ژێئۆپۆلیتیک و جۆرەکانی ژێئۆپۆلیتیک

چەمکی ژێئۆپۆلیتیک؛ بۆ یەکەمین جار لەلایەن بیرمەندێکی سوئێدی بە ناوی "ڕۆدۆڵف کیلێن" لە ساڵی ١٨٩٩ی زایینی بەکار هێنرا.
PM:11:15:17/06/2021
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


بێهزاد قادری
ڕۆژنامەنووس


"ژێئۆپۆلیتیک"

چەمکی ژێئۆپۆلیتیک؛ بۆ یەکەمین جار لەلایەن بیرمەندێکی سوئێدی بە ناوی "ڕۆدۆڵف کیلێن" لە ساڵی ١٨٩٩ی زایینی بەکار هێنرا. ئەم چەمکە وەکوو چەمکەکانی تری زانستە مرۆییەکان سەیالییەتی هەیە و پێناسەگەلێکی جۆراوجۆری هەیە کە لە هەموو پێناسەکاندا توخمەکانی "جوگرافیا، هێز، سیاسەت و ڕکەبەری" زەقن. هەندێک لە بیرمەندان، ژێئۆپۆلیتیک بە زانستی تاوتوێکردنی فاکتەرە جوگرافیاییەکان و بڕیارە سیاسییەکان دەزانن.

هەندێکی تر ژێئۆپۆلیتیک بە شێوەکانی خوێندنەوە و نووسینی سیاسەتی نێونەتەوەیی لەلایەن خاوەن دەسەڵات و ئەندێشە و کاریگەریی ئەوان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان لە ئاستی نەتەوەیی و ناوچەیی دەزانن. هەندێکی تر ژێئۆپۆلیتیک  بە کاریگەریی دەوروبەر یان دیاردەکانی دەوروبەر وەکوو "شوێنی جوگرافیایی، شێوەی زەوی، سەرچاوە دەگەمەنەکان، خزمەتگوزاریی پەیوەندی و هەناردەکردن، کەرەستەی پەیوەندیی گشتی و..." لەسەر بڕیارە سیاسییەکان بەتایبەتی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی، دەزانن. هەندێکی تر لە بیرمەندان، ژێئۆپۆلیتیک بە چەمکێکی چەندپێکهاتەیی و هەڵگری "جوگرافیا، سیاسەت و هێز" پێناسە دەکەن. بەگشتی و بە هەر پێناسەیەک کە لە ژێئۆپۆلیتیک بکرێت، لەم زانستەدا، ڕۆڵی دەوروبەر یان جوگرافیا وەکوو یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکان لە هاوکێشە سیاسییەکان و هێز، لەبەرچاو دەگیردرێت.

"ژێئۆپۆلیتیکی شارستانێتی"

ژێئۆپۆلیتیکی شارستانێتی لە بواری کاتەوە بەرابەرە لەگەڵ ساڵەکانی ١٨١٥-١٨٧٥ . لەم دەورەیەدا بریتانیا ناوەندی ئابووری و لە جەمسەرە سەرەکییەکانی پیشەی نوێ دەهاتە ئەژمار. ئەم وڵاتە جەمسەری ئابووریی جیهانی و لە ناوەندەکانی سامان و هێز بوو. وردەوردە وڵاتانی تری وەک ئاڵمان و ئامریکا هاتنە گۆڕەپانی پیشە و ئابوورییەوە و ئیتر سەرمایەدانان لە ئورووپا بە بوونی ڕکەبەرە نوێیەکان بۆ بریتانیا ڕاکێشەرییەکەی جارانی نەمابوو، بۆیە ئەم وڵاتە لە بیری بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی و دزەکردنە نێو کیشوەرەکانی تردا بوو.

بەهۆی ئەوەی کە لەم سەردەمەدا ئورووپاییەکان هێز و سامانێکی زۆرتریان هەبوو، خۆیان لە ناوەندی بڕیارە جیهانییەکان دەبینییەوە و لەم کاتەدا ئورووپا بە دوای ئیدەی ئەقڵانیی "جیهان وەتەنی" لەسەر بنەمای پێوانە ئورووپاییەکاندا بوو. لەم سەردەمەدا، دەروەستی بە یەکگرتوویی شارستانێتیی ئورووپا لە بەرامبەر غەیرە ئورووپاییەکان لە ئارادا بوو. لە ڕوانگەی ئورووپاییەکانەوە هەرچەند فەرهەنگەکان و مەڵبەندەکانی تری غەیرە ئورووپایی ڕابروویەکی پڕ لە شانازیشیان هەبووبێت، بەڵام بە دەرکەوتنی شارستانێتیی ئورووپایی، ئەوانی تر ناچار بە وەرگرتنی پێوانە شارستانێتییەکانی ئورووپایین. ئەم جۆرە مەعریفەت ناسییە، بەستێنی بۆ ڕەواییدان بە تاکڕەوییەکانی ئورووپاییەکان لە هەموو جیهاندا پێکهێنا. ژێئۆپۆلیتیکی شارستانێتی بووە هۆی گۆڕان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، لەم جۆرە ڕوانگەیەدا، ئورووپا بوو بە جەمسەر و ناوەند و ناوچەکانی تر وەک پەراوێز وێنا کران. نەژادپەرستی و قەومتەوەریی ئورووپایی بەرهەمی ڕوانگەی زاڵ لەم سەردەمەدا بوو.

"ژێئۆپۆلیتیکی سروشتخواز"

ژێئۆپۆلیتیکی سرووشتخواز لە سەردەمی ساڵەکانی ١٨٧٥ تاکوو دوای شەڕی جیهانیی دووەم (١٩٤٥)، لەسەر بنەمای پێوانە نەتەوەخوازییەکان لە ئورووپا و ڕکەبەرییە نێوخۆییەکانی ئورووپا، هاتە ئاراوە. لەم سەردەمەدا ژێئۆپۆلیتیک وەکوو شێوەیەک لە زانستی هێز و بابەتی ڕکەبەریی هێزە کۆلۆنیالیستەکان بۆ بەرفراوانکردنی داگیرکاری و گەشەی پیشە پێشکەوتووەکان، سەرنجی پێدرا. لەم سەردەمەدا نەتەوەخوازی لە وڵاتانی ئورووپایی بەتووندی لە حاڵی گەشەدا بوو و ڕکەبەریی وڵاتانی بەهێزی (بریتانیا، ئاڵمان، فەرانسە و ڕووسیە)، بووە هۆی ڕوودانی شەڕە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم. هەر کام لە وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، لە هیچ کارێک خۆیان نەدەبوارد. هێماخوازیی نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی و قەومپەرستی، لە پێوانەکانی ئەم سەردەمە لە مەعریفەتناسیی ژێئۆپۆلیتیکە. لەم سەردەمەدا گرینگترین تیۆرییە ژێئۆپۆلیتیکییەکان لەلایەن بیرمەندانی ئەم بوارەوە پێشکەش کران کە مەبەستیان بەربڵاوکردنی بەستێنی دزە و سەپاندنی سیاسەتی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی بوو.

"ژێئۆپۆلیتیکی ئیدئۆلۆژیک"

ئەم دەورەیە بەرابەرە لەگەڵ ساڵەکانی ١٩٤٥ تا ١٩٨٩. دوای شەڕی جیهانیی دووەم و سەرکەوتنی وڵاتانی "مۆتەفێق"، ئارایشی سیاسیی جیهان لەنێوان دوو جەمسەری ئیدئۆلۆژیکی سەرمایەداری بە ڕێبەریی ئامریکا و نیزامی سوسیالیستی بە ڕێبەریی شوورەوی، بونیاد نرا. ڕکەبەرییە ئیدئۆلۆژیکییەکانی ئەم سەردەمە، جیهانی کرد بە دوو بەشی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاوایی. بەشێکی زۆر وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان و هەروەها وڵاتانی دێموکراتیک و لیبراڵ سەر بە ئامریکا و نیزامی سەرمایەداری بوون. ڕکەبەرییە ئابووری، سیاسی، تەناهی و فەرهەنگییەکان لەنێوان دوو بلووکی ئیدئۆلۆژیک، وڵاتانی جیهانی بەسەر سێ ئاستی، جیهانی یەکەم (ئامریکا و ڕۆژاوا)، جیهانی دووەم (شوورەوی و ئورووپای ڕۆژهەڵات) و جیهانی سێیەم (وڵاتانی هەژاری ئافریقایی، ئاسیایی و ئامریکای لاتین) دابەش کرد.

"ژێئۆپۆلیتیکی پۆست مۆدێڕن"

سەردەمی ژێئۆپۆلیتیکی پۆست مۆدێڕن دوای کۆتاییهاتنی سەردەمی نەزمی ژێئۆپۆلیتیکی ئیدئۆلۆژیک، دەستی پێکرد. ئەم دەورەیە کە لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە تاکوو ئێستا بەردەوامە، جیهانی لە حاڵەتی نەزمی پێشوو هێنایە دەرەوە. لەم دەورەیەدا ئامریکا بە شکستدانی شوورەوی، بوو بە یەکەمی بێ ڕکەبەر لە جیهاندا و وەکوو زلهێزی بێ بەرامبەر خۆی ناساند. لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دەورەیە دەتوانین ئاماژە بە ئەم خاڵانە بکەین؛ "نەتەوەخوازیی نوێ و لەدایکبوونی وڵاتانێکی نوێ، تیرۆریزم، بناژۆخوازیی ئیسلامی، دەستێوەردانی نیزامی، یەکگرتنی ناوچەیی (یەکیەتیی ئورووپا)، نفتا (وڵاتانی ئامریکای باکوور)، ئاسێ ئان (وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئوقیانووسییە).

"ژێئۆپۆلیتیکی ڕەخنەگرانە"

چەمکی ژێئۆپۆلیتیکی ڕەخنەگرانە لە بەرامبەر ژێئۆپۆلیتیکی کلاسیک پێشکەشکراوە. لە ژێئۆپۆلیتیکی ڕەخنەگرانە، ژێئۆپۆلیتیکی کلاسیک تۆمەتبار دەکرێت کە دۆخی کەڵکاوەژۆی هێزە کۆلۆناڵیستییەکانی لە ئەندێشە جوگرافیاییەکان ئاسان کردووەتەوە. دەرکەوتنی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە لە ژێئۆپۆلیتیک بۆ دەیەی ١٩٦٠ دەگەڕێتەوە، کاتێک کە خەباتی پەیوەندیدار بە مافی مەدەنی و دژایەتی لەگەڵ شەڕی ڤییەتنام و هەروەها پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئەلجەزایر دژی فەرانسە لە وڵاتانی بریتانیا، ئامریکا و فەرانسە هاتنە ئاراوە. لە ژێئۆپۆلیتیکی ڕەخنەگرانەدا سەرنج بەم پرسە دەدرێت کە چۆن سیاسەتەکان، لە ڕێگای ڕووناکبیران و ئەکتەرانی حکوومەتیی دەسەڵاتدار، شێوەی بە فەزای سیاسیی گۆی زەوی داوە و سیاسەتە جیهانییەکانی پێک هێناوە. ژێئۆپۆلیتیکی ڕەخنەگرانە لە سیاسەتەکانی ڕابردوو و ڕۆڵی زانست/ هێز لە ئاسانکردنەوەی داگیرکاری و بەستێنی دزەکردن لەلایەن هێزە گەورەکانەوە، ڕەخنە دەگرێت.

"ژێئۆپۆلیتیکی بەرگری"

یەکێک لە چەمکە نوێیەکانی ژیئۆپۆلۆتیک، چەمکی ژێئۆپۆلیتیکی بەرگرییە. لە ژێئۆپۆلیتیکی کلاسیک، هێز و قازانجە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەکان، لەسەر بنەمای هەڵوێست و خواستەکانی دەوڵەتەکان و دەسەڵاتداران دادەڕێژرا و بەڕێوە دەچوو. هەروەها ژێئۆپۆلیتیکی کلاسیک ڕەسەنایەتیی بە ڕۆڵی دەوڵەتەکان و هێزەکان و دەسەڵاتداران بەخشی بوو، لە حاڵێکدا کە ڕۆڵی چینەکان و نەتەوە ژێردەستەکان و هەروەها ڕۆڵی ئیتنیک و قەومەکان کە سەرقاڵی بەرگری لە بەرامبەر داگیرکاری و ئیرادەی دەوڵەتەکان بوون، لەبەرچاو نەدەگیرا. لە ڕوانگەی "پاول ڕوتلێج"، دۆخگەلێک کە لە نێوخۆی کۆمەڵگاکان، دەستبەرداگرتنەکانی ئەرتش، سیاسەت، فەرهەنگ و ئابووریی دەوڵەت و چینی دەسەڵاتدار دەکێشێنێتە چالێنجەوە، "ژێئۆپۆلیتیکی لە خوارەوە"ی پێ دەڵێن. ئەم ژێئۆپۆلیتیکە باس لە بەرگریی چینەکانی ژێردەست لە بەرامبەر دەسەڵات و زێدەخوازییەکانی چینی باڵادەست و دەوڵەتەکان لە بوارەکانی نێوخۆیی و دەرەوە دەکات.

ژێئۆپۆلیتیکی بەرگری یان بە پێناسەی "ڕوتلێج" "دژە ژێئۆپۆلیتیک" یان "ژێئۆپۆلیتیکی لە خوارەوە" لە ڕوانگەی ئەوەوە بریتییە لە وزەی فەرهەنگی، سیاسی و ئەخلاقی لە نێوخۆی کۆمەڵگایەکی مەدەنی کە باوەڕی یەکسانیخوازیی بەرژەوەندیی چینی سیاسیی دەسەڵاتداری دەوڵەتی لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتی دەکێشێنێتە چالێنجەوە. ئەم وزەیە لە قاڵبی بنکە و ڕێکخراوە ناحوکمییەکان وەکوو ڕێکخراوە ئایینییەکان، میدیاکان، ڕێکخراوە خۆبەخشانەکان، ڕێکخراوە پەروەردەییەکان و یەکیەتییە بازرگانییەکان و... کار دەکەن و هێزی مادیی (نیزامی و ئابووری) دەوڵەتەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان دەکێشێنێتە چالێنجەوە.

"ژێئۆستراتیژی"

ژێئۆستراتیژی بریتییە لە زانستی ناسین، وەرگرتن، بەهرەبەرداری و پاراستنی سەرچاوە جوگرافیاییەکانی هێز بە ڕوانگە و جەختکردنەوە لەسەر جەوهەرییەتی نیزامی- بەرگری لە بۆنە نەتەوەیی، ناوچەیی و جیهانییەکان. بە واتایەکی تر، ڕۆڵ و کاریگەریدانانی هۆکارە جوگرافیاییەکان لە داڕشتن و بە کردەوەیی کردنی ستراتیژییە نیزامی و ئابوورییەکان، ژێئۆستراتیژیی پێ دەوترێت.

"ژێئۆئێکۆنۆمیک"

زانستی چەمکی ژێئۆئێکۆنۆمیک لە درێژایی ساڵەکانی ١٩٩٠ تا ١٩٩٣ لەلایەن "ئێدوارد لوتواک"، ئابووریناس و ڕاوێژکاری ئامریکایی هاتە نێو ئەدەبیاتی جوگرافیای سیاسییەوە. ڕوانگەی ژێئۆئێکۆنۆمیک بریتییە لە وەندشی کاریگەریدانانی هۆکارەکان یان ژێرخانی ئابووری لە وڵات، ناوچە یان جیهان لەسەر بڕیارە سیاسی و ڕکەبەریی هێزەکان. بە واتایەکی تر بە ڕۆڵی هۆکارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری (سەرچاوە ژینگەییەکانی وەک ئاو و خاک، سەرچاوە فۆسیلییەکان، کانزاکان، ڕێگاکانی پەیوەندی و بزارگانی) لە بڕیارە سیاسییەکان لە پێوانە جیاوازەکانی نەتەوەیی، ناوچەیی و جیهانی، ژێئۆئێکۆنۆمیک دەوترێت.

دوای شەڕی جیهانیی دووەم و ڕکەبەریی دوو زلهێزی براوە واتە ئامریکا و شوورەوی لە بواری نیزامی و سیاسی، هێزگەلێکی تر بە ڕوانگەی ئابووری و ژێئۆئێکۆنۆمیکی هاتنە گۆڕەپانی ڕکەبەریی جیهانییەوە. لەم نێوانەدا دوو وڵاتی ژاپۆن و ئاڵمان کە لەڕاستیدا قوربانیی سەرەکیی شەڕی جیهانی بوون، بە فێربوون لە ستراتیژییە نیزامی و سیاسییەکانی ڕابردووی خۆیان، بە ڕوانگەیەکی ژێئۆئێکۆنۆمیکی نۆژەنکردنەوەی وڵاتەکانی خۆیان دەست پێکرد و لە کەمتر لە دوو دەیەدا بوون بە جەمسەرگەلێکی گەورەی ئابووری.

"هیدرۆپۆلیتیک"

هیدرۆپۆلیتیک لە ژێرکۆماکانی زانستی جوگرافیای سیاسییە کە لەسەر ڕۆڵی ئاو لە هەڵسوکەوتە سیاسییەکان بە پێوانە جۆراوجۆرەکان، دەکۆڵێتەوە. جۆری ڕکەبەریی نێوان نەتەوەکان لە بەهرەبەرداری لە سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان، زۆرێک لە ساچین و هاوکاریی تەواو تاکوو نەساچین و شەڕ لە خۆ دەگرێت. بە سەرنجدان بە کەڵک وەرگرتنی زۆر لە ئاو لە داهاتوودا و بەرزبوونەوەی کەڵک وەرگرتنی وڵاتانی باڵادەستی ڕووبارەکان لە بەهرەبەرداری لەم سەرچاوانە، شاهیتی بەرزبوونەوەی گفتوگۆی هیدرۆپۆلیتیکی نێوان وڵاتان دەبین. بە شێوەیەکی سادەتر، بە تاوتوێکردنی ڕۆڵ و کاریگەریدانانی سەرچاوە ئاوییەکان لە بڕیاراتی سیاسی و ڕکەبەریی نێوان وڵاتان یان ناوچەکان، هیدرۆپۆلیتیک دەوترێت. لە ئەمڕۆدا ئەو وڵاتانەی کە لە دۆخی باڵادەستی لە دەسپێڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئاوییەکاندان بەنیسبەت وڵاتانی خواردەست، هێزێکی زۆرتریان هەیە و لە کاروبارە سیاسی و ڕکەبەرییەکانیان لە ئاو بە مەبەستی کارتی گوشار کەڵک وەردەگرن.

"ژێئۆکاڵچێر"

یەکەمین جار چەمکی ژێئۆکاڵچێر یان ژێئۆپۆلیتیکی فەرهەنگی لە ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن ئابووریناسی ئامریکایی "ئیمانوئێل والراشتاین" لەبارەی شرۆڤەکردنی نیزامی جیهانی هاتە ئاراوە. ئەو نێئۆمارکسیستی بوو و باوەڕی وابوو لە سەدەی ١٦ـەوە بە دوا نیزامی جیهانی دەستی بەسەر جیهاندا گرتووە کە ناوەندێکی هەیە کە شوێنی بەرهەمهێنان یان زیادکردنی سامانە و داوێنێکی هەیە کە شوێنی دابینکردنی پێویستییەکان و مادەی سەرەتاییە و ئەم تیۆرییە دواتر لەژێر ناوی "ژێئۆپۆلیتیک لەسەر هێزی فەرهەنگی" خرایە بەر باس.

"والێر ئێشتاین" لەسەر ئەو باوەڕەی بوو کە ئەم نیزامە تایبەتمەندییەکی فەرهەنگیی هەیە، واتە فەرهەنگ خۆی بۆ جیهان هەناردە دەکات کە پێی دەوترێت ژێئۆپۆلیتیکی فەرهەنگی. ژێئۆکاڵچێر لەسەر ئەساسی توخمە فەرهەنگییەکان جێگیرە کە بەپێی تیۆریی "ناوەند- دەوروبەر"ی والێر ئێشتاین، بەوجۆرەی کە مادەی سەرەتایی و هێزی مرۆیی و... لە دەوروبەر دەڕونە ناوەند، فەرهەنگەکانیش لە ناوەندەوە دروست دەبن و دەڕۆنە نێو کۆمەڵگای دەوروبەرەوە، واتە کاڵای فەرهەنگی لە ڕێگای پەیامە فەرهەنگییەکانەوە لە توخمە فەرهەنگییەکان دروست دەبن و بڵاو دەبنەوە.

توخمە فەرهەنگییەکان (مۆسیقا، سینما، ڕۆژنامەکان و هەواڵدەرییەکان، کتێب و...) لە ناوەندە مۆدێڕنەکان (گەشەسەندوو) بەرەو دەوروبەر (لە حاڵی گەشەکردن) دەڕۆن و پەیامە فەرهەنگییەکان هەناردە دەکەن. لە ئەمڕۆدا لە وڵاتانێک کە ئیتنیک و قەوم و نەتەوەکان لەژێر داگیرکاریی نەتەوە باڵادەستەکانن، ئاسمیلاسیۆن و تواندنەوەی ئیتنیک و نەتەوەی ژێردەست لە ڕێگای فەرهەنگ، کەمترین هەڵوێستی جیهانیی لێ دەکەوێتەوە، بەم پێیە، سیاسەتی هەمیشەیی حکوومەتە ناوەندییەکان لە ناوچەگەلێکی وەک کوردستان لەسەر لەنێوبردنی فەرهەنگی تەرکیزی هەیە.

ژێئۆکاڵچێر چەمکێکە کە وەبیرهێنەرەوەی ڕۆڵ و کارکردی هۆکارە فەرهەنگییەکانی باڵادەستی وڵاتێکە یان پێکهاتەی شارستانییەتێکە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فەرهەنگەکانی تر. ئەگەر لە گۆشەنیگای ژێئۆکاڵچێرەوە سەیری بۆنە فەرهەنگییەکانی نێوان نەتەوە و وڵاتانی جۆراوجۆر بکەین، وڵاتێک لە بواری فەرهەنگییەوە باڵادەست دەبێت کە توانایی هەناردە و کاریگەریدانانی فەرهەنگیی لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە لەسەر وڵاتانی تر هەبێت. لە ئەمڕۆدا پێوانە فەرهەنگییەکانی ڕۆژاوایی و ئامریکایی هەموو جیهانی گرتووەتەوە و هەموو وڵاتان و فەرهەنگەکان لە ڕکەبەری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فەرهەنگی ڕۆژاوایی، دۆخی بەرگرییان گرتووەتە خۆیان.

"ژێئۆپۆلیتیکی ژینگەیی"

بە پەیوەندیی نێوان دۆخی سەرچاوە ژینگەییەکان و سەرچاوەکانی ژیان لەگەڵ ئەمنییەت و سیاسەتی نێونەتەوەیی و نەتەوەیی، ژێئۆپۆلیتیکی ژینگەیی دەوترێت. لە ئەمڕۆدا بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوە ژینگەییەکان و هاتنە ئارای مەترسییە ژینگەییەکان (گەرمبوونی زەوی، پیسیی هەوا، لەنێوبردنی دارستانەکان، بەرزبوونەوەی حەشیمەت و هەژاری و...)، ڕۆڵ و گرینگیی سەرچاوە ژینگەییەکان و گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان چەندین بەرابەر بووەتەوە و کۆمەڵگای جیهانی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە پرسی ژینگە و گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکانی وەکوو مەترسییەکی جیددی لەقەڵەم داوە و چەندین کۆنفڕانس و دانیشتنی گرینگی جیهانی لەم بوارەدا بەڕێوە چووە. کەمبوونەوەی سەرچاوە ژینگەییەکان و مەترسیی لەنێوچوونی جۆرەکانی ڕووەکی و گیانلەبەری و هەروەها پیسییە ژینگەییەکان، بەستێنی ڕکەبەریی نێوان وڵاتان و تەنانەت ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵاتێکی گرتووەتەوە و ئەم ڕکەبەرییانە لە چوارچێوەی پرسی ژێئۆپۆلیتیکی ژینگەیی تاوتوێ دەکرێن.

"ژێئۆپۆلیتیکی کەمینەکان"

کەمینە لەهەمبەر زۆرینەدا واتا پەیدا دەکات. کەمینە لە چوارچێوەیەک وەکوو "وڵات، شار، مەڵبەندی هاوبەش، نەتەوە، کۆمەڵگا و..." لە بەرامبەر بەشێکی گەورەتر واتە زۆرینەدا جێ دەگرێت. کەمینە هەندێک گەوشین وەکوو زمان، ئیتنیک و ئایینزا لە خۆ دەگرێت کە شوناسی پێناسەکراو لەمەڕ دەوروبەرەکەی تاوتوێ دەکات. کەمینەکان بەگشتی لە دۆخێکی پەراوێزخراو جێ دەگرێت و لە بواری دەسپێڕاگەیشتن بە پێگەگەلی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی، لە ڕادەیەکی خوارتر لە زۆرینە جێ دەگرێت. کەمینە بە دوو شێوە پێناسە دەکرێت: کەمینەی ئێکۆلۆژیک و کەمینەی کۆمەڵایەتی.

- کەمینەی ئێکۆلۆژیک بەو دەستە لە کەمینەکان دەوترێت کە بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە مەڵبەند و جوگرافیای لەمێژینەی خۆیاندا ژیان دەکەن. ئەم گرووپە لە کەمینەکان لە مەڵبەندی خۆیاندا زۆرینەن و لەگەڵ ژینگە و جوگرافیای خۆیاندا پەیوەندیی ئێکۆلۆژیکییان پێک هێناوە و ئەم پەیوەندییە ئێکۆلۆژیکییە بەستێنی دەربڕینی داوکارییە شارۆمەندی و ناسنامەییەکانی بۆیان دابین کردووە.

- کەمینەی کۆمەڵایەتی/ بە دەستەیەک لە کەمینەکان دەوترێت کە مەڵبەند و جوگرافیای تایبەت بە خۆیان نییە و بە شێوەیەکی پڕژوبڵاو لە شارەکان و ناوچەکانی تر بڵاو بوونەتەوە. لە ئەمڕۆدا زۆرینەی کۆچبەرەکانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە وڵاتانی ئورووپایی، لەژێر ناوی کەمینەی کۆمەڵایەتیدان.

"ژێئۆپۆلیتیکی زانیاری"

ژێئۆپۆلیتیکی زانیاری بابەتێکی نوێیە لە ژێئۆپۆلیتیک. لە ڕوانگەی بیرمەندانی ئەم بوارەوە، پەیوەندییەکی واتادار لەنێوان باڵادەستی لە هێز لەگەڵ ئاستی باڵای زانیاریی زانستی و زانستی مرۆیی بوونی هەیە. لە ڕوانگەی ژێئۆپۆلیتیکی زانیاری، وڵاتانێک کە ئاستی زانست و زانیارییان بەرزترە، لە بواری هێز و لە ڕکەبەری لەگەڵ هێزەکانی تر و وڵاتانی تر، پێگەیەکی سەرتریان هەیە. ژێئۆپۆلیتیکی زانیاری لەسەر ڕۆڵی زانست و زانایی لەسەر هێز، دەکۆڵێتەوە. لە ئەمڕۆدا باشترین زانکۆکان، ناوەندە زانستییەکان، گۆڤارە بەناوبانگەکان، ئامرازە میدیاییەکان و تەکنۆلۆژییە نوێیەکان لە بواری زانیاری گەیاندن، لە خزمەت هێزە باڵادەستەکانە.

"ژێئۆپۆلیتیکی وزە"

لە ئەمڕۆدا ڕۆڵی وزە لە ژیانی مرۆڤدا زۆر بەرچاوە. بە پیشەییبوونی جیهان بەبێ بوونی سەرچاوەی وزە ناشۆیە (ئیمکانی نییە). لە ئەمڕۆدا هەموو جومگەکانی ژیانی مرۆڤ لە بوارە جۆراوجۆرەکان (پیشە، جووتیاری، گەرمکەرەوە و فێنککەرەوە، بەرهەمهێنانی خۆراک، هاتوچۆ، نیزامیگەری، چالاکییە پزیشکی و دەرمانییەکان، لێکۆڵینەوە زانستییەکان) بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرچاوەکانی وزە لە پەیوەندیدان. بەم پێیە ئەو وڵاتانەی کە لە بواری سەرچاوەکانی وزە تواناییەکی زۆرتریان هەیە، لە بواری هێزی میللی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە و گرفتەکان، بەنیسبەت وڵاتانی تر کە ئەو تواناییانە کەمترە، لە پێگەیەکی بەهێزتردان. ژێئۆپۆلیتیکی وزە دەپەرژێتە سەر وەندشی ڕۆڵ و کاریگەریی وزە و جومگە جۆراوجۆرەکانی لەسەر سیاسەت و هێز و بۆنە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەکان و دەوڵەتەکان.



ئه‌م بابه‌ته 303 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر