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە، بۆیە ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینارە بۆ پێدانی مووچە.
 
بەپێی ماددەی 11ی یاسای بودجەی ئەمساڵ، دەبێت هەرێمی کوردستان بە لایەنی کەمەوە رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەم بهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکومەتی ئێراق بکات. هاوکات دەبێت هەرێمی کوردستان 50%ـی داهاتی نانەوتیی خۆی رادەستی بەغدا بکات، ئەو کات حکومەتی ئێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت.

"ئامادەکارییەکانی‌ هەردوو وەزارەتی‌ دارایی‌"

هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەربڕیوە. هەرچی دەربارەی درێژەپێدانی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێراقە، بڕیارە سەبارەت بە پرسی "نەوت" کۆبوونەوەی دیکە بکرێت بۆئەوەی راپۆرتێکی هاوبەش لەبارەی چەند مەلەفێک ئامادەبکرێت کە لە بودجەدا ئاماژەیان پێکراوە، لەوانەش دۆسیەی نەوت، راپۆرتی چاودێریی دارایی، راپۆرتی قەرزی "تی بی ئای" و دواتر راپۆرتەکە دەدرێتە هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
 
لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەک نییە یاسای بودجە هەندێک ئەرکی خستووەتە سەرشانی وەزارەتەکانی دارایی هەرێمی کوردستان و ئێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی ئێراق و چاودێری دارایی. ئەمانە پێویستە هەردوولا جێبەجێیان بکەن و دواتر پشکی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت ئەو بابەتانەش ئێستا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت".
 
سەبارەت بەو گوتانەی کە گوایە هەرێمی کوردستان ئاستەنگی لەپێش ئەو لیژنەدا دروستکردووە کە دەیەوێت بابەتی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکەنەوە، هەرچەندە لەوباوەڕەدام بەهیچ شێوەیەک "هەرێمی‌ کوردستان"  ئاستەنگی‌ دروست نەکردووە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە. ماوەیەکی زۆرە زانیاری تەواو لەوبارەوە دراوەتە لیژنەی دارایی، وەزارەتی دارایی و حکومەتی ئێراق بە شێوەیەکی گشتی. هەرچەندە لە یاسای بودجەدا ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 682 هەزارە و وەک ئەوەی خۆمان نییە، بەڵام ئێستا داتای بایۆمەتریان هەیە.کەئەمەش دادوەرێکە لەنێوان هەردوولادا.
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ چەند لیژنەیێکی بچووک پێکھێندراون و لەگەڵ وەزارەتەکانی پەیوەست وەک دارایی و نەوت کۆبوونەوە دەکەن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان. هاوکات وابڕیارە شاندەکەی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی و ئێراق و لەڕۆژەکانی‌ داهاتوتریشدا لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای "سۆمۆ" کۆبنەوە بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ "مستەفا کازمی،" سەرۆکوەزیرانی ئێراق کۆببنەوە.
 
                                                             "دەرئەنجام"

زانیاری لەسەر وردەکاری کۆبوونەوەی شاندی دانوساندنکاری هەرێمی کوردستان لە بەغدا نییە، لەبەر ئەوەی وردەکارییەکان ڕاناگەیەنن، بەڵام ئەوەی هەیە بەپێی خاڵی دووەم لە ماددەی 11ی یاسای بودجەی 2021ی ئێراق سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تێیدا هاتووە پێویستە مانگانە هەولێر پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی (گومرگ و داهاتی ناوخۆ) و قەرزی بانکی TBI  بداتەوە بەغدا لە بەرامبەر وەرگرتنی شایستە داراییەکانی، کە قەرزەکە کراوەتە قیست و دەبێت لە 7 ساڵدا بیداتەوە.

ئەگەر ئەو پارانە لە پشکی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت، کە مانگانەش نرخی نەوت گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەگەر هەیە هەرێمی کوردستان هیچی بۆ نەمێنێتەوە و بەڵکو لەبری وەرگرتنی بودجە قەرزداریش ببێتەوە. سەبارەت بەوەی دەگوترێت هەولێر رازی نەبووە بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا بکات. ئەوەی پەیوەستە بە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان روونە، کە لە ماددەی 11ی بودجەدا هاتووە. تێیدا باس لە شاند و ئەو بابەتانە نەکراوە. وردەکاریی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە ماددە 11ی بودجەی ئێراق جێگیرکراوە، بودجەی ئێراق 130  ترلیۆن دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان 13.9٪ یە، کە نزیکەی 11 ترلیۆن دینارە.

دوای وردبینیكردن لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، بەپێی خاڵی دووەم لە ماددەی 11ی یاسای بودجە، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو 30ی حوزەیرانی 2021  لیست و ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی بە بەغداد بدات. 



ئه‌م بابه‌ته 765 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر