پرۆسە نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان

تا پیشەسازیی نەوت و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان پێش ئەکەوێت، قەیرانی دارایی و گرفتەکانی خەڵکیش زیادئەکەن.
PM:03:32:28/06/2021
دۆسیە: ئابوری


بەهرۆز جەعفەر
شارەزا لە بواری نەوت


پرۆسە نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان؛ ئاستەنگەکان، لێکەوتەکان، ڕاسپاردەکان



"پوختەی جێبەجێکار"

پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەن لەگەڵ دۆخی ئابووریی و دارایی دا، تا پیشەسازیی نەوت و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان پێش ئەکەوێت، قەیرانی دارایی و گرفتەکانی خەڵکیش زیادئەکەن!. لە ناوەڕاستی (٢٠٢١) داین، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (٤٧٠ ) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت. ئایا چی ڕێگرە لەوەی کە ئەم بڕە بگەیەنێتە (٩٠٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؟.

یەکەم؛ گرفتەکانی بەردەم زیادکردنی ئاستی بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان.

جگە لەوەی پابەندی ئۆپیک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنان و هەناردەکردن. شەش کێشەی سەرەکی لە بەردەم پیشەسازیی نەوتیی هەرێمی کوردستاندان، هەر ئەو فاکتەرانەش مەترسیین لەبەردەم یەدەگ و سەرچاوەی سروشتیدا؛

یەک؛ دیرۆکی گەنەڵ ئینێرجی تورکی و کێڵگەی تەق- تەق.

کێڵگەی تەق تەق لە ساڵی (٢٠٠٦) ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە. لە ساڵی (٢٠١٥) ەدا بە نزیکەیی (١٥٠٠٠) پانزە هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە. بەڵام بە تێکڕا لە ساڵی (٢٠٢٠) دا ئاستەکەی دابەزیوە بۆ (٩٦٧٠) نۆ هەزارو شەش سەت و حەفتا بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە، ئەمە جگە لە بە هەڵواسراوی مانەوەی هەندێ ئەکتیڤیتی وەک هەڵکەندن -Drilling  لەو ماوەیەدا. لە چارەکی چوارەمی (٢٠٢٠) دا تێکڕای بەرهەم هێنانی ڕۆژانە کەمی کردووە تا ئەوەی گەیشتوەتە (٧٦١٠) حەوت هەزارو شەش سەت و دە بەرمیل.

لەگەڵ هاتنی (٢٠٢١) دا لەچوارچێوەی پرۆگرامی دەستوەردان لە (بیر)ەکاندا کە بەرهەمهێنانی زیادکردوە لە بیرەکانی (TT-20z) و (TT-34y) دا. بەڵام لە کۆی گشتی دا ئاستی بەرهەمهێان لە کێلگەکە زیاتر دابەزیوە بۆ (٧٠٠٠) حەوت هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا{١}.

لە کۆتا یەکشەممەی مانگی شوباتی ٢٠١٦ دا، لە درەنگانێکی شەودا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گەنەڵ ئینێرجی کە پێشوتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتش پیتریۆلیۆم -BP  بوە "تۆنی هایوارد  -Tony Hayward  " زەنگی تەلەفۆنەکەی لێ ئەدات، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیایە و هەواڵێکی ناخۆشی پێیە "بەهای کێڵگە نەوتییەکە زۆر لەوە کەمتر دەرچووە کە ئێمە بیرمان لێ کردبووە و... ". لە کاتێکدا کۆمپانیاکەیان نزیکەی (٩) ساڵە کار ئەکات لە هەرێمی کوردستان، کاتژمێرێک دواتر بەرەو نیوە شەوە، کۆمپانیا بەیاننامەیەک بەرەو بۆرسەی لەندەن (London Stock Exchange ) بڵاوئەکاتەوە. تیایدا جاڕی ئەوە ئەدات کە کێڵگەی (تەق-تەق) لە کوردستانی ئێراق نیواو نیو یەدەگەکەی کەمی کردووە. ئینجا ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوتیش هاڕەی کردووە بەهۆی شەڕو قەیرانی داعشەوە. لە (٩٨$) ی ساڵی (٢٠١٣) نەوت نرخەکەی گەیشتووە بە (٤٣$) لە (٢٠١٦) دا.

پێدانی ئەم هەواڵە ناخۆشە لە نیوەشەودا بە سەرۆکی گەنەڵ ئینێرجی وایکرد (١) یەک ملیار دۆلار لە پشکەکانی لەدەست بدا، کە ئەکاتە ١/٣ یەک لەسەر سێی بەهای کۆمپانیاکە. دوای ئەمە گەنەڵ پیاچوونەوەیەکی گشتی سەربەخۆی لەسەر کێڵگە نەوتییەکەی (تەق- تەق) ئەنجام دا، دەرکەوت لەگەڵ کەمبونەوەی ئاستی یەدەگەکەیدا هەندێ بیر لە کێڵگەکەدا ئاو و نەوت تێکەڵ ئەکات {٢}.

لەمەش سەیرتر " هایوارد” سەرۆکی گەنەڵ ئینێرجی (Ganel Energy) یە، کە بزنسمانێکی بەریتانیی تەمەن (٦٤) ساڵەیە، دکتۆرای لە جیۆ-ساینس لە زانکۆی ئیدنبۆرگ خوێندوەو، لەساڵی (١٩٨٢) ەوە لەگەڵ بی پی-  BPکارئەکا، لە کۆڵۆمبیا گەران و پشکنینی ئەنجامداوە. لە (٢٠١١) سەرۆکایەتی بی پی لە بەریتانیا بە جێدەهێڵێت و، ئەبێتە کەسی بەڕێوەبەری یەکەمی گەنەڵ ئینێرجی و لە کێڵگەی (تەق -تەق) دا تەقە لەژیان و کۆمپانیاکەی هەڵئەسێت. 

دوو؛ کەموکورتی و گرفتە جیۆلۆجییەکان.

لەسەرەتاوە کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکان  وەها بۆی ئەچوون کە گەڕان و پشکنین- Exploration زۆری پێ ناچێ و تێ ناچێت، جگە لەوەش داتای گەورە و هەڵەیان لەبواری یەدەگ دا پێوترابوو، کەهاتن لە هەندێ کێڵگە بەو جۆرە نەبوو، وەک لە کێڵگەکانی کێوەچرمەڵە و بەردەڕەش و تازە و …تادوایی. کۆمپانیاکان پارەیەکی زۆریان خەرج کرد، دواتر وازیان لە کارەکە هێنا. جگە لەوەش بەشێکی زۆر لە کێڵگەکان، بەتایبەت  کێڵگە سەرەکییەکان ئەکەونە ناوچە شاخاوییەکانەوە زیاتر لە (٢٠٠٠) مەتری پێویستە تا بگاتە دەرهێنان، یان هەندێ جار خەزاناتەکان تووشی تێکپژان و خراپبون بونەتەوە وای کردوە نا - ئارامییەک دروست بێت لە کێڵگەکەدا و کۆمپانیاکە یەدەگ و خەزانەکەشی لەدەستداوە، وەکو لە ئاکری بیجل و بەردەڕەش و هەندێ شوێنی تر{٣}. بەدڵنیاییەوە دیاردەو کێشەی جیۆلۆجی دیکەش هەن (لەمە زیاتر لە بواری تایبەتمەندی ئێمەدا نییه).

سێ؛ مەترسییە ئەمنییەکان.

ئەمە زۆر ترسناکە. جاری واهەبووە دەوڵەتێک مینایەکی لەدەستداوە بە هۆکاری شەڕو تێکچوونی ئاسایش، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تەواوی یەدەگەکەی لەدەست بجێت. بەتایبەتی لەدوای ساڵی (٢٠١٧) ەوە بەردەوام ویستێک هەبوەو هەیە؛ لە لایەن ئێران و تورکیا و ئێراقەوە کورد لە پرسی ووزە دووربخرێتەوە (لە باشورو ڕۆژئاوای کوردستان).

لەدوای ڕیفراندۆم، یان (١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ەوە هەرێمی کوردستان (٣٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەدەستدا. دوای ئەم لەدەست دانەش، هێشتا بەشێکی گرنگی ئەو کێڵگانەی هەرێم گرێبەستی لەسەر کردوون و، کۆمپانیاکان وەبەرهێنانی تیائەکەن بۆ "هەرێمی کوردستان" ئەکەونە ناو جوگرافیای ناوچە دابڕاوەکانەوە. بۆ نمونە کێڵگەی (خورمەڵە) یەکێکە لە (٥) کێڵگە سەرەکییەکەی "نەوت" لە هەرێم بەڵام لای بەریتانیا و تورکیا و لە نەخشەشدا ئەکەوێتە ناو سنووری جوگرافیای کیڵگەی کەرکوکەوە. هەروەها سەرەکیترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گاز کە جیهان چاوی تێ بڕیووە "کۆرمۆر-  Kor Mor ە لە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی کۆن، تەنها (٢٠ ) خولەک لە دووز خورماتووەوە دوورە!. ئێستا ناحیەکە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چەمچەماڵە، بەڵام پێشوتر ڕژێمی بەعسی تیابوو، حکومەتی بەعس خستبویە سەر (قەزای دووز) و  دووزیشی خستبووە سەر پارێزگای "سەڵاحەدین". بە هەمان شێوە کێڵگەی پەڵکانە یان گەرمیان لە هەر ئاڵۆگۆڕ و جموجوڵێکی ئێران یان میلیشیاکاندا بە ئاسانی ئەکەونە بەردەم مەترسی لەناوچوون. پەڵکانە سەر بەخانەقین و دیالەیە. بەڵام هەرێم مامەڵەی بەو ناوچانەوە کردووە (هەڵبەت هەموو ئەو ناوچانە بێ هیچ ئەملاولایەک سەر بە خاکی کوردستانن).

بەم شێوەیە هەر گۆرانکارییەک لە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتی یان ئێراق دا، یاخود هەر هەنگاوێک بێ بیرکردنەوەی وورد لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لێکەوتەکەی لەسەر ئاسایشی کێڵگە نەوتیی و گازییەکان ئەبێت و، یەدەگێکی زۆر لەدەست ئەچێت.

چوار؛ کێشە لە جۆرێتی خام و هەروەها نا-چونیەکی نەوتەکە دا هەیە.

لە زۆر شوێندا نەوت و غازو کۆندینسەیت هەیە، یان نەوتی قورسە…و…ئیتر بەو شێوەیە. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دروست ئەکات.

پێنجەم؛ نرخی نەوت متمانەی لەسەر ناکرێت.

لەبازاڕی ئابورییدا هەمیشە هەڵگەرانەوە لە نرخدا ئەگەرێکی کراوەیە. لە پڕ لە دوای گرێبەستێک نرخی "نەوت" دائەبەزێت یان بە پێچەوانەوە… تادوایی. ئەمەش پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمەوە هەیە.

شەشەم؛ دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و یەدەگ بەهۆی کۆمپانیاکان و پێشبینی هەڵەوە. 

لە دوای ساڵی (٢٠١٥) ەوە بەهۆی دابەزینی نرخ و پێشبینی هەڵەو شەڕی داعش و … تا دوایی.  چەندین کۆمپانیا یان کێڵگەکان و کوردستانیان بەجێهیشت، وە یان دابەزینی ئاست و توانای کێڵگەکان و داخورمانی بیرەکانیان راگەیاندووە، یاخود بەهۆی بێ ئەزمونی کۆمپانیاکانەوە.

ئەمانە نمونەیەکن لەناوی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١١ بۆ ٢٠٢١) دەستیان لەکارکردن لە کێڵگەکان هەڵگرتووە بە هۆکاری جۆراوجۆر؛

1- ئەفرین پی ئێڵ سی (Afren PLC) کێڵگەی بەردەڕەشی جێهێشت. ئەم کۆمپانیایە ساڵی (٢٠٠٤) لە لەندەن دامەزراوە (دامەزرێنراوە!) وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆی بواری بەرهەمهێنانی نەوت. دواتر بووەتە ئەندام لە بۆرسەی لەندەن. لەساڵی (٢٠١٥) لە لیستی بۆرسەکە کراوەتە دەرەوە {٤}. 

2- کۆمپانیای مۆڵ Mol PLC ، دەستی لە کێڵگەو بیرەکانی  Akri -Bijeel  و باکرمان هەڵگرتووە لە سەرەتای جانیوەری (٢٠١٦) دا. مۆڵ گرووپ کۆمپانیایەکی فرەڕەگەزی هەنگارییە لە بواری نەوت و گازدا، ئۆفیسی سەرەکییان لە بودابێستە{٥}.

3- کۆمپانیای ئۆیەل سێرچ (Oil Search Ltd) کێڵگەی تازەی بەجێهێشتوە {٦}. ئەمە کۆمپانیایەکی بواری نەوتە لە ووڵاتی "بابوا گینیای تازە- Papua New Guinea” ئەکەوێتە باشوری زەریای هێمن هاتوە بۆ کوردستان. 

4- کۆمپانیای شاماران لەساڵی (٢٠١٢) خۆی کۆتایی بە گرێبەستەکەی هێنا لە بلۆکی په‌ڵکانە و عەربەت، لەبری ئەوە بە پێی گرێبەستەکە (PSC) بڕی (٢٥) ملیۆن دۆلاری داوە بە حکومەتی هەرێم{٧}. ئەم کۆمپانیایە "ShaMaran Petroleum Corp” کەنەدییە و بەشێوەیەکی گشتی تەنها لە کوردستان وەبەرهێنانی نەوت ئەکات. ئێستا لە کێڵگەی ئەتروش (یەکێکە لە کێڵگە سەرەکییەکان) ئۆپەرەیشن ئەکات.

5- دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەڵ ئینێرجی کێڵگەی غازیی سومەیڵ تەنها لەدوای (٩٠) ڕۆژ لە کارکردن لە (٢٠١٤) بە جێ ئەهێڵن و لە (٢٠١٦) بۆی ئەگەڕێنەوە{٨}.

6- گازپرۆمی ڕووسی لە سێپتەمبەری (٢٠١٧) دەستیان لە بلۆکی هەڵەبجە هەڵگرت بەڕێوەبەری گشتی گازپرۆم ڕایگەیاند "لەمە زیاتر کارکردن و پەرەپێدان لە بلۆکی هەڵەبجەدا ناکرێت”.{٩}.

7- ئەکسۆن مۆبێل کێڵگەکانی قەرەهەنجیر و بێتواتە و ڕۆژهەڵاتی عەربەتی بەجێهێشت لە ساڵی (٢٠١٧) ەدا {١٠}.

8- ئۆرێکس پیترۆلیۆم –Oryx Petroleum کۆمپانیایەکی نەوتی کەنەدییە لە (٢٠١٠) دامەزراوە. سەیری بکەیت؛ لە (٢٠١٦) دا (٢٠٢) ملیۆن بەرمیل یەدەگی خەمڵاندووە کەچی لە (٢٠١٧) ەدا بووە بە (١٢٢) ملیۆن بەرمیل!. بۆیە کارەکانی لە کێڵگەی دەمیرداخ و زێی گەورە دا ڕاگرتووە {١١}.

9- گۆڵف کیستۆن  - Gulf Keystone petroleum لە شێخ عادی و بەر بەحر کارەکانی راگرتووە و دواتر ئەبدەیتی کردۆتەوە.

10- گاز پڵەس –كەڵەکەن –Gas Plus Khalakan لە ساڵی (٢٠١٤) نەوتی لە کێڵگەی شیوەشان دۆزییەوە، لە (٢٠١٦) دەستی بە بەرهەمهێنان کرد.  سەرەتا (١٠٠٠٠) دە هەزار بەرمیلیان بەرهەم ئەهێنا، لە پلانیاندا بوو بیکەن بە (٣٠٠٠٠) سی هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام لە (٢٠١٨) ئاستی کێڵگەکە دابەزی بۆ (٤٠٠٠) چوار هەزار بەرمیل و، دواتر بوو بە (٨٠٠) بەرمیل و پاشان بۆیان دەرکەوت ئەمە بۆ کاری بازرگانی ناشێت واتە non-commercial field ە، بۆیە وازیان لێهێنا {١٢}."زۆر کۆمپانیاو کێلگەی دیکە هەن، کارەکانیان ڕاگرتووە، یان بەتەواوی کوردستانیان بەجێهێشتوو، یاخود…تادوایی "

حەوتەم؛ ئاڕاستەی بەرهەم و هەناردەکردن جیاوازە.

ئەمەش یەکێکی ترە لە گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی بەرهەمهێنانی "نەوت" لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ نمونە، جاری واهەیە لەسەری مندا ئەوە هەیە نەوتەکەمان بەرینە سەر دەریای سپی ناوەڕاست بە بۆڕی و ببینە بەشێک لە هاوپەیمانیتی قوبرس و یۆنان و فەرەنسا و میسر و ئیسرائیل و بەریتانیا و ئەمریکا "کە ئەمانە هەموویان لەسەر ئەم حەوزەیە کۆبوونەتەوە". بەڵێ‌م لە مێشکی پەرلەمانتارێکدا ڕەنگە وابێت کە ئەوەی هەیە بیدەین بە سۆمۆ بیفرۆشێت. لەملاوە، سەیرئەکەیت ئێران خۆی دووەم یەدەگی غازی سرووشتیە لەدونیادا، کەچی ئێمە بەتەنکەر بڕێک لە غازی کۆرۆمۆر ئەبەین بۆ ئێران، لەولاوە لە ئەندێشەی ئەرکدارکراوانی سیاسەتی نەوتی کوردستاندا ئەوە هەیە ئێمە هێڵەکەمان داوە بە ڕووسیا لە گواستنەوەوە تا ئەگاتە بە بازاڕکردن!، لە لایەکی ترەوە هێڵی بۆڕی (کوردستان- جەیهان) سکاڵای دادگای پاریسی بەسەر هێناوین. ئیتر بەم شێوەیە هەرێم نازانێت لە کوێوە نەوت بفرۆشێت. ناچار بایی ئەوە هەبێت بیفرۆشێت بە کڕیارەکانی وەک ئیسپانیا و ئیتاڵیا و کۆریا و هیندستان و ( ئیسرائیلیش ئەمان ئەیدەن بە دوو کۆمپانیا کۆمپانیاکانیش ئەیدەن بە ئیسرائیل).

دووەم؛ سەرنجێک بۆسەر کۆمپانیا نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان

ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەیت، کنە بکەیت و بەدوای ناو و کارو جموجوڵ و ئەزموون و ساڵی دامەزراندنیاندا بگەڕێیت (ئێمە ناوی هیچ کۆمپانیایەک ناهێنین، بەڵام بەشێکی زۆریان وان) کە بێ ئەزموونن، یان بازرگانی کورد لە بەریتانیا و کەنەدا و وڵاتانی دیکە دایمەزراندوون بۆ ئەوەی فریای بۆندە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکەوێت. بەشێکیان ڕێک تەمەنیان هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم (٢٠٠٦) یان ساڵێک پێشووتر یان دواتر دامەزراون. بەشێکی تریان کورد و کەسانی دەستەڵاتدار هێناونی و گرێبەستی بەرهەمهێنانی بۆ کردوون، لەبەرانبەردا کەسەکە کە حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکەی بەیەک گەیاندووە دەیان ملیۆن دۆلاری وەک بۆنیس و کەمیژن بۆ خۆی وەرگرتووە و، چەندین کەسی نزیکی خۆی لە کۆمپاکەدا بە مووچەی بەرز دامەزراندووە.

جگە لە هەموو ئەمانە، دامەزراندنی کۆمپانیایەک لەبواری "نەوت" یان بوارەکانی تردا، لە وڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی تەنها (٢٠٠$) دووسەت دۆلاری تێ ئەچێت، هەرکەسێک ئەچێت و بە ئاسانی تۆماری ئەکات لەو وڵاتانە و، وێب سایتێک بە کۆمەڵێک بابەتی قەرەباڵەخ و دروشم و وێنەی سەرنجڕاکێشەوە دائەنێت. ئینجا دێتەوە لە ئێراق چەندین تەندەر و گرێبەست وەرئەگرێت و هاوبەش بۆ خۆی پەیدائەکات. لەبەرانبەردا بۆ دامەزرزاندن و تۆمارکردنی یەک کۆمپانیای بواری خزمەتگوزاریی نەوتی لە ئێراقدا پێویستی بە بڕی (٣) سێ ملیار دینار هەیە. ئیتر ئەمە هۆیەکی ئاشکراو دیارە کە بۆچی کەرتی نەوتی نیشتیمانی پێش ناکەوێت.
سەرباری ئەمانەش، کۆمپانیا نەوتییەکان چەندین گرفتی دیکەیان هەیە لە ووڵاتانی خانەخوێ دا، لەهەرێمی کوردستان بەتایبەت، بۆنموونە لە ڕووی فەلسەفییەوە جیاوازیی چینایەتی دروست ئەکەن. لەڕووی تێچووە وە تێچوویان زۆرە، پارەی پرۆگرامە کۆمەڵایەتییەکان (CSR) نادەن بە پێی گرێبەستە نەوتییەکە. کۆمپانیا هەیە دوو ساڵە پارەی پیترۆدۆلاری نەداوە بۆ خزمەتی ئەو لادێ و ناحیە و قەزایانەی تێیدا کارئەکات. بەڵێندەر (کۆنتراکتۆر) ەکان لەناو کۆمپانیاکە و دەرەوەی کۆمپانیاکەوە کۆمپانیای دیکەیان دامەزراندوە و خۆیان فەرز ئەکەن لەو ناوچانەی کێڵگەکانی لێیە، بە بیانووی عەشایەری یان ئەمانە خەڵکی سنوورەکەن و ئەبێت (١٠٠) کەسیان بۆ دابمەزرێت. ئەم (١٠٠) کەسەش هەمووی نەخوێنەوار یان پسپۆڕی بوارەکە نییە، ئینجا دوای ماوەیەک کە دەوڵەمەند ئەبن هەرخۆیان لە پشتەوە دەست ئەکەن بە داوەتکردنی خزم و کەس و بۆڵ بۆڵ ئەکەن کە خزمەتی ناوچەکە نەکراوە و ڕێ لە تەنکەرەکان ئەگرن و دەستەواژەی سەیر بەکاردێنن، هەرخۆیان ئەچن کێشەکە چارەسەر ئەکەن بەرانبەر ئەوەی لە پشتەوە بەڵێنی چەند ئیمتیازێکیان ئەدرێتێ…تادوایی.

سێیه‌م؛ گازی سرووشتی؛ بەرهەمهێنان، بەکارهێنان، بەفیڕۆدان.

لەم (ناوەڕاستی ٢٠٢١) ەدا، هەرێمی کوردستان نزیکەی (٣٥٠٠) مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست لەسەر کارەبا لە وەزری گەرما و سەرمادا زیاد دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت "لەم گەرمایەدا خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەی (٤٦٠٠) مێگاوات زیادیکردووە". ئەمەش بڕێکی ئێجگار زۆرە بۆ هەرێمێکی بچکۆلانە کە پیشەسازیی و کارخانەی گەورەی بەرهەمهێنانی نییە.

هەرێمی کوردستان، لە زۆر ڕووەوە بەدەر نییە لەوەی لە ئێراق ئەگوزەرێت، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی ناوخۆیی (استهلاك محلی) و بە فیڕۆدان دا. هەموو سەری کاتژمێرێک لە ئێراقدا بە بەهای (٢٩٠) هەزار دۆلار گاز دەسووتێت و بەفیڕۆی دەدات، واتە رۆژانە (٦.٩) ملیۆن دۆلار و ساڵانەش دەگاتە زیاتر لە (٢.٥) دوو ملیارو نیو دۆلار. ئەمە دۆخی وڵاتێکە کە یەدەگی گازە سرووشتیییەکەی بە (١٢٦.٧) تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە ئەکرێت و ساڵانە (٧٠٠) ملیۆن م٣ گاز دەسووتێنێت و بەفیڕۆی دەدات.

بانکی جیهانیی لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند؛ ماوەی چوار ساڵی لەسەر یەکە ئێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت، کە زۆرترین گازی سرووشتی دەسووتێنن. چوار یەکەمەکە بریتین لە؛ رووسیا، ئێراق، ئەمریکا و ئێران. بەتەنیا ئەو چوار وڵاتە ٤٥٪ی کۆی گازی سووتێنراو لە جیهان پێکدەهێنن، ئەوان ساڵانە (١٥٠) ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنن{١٣}.پرسیارەکە ئەوەیە ئەوانی دیکە گاز دەسوتێنن چونکە ووڵاتی پیشەسازیی گەورە و بەرهەمهێنانی گەورەی هەمەجۆریان هەیە، ئێراق ئەم گازە ئەسوتێنێت. بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە؛ ئێراق رۆژانە (١٨.٥ تاوەکو ١٩ ) هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست بۆ کارەبا (٢٨) هەزار مێگاواتە، هاوکات (٨٥٪) ی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گاز و بەرهەمەکانی هاوتای دەبەستن. دواجار، ئەو پشتگوێخستن و کەمتەرخەمییەی لە سێکتەری گازی سرووشتیی ئێراقدا هەیە، جگە لەو زیانە داراییە، بەردەوام  ئێراقی چاو لە دەست و ڕێی ئێران کردووە، ئێرانیش هەمیشە ئێراقی وەک سەرچاوەی دابینکردنی دۆلار بینیووە، یەکێک لە رێگەکانی دابینکردنی دۆلاریش بۆ ئێران، هەناردەکردنی گاز و کارەبایە بۆ ئێراق. "بیژەن زەنگەنە"، وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت "كارەبای ئێراق بە گازی سرووشتی ئێران كاردەكات"، ئەوەش بە دەستكەوتێكی گەورە بۆ كەرتی وزەی ئێران ناودەبات {١٤}.

ئەبێت چی بکرێت؟

ڕاسپاردەکان
پێش هەموو شت ئەبێت پلاتفۆرمێکی هەمەلایەنە سازبدەین سەبارەت بە پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان. لە بەرئەنجامی ئەوەوە دەرئەکەوێت کە پێویستە بە تەواوی پرۆسەکەدا بچینەوە؛

ئەلف؛ گرێبەستە نەوتییەکان. گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم شێوازی بەشداری و بەرهەمهێنانە (PSC)، بەپێی گرێبەستەکە پارە لە نێوان حکومەت و کۆمپانیاکاندا دابەش ئەکرێت. ئەوەش لەبەرئەنجامی بێرو- بڕۆیەکی زۆری بیرکارییانە بە پێی فاکتەری ئاڕ (R- Factor). کەلێن و کەموکورتی زۆر تیادا دەرئەکەوێت، لەوانە تێچووی کۆمپانیاکان کەم بکرێتەوە، دەستکەوتی حکومەت و موڵکانەی تیادا ڕەچاو بکرێت. کوالێتی کۆمپانیاکان و ئەزمونی کارکردنیان بە جۆرێک بێت کە کۆمپانیاکان بەشێوەی (زانستی –ستاندار) نەوت دەربهێنن، نەک کێڵگەکان وێران بکەن و ژینگەی ناوچەکان بشێوێنن بە شێوەی ئاسۆیی نەوت دەربهێنن کە ترسناکە.

با‌و؛ شێوازی دەرهێنانی نەوت لە لایەن کۆمپانیاکانەوە.

جیم؛ پاڵاوتن و پاڵێوگەکان. بە پێی یاسای ژمارە (٢٢) ساڵی (٢٠١٧) ی تسیبەت بە نەوت و گاز لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراوە، لە هەرێمی کوردستان (٣) پاڵێوگەی فەرمی و یاسایی، زاخۆ و خەبات و بازیان هەیە. کەچی سەدان پاڵێوگەی دیکەی نا-یاسایی کراونەتەوە!.

دال؛ هەناردەکردن ( لە هەناردەکردنەوە ئیتر ئەبێت بیر لە ئاسایشی هەرێمایەتی و هاوپەیمانێتی سیاسیی بکرێتەوە).

واو؛ ئینجا بازاریکردن و بازار دۆزینەوە بۆ کاڵاکە.

نون؛ ئینجا لۆبی کردن بۆ سیاسەتی ووزە و دۆزی نەتەوەیی کوردستان.



سەرچاوەی پێویست کە لەم پەیپەرەدا بەکارهێنراون.

{2}. Reuters (2016) How Hayward’s Genel lost its Kurdish oil reserves
{3} Robin Mills, ‘A rocky road and Kurdish oil and independence’ (Iraq Energy Institute, 19 February 2018)
{4}. Reuters (2014) Afren expects operations at Barda Rash oilfield to resume by end-October.
{5}. Mol Group (2016). Relinquishment of the AKRI-BIJEEL block in the Kurdistan Region of Iraq https://molgroup.info/.../relinquishment-of-the-akri...
{6}. Oil and gas Journal (2017). Oil Search exits Middle East, will focus on Papua New Guinea.
{7}. ShaMaran Petroleum (2012), ShaMaran Petroleum Finalises Agreement With KRG to Relinquish Pulkhana and Arbat Blocks in Kurdistan.
{8}.Trading and operation Update' (Genel Energy plc, 20 January 2016) http://www.genelenergy.com/.../genel-trading[1]and...
{9}. EnergyTerminal (2017) Gazprom Neft quits Halabja oilfield in northern Iraq. https://www.aa.com.tr/.../gazprom-neft-quits-halabja.../582
{10}. Bousso and Dmitry Zhdannikov, 'Chevron drills oil well in Iraqi Kurdish area after the two-year gap: sources' (Reuters, 20 September 2017) https://www.reuters.com/.../chevron-drills-oil-well-in...
{11}. Ron Bousso (2016), 'Shrinking oil reserves crimp Iraqi Kurdistan's allure' . Reuters.
{12}. Mediterranean Institute for Regional Studies (2019), Stubborn Kurdish Petroleum Resources: Surveying Actual data and investigating the declared Numbers. Prepared by Bahrooz Jaafar and Hemn wali. Working paper. P: 25.
{13}. The World Bank (2021) Seven Countries Account for Two-Thirds of Global Gas Flaring




ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر